په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٧\٣\٢٠١١

کورد و ئینگلیز.


عارف مه‌عروف  


هەموو کەسێک کە ناوی ئینگلیزی لە لا دەهێنی بە زۆر یاخود بە کەم ئاشنایەتییه‌کی بەرامبەر بەو میللەتە وەرگرتوە چونکە لە سەروەختێکدا زۆربەی ئەم گێتیە بە دەستیانەوە بووە و لە ژێر رکێفی ئەوانا ژیاون هەر بۆیەش پێ دەوترا (ئەو ئیمپراتۆریەته‌ی خۆری لێ ئاوا نابێ). چونکە لە لایەکی ئیمپراتۆریەتیەکە خۆر ئاوا دەبوو لە لاکەی تری خۆری لێ هەڵدەهات، ئەمە گرنگ نییە بە قەد ئەوەی ئەوان چۆن توانیان ئەو ئیمپراتۆریەتە گەورەیە پێکەوە بنێین ، خۆ ئەوان مەبەستم ئینگلیزە ئەو شەڕو شۆڕە گەورەیەیان نەکرد تا بەو جۆرە بێنە دەست بەڵکو هەموو لە شەڕی بیر و چۆنیەتی پلاندانان بۆ هەمیشەیی تا کۆتا توانیان ئەو وڵاتە هیندە بەرقه‌رار بکەن ئەو گێتیە ئەگەر لە خۆیان نەبێ ئەوا بە زمانی ئەوان بێنە گۆ.

 

جارێکیان لە ناوچەی بابای کەرکوکدا ئاهەنگی دەگێڕدرێ زۆربەی خەڵکی ناودار دەوات دەکرێ بۆیە چوونەژوورەوه‌ بە پسۆڵە دەبێ تەنانەت موتەسەریفی کەرکوکی ئەو کاتەش لەو ئاهەنگە بەشدار دەبێ ،لچمان کە یەکێکە لە ناودارەکانی ئینگلیز دەیەوێ بە بێ ئەوەی کەس بیناسێتەوە بچێتە ژوورەوە بۆ ئەو ئاهەنگە بەڵام هەرچی پۆلیسی بەر دەرگای چوونەژوورەوەکەیە هەر داوای پسۆڵەی لێ دەکا ئەویش پسۆڵە پێشان نادات بۆ ئەوەی کەس نەیناسێتەوە هەرچی پۆلیسەکە رێگای پێ نادات بچێتە ژوورەوە ناچار لچمان لێ دەگەڕێ و ناچێتە ژوورەوە بەڵام بە هەر شێوەیەک بێ ناوی سیانی ئەو پۆلیسە وەردەگرێ بۆ سبەی دەنێرێ بە شوێنی، پۆلیسەکە کە لەو جێگایە دەیبینێ یەکسەر واقی وڕدەمێنێ و نازانێ چی بڵێ هەر چی لچمانە یەکسەر دوو (خێتی تەرفیع)ی بۆ دەبەستێ و بەرزی دەکاتەوە. برادەرەکانی لچمان ئەوانەی لێوە نزیک بوون پێ دەڵێن تۆ دەبووایە سەرنگوونی بکەی نەک بەرزی بکەیتەوە، هەرچی لچمان بوو بە پێکەنینەوە گوتی دەبێ ئەم کابرایە خۆی تۆڵەی من لە خۆێ بسێنێتەوە. ئیتر لچمان لەو رۆژە بە دواوە بە داوای بۆنەدا دەگەڕا بۆ ئەوەی ئەو کابرای پۆلیسە بەرز بکاتەوە، و بۆی چووەسەر تاوەکو گەیاندیە (روتبەی موقه‌ده‌م) هەروەک پۆلیسەکانی ئەم سەر دەمەی خۆمان کە بەبێ سەروبەر (روتبە) دەبەستن، رۆژێکیان بە برادەرەکانی گوت کاتی ئەوە هاتووە کابرای پۆلیس تۆڵەی من لە خۆی وەربگرێتەوە، ئەوه‌ بوو قەڵبەیەکیان بۆ دۆزیەوە وای لێ هات لە کاره‌که‌ی ده‌ربکرێ و (ئەموالی مەنقوولە و غەیری مەنقوولە)ی لێ زەۆت بکرێ، تازە کابرای پۆلیس فێری لوقمەی چەور بووە و ئێستاش بێ پارەیی تەنگی پێ هەڵدەچنێ تاوای لێ هات رۆژێکیان خۆێ بە دەستی خۆی ژیانی کوێر کردەوە و گوللەیەکی بە خۆوە ناو خۆی کوشت، ئەوجا لچمان بە برادەرەکانی گوت ئەها تەماشا کەن چۆن تۆڵەی منی لە خۆی کردەوە.


ئەی ئێوە بەرپرسانی کورد ترسی ئەوەتان نییە کە لچمانێکی تر هەبێ ئێستا پلانی ئەوەتان بۆ دابنێ کە تۆڵەی خۆی لە ئێوە بە خۆتان بسێنێتەوە، تاکەی ساویلکانە بیر دەکەنەوە لە بەری پێتان بەو لاوە چی تر نابینن خۆ مه‌رج نییە لچمان هەر ئینگلیز بێ وا بزانم چاک تێ دەگەن دەڵێم چی لەوانەیە لچمان لە کۆمەڵگایەکدا هەبێ و هەر دەم و کات بتوانێ کاری خۆێ ئەنجام بدا بێ ئەوەی کەس لە ئێمەمانان هەستی پێ بکا، خۆ ئەوەنده‌ی چاوساغەکانی بەرپرسان لە ناو میللەتە رەشوڕووتەکەی خۆمانا چاو کراوەن لە دەرەوەی ووڵات پەتی پای ( )ێکیان پێ ناکرێتەوە تەنانەت تا ئێستا نەیانتوانیوە زانیارییه‌کی شاراوەی ووڵاتانی دەوروبەریش ئاشکرا بکەن کە چۆن بەرامبەر ئەو کوردە حەیاتە لچمانانە کار دەکەن و دەیانەوێ بیکەن بە قوربانی و بگرە بە لوقمەیەکی چەوری چەرخی بیست و یەک، دەڵێن چەند فڕیوی ئەوەندە کارت تێ دەکا لە کەوتن واتا گەر زۆر بەرز بووبیتیه‌ لە فڕینەکەت ئەوا لە کەوتنە خوارەوە ملت دەشکێ و ئەگەریش نزم فڕیبێتی ئەوا ماوەی ئەوەی تیدا دەمێنێ کە که‌وتیته‌ خوارەوە تەنها بە شکانی جێگایەکت کارەکان تەواو ده‌بێ، بەڵام فڕینێک بۆ بەغدا کە هێڵی ئەتمۆسفیرش رەت دەدا ئەوا لچمانێکی بچووکیش بەسە بۆ ئەوەی ملتان بشکێنێ چونکە بەرز فڕیون زۆر بەرزتر لەوەی بۆتان دیاری کرابوو، بۆچی لە ئاسمانەکەی خۆمانا نافڕن؟ مەگەر بایی ئەوە ئاسمان نییە کە تێدا بدەن لە شەقەی باڵ ؟؟ بۆچی لەگەڵ مەل و باڵندەکانی خۆمانا ناتوانن بفڕن؟ ئەگەر ئێوە ئەم هەموو کوردستانەتان بە قەفەس زانیبێ و بە هەر شێوەیەک بێ دەتانەوێ لێ دەرباز بن ئیتر بە بەغدا بێ یاخود بە هەر جێگایەکی تر بێ، بۆچی گلەیی لە خەڵکە ره‌شوڕووتەکە بکەین کە دەیانەوێ بەرەو ئەورووپا هەڵبێن چی لە بەر بێ درامەتی و چی لە چۆڵی گۆڕەپانەکە لە لایەن ئێوەوە و خۆ ماندووکردنتان بۆ گوزارشتکردنی کێشە و چەڵه‌مەی خەڵکی تر و پشتگوێخستن و تەنگ و چەڵه‌مەکانی ئەوانەی بوونە بایزی ئەوەی کە تۆ ناودار بی.


من نازانم ئەو هەموو پێکەوە ژیانە کە تێدا ئێمەی کورد لە هەموو بارودۆخێکدا ژێردەست بووین فێری ئەوەی نەکردین کە وەک ئەو میللەتانەی لەگەڵیاندا دەژین هاوشێوەی خۆیان رەفتار بکەین.. تا کەی ئێمە گیانی لەخۆبووردن و ئەوان لچمانانە بیر بکەنەوە و تۆڵەسەندنەوەکەی خۆیان بۆ سەد ساڵی ترش بێ هەڵگرن، ئەرێ ئەم دووفاقییه‌ بەس نییە، کاتی ئەوە نەهاتووە کە بە خۆماندا بچینەوە و چۆن ره‌فتارمان له‌گه‌ڵ دەکەن هەمان شێوە ره‌فتاریان له‌گه‌ڵ بکەین.
 

 

arifmaruf2007@yahoo.com
 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک