په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٠\٣\٢٠١١

کورد و دەوڵەتیی، کورد و دوو لەتیی.


عارف مه‌عروف  


زەمەن زۆر لەوە تیژترە کە گولله‌ کلاشینکۆفێک یاخود تانکێک بیبڕێ، مەحاڵە فڕین لە ئاسمانێک بە کامی دڵ بە بێ ئەوەی هەردوو باڵت بخەیتە گڕ و بزانی چۆنی بەکاردێنێ، بۆیە ئێمە نە ْ ئەمڕۆین و نە دوێنێ و لەبەر هەمان هۆ بە هیچ شێوەیەک ناتوانین سبەینیش بین، ئێمە سنوورێکی دەستکردین لە تەختەڕەشی منداڵی باخچەی ساوایاندا ئێستاشی لە پاڵدا بێ ترسی ئەوەمان لێ نیشتووە ئەوە منداڵە ئەقڵی بڕ نەکا و بمانسڕێتەوە. ئێمە ئۆتۆمۆبیلێکی راهێنانین بۆیە تەماشا دەکەی دوو ئستێرن و دوو کلاج و دوو برێک و هەموو شتەکانمان خۆی لە دووییدا دەبینێتەوە تەنانەت لە ڵێخوڕینیشدا دەبێ دووکەس ئاگای لە شۆستەکە بێ نەوەکا بیشێلین و بڵێن سەر بە لاکەی تر بوو و بە بێ لێپرسینەوە لە ئەرشیفدا بسڕێتەوە. ئەگەر رێگای گەل بدرێ بێگومان بن کە دەتوانێ گوڵ لە بیابانێکی وشک وشک بڕوێنێ و بگرە ئەوەش دەستەبەر دەکا کە چەندێک مەلی ئەم کەونە هەیە لە فرمێسکەکانی چاودا خۆیان بشۆن و چیدی گەرد نەگرن و هەر بە پاکی خۆیانەوە بمێنن..


لە لای ئێمە مرۆڤ ئه‌و مرۆڤه‌ ئاساییه‌ نییه‌ وه‌ک ئه‌وه‌ی که‌ خۆی هه‌یه‌، هەمان رق و قینە تاوەکو ئێستا لە هەمان تێڕوانینی ئەو کاتەوە بەردەوامە.. لە لای ئێمە گیانی لە خۆبووردن لە زووەوە ماڵئاوایی لێ کردووین بەرەو مەمللەکەتی عەدەم کۆچی کردووە و سویندشی بە هەموو شتە پیرۆزەکان خواردووە تا ئەمان مابن روومان لێ نەکاتەوە.. ئەگەر زاری خاکیش بدوێنین ئەوا دەڵێ من ئەو خاکەم ئێوەم لێ بوویتە دۆزەخ تا دێ هەوراز و نشێوم لەت لەت دەکەن و وەکو دز بەملا و بەولادا بەش بەشم دەکەن وەک ئەوەی بەشکردنی پێش خۆتان کاری خۆی نەکردبێ.. من چۆنی بتوانم باسی تۆ بکەم گەر هەموو شتێکم لە روودا گیرابێ و نەوێرم بە زار بدوێم و بە گوێ ببیستم و نە بە چاویش ببینم، حەسحه‌سەکان بە لەپە گەورەکانیان هەموو شتێکیان لێ داپۆشیوم..


ئەی ئێوه‌ بەرپرسانی کورد ئەوە نییە هەموو شتیکمان لێ دەشارنەوە نەوەکا ئێمەش بتوانیین درک بە راستییه‌کان بەرین لە پاڵیدا هەڵبکەین، ئەی ئەگەر نا مادەی سەد و چل لە نیوان دوو لەتییدا بزر نەبوو و نەبووین بە خاوەن هیچ شتێکی لەو جۆرەی کە پیلانمان بۆی دانابوو چونکە ئێمە لە بنەڕەتدا خاوەنی ئەوە نین کە بتوانین پیلان دابنێین ئەگەر واش بووایە ئەوە بە پیلان دەهاتینە کەرکوکەوە و دەمانزانی چی دەکەین و چی ناکەین نەک وەک ئێستا کە سەرمان لێ شێواوە خۆشمان نازانیین پەنا بۆ کوێ بەرین کورد دەڵێ (بەردی نەزان فرێ دا لە گۆم بە سەد زانا دەرنایە) ئێوەش لۆفی زانایتان دەکوتا کە گوایە زۆر زیرەکن لەوەی ئامانجەکانی میلله‌ت بەدی بهێنن بەڵام دەرچوو نەک بەس زانا نین بەڵکو ده‌توانم بڵێم بە بێ پشت ئێشه‌یی کارەکانتان ئەنجام داو و ئێستاش دەبێ ئەو میللەتە قوڕ بەسەرە باجی بداتەوە و بە تایبەتیش خەڵکی کەرکوکە هەژار و داماوەکە کە ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێ خێریان لە خۆیان و کیشەی کوردی نەبینیوە هەر لە سەرەتای شۆڕشەوە تاوەکو بگاتە ئێستای سەروەریی کورد کە هەندێک کەس بانگه‌شه‌ی بۆ دەکا کە من بەش بە حاڵی خۆم هیچی لێ بە دی ناکەم.


بەڵێ بەرپرسانی کورد با دانی پێدا بنێین کە بۆ تاقە جاریش بێ و بەرامبەر بەو میللەتە بوه‌ستن و بڵێن ئێمە سەقه‌تمان کرد ولە نێوان دوو لایماندا کارەکان بزر بوون ئێوە خوتان خاوەن بڕیار بن بۆ راستکردنەوەی بارەکە تاوەکو بە دەست ئێمەمانانەوە بەرەو سه‌قه‌تتریش نەڕۆیشتووە، ئەوجا بزانن کەس له‌و میللەتە بڕوای بە هیچ لایەک دەمێنێ یاخود لە ئێوەمانان زیاتر هەوڵ نادا بۆ ئەوەی بارودۆخەکە بەرەوە سەقامگیریی بەرێ..، ئێمە ئێستاشی لە پاڵدا بێ شەڕە پەڕۆ کوشتمانی ئێمە دەبێ لەمەودوا بە دوای بێ رەنگیی بگەڕێین بۆ سڕینەوەی رەنگەکان.


دەی بەر هەر حاڵ (ئەو کەسە کەسە یەک ئەلفی بەسە) من هەست دەکەم سه‌داکان بەرەو گوێی خۆمان دەگەڕێتەوە بۆیە زۆرم پێ خۆشە کە لەبەرخۆمەوە و بە دەنگی بەرز بیر بکەمەوە.

 

arifmaruf2007@yahoo.com

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک