٣\٥\٢٠٢٥
بە بۆنەی یەکی ئایارەوە:
پەنابەران بەشێکن
لە ئۆردووی چینی کرێکار.
ڕۆژی
یەکی ئایار ڕۆژی هاوپشتی نێونەتەوەیی چینی کرێکارە، ڕۆژێکە کە کرێکاران
لەسەراسەری جیهان بێ گوێدانە ئاین، نەتەوە، نیشتیمان، دووری و نزیکی و
سنوورەکان، ڕەنگی پێست، ڕەگەز، جنس و تەمەن...هتد وەك یەك چین
بەناسنامەی چینایەتی و نێونەتەوەیی هاوبەشی هەموو کرێکاران بەرپەرچی
سەرمایەداران ئەدەنەوە. یەکی ئایارتەنها ڕۆژێك لە ساڵنامەدا نیە، بەڵکو
ڕۆژی ئێمە چینی کرێکارە. ڕۆژێکە کە لە ئاکامی خەبات و تێکۆشانی
ناڕەزایەتی و قوربانیدانی بێوچانی چینی کرێکار لەدایك بووە.
ئەمساڵ کرێکاران لەدۆخێکدا بەرەو پیری یەکی ئایار دەڕۆن کە سیستەمی
کۆیلایەتی بەکرێی ئینسانەکان، بە قەیرانی لەچارنەهاتووی خۆی، جیهانیان
کردۆتە دۆزەخ و جێگەیەکی ئارامیان بۆ بەشەرییەتی ئەم سەردەمە
نەهیشتۆتەوە. سەردەمانێکی خۆیناوی نیشانی بەشەرییەت داوە، داسەپاندنی
برسێتی، بێکاری، هەژاری، ستەمکاری، سەرکوت، جیاکاری ئاینی، ڕەگەزی و
نەتەوەیی و هەڵاواردنی ئینسانی، شەڕ و تاوان و میلیتاریزم، ئاوارەیی و
پەنابەری و ماڵوێرانی، هەر هەمووی لەژێر سایەی ئەم دەسەڵاتە دیموکراسی!!
و لیبرالیزم!! و سیستەمەدا دەچێتە پێش کە بۆتە هەڕەشە لە ئایندەی
بەشەرییەت. ملیارەها ئینسان لەگەڵ کاریگەرییە خراپ و وێرانکەرەکانی ئەم
سیستەمەدا بەرەو ڕوو کراوەتەوە.
جەنگی بازرگانی، ئابووری، سیاسی، سەربازی و پێشبڕکێی چەك، ڕسوماتی
گومرگی، کێشمەکێش و ململانێ لەسەر توانای ئابووری و دابەشکردنی
ناوچەکانی نفوس، لەنێوان بلۆکە سەرمایەدارییەکانی جیهان، کە
قوربانییەکانی تەنیا چینی کرێکار و توێژە بێبەشەکانی کۆمەڵگەی
مرۆڤایەتی نیە، بەڵکو تێچووی چەند ترلیۆن دۆلارێکیش کە لەسەر ڕەنج و
گیرفانی چینی کرێکار و توێژی بێبەشانی کۆمەڵگەوە خەرج دەکرێت.
ئاسەوارەکەی لەسەر کۆمەڵگە بە هەڵاوسان، گرانی نرخ، هێرشکردنە سەر
ئاستی ژیانی ئەم چینە، کەمکردنەوەی خزمەتگوزارییە پزیشکی و
تەندروستییەکان، خوێندن، بیمەی کۆمەڵایەتی، بەرزکردنەوەی تەمەنی
خانەنشینی هاوکات لەگەڵ بەرتەسککردنەوەی ئازادییە سیاسی و تاکەکەسی و
مەدەنییەکان و تاوانبارکردنی دەربڕینی بیروڕا و ڕادەربڕین، پەرەگرتنی
ڕاسیزم و فاشیزم، ئەو تێچوونانەن کە چینی کرێکار و خەڵکی بێبەش بۆ
پاراستنی ئەم سیستەمە دەیدەن. ئەم دۆخە لە هەمووکات زیاتر بنبەستی
ئابووری کاپیتالیستی و بۆگەن بوونی ئەم سیستەمە و قەیران و گرفتەکانی
بێئاسۆیی و بێ وەڵامی بۆرژوازی لە جیهاندا دەخاتە بەرچاو کە چارەسەر
تەنها لەڕێگەی سەرەوژێر کردنی ئابووری و سیاسی کۆمەڵایەتی ئەم
سیستەمەدایە کە حاکمە تابتوانیت ئاسودەیی و ئازادی و یەکسانی بۆ
کۆمەڵگە فەراهەم بکات.
مەسەلەی ئاوارەیی و پەنابەری وەك دیاردەیەك کە لە دنیای ئەمڕۆدا
ملیۆنەها ئینسانی گیرۆدە کردووە، لەدەست ئەم سیستەمە زاڵمانەیەی
سەرمایە هەڵدین ئاوارەو پەنابەر دەبن، بەشوێن سەلامەتی و ئاسایش و
ئارامیدا دەگەڕێن، ڕێگەی سەخت و پڕمەترسی دەگرنە بەر، بەنێو دەریا و
زەریا بە یەخت و کەشتی ڕزیو، بەسەرما و گەرما تێدەپەڕن تا لە کەنارێکی
ئارام لەنگەر بگرن، بەڵام بەرگی پەنابەری بەناچاری بەسەریاندا
دادەسەپێنرێت لەگەڵ ئەوپەڕی بێمافی بەرەوڕوو دەکرێنەوە، کەمپ و شوێنە
سەربازییەکان دەکرێتە شوێنی حەوانەوەیان، لەلایەن ڕەوتە فاشیستی و
ڕەگەزپەرستەکانەوە، ڕووبەڕووی تەحقیر و جیاکاری دەکرێنەوە، ئەم
ئینسانانە بەشێکن لە چینی کرێکار هەربۆیە پەیامی ئێمە لە ئایار ڕۆژی
جیهانی چینی کرێکار بۆ پەنابەران ئەوەیە کە پەنابەران پێویستە بەبێ
لەبەرچاوگرتنی ئاین و نەتەوە و ڕەگەز وابەستەیی ڕێکخراوەیی لەپاڵ
خەباتی ڕۆژانەی کرێکاران و خەڵکی بەشمەینەت بۆ بەرگریکردن لە
مودێرینترین و ئینسانیترین دەستکەوتەکانی مرۆڤایەتی لەدژی سیاسەتی
جیاکار و دژی بێمافی و ڕاسیزم و فاشیزم نادادپەروەری، یەكدەست ڕابوەستن.
بژی یەکی ئایار، ڕۆژی جیهانیی چینی کرێکار.
فیدراسیۆنی سەراسەریی
پەنابەرانی عێراقی

|