٣٠\١٢\٢٠١١
پهکهکه
گۆڵ لە کێ دەکا؟

زانا بەهرام
گومان لەوەدانیە کە پهکهکه ئەمرۆ رێبەرایەتی بزوتنەوەی رزگاری خوازی
گەلی کورد دەکات لە تورکیا . هەروەک کاریگەری جۆراو جۆریشی هەیە لە سەر
پارچەکانی تری کوردستان، بەو پێەی کە باڵی سەربازی پهکهکه ئێستا
لەناو سنوری هەرێمی باشوری کوردستانە، کە ئەمەش بۆ خۆی هەمیشە بۆتە
هۆکارێکی سەرەکی کە باشوری کوردستانیش راستەوخۆ بخاتە نێو موعادەلەی
سیاسەتەکانی خۆی و بیلکێنێ بە کۆمەڵێک بەرپرسیارەتی نەتەوەیی لەلایەک و
یاسایی و سیاسیش لەبەرامبەر ولاتانی دراوسێ بەگشتی و تورکیا بەتایبەتی
لەلایەکی ترەوە. هەروەک پهکهکه لە رێگەی دروستکردنی چەند پارتێکی
تری لە شێوەی خۆی لە ئێران و سوریاو عێراق یارییەکی تر ئەکات کە
ئەمەیان مەبەستی سەرەکی ئەم وتارەیە.
بەخوێندنەوەی واقعی ئەمرۆی رۆژهەڵاتی ناوەراست ئەو راستیە بەرچاوە کە
وڵاتانی ناوچەکە ئاڵوگۆرێکی کەم وێنە بەخۆیانەوە دەبینن، کە بەشێک لەو
گۆرانکاریانەش لە وڵاتانی دیکتاتۆری عەرەبی دەستی پێکردووە و نزیک
بۆتەوە لەو وڵاتانەی کە کوردستانیان بەسەر دابەش کراوە، کە بێگومان
هەرئاڵوگۆرێکیش لەو ولاتاندا راستەخۆ کاریگەری بەسەر چارەنوسی کوردەوە
هەیە بەو پێیەی کە کورد فاکتەرێکی بەهێزە و نەتەوەی دووەمیشە لەو
ولاتانەدا کە بەدریژایی میژوو جەوسێندراونەتەوە لەلایەن ئەو ولاتە
داگیرکەرانەوە، ئەوەی زامنی بەدەستهێنانی ئەو مافانەش دەکات بۆ کورد لە
دوای ئەوگۆرانکاریانەدا ئەوە دووشتە؛ یەکەمیان: هێزو کاریگەری ئەو پارت
و رێکخراوە کوردیانەی کە ئێستا هەن. دووەمیان: هێزی دەرەکییە، بەڵام
بەوپێیەی کوردیی بەشەکانی تری کوردستان وەک هێزیکی رێکخراو و یەکگرتو
کاریگەر نابینرێن، لەم پێوەندیەشدا تەنها ئومێدێک بۆ کوردی بەشەکانی
تری کوردستان ئەوە حکومەتی هەرێمی کوردستانە ، بەلام دیارە کە ئەو
هەرێمە خۆی بەشێکە لە عێراق و گیرۆدەی کۆمەڵێک کێشەی ترە، هەروەها
ناشتوانێ دەستوەربداتە کار و باری ولاتانی تر، کەواتە ناتوانێت ببێتە
سەنتەرێک بۆ ئاراستەکردنی کوردی بەشەکانی تری کوردستان بەشێوەیەکی
راستەوخۆ .،کەئەمەش دەرگای بۆ هێزی تر خۆش کردوە لەناوچەکە کە بێنە ناو
یارییەکە، کە ئەوانیش بە شێوەیەکی سەرەکی بریتین لە هەریەک لە پهکهکه
و ئێران و تورکیا، رەنگە ئاسان نەبێ باوەر بەوە بکەین کە هێزێکی وەک پهکهکه
کە خۆی لەشەردابێت لە گەڵ تورکیا بۆ بەدەست هێنانی بەشێک لەمافەکانی
کورد لەو ولاتەدا، لەهەمان کاتیشدا بتوانێ کاریگەری هەبێ بەسەر ولاتانی
تردا.
بەلام پرسیارە سەرەکییەکە لێرەدا ئەوەیە کە ئایا پهکهکه چ یارییەک
دەکات و لە گەڵ کێ دەیکات ؟ بە ورد بونەوە لە واقعی چەند مانگی رابورد
بۆمان دەرکەوت کە ستراتیجیەتی پهکهکه لە ناوچەکەدا بە تایبەت لە گەڵ
هەریەک لە ولاتانی ئێران و سوریادا ئەوەندەی تەرکیزی خستۆتە سەر
بەرژەوەندییە تایبەتیەکانی خۆی و هەوڵی پاراستینی پەیوەندییەکانی خۆیی
دەدات لەگەڵ هەریەک لە ئێران و سوریا ئەوەندە لە خەمی مافەکانی کورد
نیە لەو بەشانەی تری کوردستان ، کە ئەوەش هەمان یارییە کە ئێستا
هەریەکە لە ئێران و تورکیا دەیکەن لەگەڵ ۆپۆزسیۆن و رژێمی سوریا.
سەرەتا بۆ ئەوەی لەو راستیە تێبگەین کە ئایا پهکهکه ئەو هێزەی لەکوێ
بوو تا بتوانێ کاریگەری هەبێت بەسەر بەشەکانی تری کوردستان، ئەوە
پێویستە بگەرێنەوە بۆ میژووی دروست بوونی پهکهکه .
پهکهکه و کوردی بەشەکانی تری کوردستان.
بەو پێیەی پهکهکه لە سەرەتایی دروست بوونیدا دروشمی سەربەخۆیی
هەرچوار پارچەکەی کوردستانی هەڵگرتبوو ،کە ئەمەش یەکەم جار بوو لە
مێژووی کوردا پارتێک یان سەرکردەیەکی وەک عەبدولا ۆجەلان دروست بێت بەم
خەون و ئایدیایەوە کە بتوانێ وەها ریێازێک بگرێتەبەر،کە ئەمەش بووە
هۆکاری سەرەکی کە سەرنجی خەڵک بەگشتی و گەنجان بەتایبەتی راکێشێ و
گەنجان لە هەرچوار بەشەکەی کوردستان رویان لە ریزەکانی ئەو پارتە کرد،
ۆجەلانیش لە وتار و نوسین و چالاکیەکانیدا هەمیشە بەناوی هەموو
کوردستانەوە قسەی دەکرد و خۆیی وەک سەرۆکی هەرچوار پارچەکەی کوردستان
دەبینی،کە ئەو دۆخەش تا ساڵی 1999 خایاند،بەلام لە دوایی دەست گیرکردنی
سەرۆکی پهکهکه عەبدولا ۆجەلانەوە، پهکهکه کەوتە بەردەم دوریانێکی
سەخت، هەم بەهۆی لەدەست دانی ۆجەلانەوە کە پێشتر خۆی راستەوخۆ
سەرکردایەتی بزاڤەکەی دەکرد، هەمیش بە هۆی ئەو دروشمانەی کە ئەو پارتە
هەڵیگرتبوون،کە ئەمەش ئاسان نەبوو ئیدامە بدرێن بەبی ۆجەلان، بۆیە بۆ
کەمکردنەوەی قورسایی لەسەر پهکهکه و خۆپاراستن لەبەریەک کەوتنی ئەو
ئاراستە فیکری و باڵانەی کە خەریک بوو سەریان هەڵدەدا کە عوسمان ۆجەلان
و باڵەکەی یەکێک بوون لەو ململانییە فیکرییەی کە لەو سەردەمە لە ناو پهکهکه
دروست بوون . بۆیە لە کۆنگرەی ساڵی 2003سەرکردایەتی پهکهکه بریاریان
لەسەر ئەوە دا کە بۆ هەر پارچەیەکی کوردستان پارتێک دابمەزرێنن کە لە
سەر هەمان میتۆد و رێبازی ۆجەلان و پهکهکه کاربکات بەلام لە ژێر
ناویتر،کە ئەمەش هەم بار قورسی لەسەر پهکهکه کەم تر دەکاتەوە هەمیش
بە هۆی گۆرینی ستراتیج و دروشمەکانی پێشوو تری پهکهکه وە بوو.
پژاک.
لە رۆژهەڵاتی کوردستان دروست بونی پارتێکی وەک پژاک پێویستیەکی میژوویی
بوو . چونکە پارتەکانی تری رۆژهەڵات بەهۆی دورکەوتنەوەیان بۆماوەیەکی
زۆر لە رۆژهەڵاتی کوردستان و نەبوونی بەرنامەیەکی سیاسی لەلایەک و
بەردەوامی ململانێیە ناوخۆییەکانیان لەلایەکی ترەوە ،ئەو دەرفەتەیان بۆ
پژاک زیاتر رەخساند کە بتوانێ لەماوەی چەند ساڵێکدا سەرنجی کوردی
رۆژهەڵات بۆلای خۆیی راکێشێ و بۆشیایی ئەوان پربکاتەوە . بەلام پژاک
بەهۆیی وابەستەیی بەو ستراتیج و تاکتیکانەی کە پهکهکه بەکاریان
دەهێنێ خەریکە لەدەوری بازنەیەکی داخراو دا بمێنێتەوە، کێشە
سەرەکییەکانی پژاک ئەوکاتە دەست پێدەکەن کە دەکەوێتە بەردەم قۆناغێک کە
پێویستی بە بریاری یەکلاییکەرەوە هەیە بەڵام پهکهکه بەهۆی ئەو هەستی
خۆ بە باوک زانینەی بۆ پژاک رێگرە لەبەردەم وەها بریارێکی گرینگ کە
ببێتە هۆی لەناوچونی پەیوەندیەکانی خۆیی لە گەڵ ئێراندا،چونکە نابێت
بیرمان بچێت کە پهکهکه هەمیشە پەیوەندیەکی زۆر باشی لە گەڵ ئێراندا
هەبووە، لەماوەی تەمەنی خۆی هەر لەسەرەتایی دروست بوونیەوە تا دروست
بوونی پەژاکیش تەنانەت هەتا ئێستاش، کە ئەمەش ئاسان نیە بۆ پهکهکه
کە بکەوێتە بەرەیەکی دژ بەبەرژەەندیەکانی ئێرانەوە،لەبەر خاتری
پژاک،کەباشترین نموونەش لەچەند مانگی رابوردوو بینیمان کە پژاک چووبووە
قۆناغێکی بەرزی شەری چەکداری لەگەڵ رژێمی ئێران، کە ئەمەش سۆزی کوردانی
لە هەرچوار پارچەکەی کوردستان بۆ لای خۆی راکێشا بوو زیاتر لە هەموو
کاتێکی تر ، وە ئێرانی خستبووە قۆناغێک کە دەبوو ئێران حسابی جدی بۆ
پژاک بکات، بەڵام بەهۆیی سیاسەتی دووفاقی پهکهکه و ئەو رێکەوتنەی لە
لەلایەن پژاک و حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئێرانەوە کرا،کە من پیم
وایە پژاک لە ژێر زەختی پهکهکه ناچار بوو بەو رێکەوتنە . بەپێی ئەو
ریککەوتنە پژاک وابەستە کراوە بە کۆمەڵێک خاڵ کە ئەگەر ورد بینەوە لێی
بە ئاسانی دەبینین کە بەهەموو لایەک هەوڵی بە ئۆردوگا نیشنی پژاک دراوە
لە چیاکانی قەندیل، کە ئەوەش جیاوازیەکی نیە لەگەڵ ئۆردگانیشینەکانی
حیزبی دیموکرات و کۆمەڵە لە هەرێمی کوردستان، مەنتقی تێدانیە ئەگەر
بڵێین پێشتر پژاک بیری لەوە نەکردۆتەوە کە خەباتی چەکداری لە دژی ئێران
و لە ناو خاکی هەرێمی کوردستانەوە لە دەرئەنجامدا تورەیی ئێرانی
لێدەکەوێتەوە و سەرەنجام ئێران دەست بەتۆپبارانکردنی ناوچە سنورییەکانی
هەرێمی کوردستان دەکات، هەروەها زەخت لە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان
دەکەن کە سنورێک بۆ پژاک دابنێ، باشە کە پژاک ئەوەش بزانێ ئەی چۆن
لەگەرمەی شەردا ئاگربەست رادەگەیێنێ و دواتریش وابەستە دەبێت بە
کۆمەڵیک خاڵ کە هەمووی لە دژی خۆیەتی، بۆ نموونە؛ یەکێک لەو خاڵانەی کە
هەردوولا لەسەری رێکەوتوون ئەوەیە کەنابێت پژاک هیج چالاکیەکی چەکداری
بکات لەناوخۆیی ئێران! خۆ ئەوە هەمان شتە کە ئێران هەمیشە ویستویەتی لە
دیموکرات و کۆمەڵە ،بەڵام ئایا پژاکیش لەبەرامبەر ئەوەدا داوای لە
ئێران کردوە کە دەرفەت بەپژاک بدرێت تا دەست بەخەباتی سیاسی بکات و
وەکو دەست پێکێکیش و بۆ متمانە بوون بەیەکتر ئێران گیراوە سیاسیەکانی
کورد و پژاک ئازاد بکات ؟ کە بێگومان وەلامەکەی نەخێرە ،چونکە هەم
ئێران ئامادە نەبووە و نیە وەها کارێک بکات، هەمیش ئاستی دیبلۆماسیەتی
کورد لە کاتی گفتوگۆ و دانوسان لە گەل دوژمندا جارێ زۆری ماوە بتوانێ
کارتە سیاسیەکانی پێش کارتە چەکداریەکەی بخات.
پهکهکه و کوردی سوریا.
بەهۆی مانەوەی عەبدولا ۆجەلان لە سوریا بۆ نزیکەی دە ساڵ توانی
رێکخستنێکی بەرفراوان دروست بکات لە سوریا و سەرئەنجامیش پارتێکی کوردی
لێکەوتەوە بە ناوی پارتی یەکێتی دیموکرات پهیهده، ئەگەرچی ئەم پارتە
هێزی چەکداری نیە و پارتێکی سیاسیە ،بەلام بەپارتێکی چالاک و رێکخرا و
تۆکمە دەبینرێت و وە جەماوەرێکی زۆریشی هەیە لە سوریا، کە هەندێک پێیان
وایە دەتوانێ ببێت بەبەدیلی پارتە کوردیەکانی تر لە داهاتوودا،کە ترسی
تورکیاش لەگەیشتنی کوردی سوریا بەبەشێک لەمافەکانی خۆی لەدوای روخانی
رژێمی ئەسەدەوە دەشێک دەرئەنجامیی ئەو راستیەبێت ،کە تورکیا پێی وایە
ئەو پارتە نوێنەرایەتی پهکهکه دەکات لە سوریا، کە بێگومان ئەمەش بە
مەترسیەک دەبینێ بۆسەر تورکیا. بەلام ئایا پهکهکه ج هەولێک دەدات بۆ
بەدەست خستنی بەشێک لە مافەکانی کورد لە سوریا، ئەوەی بینیمان لە
سەرەتایی دەست پێکردنی راپەرینەکانی سوریا تا ئێستا، کوردی سوریا
سیاسەتی بێدەنگی هەڵبژاردووە، کە بەپێی لێکدانەوەو تێگەیشتنی هەندێک
ئەوەیە کە کوردی سوریا نایەوێت ببێتە قوربانی لایەنەکانی تری ئێستایی
سوریا کە خۆیان بە بەدیلی رژێمەکەی بەشار ئەسەد دەزانن. وە تائێرە
کێشەمان نیە، چونکە ئەوە یەکەم جارە لە مێژوی گۆرانکارییە سییاسییەکانی
ناوچەکەدا کە پەیوەست بوبێت بە ولاتانی داگیرکەری کوردستانەوە، کورد
نەبوبێتە قوربانی گۆرانکارییەکان و دواتریش تەنها وەک تەماشاکارێک
ماونەتەوە، کەنموونەکان زۆرن هەر لە شۆورشی ئسلامی ئێران هەتا
دامەزراندنی دەوڵەتی ئەتا تورک و دواتیش هاتنە سەرکاری رژێمی بەعس و
دواتریش لادانی بەعس لە عیراق، بەلام کێشەکە لەوەدایە کە ئەو
هێزەسیاسیانەی ئەمرۆی سوریا یەک خیتاب نین و تائێستا نەیان توانیوە
پلاتفۆرمێکی یەکگرتووی کوردی هاوبەش پێک بهێنن کە هەموو هێزە
سەرەکییەکان لە خۆ بگرێت، بۆ نموونە پهیهده کە بە لایەنگری بۆ پهکهکه
ناسراون ناجهێتە ئەو ئەنجومەنە نیشتمیانیەی کە پارتەکانی تر دروستیان
کردوە، کە ئەوە ئەگەر یەک مانای هەبێت ئەویش ئەوەیە، کە پهکهکه
بروایی بە هاوپەیمانیەتی نیە لە گەڵ هێز و لایەنی کوردی تر، جا ئەگەر
بۆ ماوەیەکی کورت و بۆ قۆناغێکی جارەنوسازیش بێت، بێگوومان پهیهده
چەند بیانویەکی هەیە لەم پەیوەندیەدا، بەلام ئەگەر پهکهکه پێی وابێ
بە نەچونی پهیهده بۆ ناو ئەنجومەنی نیشتیمانی کوردی لە سوریا رێگە
لە دەست تێوەردانی تورکیا دەگرێت ئەوە،سیاسەتێکی ژیرانە نیە، چونکە
دەست تێوەردانی تورکیا ئەوکاتە کاریگەر دەبێت کە کورد لە سوریا
پەرتەوازە بن و خیتابێکی هاوبەشیان نەبێ، هەروەها ئەگەر پهکهکه پێی
وابێ کە بەتەنها دەتوانێ حوکمیزاتی بۆ کورد بەدەست بخات لە رژێمەکەی
ئەسەد ئەوەشیان دیسان گۆڵێکە لە کوردی سوریای دەکات، چونکە پهکهکه
ناشێت ئەوە نەزانێ کە ماف دەسەندرێت نەک وەربگیرێت،لە رژێمێکیش کە
لەسەر لێواری روخانە، هەروەها ئەو حکومی زاتییە ئیداریەی کە پهکهکه
بەتەمایە وەک دەسکەوتێک بۆ کوردی سوریایی وەرگرێت لە رژیمی ئەسەد
بەدەردی کۆمارە جوانەمەرگەکەی قازی موحمەدی نەمر دەچێت، چونکە سنورەکەی
تەنها ئە ناوچەیە دەبێت کە پهیهده لێی باڵادەستە ،هەروەها ئەو
نزیکبونەوە و بێدەنگییەی پهیهده لە رژێمەکەی سوریا خەریکە کوردیش
دەکات بە دوژمنی ئەو هێزە ۆپۆزیسیۆنانەی ئێستا کە بەیانی دێنە سەرحوکم،
هەروەها ئەو حوکمە ئیدارییەی کە پهکهکه دەیەوێت بیکاتە خەڵات بۆ
کوردی سوریا، نابێتە کیانێکیش کە پارت و رێکخراوە کوردیەکانی تر بەرگری
لێبکەن و بە هی خۆیانی بزانن،چونکە مەبەست لێی ئەوەیە ببێتە شوێنێکی
ئارام بۆ پهکهکه ،هەروەک چۆن ۆجەلان لەنامەکەی بۆ بەشار ئەسەد هەمان
داوای لێکرد بوو لەچەند مانگی رابووردوو، کە بەداخەوە بۆ هێزێکی گەورە
و کاریگەری وەک پهکهکه کە بەرێز موراد قەرەیلان لە یەکێ لە
جاوپێکەوتنەکانیدا دەڵێ ئێمە بەقەد دەوڵەتێک بەهێزین، بەلام کێشەکە
ئەوەیە بەرێز قەرەیلان کە ئێوە تەنها ئەوکەسانە بە کورد دەزانن و
مامەڵەیان لەگەڵ دەکەن کە سەر بەخۆتان بن، کەچی بەردەوامیش داوای
یەکێتی نەتەوەیی گەلی کورد دەکەن. من ئێستا تێدەگەم کە مەبەستان لەو
یەکێتیە ئەوەیە کە هێزەکانی تر بێنە ژێر جەتری پهکهکه و
لەدەرئەنجامیشدا ببن بەو کارتەی کە پهکهکه بۆ بەرژەوەندی خۆی
سیاسەتیان پێوەبکات، کە دیارە ئەوەش هەمان سیاسەتە کە بەداخەوە دوو
پارتەکەی باشوریش زۆر دەمێکە تاقیانکردۆتەوە، بەلام ئێوە ئێستا خەریکن
هەمان هەڵە دووبارە دەکەنەوە.
لەندەن
ماڵپهڕی زانا بههرام
|