|
٢٤\٦\٢٠٢٥
پێکەوەژیان
پێویستی بە ویستی سیاسی هەیە!

هەڵۆ محەمەد
ئێستا
لە خوێندنەوەی ئەم چاوپێکەوتنە تایبەتە بوومەوە سەبارەت بەوەی بۆچی
سویسرا وەک باڵاترین نموونەی وڵاتانی پێشکەوتوو و خاوەن سیستەم و
دیسپلین، لە ئەوروپا و بگرە لە جیهاندا هەژمار دەکرێ؟
چاوپێکەوتنەکە لەگەڵ مێژووناس (زاخا تسالا - Sacha
Zala) لە لایەن رۆژنامەی دێر
تاگەسشپیگلی ئەڵمانی و ڕۆژنامەوان کریستۆف رایشموتەوە ئەنجام دراوە.
مێژوو ناس دوای وەڵام دانەوەی جۆرەها پرسیار و ستایشی تایبەتمەندێتی
ئەم وڵاتە، کە کارەکانی بە ئیرادەی خەڵکەوە گرێ دراوە و دیموکراسییانە
بەڕێوەدەبرێ، دەڵێ: ''ئێمە وەک نەتەوەیەکی
جوتیار بیر دەکەینەوە''.. ئەم دەربڕینە کە
بەلای منەوە وتەیەکی جوانە، هەڵگری زۆر واتایە.
هەموو لەوە ئاگادارین و مێژووش گەواهیی دەدا، وڵاتی یان دەوڵەتی سویسرا
بە نموونەی هەرە باڵای دەوڵەتان و سیستەمی دیموکراسی و ئارامی و
تێروپڕی ئابووریی و بەختەوەریی ئەوروپا و تەنانەت جیهانیش هەژمار
دەکرێ.. لە بیرمە وتارێکی کارل پۆپەری گەورە فەیلەسووفیشم خوێدۆتەوە
لەسەر ئەوە کە باس دەکا دوای یۆنانی کۆن سویسرا کۆنترین مەڵبەندی
دیموکراسییە.
سویسرا وڵاتێکی فرەنەتەوەیە و لەچەند کانتۆن پێکهاتووە بە تەواوی
دەسەڵاتی خۆیانەوە و تایبەتمەندی خۆیان هەیە و زیاتر لە ٨٠٪
کاروبارەکانی لە لایەن خەڵکەوە یاخود کۆمیتەی گەڕەک و شارەوانییەکانەوە
جێبەجێ دەکرێ و دەوڵەت بە مانای دەسەڵاتی باڵای سەرەوە هەر ئاگادار
نییە.
هەموو کارێک لەم دەوڵەتەدا بە ڕاوێژ و دەنگدانە و ڕێز لە بڕیاری زۆرینە
دەگیرێ و کەمینەش خۆی بە دۆڕاو نازانێ و نابێتە کۆسپی بەردەم دەسەڵاتی
زۆرینە. بە واتای ئەوەی هەر تاکێک بەوپەڕی هوشیاریی و بەپرسیارێتییەوە
هەڵسوکەوت دەکا و بەشداریی لە بڕیاری چارەنووسی نەتەوە و نیشتمانەکەیدا
دەکا.
خوێندنەوەی بابەتی چاوپێکەوتنەکە زۆر فرەلایەنە زانیاریی وردی دەکەوێتە
بەرچاو و بۆ ئەوانەی زمانی ئەڵمانی دەزانن زۆر بە چێژ و تایبەتە.
وتەیەکی تری گرنگ و زۆر تایبەت و جێی سەرنجی ئەم چاوپێکەوتنە ئەوەیە کە
مێژووناسی ناوبراو باس لە سەرکەوتنی مۆدێلی سویسرا دەکا، دەڵێ:
“پێکەوەژیان لە دەوڵەتێکدا لە ڕێگەی فەرهەنگ و زمانەوە دروست نابێ،
بەڵکو لە ڕێی ویستی سیاسی هاوبەشەوە جێکەوتە دەبێ“.
بە باوەڕیی بەندەش هێز و پێزێک لەم دەربڕینەدا هەیە کە زۆر نزیکە لە
دروشمێکی هەنووکەیی لە سەر گۆڕەپانی کوردستان بە نەزانی بڵند کراوەتەوە
و دەهۆڵی بۆ دەکوترێت.
زۆربەی کورد لە هەر چوار پارچەکەی کوردستاندا زمانی تورکی و عەرەبی و
فارسی دەزانن.. هەروەها وەک وڵاتگەلێکی ئیسلامی لەم خاڵەشدا زۆرینەی
کورد هاوبەشی ئاینی و زۆر لایەنی تری فەرهەنگیی داگیرکەرانێتی، کەچی
ئەوان.. هەروەک داگیرکەر رەفتار دەکەن و بە باوەڕ و قەناعەتێکەوە
تێیدەڕوانن کەوا شتێک نییە ناوی بوونی کورد بێت، هەروەها بەشێکیان بە
چاوێک تەماشای کورد دەکەن وەک ئەوەی پێویستە ژێردەستە و کۆیلەی ئەوان
بێ!
ئەمە راستییەش دەری دەخات بۆچی برایەتی گەلان لەم دەوڵەتانەدا زەمینەی
نییە و نابێ و درۆیەکی رووتە و هەرگیز لەم میانە و هاوکێشە ناتەندروست
و لاسەنگەی نێوان کورد و ئەواندا شین نابێ.
بۆ؟
چونکە بە وتەی زاخا تسالای مێژووناس (ویستی سیاسی)نییە: ویست یاخود
خواستی سیاسی:
لای تورکێک بۆ پێکەوەژیان لەگەڵ کورددا نییە.
لای عەرەبێک بۆ پێکەوەژیان لەگەڵ کورددا نییە.
لای فارسێک بۆ پێکەوەژیان لەگەڵ کورددا نییە.
ئەمەش مێژوو بۆمان دەگێڕێتەوە و رووداوەکانیش سەلماندوویانە و دواترین
پێشهات رووداوەکانی ئەم دواییەی ڕۆژئاوای کوردستان بە روونی بە دیاریی
خست و ئەو تاقیکردنەوەی پێکەوەژیانەی پووچەڵ کردەوە.
پێکەوەژیان بۆ خۆی لە گەوهەردا گرنک و چارەنووسسازە و دەبێ ئامانجێکی
چەسپاو بێ لەبەردەم مرۆڤایەتیدا. لێ کاتێک دروستە هەلومەرج و زەمینەی
تەندروستی هەبێ، لەسەر بنەمای مافی وەک یەک و دەسەڵاتی وەک یەک پێکبێت
و هەڵبسێ!
ئەم کەتوارە هی نکۆڵییکردن و پاکانەکردن و پاساو بۆ هێنانەوە نییە،
کەواتە بە واتای ئەوەی کورد لە دووڕیانێکە، ئایا:
کوردبوون دەکاتە پێوەر و هەوێنی پێکەوە ژیان یان کوردبوون نادیدە دەگرێ
و هەنگاو بۆ پێکەوەژیانێکی درۆزنانە دەنێ، لە بەرژەوەندی و باوەشی
ئەوانی تری داگیرکەر و سەردەستەوە؟!
هەڵبژاردنی بژاردەی دووەمیان بە هەموو لۆژیکێک دوورە لە باوەڕ و
پرنسیپی بەرژەوەندییە باڵاکانی کوردبوونەوە، زیاتر نیشانەی ساویلکەییە
و جێی گومان کردنیشە و پتر لە گەمەیەکی سیاسی تەفردان و لە خشتەبردنی
نووچەڤانیی دەچێ و پێوەبوونە بە داوی تەڵەی سیخوڕییەوە.
کوردبوون بە جەوهەر دەڵێ:
بەڵێ بۆ پێکەوە ژیانێکی تەندروست و
هاوماف و
هاودەسەڵات و
هاوباوەڕ و
هاوچارەنووس
رووەو ئامانجی مرۆڤایەتییەکی پرشنگداری پڕ لە شکۆ و ڕێزلێگیراو.
١٩\٢\٢٠٢٦
ماڵپهڕی ههڵۆ
محهمهد
|