په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٦\١١\٢٠١٠

پەکەکە خاڵی وەرچەرخانە لە مێژووی بزاڤی رزگاریخوازیی گەلی کورددا!

جەمال عەزیز  

* تورکی شاخاوی و یاخی بوو!!
* نەزان ‌و نەگونجاو لەگەڵ یاسا!!
* زمانی بێ ڕێزمان( گراماتیک)!!


ئەم سێ ڕستە بێ ماناییەی سەرەوە هەمیشە لەدەمی هەموو تاکێکی ڕەگەز پەرستی تورک دەهاتنە دەر، هەموو کوردێکی باکوری کوردستان هێندە گوێی لەم وشە ناشیرینانە ببوو سەرەڕایی ناڕەزایی دەربڕین وەک پرسیاریشی لێهاتبوو، هەموو کوردێکی بەئاگا دەیپرسی، بۆ دەبێ من تورکی شاخاوی بم؟ ،بۆ دەبێ من یاخی بم لە یاسا؟ ،بۆ زمانی ئاخاوتنم بێ ڕێزمان‌وناوەڕۆکە؟ ئەمانەو چەندین پرسیاری تر کە ڕۆژانە گەنج‌ولاوی کورد لە باکور بە شوێن وەڵامدا دەگەڕان، کۆڕو کۆمەڵ ،شۆڕش‌و ڕاپەڕین، حیزب‌وڕێکخراوی سیاسی زۆر دروست بوو لەباکوری کوردستان بۆ گەیاندنی دەنگی کورد بە جیهانی دەرەوە‌و ڕزگاری کوردستان، لەبەرامبەر خەبات‌و ڕاپەڕینی گەلی کورد لە باکور ڕەگەزپەرستان‌و بازرگانانی شەڕ لە تورکیا کەخۆیان لەبەرگی ژەنراڵ‌وسەربازی تورکدا دەبینیەوە زیاتر خۆیان توند تردەکرد، هەروەها زیاتر بازاڕی خوێن ڕشتن‌و خاک سوتاندن‌و ئاوارە کردنی خەڵکی سڤیلیان گەرم دەبوو،زۆرشۆڕش‌وڕاپەڕینی گەلی کوردیان خەڵتانی خوین کرد، زۆرسەرکردەو ڕابەری گەلی کوردیان بەداردا کرد، زۆربەڵێنی درۆو سوێندی درۆیان بەکورد دا، سەرەڕای ئەمانە هیچ دەستێکیان لە سوتان‌و وێران کردنی کوردستان نەپاراست، ڕۆژێک بە ناوی دین ،جارێک بە ناوی نەتەوەی سەردەست جارێکی تر لەژێر ناوو بیانوویەکی ترڕێگایان خۆش دەکرد بۆ کۆمەڵ کوژی گەلی کورد لە باکوری کوردستان،ڕەگەز پەرستانی تورک زۆر پەیمان نامەی نێو دەوڵەتی‌وناوخۆییان پشتگوێ خست، زۆرسنوری نێودەوڵەتیان بەزاند، زۆر هەڕەشەی گورچکبڕیان بەکارهێنا، ئەم هەموو کارە دڕندانەونامرۆڤانەیان تاکو ساڵانی هەشتاکەنی سەدەی ڕابردوو زۆر بێدەربەستانە بۆ دەچووە سەربەبێ هیچ سڵەمینەوەیەک.


لەسەرەتای دروست بوونی ڕێکخراوی ئازادی خوازی گەلی کورد لەباکور بە ڕابەری بەڕێز ئۆج ئالان‌و هەڤاڵانی لەکوردو چەندین تورکی مرۆڤ دۆست، توانرا بانگێکی ئازایانەو ئازادانا بدرێت بە گوێی زۆر لەڕۆشنبیران‌و شۆڕشگێڕانی کورد بۆ بەرەنگار بوونەوەی ئەو هەموو چەوروستەمەی کە لەسەر گەلەکەمان هەبوو لە باکور، ڕاستە کورد هەمیشە ئامادەی خەبات‌و قوربانی دان بووە، ڕاستە زۆر کۆمەڵ و رێکخراوی نەتەوەیی‌و نێونەتەوەی لەناو کوردستاندا هەبووە‌و تاکو ئێستاش هەر بوونیان هەیە، بەڵام ئەوەی کە پکک لە‌و کۆمەڵ‌و ڕێکخراوانەی تر جیادەکاتەوە ئەو فەلسەفە‌و ئایدۆلۆژیا زانستیەیە کەتوانی هەردوو چەمکی نەتەوەی بوون‌و نێونەتەوەی بوون لەیەک قاڵبدا کۆبکاتەوە،ئەو فەلسەفەیە بوو توانی شۆڕشگێڕی بەبیروهۆش دروست بکات پارتی کرێکارانی کوردستان دروست بووی ناوخاکی کوردستانی باکورە،بەڵام تەنها لە چوارچێوەی ئەوسنورە دەستکردەدا نەمایەوە پەلی هاویشت بۆ هەرچوار پارچەی کوردستان،گیانی یەکێتی‌و تەبایی‌و یەک ڕیزی لەناو کوردی هەرچوارپارچەکەدا دروست کرد،دروشمی کوردستانی گەورەی کرد بە وویردی سەرزمانی هەموو تاکێکی کورد لە هەموو جیهان، پکک توانی لە ماوەی کەمی خەباتیدا پەیوەندی دۆستانەی لەگەڵ زۆربەی ڕێکخراوە ئازادی خوازەکانی جیهان ببەستێ ،بۆ یەکەم جار لە مێژووی خەباتی گەلی کورد پکک توانی چوار پێشمەرگەی کورد لەیەک سەنگەردا کۆبکاتەوە کەهەریەکێکیان خەڵکی پارچەیەکی جیاوازی کوردستان بێت، زۆردەگمەن لەخەباتی گەلی کوردا بینراوە کە گەنج‌ولاوی نەتەوەی جیاواز لەنەتەوەی کورد بەشدار بێت لە تێکۆشانی کوردا، بەڵام پکک توانی گەنج‌و لاوی وڵاتی(مەغریب، ڕوسیا؛ ئەڵمانیا، بەلجیکا، تورک ،فارس ، عەرەب)‌و چەندین نەتەوەی جیاواز لەناو شۆڕشدا ڕێکبخات‌و بەبیری ئازادی خوازیانەی گەلی کوردیان ئاشنا بکات.


شۆڕش‌وخەباتی چەکداریانەی پکک توانی سنورێک بۆ دەست درێژیەکانی ژەنراڵ‌وسەربازە تورکەکان دابنێ، پێش ئەوەی پکک بێتە چیا‌و خەباتی چەکداری ڕابگەیەنێ سەربازو ژەنراڵی تورک زۆر خۆشحاڵ دەبوون کە ماوەی خزمەتی سەربازیان لە کوردستان تەواو بکردایە ،کوردکوشتن زۆر کارێکی سادەی بێ لێپرسینەوە بوو، بەڵام پکک توانی بەخەبات‌و بۆ بەرگری لەنیشتیمان لە بری کوشتنی هەر کوردێک بکوژەکە لەناوببات‌، پکک توانی ترسێکی وەها کاریگەر لەدڵی هەموو ڕەگەزپەرستێک دروست بکات کە نەتوانن هەروابە ئاسانی بێن بۆ ناوخاکی کوردستان‌، هەروەها پکک بانگەوازی دا بەگوێی هەموو دۆست‌و دوژمنێکدا کەدەبێ گوێ لە کورد بگرن، ئاگاداری کردن کە کورد خۆی بڕیاردەدات‌و کوێخایی هیچ کەسی پێقبووڵ ناکرێ، هیچ کەس ناتوانێ لەبری کورد بڕیاری چارەنووس بدات، پکک ‌و فکری ئاپۆ کاریگەر زۆری لەسەر خەبات‌و تێکۆشانی زۆربەی حیزب ‌و ڕێکخراوە سیاسیەکانی کوردستان هەبووە‌و هەیە، دروشمی یەک خا‌ک‌و یەک نەتەوە یەک زمان‌و یەک ئاڵا، لەلایەن پکک وە بوو کە ئێستا سەرتاسەری کوردستانی گرتۆتەوە‌، سەرەڕای دروست بوونی چەندین پارت‌و ڕێکخراو کە لەسەر بەرنامەو پڕۆگرامی پکک ن ‌وبەفکری ئاپۆ لاوانی شۆڕشگێڕ بۆ خەبات گۆش دەکەن. پکک لەناو خۆی کوردستانی گەورە زۆر کاریگەری ئەرێنی لە سەر فکری کورد هەبووە‌و هەیە، هەروەها لەسەر ئاستی جیهان بەگشتی‌و ئەوروپا بەتایبەتی کاریگەریەکی زۆر بەرچاوی هەیە بۆ بەدنیا ناساندی کێشەی کورد، لە پێش دەرکەوتنی پکک زۆر کەم بوون ئەو کوردانەی کە دەیانزانی گەلی کورد ٣٥بۆ ٤٠ ملوێن مرۆڤە، بەڵام ئەمڕۆ نەک تەنها کورد بەڵکو زۆر لە دانیشتوانی ئەوروپاش بە سیاسی‌و بێئاگا لەسیاسەتیش دەزانی تەنها گەل کە ڕێژەیان ٤٠ ملوێن بێت‌و تاکو ئێستاوڵاتی سەربەخۆیان نەبێ ئەوە تەنها گەلی کوردە، ئێمەی کورد زۆر سەرکردەو شۆڕشگێڕمان هەبووە کە گیانیان لە ڕێی کوردا بەخت کرد( شێخ عوبێدوڵای نەهری، سمکۆی شکاک،شێخی نەمر، قازی موحەمەد، مەلا مستەفای بارزان،ئیبراهیم ئەحمەد) ئەمان شەهیدن سڵاولە گیانی پاکیان ، هەروەها زۆری تریشمان هەیە کە ئێستا لەخەباتدان بۆ ڕزگاری کورد لەوپارچەیەی کە خۆیانی تێدا نیشتەجێن ،هیچیان وەک پکک‌و سەرۆکی پکک نەیان توانیوە ڕەوتی خەبات‌وشۆڕشی کورد بەرەو پێشەوەبەرن‌، لەم ڕوانگانەوە دەتوانم بڵێم کە پکک و فکری ئاپۆ خاڵی وەرچەرخانە بەروەو ئازادی‌وسەربەخۆی کوردستان ، هەروەها دەتوانین بڵێن ئەگەر هەموو پارت‌و لایەنە سیاسیەکانی کوردستان بەو شێوەیە بیر لە کوردو کوردستان بکەنەوە بەدڵنیایەوە گەشتن بەسەرکەوتن‌و ڕزگاری خاکی کوردستان لەکورت ترین ماوەدا دەبێت‌و کەمترین شەهیدیش پێشکەش دەکرێ‌و کوردستانیش بەخێراییەکی چاوەڕوان نەکراو بەرەو پێشکەوتن هەنگاو دەنێ، ڕاستە ناتوانین کاریگەری وڵاتانی زلهێز لەبەرچاو نەگرین ، بەڵام یەکێتی‌و یەکبوونمان زامنی سەرکەوتنمانە پێش لەوڵاتانی دراوسێ‌وزلهێزانی جیهان.
 

 

ماڵپه‌ڕی جه‌‌مال عه‌زیز