١٥\٣\٢٠١٦
پەنجەمۆر یا
پاکانە؟ با مێژوو نەشێۆێنین!

عەبدوڵا ساڵح
ئەمڕۆ ، لە کوردستان ، هەموو گۆشەو کەنارێکی ژیان مۆرکی حیزبی پێوەیە و
بە حیزبی بووە ، دەزگاکانی ڕاگەیاندن لە پێشەنگی ئەم بە حیزبی بوونەوەن
، زۆر دەگمەن هەڵدەکەوێ دەزگایەک بەدەر بێت لەم یاسایە ، ئەگەر بشبێت
لە پەنجەی دەست کەمترە . ڕۆڵی ڕاگەیاندن چ بۆ " ڕۆشنکردنەوە یا
بەلاڕێدا بردن " ی زەینی خەڵک یەکجار کاریگەرە . شک لەوەدا نیە ڕۆڵی
ئەم دەزگایانە بۆ حیزبەکان گرینگیەکی حەیاتی هەیە لە بەرەو پێشبردنی
سیاسەتەکانیان هەربۆیەش بودجەی زۆریان بۆتەرخان دەکرێ . تۆڕی میدیایی
ڕوداو یەکێکە لە دەزگا زەبەلاحەکانی ڕاگەیاندن و سەر بە پارتی
دیموکراتی کوردستانە ، لە پێشەنگی دەزگا ئیعلامیەکانی ئەو حیزبەوەیە چ
لە ڕووی بودجە ، چ لە ڕووی پرۆفیشیناڵیەوە ، ڕوداو تی ڤیش لە پێشەنگی
بەشەکانی تری ئەم تۆڕەوەیە.
بەرنامەی پەنجەمۆر یەکێکە لەبەرنامەکانی ئەم تی ڤی یە ، بەڕیوەبەری
کەناڵەکە هەفتانە پێشکەشی دەکا ، لەوبەرنامەیەدا پەنجە بە میوانەکان
مۆر دەکرێ و ڕوداوە مێژوویەکانیان لەگەڵ باس دەکرێ بەتایبەت ڕووداوە
سیاسیەکان ، هەندێک لە میوانەکانی ئەو بەرنامەیە هەڵسوڕاوانی سیاسی
کوردستانی ئێران بوون کە دوا کەسایەتیان کاک جەلیلی گادانی ، یەکێک لە
بەرپرسە دیارەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بوو . ئەوەی من بۆم
دەرکەوتبێ لە ئامانجی سەرەکی بەرنامەکە ، بەتایبەت لە میوانداریکردنی
کەسایەتیە سیاسیەکانی کوردستانی ئێران ، تیشک خستنە سەر دەورونەخشی
پارتیە ، ئەویش لایەنە پۆزیتیفەکانی ، لە ڕابردوو دا لەم بەشەی
کوردستان و پاکانە لەهەر کردارێکی پێشتر لەلایەن هێزە سیاسیەکانی
ئەودیو بەرامبەر ئەم حیزبە کرابێ.
دوا ووتەی کاک جەلیل لە دوا ئەڵقەی بەرنامەکەدا ئەوە بوو کە ڕوداو
مەبەستی بوو : ( زەمانی مەلامستەفا ئەم کوردستانە وەک ماستی مەییو
وابوو بۆ تێکۆشەرانی حیزبی دیموکرات ). مەبەستی کاک جەلیل ،وەک من
تێگەشتبم ، بەراوردێک بوو لە نێوان سەرەتای نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو
،کە لەرژێر سایەی دەسەڵاتی یەکیەتی نیشتمانی کوردستاندا بەدەیان
تێکۆشەری سەر بە ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی بەڕۆژی ڕووناک لەلایەن
بەکرێگیراوانی جمهوری ئیسلامیەوە تیرۆر دەکران و تاوانبارانیش مەعلوم
بوون کێن و بەئاشکرا لەم ناوچەیە تەراتێنیان دەکرد ، مێژوویەکی زۆر
شەرماوەرە و هەرگیز پەردە پۆش ناکرێ.
کاک جەلیل ڕاست دەکا ،ئەو کات، مەبەست شەستەکانی سەدەی ڕابردووە ،
کوردستان " ماستی مەییو بوو " بەجۆرێک ڕژێمی شای ئێران تەنانەت
پێویستیشی بە بەکرێگیراونەبوو بۆ دەستگیرکردن و ئیعدام کردنی
تێکۆشەرانی ئێرانی بەڵکە ئەو کارە قێزەونە ڕاستەوخۆ خودی چەکدارانی
دەسەڵاتی ئەوکات ، نەک هەر ئەنجامیان دەدا، بگرە لاشەکەشیان تەسلیم بە
ڕژێمی شا دەکرد و لەناو شارەکان بەدوای ماشێن دا ڕادەکێشران و
سوکایەتیان پێدەکرا وەک نمونەی سولەیمانی موعینی!
چ مێژوویەکی تاریک و دزێوە ؟ لەوەش دزێوتر کاتێک جێگۆڕکێ بەشوێنی
جەللاد و قوربانی دەکرێ!
١٣\٣\٢٠١٦
a_salih11@hotmail.com
|