په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١١\٢\٢٠١٤

پێکهێنانی حکومەت چی لە باری خەڵک دەگۆرێ؟!


بەشدار عوسمان     


ئایا لە رابردوو شتێکمان هەبووە بە ناوی (حکومەت) تاکو ئێستا بۆشاییەکی لەسەر ژیانی خەڵک دورست کردبێ و دەبێ پەلە بکرێ لە پێکهێنانی؟! بۆ دەستکەوتنی کەمێک زانیاریی لەسەر وەڵامی ئەم پرسیارە پێویستیت بە بیرکردنەوەیەکی قووڵ نییە،پێویستیش ناکا ماوەیەکی زۆر لە کوردستان ژیابی تاکو بەشێک لە کارەسات و رووداوە جەرگبڕەکانی دەستی پارتی و یەکێتیت چەشتبێ، بەڵگە و زانیاریی وردیشت ناوێ تاکو تێبگەی کە لە ماوەی بیست ساڵدا چۆن خاک و خۆڵ و ئاسمانی ئەو هەرێمەیان لەسەر برا و خوشک و خانەوادەکانیان تاپۆ کرد، بەراوردێکی سادەی بەشی هەرە زۆری خەڵک و کەمایەتییەکی دەستڕۆیشتوو، بە بیستنی رووداو و کارەساتە خوێناوییەکانی تەنیا یەک مانگ تێدەگەی کە سیستەمی بەڕیوەبردنی ئەم وڵاتە لە ماوەی ٢٣سالی رابردوو بچووکترین و سەرەتاترین پێوانەکانی حکومەتداریتی تێدا بەدی نەکراوە، ئەوەی ئێمە بینیومە بە درێژایی هەر حەوت کابینەکەی پێشتر جگە لە گۆڕینی چەند فەرمانبەرێک کە ناوی (وەزیر)ی لێنراوە بە کۆمەڵێک کادیری گوێڕایەڵی حیزب هیچیتر نەبووە، ئەگینا هەمووان دەزانن دوا بڕیار لە گرد و کۆشکەکان لای دایک و کوڕ و مام و برازاوە دێتە خوارەوە و فەردە دۆلارەکانیش لە ژێر زەمینی ئەو کۆشکانەیە نەک حکومەت!


بۆچی گوشار بکەین تا ئەم حیزبانە حکومەتمان بۆ پێکبهێنن؟! پێشتر خێری چیمان لێیان بینیوە تا ئێستا چاومان لە دوایان بێ و پەلەیان لێبکەین ؟! ئەوە ئەوپەڕی ساویلکەیی و کورتبینییە لە کاتێکدا پارتی و یەکێتی لە ماوەی تەمەنی دەسەلاتدارێتییان، کێشە گەورە و بنەڕەتییەکانی خەڵک نەبۆتە پرۆژە و بەرنامەیەکی ستراتیژیی حکومڕانییان، ئەی بۆچی ئێستا کیشەی نێوەخۆیی و تەواونەکردنی ستافەکەیان دەبێ ببێتە کێشەی خەڵک و کۆمەڵگا؟! ئەوەی جێگای نیگەرانیی پترە بەشی زۆری نارەزایەتییەکانی پێکنەهێنانی حکومدارێتییان لە دەمی ئەو کەسانە دەبیستین کە خۆیان بەردەوام ئەوەمان بە گوێدا دەچرپینن کە پارتی و یەکێتی بە کەلکی حوکڕانیی نایێن و دەبێ حکومەت و دەسەلاتەکەیان رابماڵدرێ!! کە ئەوان تاقیکردنەوەی خۆیاندا و قەیران لە دوای قەیران دەبەخشنە کۆمەڵگا، ئیتر بۆچی دەبێ دەستیان بگرین و سوپاسگوزاریشیان بین حکومەت پێکبهێنن!؟


لە بیست و سێ ساڵی حکومڕانیی پارتی و یەکیتی، جیاوازیی چینایەتی کۆمەڵگا تا ئەوپەڕی خۆی گەیشت، کەمایەتییەکی کەم لە نزیکی بنەماڵە دەسڕۆیشتوەکان لەوپەڕی ناز و خۆشگوزەرنییدا دەژین و لە ماوەیەکی کەمدا بینا و ڤێلای شووشە بەرزی ئاسمانەکان دەکەنەوە، بەشی هەرە زۆری خەڵکیش لە ژەمی سبەینانی دڵنیا نییە و پەناگەیەک نییە بۆ ئەوەی شەوان رۆژی تێدا بکاتەوە و لەولاشەوە خواردن و دەرمانی بەسەرچوو رۆژانە سەدان منداڵ و پیر و پەککەوتە بێ گیان دەکا، نەخۆشخانەکان بوونەتە شوینی بیماریی زیاتر نەک بیمارکردن و چاکبوونەوەی نەخۆش، ناوی یەک بەرپرس و ستافی خوارەوەی هەموو کابینەکانی حکومەتی پارتی و یەکێتیم پێ بڵێ کە لە ماوەی بیست ساڵی رابردوو منداڵ و کەسوکاری خۆیان لە قوتابخانە حکومییەکان دانابی!؟ بڕوایان بە سیستەمی پەروەردە نییە و هەر خۆیان سیستەم دادەرێژن، دەبێ ئێمە چی لە بارەوە بلیین؟! جادە و شەقامەکان گۆڕەپانی جەنگن، تەنیا لە ساڵی ٢٠١٣ پتر لە (٥٠٠٠) کەس تەنیا لەم سێ شارەی هەرێم بوونەتە قوربانی رووداوەکانی هاتوچۆ.


دەسەڵاتیک کە لەسەر نووسین و رەخنە دەمی گەنج و رۆژنامەنووسەکانمان پڕ گوللە بکا، هی ئەوەن چاومان لە دوایان بی؟! دەسەڵاتداریەتییەک بەرگەی بارانێکی بەلێزمە نەگرێ و بە چوار کاتژمێر باران (١٤) کەس ببێتە قوربانی، دڵی چیمان پێی خۆش بێ؟! حکومەتێک بەم هەمو باج و رسوماتە و بۆڕی نەوتەکانیشیەوە نەتوانێ مووچەی تەنیا یەک مانگی فەرمانبەرانی دابین بکات، بۆچی چاوەڕوانی پێکهێنانی بین؟! دەسەڵاتێک نارەزایەتی و خۆپیشاندانی هاوڵاتیانی خۆی بە گوللەبارانکردن وەڵام بداتەوە، دەبێ گوشاریان بۆ دروست بکرێ تا حکومەت پێکبهێننەوە، یان گوشاریان لەسەر دروست بکرێ کە واز لە خەڵک بهێنن و چیتر ئەوەندە رۆژەڕەشیی و ماڵویرانیی بە خەڵکی کوردستان نەبەخشن؟!


حکومەت و دەسەڵاتدارییەک ئەگەر دەزگایەکی بەهێزی نەبێ بۆ گێڕانەوەی مافی ستەملێکراو و مافخوراوان، جگە لە گاڵتەجارییەک شتێکیتر نییە. پۆلیسی هاتوچۆ لەسەر شەقامەکان لە لایەن نابەرپرس و منداڵەکانیان تێر شەق دەکرێن، فەرمانبەران بێ هیج هۆکارێک سزا دەدرێن و بێ رێزیی و سووکایەتیان پێدەکرێ، کرێکاران لە لایەن خاوەن کارەوە دەردەکرێن و مافی کارکردنی نادرێتێ، پرۆژەکان پێش تەواوکردنیان هەرەس دەهێنن و بەڵێندەر وەکو بەرزەکی بانان بۆی دەردەچێ، خەڵک نازانێ هانا بۆ کوێ ببا و سکاڵا لای کێ تۆمار بکا! خەلک دز و خاوەن ماڵی بۆ جیاناکریتەوە!


ئیتر بۆچی تکایان لێبکەین تا کابینەیەکیتر پێکبهێنن،دەیان کابینەیتر بەم عەقڵیەت و سیستەمە زەڕەیەک گۆڕانکاریی لە ژیان و گوزەرانی خەڵک ناگۆڕێ. لەجێگای لەجێگای ئەم شیوەنە شەرمنانە لەبەردەم پەرلەمانە کەس حیساب بۆ نەکردوە و و نووسینگە و بارەگاکانیان دەبێ دامودەزگاکان شوێنی مانگرتن و نارەزایەتی بەردەوامی خەڵک بێ، لە دژی سیستەم و دەسەڵاتدارییەک کە ٢٣ ساڵە هیوا و خەون و خولیاکانی لاوان و گەنجان و منداڵان و ژنان و پیر و پەککەوتەکانی ئەم هەرێمە خێرلەخۆنەدیوە لە نێو کێشە و گرفت و قەیرانەکان دەهاڕێ.


١٠\٢\٢٠١٤
ماڵپه‌ڕی به‌شدار عوسمان

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک