٢٣\٢\٢٠١٦
پێکهاتە
بەدخوو و ئاڵوودەبووەکانی نێو
کۆمەڵ!

دارا خونچە
سەردەمەک بوو
رێکار و رێوشوێنەکی وەها وەسەر زۆرینەی خەڵک داسەپێندرابوو کە
ناچاریان کردبوون لە بەرانبەر (پارت و جۆرەکانی) و (دین و جۆرەکانی) هەروا ئەوانەی
پێیاندەگۆترێ (رۆشنبیران و جۆرەکانی)
ملکەچ بکەن و وەک پێویستییەک پێیانەوە پابەست ببن، لێ هەنووەکە لە پاش (قوربانییدانەکی
یەکجار زۆر لە لایەن چینە بندەست و هەژارەکان و پێشڤەچوونی فرە خێرای
زانست و تەکنەلۆژیا) ئیدی کەس ملکەچی ئەوە نابی کە:
• پارت وەک خاوەن کۆیلە یان وەک خێڵی سەردەم هەڵسوکەوت لەگەڵ (ئەندام
- کۆیلە)کانی دەکا و کۆمەڵەک گەندەڵکار
و رامیارباز وە ناوی سەرکردایەتیی
پارت و دەستەبژێری
رامیاریی بەردەداتە گیانی خەڵک و دایاندەدۆشن.. ئەگەر
بەرانگژیش ببنەوە ئەوە لە نێو شەڕە ساردەکان و شەڕە گەرمەکانیان
دایاندەپلۆسن،
کەچی لە راستییدا پارت و
پارتایەتیی نەک هەر لە
بنەڕەتەوە هەبوونیان پێویست نییە بەڵکە
رێگرەکی فرە
مەزنیشن لە پێش هۆشیاربوونەوە و سەرجەمی ماف و ئازادییەکان.
• دین وە هەموو جۆر و رەنگەکانیەوە وە تایبەتییش هێندەک دینی فرە
پاشڤەڕۆی وەک (جوولەکە و ئیسلام و ئێزیدیی و... هتد) کە لە کونی تەنگ و
تەسکی پەرستگەکان تەماشای هەر تشتەک دەکەن
و ژیان و خەباتی خەڵک بەرتەسک
دەکەنەوە..
سەرەنجام کۆمەڵی مرۆڤ وە هەژاریی و دەستتەنگیی لە نێو چاخە
تاریکەکان رادەگرن و وە ئارەزووی خۆیان شەڕوشۆڕان هەڵدەگیرسێنن و
کارەسات وە کارەسات دەسپێرن!
• رۆشنبیران - واتە هەموو ئەوانەی دەیانەوێ لە رێی وشە و فەرهەنگەوە
وە تایبەتییش (ئەکادیمییەکان وەک چەقەچەقکەر و مێژوونووسەکان وەک گەورە
درۆزنان) خۆیان لەسەر خەڵک دەکەنە مامۆستا و لەسەر هێزی بیر و بازووی
کارگەران دەژین و لە پشت مێز و دەزگەکانیان نانی تەوەزەلیی دەخۆن -
خەڵک لەخشتە دەبەن و لەسەر پەنجەی خۆیان دەیانسووڕێنن واتە دەیانبەنە
سەر ئاوێ و ئاویشیان نادەنێ و دەیانگەڕێننەوە.
هەرچەندە هەنووکە وەها دێتە بەرچاوان کە زۆرینەی خەڵک خۆیان بڕوایان وە
پێویستبوونی (پارت و دین و رۆشنبیران) هەیە و وە خواستی خۆیان پێیانەوە
پابەستن.. لێ ئەمن فرە دڵنیام - دڵنیابوون هەر وە قسە نا بەڵکە وە
بەڵگەوە - لەوەی کە ئەوە دیتنەکی رووکەشانەیە بەڵکە وە پێچەوانەوە
زۆرینەی خەڵک لە ناخەوە بڕوایان بەو سێ پێکهاتە نەمایە و وە
ناپێویستیان دەزانن.. لێ دەسەڵاتدارانی نێو ئەو سێ پێکهاتەیە لە رێی
نابڕین و زەبروزەنگ و توندوتیژییە جۆراوجۆرەکانەوە هێشتا هەژموونیان
وەسەر خەڵک هەیە و دەرفەتی دەربڕینی تێڕوانین و خواستەکانیان نادەن.
تا دێ ئەو سێ پێکهاتەیە بەرەو پووکانەوە دەچن، ئەگەر کوردستانی باشوور
وەک نموونەیەک وەربگرین - دەگەڵ ئەوەی کوردستان وە هۆی ستەمە نەتەوەیی
و نیشتیمانییەکانی هێشتا زەمینەی ئەو پێکهاتانەی تێدا بەهێزە - دەبینین
دوو دەیە بەر لە ئێستا کەم کەس هەبوون دەستبەرداری ئەو پێکهاتانە بووبن..
کەچی ئێستا هەزاران کەس لە گۆڕەپانەکە هەن و زۆر وە خێراییش پتر و پتر
دەبن.
ئیدی زۆر گرنگە کەسانەک کە وە تەنگ ماف و ئازادییەکانی میللەتەکەی
خۆیان و مرۆڤپەروەرییەوەن دەستپێشخەر بن و چەندەی دەکرێ زووتر خۆیان
لەو پێکهاتە
بەدخوو و ئاڵودەبووانەی نێو کۆمەڵ رزگار بکەن و کارتێکردنەکانیان لەسەر کۆمەڵ پووچەڵ
بکەنەوە تا
هەر تاکەک بتوانی وە ئازادیی خۆی پەل
بەرەو بوارە جۆراوجۆرەکانی ژیان رابکێشی
و هەمووشیان پێکەوە کۆمەڵ لە جوانیی و هەمەڕەنگیی بگرن.
ماڵپهڕی دارا
خونچە
|