په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣\٣\٢٠١١

کورد و کەرکوک.


عارف مەعروف   


باسی ئەم کەرکوکە نابڕێتەوە، چۆن دەستی پێ دەکەی لە لایەکەوە لە لاکەی تری بۆگەنی دەدا بە دەستەوە، نە ئەوەتا بە یەک جاری چارەسەر بکرێ و ببڕێتەوە و نە ئەوەتا بە یەک جاری پێمان بڵێن پێمان چارەسەر ناکرێ و ئێوەش خەڵکی کەرکوک ئارەزووی خۆتانە چۆنی بیر دەکەنەوە بیکەنەوە.. خۆیان چاک دەزانن گەر ئەوەیان لە زار بێتە دەر و بە دیکۆمینت بە خەڵکی کەرکوکی راگەیەنن ئەوا کەرکوکیەکان هیچیان لە بۆسنە و هەرسک کەمتر نییە تاوەکو شەڕی خۆکوژیی بکەن بۆ رزگاربوون لە رکێفی هەموو جۆرە دەسەڵاتێکی بۆگەن کە دەیەوێ جارێکی تر گەمە بە رووداوەکانی کەرکوکەوە بکا، ئەوەتا جارێک بە سەد و چل دەمانبەستنەوە کە لە بنەڕەتدا پێویستی بەو کارە نەدەکرد چونکە پێش ئەوەی بیرۆکەی سەد و چل لە ئارادا بێ کەرکوک کوردستانی بوو و هەموو حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی ئێراق لە هەوڵی ئەوەدا بوون کە ئەو ناسنامەیە بسڕنەوە بۆ ئەوەی بتوانن بە گێتی راگەیەنن کە گوایە کەرکوک کوردستانی نییە و نەیانتوانی ئەو کارە ئەنجام بده‌ن و بیخەنە قاڵبی پراکتیکەوە، کەچی ئێمەی کورد خۆمان هاتین بە کەماڵی ئیستراحه‌ت ئەوەی چەند ساڵە شەڕ و شۆڕمان بوو لەسەری، خستمانە قاڵبی ئەگەر و نەگەرەوە، بەس بە تەنها لەبەر ئەوەی بڵێن کورد یاخود بەرپرسانی کورد تاوەکو ئێستاش رۆحی ئەوەیان تێدا بەدی دەکرێ کە هەنگاوی ئێراقی بهاون ئەمەش کێ بیڵێ؟ ئەوانەی تا دوێنێ سەنگەریان لێمان گرتبوو و باوک و براو خوشکە و دایک و کەس و کارمانیان دەکوشت و لادێکانیان خاپوور دەکرد بە سەرماندا، کەچی لە بنەڕەتدا ئێمە هیچ پێویستیەکمان بە بۆچوونی ئەوان نییە لە بارەی کەرکوکەوە.

 

کاتێک دەستووری حکومەتی هەرێمی کوردستان درایە پەرلەمان و گفتوگۆی لەسەر کرا لەوەی پەسند بکرێ یاخود نە، هیچ رایەکی خەڵکی کەرکوک وەرگیرا؟ کێ لە کەرکوکییه‌کان لە نووسینەوەی ئەو دەستوورە بەشداربوون؟ ئەمە ئەگەر شتێک بدات بە دەستەوە ئەوە خۆی لە دوو بۆ چوون کۆدەکاتەوە ئەویش یەکەمیان یان ئەوەتا لە بنەڕەتدا هیچ حیسابێك بۆ ئەو کوردانە نەکراوە کە لە کەرکوک و دەوروبەرەکەی دەژین هەر لە بەر ئەوەش پشتگوێ خران و دەستوورەکەشیان وا بە پەڵە گەیاندە پەرلەمان و بڕیاری لە سەر درا.. خۆ ئەگەر ئەم بۆچوونەش راست نەبێ لەوەی ئەوان تاکە هەرێم بوون لە ئێراقی فیدڕاڵدا و ده‌بووایە بۆ دەمکوتکردنی هەندێک لایەنی سیاسی دەستوورێک هەبووایە کە بە گوێرەی ئەو دەستوورە حکومەتی هەرێم هەڵسوکەوت بکات هیچ نەبووایە دەیانتوانی بڕگەیەک لەو دەستوورەدا بنووسن یاخود زیاد بکەن و بڵێن ئەم دەستوورە بۆ ئێستای کوردستانی دەست دەدا و بە گەڕانەوەی ناوچە کوردییه‌کانی تر بۆ سەر هەرێمی کوردستان ئەوا دەتواندرێ بە گوێرەی ئەو بارودۆخە دەستکاریی ئەو دەستوورە بکرێ کە لەگەڵ بۆچوونەکانی ئەو کوردە ماف خوراوانەشدا بگونجێ.. بەڵام بۆچی ئەمەیان نەنووسی یاخود نیازیان نەبوو بینووسن؟ نازانم ئەمەیان دەبێ بە خۆپیشاندان بەردەم پەرلەمانیان لێ بگرین داوای روونکردنەوە بکەین و ئەمەش لە حاڵەتێکدا گەر روونکردنەوەیان لە لا هەبێ بۆ ئەوەی بۆمان روونی بکەنەوە.. دوومیان یان ئەوەتا لە لایەن سەرکردەی سەرکردەکانمانەوە پێیان گوتراوە کە بە هیچ جۆرێک بیر لە کەرکوک نەکەنەوە و ئەمانیش لە روویان نایەت باسی بکەن و پێمانی بڵێن. چیمان پێ بڵێن ؟ بڵێن ئێمە لە سەر مێزی گفتووگۆ کەرکوکمان بەرامبەر تایەکی تەرازوو دانا تاکەی تر ئابڕوومان بوو.. ئەی ئەگەر وانییە ئەم دواکەوتنەی مادەی سەد و چلە چۆنی لێکبدەینەوە.. ئەوان مەبەستم بەرپرسانی کوردە ئێستاشی لە له‌گه‌ڵدا بێ وا دەزانن گەر لە پشت مێزەوە دانیشتن و توانیان قسە گەورەکانیان کە لە ئەرزی واقیعەوە دوورە دیکۆمێت بکرێ ئەوا بە تەواویی لە لاپەڕەکانی مێژوودا دەنووسرێ و گرەوێ خۆیان دەبەنەوه‌!! نە ْ وا نییە ئەی بۆ بیری ئەوە ناکەنەوە هەر دواکەوتنێک لەوەی ئەم کارە ئەنجام بدرێ پەڵەیەکی رەشە و ناوچەوانی هەموو کوردێک دەگرێتەوە و بە تایبەتی ئەو کوردانەی بەم کێشەیەوە خەریکی بازرگانی کردنن..


بەڵێ بەرپرسانی کورد.. کەی ئێمەی کەرکوکییش دەتوانین بەوپەری تەباییەوە لە ناو شارەکەی خۆماندا تەزیی ماندووبوونمان بە لەشدا بێ و هێمن بینەوە ئەگەر ئێوە تاوەکو ئێستاش نەتانتوانیووه‌ ئاسایشەکەمان بپارێزن ئەوەتا لە کەرکوکدا کارەسات دوای کارەسات دڵی هەموو کوردێکی کەرکوکیی دەتەزێنێ کەچی ئێوەش نە باتان دیوە نە باران وەک کورد دەڵێ (ئاش لە خەیاڵێك و ئاشەوان لە خەیاڵێک)، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش کە خۆتان دەڵێن که‌رکووک کوردستانییە کەچی بازگه‌کانمان لێ دەگرن ئەوەی کەرکوکیی بێ نایەڵن ئۆتۆمۆبیلەکانیان ئاودیوی شارەکانتان بێ! ئەمەیە جێبه‌جێکردنی مادەی سەد و چل لە تێڕوانینی ئێوەوە.. ئەگه‌ر ئەمە بێ ئەوا مادەکە سەد لە سەد جێبه‌جێ کراوە و ئێمەی کەرکوکییه‌کان خەوتووین و پێمان لە خۆرەکەیە و ئاگامان لە خۆمان نییە.. هەی دەستخۆش بۆ جێبه‌جێکردنی مادەی سەدو چل لە بازگه‌کانتان!

 

arifmaruf2007@yahoo.com

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک