په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٧\٤\٢٠١٤

    پێنج شیعری ئاشقانە لە سەردەمی ئەنفال.

فەرهاد مازێ

    توانەوە.
بارانی ئاسمانی روونت
تنۆک
تنۆک
دێنە خوارێ
بە سەر گۆپکەی شێوەی جوانت.
لەگەڵ ئەو بارانە
دەچمە کەناری سەر لێوەکانت.
دەمخۆیتەوە
دەچمە خوارێ
بۆ قووڵایی هەموو گیانت.
دەبم بە تۆ
تۆش دەبیە من.


   
سروودی ژیانم.
رۆژێ دەیان جار دەبمە گڕ
خۆمی سوتوو
دەسوتێنم،
دەیان جاریش
بەفر ئاسا
دەتوێمەوە،
بۆ ناو گیانی زەوی دەچم.
بە منداڵییش
تەنها جارێ
تریفەی مانگ
نەبووە ملوانکەی گەردەنم
ئاسۆی رۆژیش،
نەبووە خەندە و پێکەنینم.


   
بۆشاییەکی جێماو.
کە منداڵ بووم
منداڵێکی ئێجگار لاسار
بە دوای کۆتر و پاساری
بان بان دەمبڕی،
هەموو حەز و خۆشویستنم
دامرکاندنەوەی گیانم بوو.
کەچی ئێستا
لە ناو جوغزی بۆشاییدا
دەخولێمەوە و
دەتوێمەوە،
توانەوەم
هەر بە تەنها بۆ کۆترێکە
لەسەربانی حەزی مندا بنیشتەوە
واز لە شەقەی باڵی بێنێ و
لە ناو دڵما بتوێتەوە.


   
تەنیایی.
ئا ئەمشەوە
هەست و سۆزم تێکەڵ یەکبوون
غەریبی نێرگزی خۆمم کرد
لە پەنجەرەی ژووری تەنیام
بە قووڵایی سەرنجمدا
شەو بێدارە و
ئاسمان بێدەنگ و خامۆشە
لقە دارەکانیش
رووتن
سەما دەکەن
پێشوازیی لە گڤەی با و
رەهێڵە دەکەن،
منی نامۆش
لەگەڵ پێکی مەینەتیما
دەبێ شەوی درێژ شەق کەم
دەست لە ملی کازیوەکەم.


   
بوژانەوە.
توامەوە
بەفر ئاسا
بووم
بە رووبار،
لە ناخمەوە
دار تینووەکان چرۆیاندا
بوون
بە ئەستێرەی پەریزاد
ژیانەوە
سەد فەرهاد و
سەد شیرین خان.

 

ماڵپه‌ڕی فه‌‌رهاد مازێ

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک