١١\٨\٢٠٢٠
پێكوتەی ناوەختە.

ئەرسەلان مەحمود
دیرۆك و دەورانی دەوڵەتی عیراق نەئەزەلییەو نەهێندەش كۆنە مرۆ نەتوانێ
بەئاوڕدانەوەیەك لێیتێبگات، سەدەیەك لەمەوبەر نەگەلێك بەناوی عیراقی و
نەخاكێك بەناوی عیراقەوە بوونی نەبووە لەسەر نەخشە تا ئەوەی لەدوای
دامەزراندنییەوە پێیدەوترێ عیراقی تواناو ئیمكانی ئەوەیان هەبێت هەمە
لایەنە بیناو بەدامەزراوەیی بكەن، ئەوەی ئەمڕۆش دەتوانێ گۆڕانكاری
بهێنێتە ئاراوە ڕاستییەكەی هەڵبژاردنی پێشوەختە نییە وەك ئەوەی ئیدیعا
دەكرێت، بەڵكوو گۆڕانكاری ڕیشەیی پێشوەختەیە لەیەكە پێكهێنەرە
كۆمەڵایەتی و جڤاكییەكەی ئەم وڵاتەدا.
بەڵام ئایا عیراق و عیراقییەكان تایبەتیش لەم دۆخە ئاڵزكاوە ناوخۆیی و
هەرێمایەتی و جیهانییە سەراپاگرەدا وەها وزەو هێزو توانستێكی عەقلانی و
زانستی و یەكەیی هاوبەشی مرۆیی و هاوسەنگ لەخۆیاندا شك دەبەن؟! بێگومان
نەخێر، بەڵام بۆچی؟ چونكە جگە لەوەی عەقڵییەت و زیهنییەت و خەیاڵدانی
پێكهاتە عورفی و عەشایری و مەزهەبی و نەرێتگەراكان بەسروشت نەك هەر
لەعیراقدا لەهەر دەوڵەتێكدا كەوتووەتە دەرەوەی وەها ئامانج و
دنیابینییەكەوە، بەتەجروبەش دەركەوتووە مۆدێلی ئەم دەوڵەتە
هەڵتۆقێندراوانەی سەد ساڵی ڕابردوو لەسایەی ڕێككەوتننامەكانی پاریس،
سانڕیمۆ، سایكسپیكۆ، بێگومان بەدنەی زلهێزەكان لێرەو لەوێی دنیاو
خۆرهەڵات بەتایبەتی دامەزرێندران بەسەرچوەو فەشەلی هێناوە. جیهانی
ئەمڕۆ لەفۆڕم و ڕیتم و ڕێكردندا جیهانێكی ترەو كۆڕۆناش ئامرازی بگۆڕو
بەرپا بوونی جەنگیش سوژەكەیەتی.
دۆخەكە هەستیارەو ئەوەی بڕیارە ڕوبدات سەرەتاتكێیەتی، بانگەوازو
تەبیلغاتی چاكسازی و هەڵبژاردنی پێشوەختەو بەشینەوەو جوینەوەی شیعاراتی
نەتەوەیی و نیشتمانی لەڕاستیدا بنەماو بەهایەكی ئەوتۆیان نەماوە لەم
واقیعە نوێیە بەپێشهاتووەدا، هەروەك چۆن دەسەڵات و حكومڕانێتی ناوچەكەش
بای ئەوە نەماون بیانخەیتە بەر نەشتەری ڕەخنەو چاوەڕوانی یا ئومێدی
سەلارو باشبوونیان لەسەر هەڵبچندرێت، ئەوەی پێچەوانە بەم حەقیقەتەش
دەگوزەرێ و دەگوترێ لەڕاستیدا هزرینێكە پتر هەڵخڕێنەرانەو
گەوجێنەرانەیە، نیەتەكە رێگریكردنە لەهەڵچوونی و داچوونی جەماوەری و
سایكۆلۆژیای خەڵك بەئامانجی دەستگرتنە بەمانەوە لەپێگەكانیاندا.
ئەگەرنا، هەمووان دەزانن گۆڕانكاری گەورەی جیهانی و ناوچەیی بەڕێوەن،
ئەم زەمەنەش زەمەنی سات و سەوداو سەرەتاتكێی هاتنە ئاراوەی گۆڕانكارییە
گەورەو كتوپڕەكانە، كوردو عیراقییەكان كەوتوونەتە كوێی ئەم زەمەنەوەو
ئەم زەمەنە كەوتووەتە كوێی ئەمانەوە، ئەگەر كۆڕۆنا لێگەڕێ و عومر باقی
بێت هەمووانیش نەبێ زۆرینەی هەرە زۆرمان هاكا بەچاوی خۆمان بینیمان
ئەوەی بڕیارە ڕوبدا چییەو چی لەهەگبەكەدایە.
ماڵپهڕی ئهرسهلان مهحمود
|