په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

 

 

پەنابەران بەهیچ شێوەیەک

پاساوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان

بۆ لەکەدارکردنی هەقی پەنابەران قه‌بوڵ ناکەن.

دەشتی جەمال     


دوای ئەوەی ڕۆژی پێنج شەمە 27-3 لە ئۆپراسیۆنێکی سەربازیدا نزیک بە 60 پەنابەری کوردی عێراقی بەشێوەیەکی ئەوپەڕی نا ئینسانی لە گرتوخانە دەستبەسەرەکانی بەریتانیاوە ڕفینران و راپێچی فرۆکەخانەی ستاستێد کران و بەکەلەپچەکراوی ڕەوانەی فرۆکەخانەی نێوە دەوڵەتی هەولێر کرانەوە لەوێش دەزگاکانى ئاسایشى حکومەتی هەرێم بە لێدان وسوکایەتی پێکردن سەروچاو شکاندن و هەڕەشەو بەکارهێنانی ئەوپەڕی شێوازی نا ئینسانیانە مامەڵەیان لەگەلڕ پەنابەرە دیپۆرتکراوەکاندا کرد، ووتە بێژێکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بە ناوی خانی هەژار موکریانی لە کۆنسۆڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە وڵاتی بەریتانیا لە رۆژی 2-4 لە ئاژانسی پەیامنێردا خێرا بۆ لەکەدارکردنی پەنابەران و چەواشەکردنی راستیەکان رای گەیاند کەگوایە ئەو پەنابەرانەی لەم دواییانەدا کە لەوڵاتی بەریتانیا بەزۆر رەوانەی کوردستانکراونەتەوە لەکاتی هاتنە خوارەوەیاندا پەلاماری هێزەکانی ئاسایش وفرۆکەخانەیان داوە و هەوڵیان داوە چەکیان لێ بسێننو بەردیان لە فرۆکە گرتووە..ئەمەش لەهێچ شۆێنێکی دنیا قبوڵ ناکرێت !.


بەکارهێنانی ئەم دەستەواژانە لەماوەى 17ساڵى دەسەڵاتدارێتى ئەحزابى حاکم لەکوردستاندا هەمیشە ئەوە عادەت و حوکمێک بووە بەرامبەر هەرکەس ولایەنێک کە ئەگەر داواکارى و رەخنەو نارەزایەتىیەکى بۆخواست و مەسەلەیەکى رەوا خستبیتەڕوو. زمانى ئەم دەسەڵاتە بۆلکەدارکردنى حەرەکەت و دەربڕینى نارەزایەتى هەقخوازانە بریتىبووەلە "ئاژاوەگێر و ناحەز" و ناوەزەد کردنى بزوتنەوە و هەوڵى ڕەواى خەڵکى کوردستان بە "ترسنۆک و خیانەتکار" و بەچاوی سوک تەماشا کردنى ئەوانەى ڕەخەنە وەیا بێزارى و ناڕەزایەتىیەکیان بەرامبەر بەم یان بەو سیاسەت و مامەڵەیەى دەسەڵاتدارانى کوردستان دەڕبریبێت.


ئەم قسەو دەربڕینانەى جەنابى موکریانى کە بۆلکەدارکردنى پەنابەران بەناوى حکومەتەکەیەوە بڵاوى کردۆتەوە قسەیەکى پۆچ و بێ بناغەیە وتەنها ئامانج لێى لکەدارکردنى رەوشی پەنابەران و خواستە رەواکانیانە. جەنابى موکریانى وحکومەتەکەى کەنایانەوێت ئەو راستیە بەرەسمی بناسن کە کوردستان لەرووی سیاسی و ئابووریەوە لەبەردەم گێژاوى ناجێگیرى و دیارنەبوونى چارەنووسەکەیدا بەدیار بارودۆخە ناهەمووارەکانى عێراقەوە ڕاگیراوە و کوردستانیان کردۆتە ئۆردوگایەکى ئاوارەیى، بەناچار خەڵکی لاو و گەنج ناچاردەبن کەرۆژانە بەدەیان وسەدان وڵاتەکەیان بەجێ بهێڵن و ڕووبکەنە ژیانى پەنابەریتى. تەنانەت موکریانى وحکومەتەکەى لەبەرخاترى ئەمریکاو دوستانیان لەحکومەتى مالیکیدا، وبۆ ئەوەى سیاسەت وپرۆژەى حوکمڕانى لەعێراقدا بەحاڵەتێکى دیموکراسى و ئارام و ئاسوودە بەسەر راى گشتى خەڵکدا داسەپێنین، ئامادەن بۆ ئسکۆرتکردنى دەوڵەتانى ئەوروپایى و خزمەتگوزارى پێشکەشکردن پێیان تا بەکەمالى ئیسراحەت پەنابەرانى کوردستان دیپۆرت بکەنەوە. حکومەتەکەى موکریانى کە ئامادەیە و هەموو کاغەزێکی سپی ئیمزا کردووە وبەتەواوى تواناوە ئاسانکاری بۆدەوڵەتانى ئەوروپا دەکات تا سیاسەتى دیپۆرتى پەنابەران بێدەردەسەر ببەنەپێشەوە و لەم بوورەشدا جگەلە خستە ئیختیاری زانیاری بۆ وڵاتە ئەوروپیەکان لەبارەى پەنابەرانەوە بەتەواوى تواناوە فرۆکەخانە ودەزگاکانى ئاسایشیان خستۆتە گەر تا ئەم سیاسەتە چەپەلەى دیپۆرتى پەنابەران سەربگرێ و کاتێکش دیپۆرتکرانەوە بەپێچەوانەى هەرجۆرە رەوشێکى شارستانى و پرەنسیپیکى ئینسانیەوە بکەونە لێدان و گرتن وسوکایەتى پێکردنى پەنابەران و دواتریش بە لە قەڵەمدانى پەنابەرانێک کەدیپۆرتکراونەتەوە بە"ئاژاوەگێرو تاوانبار"..!!


ئەم دیاردە ناشازە و نا شارستانیانەی کە بە رامبەر پەنابەران پەیڕەوی لێکراوە هیچ تەبریرێک هەڵناگرێ . بۆدەسەڵاتیک کە خوى بەدیمکراسى و ئازادى پیناسەدەکاو وەزارەتى بەناو مافى مرۆڤى دامەزراندوە، لێدان و گرتن و کەلەپچەکردن و پاشان لەکەدارکردنى کەسایەتى هاوڵاتیانى خۆى، تەنها ئەو ڕاستیە دەسەلمێنى کەئەم دەسەڵاتە نەک هیچ پەیوەندیکى بەماف وخواستەکانى خەڵکەوە نییە، بگەرە راستەوخۆ کەوتۆتە بەرامبەر بەرژەوەندێکانی خەڵکەوە.


لایەکىترى ئەم قسانەى خانى موکریانى و ئەم جۆرە تەبلیغات و هات و هاوارە رووى لەداپۆشینی ئەو بەندو بەستە نهینییەیە کە حکومەتى هەرێمى کوردستان لەسەر حسابى پەنابەران و خواستەکانیان دەستى بۆبراوە. بێگومان هەوڵێکى ئاواش زەبوونانە و مەحکومە لەبەردەم ئێمەو سەرجەم خەڵکى ئازادیخواز و ئینسان دۆستی کوردستاندا.


پەنابەران هەقیانە نارەزایەتی بکەن وبە هەرشێوەیەک بۆیان بکرێ نارەزایەتى دەرببڕن ولە بەرامبەر سیاسەتى دیپۆرتى پەنابەران و هاوکارى حکومەتى هەرێم بۆگێرانەوەى پەنابەران راوەستنەوە. بەتایبەتى کە خواستى پەنابەرانى کوردستان خواستیکى رەوایەو چ لەنێوخۆى کوردستان و چ لەوڵاتانى دەرەوە ڕیزیکى فراوان لەخەڵکى ئازادیخواز لایەنگرو پشتیوانى ئەوانن. بەڵام ئەوە حکومەتى هەرێم و ووتەبیژەکانیەتى کە ئەم خواستانەى پەنابەران وخەڵکى کوردستان بەڕەسمى ناناسن و لە دژى دەوستنەوە.



7-4-2008