١\١٢\٢٠١١
پەکەکە،
بۆچی شانازیی بە ئیسلامبوونیەوە
دهکا!

حەمە غەفور
پەکەکە لە زمانی بەرپرسێکی باڵایەوە بۆ وەڵامدانەوەی لێدوانێکی ڕەجەب
تەیب ئەردۆگان، سەرۆک وەزیرانی حکومەتی تورکیا، کە ڕایگەیاندبوو پەکەکە
ئیسلام نینو ئایینی ئەوان زەڕدەشتیە، بە شانازیەوە ئیسلامبوونو
پابەندبوونی خۆیانی بە ئایینی ئیسلامو بێبەریبوونی خۆیانی لە ئایینی
زەڕدەشت ڕاگەیاند.
کاروان ئازاد، ئەندامی دەستەی ڕاگەیاندنی سەرۆکایەتی پەکەکە بۆ
کەناڵەکانی ڕاگەیاندنی دووپاتکردۆتەوە کە ئەردۆگان گەرەکیەتی پەکەکە بە
شێوەیەکی ناشیرین نیشانی هاوڵاتیانی کوردی تورکیاو میدیای جیهانی بدات،
بۆیە پێیان ئەڵێت کە ئایینی ئەوان زەڕدەشتیەو لە ئیسلام بێبەرین. ئەم
بەرپرسەی پەکەکە بە شانازیەوە باسی ئیسلامبوونی پەکەکە ئەکات، وە
ڕائەگەیەنێت زیاتر لە هەزار ساڵە "گەلی کورد" موسڵمانەو خاوەنی
مێژوویەکی پڕ دڵسۆزیە بۆ ئیسلامو پەکەکەش وەکو کوردی تورکیا بەدەر نین
لەو دڵسۆزیەی گەلی کورد لە کوردستانی تورکیا بۆ ئایینی ئیسلام.
هەر ئەو لێپرسراوەی پەکەکە ووتوویەتی کە باوکو دایکی ئەو خۆی ئەمساڵ
بۆ "حەجکردن" چوونەتە ماڵی خوا لە عەرەبستانی سعودیەو ئەوەش بەڵگەی
ئەوەیە کە لێدوانەکەی ئەردۆگان دوورە لە ڕاستیەوەو ئیسلام ئایینی ڕەسمیو
جێشانازی "گەلی کورد"و پەکەکەیەو بەهیچ جۆرێک ئەوان زەڕدەشتی نین!
جێی خۆیەتی لێرەداو لەم ساتانەی وا پەکەکە موزایەدە بەسەر ئیسلامبوونی
"گەلی کورد"ەوە ئەکاتو لە کەناری تەواوی ڕابەرانی ناسیونالیستی چەشنی
بەرزانیو تاڵەبانیو بەشێک لە ڕۆشنبیرانی گەوجی نەتەوەپەرستەوە نانو
پیاز بە موسڵمانبوونی کوردەوە ئەخۆن، وە ئایینی زەڕدەشتی بە نەشازو
ناشیرینو مایەی نزمیو شەرمەزاری بۆ گەلی کورد تەماشائەکات، وەبیری
بێنینەوە کە زۆر جارانو لە هەندێ بڕگەدا کە حەماسەتو دەمارگیریی
کوردایەتیو نەتەوەپەرستانەی کوردی سەرئەکاتو بۆ خۆلادانو خۆدزینەوە
لە ڕوخسارو لایەنە هەرە ناشیرینو قێزەونو پڕشەرمەزاریو
تیرۆریستیەکانی ئایینی ئیسلام هەڵڵاو زەنای بێبەریبوونی خۆیان گوایا بە
ئایینی ئیسلامی توندوتیژو خوێناویو بێبەزەیی بەرپائەکەن.
زۆرێک لە ڕابەرانو قسەکەرانی ڕەسمی حزبو هێزە ناسیونالیستیە
کوردیەکان لە هەر چوار لاوە، بەتایبەتی ڕستێک لە ڕۆشنبیرانی ناحاڵی
قەومیی کورد، هەندێک جار بە ئاشکراو هەندێ جاری تریش شەرمنۆکانە
بانگەشە بۆ گەڕانەوەی ڕەچەڵەکی ڕەسەنی کورد ئەکەن بۆ سەر ئایینی "پیرۆزی"
زەڕدەشتی. وە ئەوەش وەکو داتاو مێژوویەکی سەربەخۆی ڕەسەنایەتی "قەومی
کوردو گەلی کورد" لە دیوە دژەمرۆییو قێزەونەکەی گوایا ئیسلام
بەرجەستەو گەورە ئەکەنەوە. تەنانەت لە هەندێ شوێنو بڕگەی هاوسەنگی
سیاسیدا ناسیونالیستە ئوسوڵیو توندڕەوەکان لە هەندێ کۆڕو کۆمەڵیاندا
دەم ئەژەنن لەوەی کە جەبەروتی ئیسلام هاتووەو بەزۆری شمشێر گەلی کوردی
زەڕدەشتییان کردۆتە ئیسلامو ئایینی زەڕدەشتیان پاشەکشە پێکردووە.
پەکەکە لە سەروبەندێکدا دەرگیری ئەم قەیرانە سیاسیو ئایدیۆلۆژیە
هاتووە بەم بانگەشەیەی ئەردۆگان، کە باڵە بەدەسەڵات گەییشتووەکانی
ئێستای هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی ژێربەژێرو ناڕاگەیەنراو لێرەو لەوێ
هەوڵی پەرەپێدانن بە کەڵکەڵەی گەڕانەوەی ڕەچەڵەکی کوردەکان بۆ سەر
ئایینی زەڕدەشتی. وە ژمارەیەک ڕۆشنبیری ناسیونال قەومیی کوردی چەشنی
ناسری ڕەزازیو سەلاحی موهتەدیو پۆستمۆدێرنیستە دوور ووڵاتەکانی لای
خۆشمانیان وادارکردووە ڕێوشوێنی کەلەپووریو مێژووی بۆ گەییشتن بەم
مەرامە بدۆزنەوەو پارەو پولیان بۆ هەڵدەڕێژن لەبەرامبەر بەو
کارانەیاندا.
خاڵی جێگا ڕەخنەو سەرنجی من لەم ووتارەدا ئەوەیە؛ کە جووڵانەوەی
کوردایەتیو پەڕوباڵە جۆراو جۆرەکانی لە کوردستانی عێراق، ئێران،
تورکیاو تازەکیش لە سوریا، تا ئێستا درێغیان نەکردووەو کورتیان
نەهێناوە لە گەوجکردنی خەڵکی کوردزمانی پارچەکانی ئەو ووڵاتانە بە
وەشاندنو بڵاوکردنەوەی خۆشباوەڕیی قەومیو بەتەنیشتیشیەوە تارمایی
ڕەشی ئایینی کۆنەپەرستیو دژە مرۆییو دژەژنی ئیسلامی. ئامانجی
ئەردۆگان سیاسیەو فاشیزمێکی خوێناویو دوژمنکارانەی لێئەچۆڕێت.
مەبەستی سەرەکی ئەردۆگان تەریکخستنەوەی پەکەکەیەو لەلایەکی تریشەوە لە
هەوڵی ڕێگاخۆشکردندایە بۆ هێرشو پەلاماری سیاسیو تەبلیغاتیو
ئەخلاقیش بۆ سەر هاوڵاتیانی کوردزمانی دانیشتووی تورکیا. دیارە لەپێناو
هەرچی قووڵترکردنەوەی قەڵشتی قەومی نێوان کوردو تورک لەو ووڵاتەدا.
ئەوەش ئەو ڕێگایەیە کە هەم ئەردۆگانو فاشیزمی ئیسلامی تورکی سوودو
بەهرەبەرداری لێئەکات هەم پەکەکەو ناسیونالیستە نەتەوە پەرستەکانیش
بەسەر سەنتەری کۆنترۆڵی موقەدەراتی هاوڵاتیانی کوردی ئەو ووڵاتانەوە
ڕائەگرێت.
دەرەنجام پێویستە لە پەکەکەو ڕابەرانی ئەو حزبە قەومیە بپرسین، شانازی
لەکوێی ئایینی کۆنەپەرستو تاریکیهێنەری ئیسلامیدا هەیە نەک هەر بۆ
خەڵکی کوردستان، بەڵکو بۆ هەموو ئەو کیشوەرو نەتەوانەی وا جەبەروتی
شمشێری ئیسلامو زۆروێژیی ئەحکامی قوئانو ئایدیۆلۆژیای ئیسلامی نزیک
بە دوو هەزار ساڵە ئەم کۆمەڵگایانەی لەنێو چەقبەستوویی ئایینیو لەنێو
زەلکاوی خورافاتی ئیسلامیدا گێنگڵداوەو ئازادیو ئیرادەی ئازادانەی
ملیۆنیی مرۆڤی ئەم ناوچانەی بە ئاگرو ئاسن سەرکەوت داپڵۆسیوە!؟
بێگومان ئایینی زەڕدەشتیش جگە لە کۆمەڵێک نەریتو پەیڕەوو پرۆگرامی
کۆنەپەرستانەو دواکەوتوانە شتێکی زیاتر نیە، بەڵام پەکەکە دەبێت بۆی
ڕۆشن ببێتەوە بەم هەڵوێستەی بەرامبەر بە ئەردۆگان، دوو جار لە ڕووی
سیاسیو هەڵوێستگیریو تەبلیغاتیشەوە بەرامبەر بە فاشیزمی ئیسلامی
تورکی دۆڕاندویەتی؛ جارێک بەم وەڵامەی ئازاد کاروان ڕاستی مەبەستی
ئامانجەکەی ئەردۆگانی سەلماندووە کە ئایینی زەڕدەشتی ئایینی خێڵو
تیرەو قەبیلە کێویە کوردەکان بووەو زۆر دواکەوتوانەو ناشیرینە، بۆیە
کاک ئازاد دەڵێ؛ ئەردۆگان بە تۆمەتبارکردنی پەکەکە بە ئایینی زەڕدەشتی
ئەیەوێت ئەو حزبەو گەلی کوردی تورکیا ناشیرین نیشانی دنیا بدات، وە ئەو
بەرپرسەی پەکەکە ئەم وێنا ناشیرینو مایەی شەرمەزاریەی کە ئەردۆگان
مەبەستیەتی قبوڵو پەسەند کردووە. جارێکی تریش، جیاوازیەکی هەرچەند
ناچیزیش بووبێت کە پەکەکە لەم سیو چەند ساڵەی خەباتی شاخی خۆیدا گوایا
وەکو نوێنەری گەلێکی کوردی بەزۆر بەئیسلام کراوی وەکو کوردی تورکیای
زەڕدەشتی وەکو دڵسۆزترین گەلی موسڵمانی ناوچەکە وێنا دەکات، کە زۆرتر
لە بەرژەوەندی حزبو دەسەڵاتەکەی ئەردۆگاندایە هەتا پەکەکە. هەرچەند لە
هەردوو لاوە بەڵای ئیسلامی وەکو ئایینو بڕوای گەلی تورکیشو کوردیش
ڕائەگەیەنرێت.
لەم نێوانەدا کە هاوڵاتیانی کورد لە هەر شوێنێک بن، ئیسلام بن یاخود
زەڕدەشتی بن، کام سەروەری، کام پێشڕەوی، کام شانازیو کام دەسکەوتو
سەرکەوتنی بۆیان تێدایە!؟ زەڕدەشتی بوون یاخود موسڵمان بوون بە واتای
چی شتێکی پۆزەتیڤ دێتەوە بۆیان! ئەو بەهاو بایەخانەی کە لەو
هەڵوێستگیرییەی پەکەکەدا هەیە هیچ پەیوەندیەکی بە خەڵکی کوردەوە نیە نە
لە تورکیاو نە لە هیچ جێیەکی تریش. ئەمە گەمەیەکی سیاسیەو پەکەکە
تیایدا بەرامبەر بە دەوڵەتی تورکیاو بەرامبەر بە حزبی ئیسلام- فاشیستی
ئاک پارتی، پارتەکەی ئەردۆگان دۆڕاندوویەتی. خەڵکی کورد نە لە
کوردستانی تورکیاو نە لە هیچ جێگایەکی تریش نابێت باجی ئەم هەڵوێستەی
پەکەکەو ئەم دۆڕانەی ئەو حزبە بدات. دۆڕاندنو سەرکەوتنی پەکەکە جگە لە
بێئیرادەیی زاتری خەڵکی کوردزمانی تورکیا هیچ واتایەکی واقعی تری
لێناکەوێتەوە. نمونەی بەرجەستەی کوردستانی عێراق زیندووە بۆمان.
کێشەو مەسەلەی کورد چی لە تورکیاو چی لە جێگاکانی تریش چارەسەریو
یەکاڵابوونەوەی بەسراوەتەوە بە دوورخستنەوەی باڵە جیاجیاکانی
جووڵانەوەی کوردایەتیو ناسیونالیستی کوردی بەسەر موقەدەراتی
هاوڵاتیانی کوردزمانەوە. کوردی ئەو کیشوەرانەی تیایاندا ئەژین بە
پەکخستنی خۆشباوەڕی قەومیو بە فڕێدانی وەهمی کوردایەتی ئەتوانن
چارەنووسی خۆیان بەدەستەوە بگرنو وەڵامی ئەردۆگانیشو ئیسلامو
فاشیزمیش بدەنەوە.
٣٠\١١\٢٠١١
ماڵپهڕی حهمهغهفور
|