|
٢٠\١١\٢٠٢٥
پێدەچێ پرۆسەکەی
باخچەلی و ئەردۆگان بۆ بەڕێکردنی کات بووبێ.

زاھیر باھیر
ئەوەی بۆ ماوەی نزیکەی ٩ مانکە لای پەکەکە و کۆمەڵە خەڵکێکی زۆر بە
پرۆسەی ئاشتی ناسراوە و لای ئاکەپە و باخچەلی بە پرۆسەی تورکیای 'ناتیرۆر'
ئێستاش بە پرۆسەی 'چارەسەر' ی ناسراوە تەنها لەبەر بوونی دەرفەتێک بوو
بۆ پارێزگاریکردن لە حکومەتی تورکیا لەسەروبەری شەڕی حەماس و ئیسرائیل
و کلک وگوێکردنی میلیشیاکانی ئیڕان و لاوازکردنی خودی ئێرانیش.
ئەمانە و ڕاگەیاندنەکانی ئیسرائیل سەبارەت بە گۆڕینی نەخشەی ناوچەکە
ترس و لەرزێکی زۆری خستە دڵی دەوڵەتی تورکیاوە کە ئەو بارودۆخە ئەویش
لێی ڕزگار نابێت کە لە کاتێکیشدا دەیەها بیانو هەیە بۆ لابردنی حکومەتی
ئاکەپە و گۆڕانکاری لە ئیدارەی بەڕێوەبردنی دەوڵەت و ولاتدا.
ئەمە هۆکار و پاڵنەری تەواو بوو بە دانی ئەو وەهمە بەناوی قسەکردن
لەسەر پرۆسەی ئاشتی، نەک باوەڕی تەواوی ئاکەپە و باخچەلی بە گۆڕانکاری
بنەڕەتی دەستور و حوکمڕانی و لابەلاکردنەوەی کێشەی کورد لە باکوری
کوردستاندا.
بەڵام ئایا ئەو خەونەی ئۆجەلان و هەندێک لە سەرانی قەندیل و
خۆشباوەڕانێکی زۆری نێو پەکەکە و کوردانی باشوور ڕوودەدات؟
بەڕای من ئەگەر بمانەوێت بۆچونێکمان لەو بارەوە هەبێت دەبێت تەماشایەکی
ڕووداوەکانی سەرەتا و ئەم دوواییە بکەین. ئاشکرایە هەر لە سەرەتاوە
تاکو ئێستا دەوڵەتی تورکیا پێداگری لەسەر ئەوە دەکەن کە شتێکی ئاوا بە
ناوی ئاشتی و ئاشتەواییەوە لە ئارادا نییە، ئەوەی کە هەیە تەنها
نەهێشتنی تیرۆرە لە تورکیادا. بە بەردەوامیش ئەمە لەلایەن هەندێک لە
بەرپرسان و گەورە دەسەڵاتدارانی تورکیاوە تا ڕادەیەک ڕۆژانە
پشتڕاستدەکرێتەوە، ئاوی گوێمان بەوە دادەن و بیرمان دەهێننەوە نە
دەستور دەگۆڕێت و نە ئۆجەلان بەردەبێت و نە پرۆسەکەش بە خواست و
مەبەستی کوردان دەبێت.
لە لایەکی ترەوە جەنگەکەی ئیسرائیل و حەماس گەر بۆ کاتییش بێت وەستاوە
، ئیسرائیل جارێکی دیکە بەم زوانە هێڕش ناکاتەوە سەر ئێران. پێگەی
تورکیاش نەک هەر لەبەهێزبووندایە لە ناوچەکە و لە مەیدانی سیاسەتی
ئەمریکی دا بەڵکو بووە بە دانەر و رێکخەر و جێبەوبەجێکەر سیاسەت و
سێبەری حکومەتی سوریاش کە ڕەنگدانەوەی کتومتی سیاسەتی حکومەتی
تورکیایە.
نزیکبوونەوەی تورکیا و ئەمریکا و چوونی ئەبوجۆلانی بۆ ئەمەریکا و
بەشداریکردنی لە پرسە هەرە گرنگەکاندا بە هاوبەشی و هاوکاری فیدان
هاکان کە بە گوێرەی میدیا فەرمییەکانیش بارودۆخۆکە لە قازانجی تورکیا و
حکومەتی سوریایە.
لەلایەکی دیکەوە بە ناچاری ڕازیبوونی هەسەدە بە مەرجەکانی تورکیا و
سوریا و ئەمریکا بە تێکەڵبوونەوەیان و بوون بە بەشێک لە سوپای سوریا
لەگەڵ وەرگرتنی هەندێک پلەوپایەی سوپایی و ڕەنگە ئیدارەییش. ئەمەش لە
کاتێکدایە کە دەبێت قوربانی بدرێت بەو ئیدارەیەی کە لە ڕۆژئاوادا هەیە
و هەڵبووەشێتەوە و ببێتە بەشێک و پاشکۆی دەوڵەتی سوری ، واتە
دەستبەرداربوونی تێزی : خۆسەریی ، ئیکۆلۆجی ، فێمینیزم ، کاروباری
هەرەوەزی ، ئەکادیمیاکانی کە لەوێ بە ناوی جیاوەزەوە هەن ، هەروەها
هەڵوەشاندنەوەی بەرنامە و پڕۆگرامی خۆێندن و چاوخشاندەنەوە بە پڕۆگرامی
زانکۆکان و بێ گومان لابردنی وێنەکانی ئۆجەلان و کۆتاییهێنان بەو
سروودانەی کە لە قوتابخانەکاندا دەخوێنرا و دەوترایەوە یا لە
کۆبوونەوەکاندا دووبارە دەکرانەوە، ئەمانە و لەپاڵ کردنەوەی مەداریسی
زۆری دینی و مزگەوت و کارگەی بەرهەمهێنانی کەسانی زۆر توندڕەو و
تیرۆریست.
ئەمانە هەمووی ئاوێکە دەکرێن بەدڵی حوکمڕانانی تورکیا و ڕەواندەنەوەی
مەترسییەکانی ئەم یەک دوو ساڵەیان سەبارەت بە لە کارکەوتنیان.
لەبەر ڕۆشانی ئەوەی کە لە سەرەوە وترا دەتوانین بڵێین گەر هەموو ئامانج
و ویستی تورکیا لە ڕۆژئاوا و لە سوریا نەهاتبێتە دی ، ئەوە دەکرێت
زۆرێک لەوانە بێت کە ویستویانە.
ئالەم بارەشدا تورکیا پێویستی بە پرۆسەیەک بە ناوی ئاشتییەوە نامێنێ بە
تایبەت لە ئێستادا، کە لە کاتێکدا هێشتا زۆرێک لە تورکەکانی ئەوێ
بەهەژمونی بەکارهێنانی زمانی ڕایسستی و فاشتی دەوڵەت دژی پەکەکە ،
ڕاهێنراون، دەکرێت لە ماوەیەکی دیکەدا بە تەواوی کۆتایی بەو پرۆسەیە
بێت ، لەوانەشە کە لێبوردنێیکی گشتی بۆ چەکدارانی پەکەکە بەڵام نەک
سەران و کەسە دیارەکانی دەرکرێت.
ئەوەی کە وام لێدەکات کە من ئاوا بۆچونێکم هەبێت، ئەوە لێکدانەوەی وردی
بارودۆخی ناوچەکە و سیاسەتی ئەمەریکا و گۆڕانکاری گەورە بەسەر ئایدیا و
مانیفێستەکیی ئۆجەلان و باس نەکردنی هیچ جۆرە پێشەوەچونێکی ئەم پرۆسەیە
و خەریکبوونی ئەو بە ناردنی چەند پەیام و ڕاگەیاندنێکی سارد و سڕ و
بێمزەڕاتانە و خۆنەدان لەم پرۆسەیەیە. هەرەها ڕووداوەکانی ئەم هەفتەیە
و ئاشکرابوونی باشتری نێتی تورکیا و ئەبوجۆلانی و ئەمەریکا، هەر هەموو
ئەمانە وامان لێدەکات کە بڵێم پێدەچێت ئەوەی لای ئێمە پێیی دەوترێت
پرۆسەی ئاشتی وەهمێک بووبێت کە لە ئێستادا وەرناگێڕرێتە سەر واقیع.
بەداخەوە ئەمجارەش وەکو هەموو جارانی پێشتر لەوە دەکات سەرکردان و
ڕابەرانی کورد نەیانتوانی گەمەیەکی سوودمەند لە بارودۆخێکی ناوازە و لە
مەیدانی سیاسەتێکی بێ سەروبەرەی ئەمەریکادا بکەن. ئیتر نازانیین ئەمەش
بە شکستێکی دیکە کۆتایی دێت یا بە سەرکەوتنێکی زۆر لاوەکی . دووبارە
بەداخەوە کە 'دەم پارتی' ش یا کلاویان نراوەتە سەر یاخود هەموو شتێک
دەزانن نایانەوێت بیدرکێنن، یا بەمەبەسێک ئاڵاون لە پرۆسەیەکی وا
گەورەوە کە زۆر لەبەردانی سەرۆکە گیراوەکانیان گەورەترە.
١٢\١١\٢٠٢٥
ماڵپەڕی زاهیر باهیر
|