١٢\٦\٢٠٢٠
پێڵاو.

سمکۆ محەمەد
پێڵاوەکەم بۆ تۆ
من خاکم نیە
کڵاوەکەشم ھەر بۆتۆ سەرم پێوەنیە
کەسێک لەپێڵاوەکەی خۆیدا بمرێ
بەکڵاوەکەی خۆیەوە دەنێژرێ
سەردەمێکی نوێ ھاتووە ئەزیزم
دەڵێن سەری بێ کڵاو ئاشووبە
پێی پەتیش نەگبەتی
غایلەیەک بەسەرما ھاتووە
خۆم شێلو ناکەم
دەست بەکڵاوەکەی خۆمەوە دەگرم و بەدوای کڵاوی بابردوودا راناکەم
تۆ چاو لەمن نەکەی
بەرخم زرووفی تۆ جیایە
ھەموو خەڵک وادەڵێن
فرسەخێکی دیکەمان گەرەکە نازانم بۆچی
مادام لەژێر ھەر کڵاویکا ئاشووبێک ھەیە
لەژێر ھەر پێڵاوێکیشا خاکێک ھەیە
بی ترس و بێ دوو دڵی
ھەموو ئەو کتێبانە دەسوتێنم کەتۆ لەلات پیرۆزە
لە ژێر سێبەری کڵاوەکەمدا ھەڵدێم
تۆ نەکەی گوڵ لەسەر سینگت بچنی
من بەنیازم شوێنێک بۆ پێڵاوەکانم چێ کەم
لەھیچ کونجێک جێگەیان نیە
باش بزانە تۆ ھیچت لەمن زیاتر نیە
لەمناڵیەوە پێڵاوێکی تەگنیان لەپێکردووم
تۆش سەرپۆشێکی رەش
من ھەرزەکاریم لەپۆستاڵێکدا خنکان
تۆش لەچێشتخانەدا کوشتت
تۆ ئەمانەت نەزانیوە
تا ئێستا تاکێک لەپێڵاوەکانم بەتەنھا دەڕوا
خۆشم نازانم بۆ
سێبەری بێوەژنێکی قۆشمەچی بەتەنیشتمدا تێدەپەڕێ و
ئاوریشم دەگێڕێ
وادەزانم لەکەسێک دەچێ ناوی نازانم
یان رۆژھەڵاتم لێ گۆڕاوە
یان زەینم کوێر بووە
تۆ بڵێ ...
من بیرم نەماوە .. تۆ بڵێ
ماڵەکەتان بۆ لەشوێنی خۆی نەماوە
ئەو پیاوانە کێن لەبەردەرگای ئێوە
بەتەڵفیزیەوە جگەرە دەکێشن
کوڕەکان بۆ تۆنی دەنگیان گۆڕاوە
ئێستا کێ پێڵاو بۆ کێ دادەنێ
کێ کڵاو بۆ کێ دادەنەوێنێ
من پیڵاوەکەم تاکێکی لەپێمدایە و تاکەکەی تری بەدەستمەوەیە
کڵاوەکەشم رەشە بابردوویەتی و سێبەرەکەی بەسەرمەوەیە
ئێستا بەپێی پەتی و سەری رووت دەگەڕێم
ئەنگوستیلەیەکم دۆزیوەتەوە
لەمیراتی دوو عاشق دەچێ
بیستوومە میراتی ھەر سەرێک بۆ ژێر پێی میرێکە
میر کە زەوق گرتی شەراب دەنۆشێ
زەوقیشی نەبوو پاشقول لەسەرخۆشەکان دەگرێ
وەختیک بەژنەکانی خۆی ناوێرێ
لەداخانا جنێو بەژنێکی سک پڕ دەدات
ئەو ژنەی نیوەی لەشی لەمار دەچێت و
نیوەکەی تری ئاوریشمی تەڕ
بەھەر کۆڵانێکی قەرەباڵغدا دەڕۆم
لەمناڵان دەپرسم جگە لەخۆتان چیتان بینیووە
پێڵاوم پێ نیشان دەدەن
کاتێکیش رووم تێدەکەن
پێڵاوەکانیان فڕێ دەدەن
وەختێکیش پشتم تێدەکەن
کڵاوەکانیان نیشان دەدەن
بەھەر چۆڵاییەکی رەشدا دەڕۆم
لێم دەبێتە حەسار و ژنێکی سپی تێدایە و دەیناسم
دەمەوێ رەشماڵ لەگەرمیان ھەڵدەم
سێبەرەکەی دەچێتەوە کوێستانی سارد
ناوێرم ھەنگاوێک رێ بکەم
دەستێک و قاچێکم جێدەمێنێ
دوو پاساری پێکەوە بانگم دەکەن
فەرموو ئەم پێڵاوە
سەیرکە ئەم کڵاوە
شیعریان تێدایە دایکمان بۆی نوسیووی
بێدەنگی وەک شێت دەست دەوەشینێت و دیوارە رەنگاو رەنگەکان دەسڕێتەوە
ئەم ھەواڵە دایکم بۆ شێخیکی داوێن پیسی بردبوو
خوشکەکانم بۆ گۆڕستان و
باوکیشم لەنێو گۆڕەوە بەدیاریەوە گریابوو
رۆژنامەکانیش توڕی ھەڵدەدەن
لێرە نەناوی من ھەیە نە ناوی تۆ
نەپێڵاوی من ھەیە و نەئاوریشمی لەشی تۆ
تەنھا حەسارێک ھەیە لەدووری شار
پەنجەرەیەکی شڕ و شکاو
پارچەیەک قوماشی شڕ
تۆنی دەنگێکی باریک
دەمانچەیەکی بێ یەدەگ
لەو حەسارەدا نێژراون کە من شەپۆلی جێماوی ژنێکی تێدا دەبینم
ھەتا فریا دەکەوم کەمێک لەخۆم دابڕێم
رۆژھەڵات بەپەلە خۆی دەکات بەماڵەکەمدا
نەزمێکی تر سەرم لێدەدات
کوڕێک دەبێتە ھاوڕێم و داوای جگەرەم لێدەکات
نوسراوی سەر پێستی رێوییەکی پێیە
باوکی بۆ ژنی دۆڵێکی نوسیوە و
دایکیشی بۆ چەمێکی تر ھەڵاتووە
پێم دەڵێ لەیادەوەری خۆتدا بۆم ھەڵگرە
لەو کاتەدا نیگام دەخلیسکێ بۆ دارستانێک کەتەنھا دار بی تیدا بەر دەگرێ
وەختێکیش لەخەو رادەبم
پێڵاوەکانم لەژێرسەرمە و کڵاوەکەشم لەژێر پێم.
ماڵپهڕی سمکۆ
محەمەد
|