٢٨\٤\٢٠١١ کورد و ئیمارات.
ئەوەندهمان دان بهخۆداگرت لە بن دهستی دکتاتۆر تا وای لێهات ئێمە و دان بهخۆداگرتن بووین بە دوو ئاشنای یەکتر لە هەموو بوارەکان، هەندێک جار دەست لەملانی یەکتر دەبووین و هەست و نەستی دڵمان لە لای یەکتر هەڵدەڕشت هەندێک جاریش لە یەک تووڕە دەبووین و لە یەکتر شاخی دەبووین و کەسمان ئەوەی تری نەدەخوێندەوە. (دەڵێن ئەوەی زۆر دەگەرێ زۆر دەزانی) بۆیە ئێستاشی لە پاڵدا بێ نایەڵن خەڵکی کەرکوک وەکو شارەکانی تری کوردستان مافی خۆیان لەو گەشتە زانیارییانەی کە بۆ وڵاتەکانی تر دەکرێ هەبێ. نازانم بۆ ؟؟ گەر هەشبێ ئەوە لە رێگهی کاری تاکە کەسییهوە کراوە بۆیە دەچێتە بوارێکی تەسکەوە.
ساڵی دوو هەزار و چوار بوو لە لایەن کۆمپانیایەکی بیانی ناو شاری کەرکوکەوە رێککەوت کە بۆ خولێکی رۆژنامەوانی روو بکەینە ئیماراتی عەرەبی، ههر چۆنی بێ ئەو کاتە تهنیا رێگه بۆ دەربازبوون لە ئێراق فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا بوو لەوێوه بۆ (عەمان) پاشان لەوێوه بۆ (ئەبو زەبی). بەڵێ گەیشتینە ئیمارات من بۆ خۆم یەکەم جار بوو ئەو وڵاتە ببینم کات شەو بوو بۆیە یەکەم جار کە لە فڕۆکەخانە کە دابەزین هیچی ئەوتۆمان نەبینی یەکسەر بۆ هوتێل دواتر لە بەر شەکت و ماندووبوون یەکسەر خەو باڵی بەسەرماندا کێشا. ئەوەی راستیی بێ سبەینهکهش درەنگ لە خەو هەڵساین، ئیدی دوو دوو و سێ سێ بە یەکەوە بەناو (ئەبو زەبی)دا پیاسەمان دەکرد. ئەو هەموو کۆشک و تەلارمان بینی هەر یەکەو به جۆرێک دروست کرابوو. سەرت دەکردە ههر جێگهیەک لەبەر خزمەتگوزاریی لە خۆت ووتان دەبوویتەوە. بە راستیی ببووه لۆس ئەنجلۆسی عەرەب. شەکت بووین و گەڕاینەوە هوتێل.
ئەو هوتێلەی بۆمان گیرابوو هوتێلی (میلنیوم) بوو کە تهنیا وەزیر و سەرکردەکان روویان تێ دەکرد، کاتژمێر دەوروەبەر چواری ئێوارە بوو رێکخهری خولهکهمان هات و پێ گوتین کە سبەی کاتژمێر نۆی سەر لە بەیانی ئۆتۆمۆبیلی خولهکه دێ بە شوینتان بۆ هوتێل.. جا تکایە بەیانی کەس دوا نەکەوێ، سبەی هەر زوو لەخەو هەڵساین و چووینە خواردنگهی هوتێلەکە.. لەوێ نانی بەیانیمان خوارد و هێندهی نەبرد ئۆتۆمۆبیلی خولهکه هات بە شوینمان. دیار بوو ئەو جێگهیهی خولهکهمان تێدا دەبینی بڕێک لە هوتێلەکەوە دوور بوو بۆیە لە دیمهنه پێشکەوتووخوازەکەی (ئەبو زەبی) تێرمان خوارد بە راستیی ئاستی ماندووبوون و ئیشی بەرپرسانی ئەو وڵاتەی پێوە دیار بوو. هەر لە خولهکه پێش ئەوەی باسی هیچمان بۆ بکەن باسی ئیمارتیان بۆ کردین کە پێشتر چۆن بووە و چۆن لە دوای ساڵی (1996) ئەو پێشکەوتنەی بە خۆەوە بینیوە ههروا چۆن (شێخ زاید و شێخ محهمهد ئال مەکتوم) بە تراکتۆر و شوفەڵ و گەڵابە هەموو ئیماراتی کۆنیان فڕێ دایە ناو دەریاوە و ئیماراتی نوێیان پێکەوە نا و دایانمەزراند.. هەر له درێژهی ئهو باسهشدا باسیان لەوە دەکرد کە ئەو نەوتەی ئیمارات دەینێرێتە دەرەوە و ئەو هەموو کارەی پێ ئەنجام درا دەکاتە لە سەدا بیستی نەوتی کەرکوک نەک نەوتی ئێراق بەڵکو لە چاو نەوتی ئێراق دەکاتە لە سەدا نۆ...
لە ئیماراتدا هەر لە پای ئەوەی کاریش نەکەی بڕە پارەیەکی یارمەتی دەوڵەتت هەیە بۆ ئەوەی پێی بژی. یاخود خەرجی ئەو منداڵەت دەگرێتە ئەستۆ تاوەکو دەستی دار دەگری.. هاوڵاتییهکانی خۆێ بە بێ درامەت ناژیێنێ. ئەمە هەمووی لە بڕی پارەی نەوتی وەک گوتمان کە دەکاتە لە سەدا نۆی نهوتی ئێراق. هەرچی ئێوەن بەو هەموو زیادەیەش کە لە دوای رووخانی دکتاتۆرەوە رووی دا کە نامەوێ بڵێم چەندە بۆ ئەوەی بە دامرکاویی بمێنێتەوە هیشتا هاواری ئەوەتانە کە گوایە زۆرتان لە خەلکی دامەزراندوە کە نابێ ئەوەندە دابمەزرێ.. ئێ خۆ بێ دامەزراندن مافی خۆیانە لە ماڵەوە پاڵ بدەنەوە و خەرجی داهاتی کوردستانیان بە سەردا دابەش بکرێ کەچی ئەوان رازین خزمەتیشتان بکهن و ئێوە رازی نین بە خزمەتەکار رایانبگرن، ئەی قوڕی کوێ بکەن بە سەری خۆیاندا.. لەوانەیە ئەوە بە مێشکتانا بێ و بڵێن ئیمارات هەموو دانیشتوانی سێ یەکی کورد نابن. ئەی باشە خۆ له ئیمارات سێ ملیۆن بەس هیندی و پاکستانی و فلیپینی کار دهکهن.. هەر هەمووشی دۆلار لەو وڵاتەوە دەباتەوە بۆ وڵاتەکەی خۆی.. واته ئیمارات نەک بەس بە تهنیا هاوڵاتییهکانی خۆێ بەڵکو خەڵکانی وڵاتانی تریش دەژیێنێ.. کە دەکاتە سێ ئەوەندەی ئەوەی ئێوە داتانمەزراندوە و بۆڵەتان دێ لە دامەزراندنیان.
کوا کام لە لادێیهکانی کوردستان لە شێوازی تازە بنیات نراوه وەک ئەوان چۆن فوجیرەیان بنیات نا؟؟ ئێستاشی لە پاڵدا بێ ئەگەر چیلکە و دەوەنەکەی کوردستان نەبێ و خەڵکەکە چاوەڕوانی دەستی ئێوە بێ نەوتی زستانیان بۆ پەیدا کەن ئەوا لە سەرمادا دەمرن.. ئەوە کارەبا هەر باسی مەکەن ئێوە گازی ئەو (موهلید)انەتان پێ پەیدا نەکرێ کە (مولیدە)کان دەخاتە ئیشەوە نەک کارەباکەی.. ئێوە جادە قیرەکەی ناو کەرکوک که ئەمڕۆ دەیکەن و بەس بە تهنیا بارانَێ بەسە بۆ هەڵتەکاندنی و تێکدانی لە جاران خراپتر و خۆی بکوژێ تەمەنی درێژی ناگاتە مانگێک گەر بارانیش نەبێ. لە ئیماراتدا هەموو دەزانین کە وڵاتێکی لماوییه بۆیە بەردی بنیات لە یەمەنەوە دێنن و ئاوی خواردنەوە لە ئەوروپاوە و خۆڵی کشتوکاڵ لە لوبنانەوە و ئاوی ئاوهدانیی و کشتوکاڵیان لە سعودیەوە. ئەمە هەمووی بە پارە ئەنجام دەدرێ کەچی ئێوە لەم کوردستانی خێر و بێرە ئاو و بەرد و خۆڵە کە وڵاتانی تر بە حەسرەتیەوە دەمرن ئەوهش بارودۆخهکهیهتی که وێرانییه، ههر چاک بوو ئهوانەمان هەموو هەیە.. گەر وەکو وڵاتی ئیمارات لە دەرەوە بمانهێنایە ئەوا هەموو خەڵکی کوردستان ئێستا سواڵکەر بوون هەرچەندە ئێساش درێخییان نەکردووە.
|