٧\٤\٢٠١٤
پەنجەرە.

یوسف خەلیل
سات لە نێو گەرمەی کردەدا، گەرەکە خەریک کەین ،تا پەی بە نهێنییەکانی
نڤار ببەین ، لێیەوە بە وێڵبوون دەستی پێبکەین ، تا ئەو خۆزگانەی لە
گەرووماندا خەفە و مەڵاس دراوە ئازاد بکەین ، بەمەش دەکرێت بڵێین
خەریکی بەدیهێنانی هیوایەکی مرۆڤانەین.
ئەو کاتەی تەنگ و چەڵەمە و دەردەسەرییەکانی رۆژانە و کار و کردە
قێزەونەکان و شکستی هەوڵ و تەقەلا دێتە ئارا ، مرۆ خۆی لە نێو گۆشە
گیری و بێ هیوایدا دەبینێتەوە ، زۆرجار ئەم خەمە بۆ مرۆی دەسەپاچە
دەبێتە هەمیشەیی و بۆ هەتا هەتایە بەو نەخۆشییە چاوەڕوانکراوانەوە
دەتلێتەوە کە لە ئاکامیدا بەرجەستە بووە.
رێڕەوی ژیان بەردەوام بەرەو ژوور پێک نەهاتووە! بەڵًکو دەبێت چاوەڕوانی
هەموو ئایندەیەک بکرێت لە کار و کردەوەکانەوە ، کورد واتەنی (چی بچێنیت
ئەوە ئەدرویتەوە) مرۆ بە هەوڵ و کۆششی بەردەوام دەگات بە هەندێ شت ،لێیەوە
بەرنامەی ئایندەی دادەڕێژێت ، ئاکامیش پەیوەست دەبێت بە سەرەتاکانی
دروست بوونەوە ،کە تا چەند چەمکی هزری کامڵ و چڕ کردۆتەوە؟ هەندێ
جاریش ئاکام پێچەوانە دەشکێتەوە! ئەمەش چاوەڕوان نەکراوە ،نابێ مرۆ بەم
ئاکامە هەرەس بە هەموو شتێک بهێنێت ، بەڵکو دەبێ ئەوە بسەلمێنێ کە لە
هەموو تارکییەکەوە گەرەکە لە دووی رووناکی ئاوات وێڵ بێت! ئەو گۆشە
نیگایەش دەبێتە پەنجەرە و لێیەوە دەروازەکانی ژییان بۆ جارێکی دیکە
رووبەڕووی دەکرێتەوە ، واتە لەگەڵ هەموو شکستێکدا هیوای ئایندە دەبێت
بەدی بکرێت ،گەر مرۆ بە چۆکدا نەیەت و نەبەزێت ،چونکە لەگەڵ بەزیین دا
مردن دێتە ئارا و لەگەڵ خۆیدا هییواش زیندە بە چاڵ دەکات و ئایندەش
بەرەو گۆڕ دەبات!!
گەرەکە و پێویستە هەمیشە بە هیواوە کاروانی ئەرک و ماندووبوونمان بەڕێ
بکەین ،بەڵکو بتوانین بەری رەنج بکەینە ئایندەیەکی جوان و پڕ خەندە بۆ
خۆمان و دەور و بەرمان دەستەبەر بکەین ، بەمەش دەکرێت ساتێک بڕەخسێنین
لە نێو نەغمەی پاساری و ئاوازی کەناری و شنەی کەنار دەریا و ،زەردەپەڕی
ئێواران و پێکەنینی بێگەردی مناڵان و چاوبڕکێ و دەست بازی لاوان و
پەراوەی خۆشبەختی ژینی ئاسوودە بۆ مرۆڤایەتی و چیتر بە درۆ خۆمان لە
خشتە نەبەین چونکە بەر پرسیارین بەرامبەر هەموو ئاکامێکی ئایندە!
ماڵپەڕی یوسف
خەلیل
|