په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢١\٤\٢٠١١

کورد و ئیسرائیل.


عارف مەعروف   

 

ئێمە زۆر جار خۆمان خۆمان بەرەو هەڵدێر دەبەین بێ ئەوەی خۆشمان بزانیین چی دەکەین و چی ناکەین ئەمەش نیشانەی بێ پلانیی و بێ تێڕۆانینە بەرەو کارەکان و توانەوە لە ناویاندا.


ئەوەی ڕاست بێ بە هیچ جۆرێک نەمدەویست کە باس لە ئیسرائیل بکەم و بە کوردی بەراورد بکەم چونکە سه‌رده‌مه‌که‌مان ئەوە نازانێ کە تۆ لە ڕێگه‌ی زانیارییەوە بۆی دەچی بگرە تاوەکو ئێستاش هەر توندڕەوییە کوێرانەکە باوە بێ ئەوەی لە ناخی ڕاستیی کارەکان بگەن کە ئەمەش هەندی جار وات لێدێ کە لە لایەن هەندی کەسەوە بە جۆرێکی تر بدرێ لە قەڵەم کە تۆ لەم بارودۆخەدا هیچ پێویستیەکت پێ نییە و بگرە هیچ ناخاتە سەر بۆچوونەکانت لە سەرییشەیی زیاتر، بەڵام بە هەر حاڵ توێژینەوەکەی کە خوێندمەوە دەربارەی ئێسرائێل خۆی فەرز کرد کە دەبێ ئەو بەراوردە ئەنجام بدەم بگرە زیاتر لە کڵۆلیی ناخی خۆمان و بۆ بێ سەروبەریی خۆمان ڕۆ ڕۆمان بێ..

 

توێژینەوەکە لەوە دەستپێدەکا کە ئیسرائیل بۆی دەرکەوت کە لە ساڵی 2020 رێژەی یەهودی و عەرەب لە قودسی داگیرکراو یەکسان دەبێتەوە و دەبێ لوبی یەهودی بۆ ئەوە کار بکا و بگەنە ئەنجام نەک وەک حکومەتەکەی ئێمە تا لیمان گیر نەبێ بیر لە چارەسەر ناکەینەوە تەماشا کەن ئێمە لە سالی 2007 دوو هەزار و حەوتین و کەچی ئەوان بۆ ساڵی دوو هەزار و بیست کار دەکەن کە چۆن گرەو ببەنەوە..

 

با بگەڕێنەوە سەر توێژینەوەکە و هەر لە رۆشنایی ئەو توێژینەوە حکومەتی ئیسرائیل لە ماوەی یەک هەفتەدا بڕیارێکی دەرکرد بۆ ئەو یەهوودیانەی کە زەوی ئیسرائیلیان بەجێهێشتووە و چوونەتە دەرەوەی وڵات دەکرێ بگەڕێنەوە و لە بەرتی ئەو گەڕانەوە بۆ باوه‌شی خاک ئەوا حکومەتی ئیسرائیل هەر خێزانێکی ئیسرائیلی گەڕاوە بڕی سەد و بیست هەزار شەنگلی دەداتێ کە دەکاتە نزیکەی (40000) چل هەزار دۆلاری ئەمریکی ئەمە بێ لەوەی ئەو کەسەی دەگەڕێتەوە بە ئارەزووی خۆی کوێی بووێ لێی دانیشێ ئەوا حکومەت لەو جێگه‌یەی ئەو ئارەزوویەتی کۆشکی بۆ لێ دەدا و هەموو پێداویستیەکانی خێزانیشی پێ دەبەخشێ بە مەرجێ ئەوانیش پابەستی ئەوە بن کە جارێکی تر بیر لە بەجێهێشتنی ئیسرائیل نەکەنەوە و سەرباری ئەوەش کە بۆ ماوەی چەند ساڵ لە باجی دەوڵەتی سەرفرازیان دەکا و بگرە بە ئارەزووی خۆیان لە پانتایی ئیسرائیلدا بۆیان هەیە بگەڕێن و نیشتەجێ بن.

ئەی ئێوە بەرپرسانی کورد؟
گوایە تۆ بلێی وەکو ئەوان مەبەستم ئیسرائیلە کارتان نەکردووە؟

کورە بابە لەوان باشترتان کردووە، بەڵێ کردووتانە بەڵام تەنها دوو سفرتان لە پارەکە هەڵگرتووە ئەوان چل هەزار دۆلاریان داوە بەو کەسانەی گەڕاونەتەوە کەچی ئێوە تەنها پێنج هەزار دۆلارتان داونەتێ و داواشیان لێ دەکەن کە لە پێش هەموو شتێکەوە حیزبایەتی و پاشان کوردایەتی بکەن. لەو لاشەوە ئەو پارەیەی داوتانە پێیان بە کەرەسەی خانوو و بنیاتنانی خانوو لە چنگیان دەردەهێنن بەس بۆ ئەوەی نینۆک نەگرن و خۆیان بخورێنن و بگرە تا ماون هەر بە کۆیلەیی و داماویی بمێننەوە بۆ خزمەتکردنتان چونکە سەروەر بێ خزمەتکار نابێ.

 

باشە خۆ ئیسرائیل هیچ هەڵبژاردنێکی لە پێشدا نییە لە ماوەی سیازدە ساڵەی داهاتوو کەچی بۆی کار دەکا هەرچی ئێوە تەنها ماوەیەکی کەمتان ماوە بۆ ئەوەی هەڵبژاردنێکی چاره‌نووسساز لە شارێکتاندا ئەنجام بدرێ ئا بەو جۆرە کاری بۆ دەکەن.. ئەوه‌ مەبەستم ئیسرائیلە دەڵێ وەرەوە لە هەر کوێیەکی ئیسرائیل دەتەوێ دابنیشی ئەوا من کۆشکت بۆ لێدەدم کەچی ئێوەش ئەو هەمو کوردەتان هێنایەوە لە کەرکوکدا بێ ئەوەی بە کامی دڵی خۆیان لە جێگه‌یەکی باش و گونجاو زەویان بدەنێ کەچی وەکو نیزامی بەعسەکە هەموویانتان لە کونە رێوی تەپاند و ناوتان لێ نا پەنجا عەلی و فەیله‌ق و رزگاری و بارزان و هەر یەکەو سەد مەتر زه‌وی (تەجاوز)تان پێدا و دواتر نە خزمەتگوزارییەک و نە ئاوێک و نە کارەبایەک و هەمووتان لە بن چادردا کۆکردەوە و ناوتان نا ئاوارەکانی کەرکوک بگرە ئەوەندەی ئێوە بە چاوی سووکەوە تەماشاتان کردن لە لای خەڵکی کەرکوک ئەوانەی کەرکوکیان بە جێنەهێشت لە هەر بارودۆخێکدا ئەوا بە چاوێکی ترەوە تەماشا دەکرێن.

 

دوای چوار ساڵی رزگارکردن هێشتا منداڵانی ئاوارە لەسەر زەوی و لە بن چادردا دەخوێنن کەچی ئیسرائیلش پێش سیازدە ساڵ بیر لەوە دەکاتەوە ئەگەر ئاوارەکانیان بگەڕێنەوە چییان بۆ بکرێ، ئەوە نیشانەی یەک گرتنە لە لای ئەوان و پەرتەوازەییە لە لای ئێمە.. بەڵام گەر بمانەوی ستایشی خۆمان بکەین ئەوا ئێمە لە زۆر وڵاتی جیهان چاکترین وەک بەرپرسەکانمان دەێڵێن.


له‌ کۆتاییدا هه‌ر ئەوەندە دەڵێم (گەر داهێنان بۆ دواوە بێ، گەر ووشکبوون گەشاوە بێ، گەر داگیراو شەکاوە بێ ؟ ده‌شێ ئەم وشە شکاوانەی منیش هونراوە بێ) بەڵێ دەشێ ئەوەی بەرپرسەکانمان دەیڵێن دۆڕاو نەبێ و گەشاوە بێ!!!

 

ماڵپه‌ڕی عارف مه‌عروف
 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک