په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٩\١٠\٢٠١٠

پێگەی کورد لە هاوکێشە و تەوافقی ناوچەییدا.


سالار غەریب


بۆ یەکەمین جار نیە کە لایەنە عێراقیەکان دەکەونە قەیرانی پێکهێنانی حکومەتەوە،ئەزموونی حەوت ساڵی ڕابردوو لە هەڵبژاردنەکانی تر ئەو ڕاستیەی بۆ سەلماندووین کە ئەگەر چی تێکڕای لایەناکانی نێو پرۆسەی سیاسی عێراق لەسەر جۆر و چۆنیەتی پێکهێنانی حکومەت هاودەنگ و هاوڕابن بەڵام تەوافقێکی ناوچەیی لەسەر نەبێت ئەوا ئەستەمە بتوانرێت لەو قەیرانەدا دەرباز بن، ڕۆڵ و دەستوەردانی ووڵاتانی ناوچەکە لە کاروباری ناوخۆی عێراق بە ئەندازەێکە کە تەنانەت پشتگوێ خستنی ووڵاتێکی وەک کوەتیش لە هاوکێشە سیاسیەکانی عێراق دەتوانێ تێکڕای پرۆسەی سیاسی لە ناوخۆی عێراقدا بگەڕێنێتەوە بۆ خاڵی سفر.

 

لەمڕوەوە دەگەینە ئەو دەرئەنجامەی کە پێکهێنانی حکومەت دوای نزیکەی حەوت مانگ لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان ، تاکە بەربەست لایەنە سیاسی یە عێراقیەکان نین کە ناگەنە ڕێکەوتنێک بە پێچەوانەوە ئەوە ووڵاتانی ناوچەکەن کە تا ئێستا نەگەیشتوونەتە تەوافقێک بۆ پێکهێنانی حکومەت لە بەغدا.

 

لێرەدا پێویستە لەسەر ئەم خاڵە هەڵوێستەیەک بکەین و بزانین کە کورد لەو هاوکێشەو تەوافقە ناوچەیەدا چ ڕۆڵێکی هەیە؟ ئەوەی کە لە ئەزموونی ساڵانی ڕابردوو بۆمان دەردەکەوێت ، بەداخەوە کورد نەک تەنها لەو تەوافقە ناوچەیانەدا هیچ پێگەێکی کاریگەری نەبووە ، بەڵکوو تا ئەندازەێکی بەرچاویش پشت گوێ خراوە، هۆکارەکەشی ئەگەرچی هەندێکیان پەیوەستی تێڕوانینی هەڵەی لایەنە سیاسیەکوردەکانی بەشەکانی تری کوردستان بێت بەرامبەر واقعی ئێستا هەرێمی کوردستان و دروست کردنی کیشەو گرفت بۆی ئەوەی تریان بۆ ناکامڵی دیبلوماسیەتی کورد دەگەڕێتەوە...

 

هەرچەندە بەشێک لە خواستەکانی خەڵکی کوردستان لە دەستوری عێراقدا جێگیر بووە بە مادەی 140 و ئەوناوچانەی کە جێی مشت و مڕو ناکۆکین، بەڕەغمی ئەوەی تێکڕای ئەو کەس و لایەنانەی لە دوای پرۆسەی ئازادی دەسەڵاتیان لە عێراق گرتۆتە دەست بەری پشتگیری کورد بووە و زۆربەشیان چ لەسەر ئاستی تاک و چ لەسەر ئاستی لایەنیش لە کوردەوە نزیک بوون بەڵام بە کردەیی هیچ هەنگاوێکیان بۆ دەستەبەری ماف و خواستەکانی خەڵکی کوردستان نەهاویشتووە ، کە ئەمە خۆی لە خۆیدا ئەوەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە کە هاودەنگی و هاوڕاییەکی ناوچەیی بۆ چارەسەری کێشەکانی کورد لە عێراقدا بەدی نەکراوە، ئەوەی کە ئێستاش بوونی هەیە ئەمری واقعێکە کە لە پێش ڕووخانی رژێم بوونی هەبووە و هەمان دەستەواژەش لە دەستووری عێراقدا جێگیر کراوە، بەواتاێکی تر ئەوەی دەسەڵاتی لە بەغدا گرتبێتە دەست دۆست بووبێت یاخود نەیار ، لەبەڕێوەبردنی سێ پارێزگا زیاتری بە کورد ڕەوا نەبینیووە...

 

لەخوێندنەوەی ڕووداوەکانی دوای پرۆسەی ئازادی دەگەینە ئەو دەرئەنجامەی کە لە ئێستادا و لەو گۆمەشڵەقاوو لێڵەی پرۆسەی سیاسی عێراقدا کورد دەتوانێ بە دڵی خۆی ماسی ڕاوبکات؟ خۆتێهەڵکێش نەکردنی کورد بە هەرشێوەێک لە شێوەکان لە تەوافقی ووڵاتانی ناوچەکە،کورد دەگەڕێنێتەوە سەرەتای پرۆسەی ئازادی و روژانی پێش و ڕوومان ئەو راستیەو ووڵامی ئەو پرسیارەمان بۆ ئاشکرا دەکات.

 

 

سیدنی
salarxerib@yahoo.com