٢٤\٣\٢٠٢٥
پەنجەرەی تاریکیی.

ناڵە
حەسەن
مردن
هەروەکو خۆیەتی
ئەوە ژیانە
ڕۆژ لەدوای ڕۆژ و
ساڵ لەدوای ساڵ
ناشیرینتر و ترسناکتر دەبێ
بەنێو ڕووبەرە ناڕوونییەکانی
نائومێدی دا ڕەتدەبێ
قاچەکانم لەنێو با بەجێماون
تا دێ لێم دوور دەکەونەوە
بەدەم وڕێنەیەکی ساردەوە
سڵاوم لە پەنجەرەیەک کرد و
ئاگریش شین شین فرمێسکی دەڕشت
لەنێو نیگای گوڵێکی سپی
کۆلارەیەک ڕەچم دەکرێ
دوکەڵ بە نەزیفبوونی هەور
پێدەکەنێ
شمشێرێک لە پشت چەمانەوەی باخچە
بە دیواری پەرستگەیەک هەڵواسراوە
کەسێک لە هەیوانی یادەوەرییەکانی دا
لە ناندینی تاریکی
تەندوورێک بۆ مردن گەرم دەکاتەوە
لەژێر برژانگەکانی برووسکە دەمێنمەوە
باندجی تاریکی مەچەکم توندتر دەکەم
کلێتەی باران دەکەمە سەرم
خۆم لە خۆڵەمێشی بەفر وەردەدەم
سییەکانیشم نەرم نەرم لە شەودا
سەمفۆنیای ڕووبار و گیا دەژەنن
تەنافێک بۆ چارۆگە سپییەکەی تاریکی
هەڵدەدەم
لە تەنیشت جۆگەلەی مەرگ ڕادەکشێم
بخوورێک بە فرمێسکی درەختەکان دادەگیرسێنم
پشت لەخۆم دەکەم و
دەست بەقژی بێدەنگیم دا دەهێنم
بە ڕێنووسی سێبەر
تابلۆی نێو لاوکە لاوژەییەکانم و
نێو نزا و ناڵینەکانم ڕەسم دەکەم
با بەرەو قووڵاییەکانی ئاسمان
باڵبگرین و بفڕین
بفڕین بەرە و بناری ئەستێرەیەکیتر
ئەوانەی لێرە لەسەر زەوی
پیشەیان فرمێسک ڕشتنە
بەڵکو لەوێدا دڵگەش دڵگەش پێبکەنن
کاتێک پەنجەرەیەکی سپی لەنێو پیرۆزییەکانی عەشق دەکرێتەوە چیتر هاوار و
بەستەی تاریکی لە ئاسمان و شوێنە بەرزەکان نابیسترێن . پیاسەکردن بەنێو
بیرکردنەوەکانی بەختەوەری و مەستبوون شێتاتییەکی سەیرە !
لەوەش سەیرتر ئەوەیە پەنجەرەی تاریکی
باسی ڕووناکیت بۆ بکات و لەنێو دۆزەخ دا
تابلۆی بەهەشتێکی سەوز بکێشێ
تەختەی
ژێر جەستەی
ژیان ڕامەکێشە
با خەونەکان
نقوم نەبن
لێگەڕێ
با هاوارەکان و
زەردەخەنەکان
بەسەر پشتی
شەپۆلەکانەوە بن
لێگەڕێ با لەسەر سینگی تاریکی
تیشکە سپییەکان دەربکەون
زەنگی بەختەوەری هەمیشە
خەونێکە وەک بڵقی سەر ئاو ون دەبێ
لێگەڕێ با ئەو مرۆڤە تەنیایەی
لە تەنیشت پەنجەرەکانەوە وەستاوە
لەنێو تاریکیدا خەون ببینێ
شکۆمەندە ئەو مرۆڤە عاشقەی
لەنێو تاریکیدا پێدەکەنێ و
بە میلۆدییە سێرناداییەکان سەما دەکا
دوای هێوربوونەوە و ئارامبوونەوە
هەرلەوێشدا
ناولەپ و چاوەکانی پڕ دەبن لە ڕووناکی!
کانوونی یەکەمی
٢٠٢٤
ماڵپهڕی ناڵه حهسهن
|