٢٧\١١\٢٠١٦
پێنج و یەک،
دەربارەی دوا
پەیامی بارزانی!

عەبدوڵا ساڵح
دوا جار بارزانی هاتە دەنگ و پەیامێکی بڵاو کردەوە دەربارەی بارودۆخی
ئێستای کوردستان ، بەهەمان شێوەی پەیامەکانی پێشتری ئەوەی تێیدا نەبوبێ
"چارەسەری کێشەکانە"، ئەوەی تێشیدابوو سوڕانەوە بوو لە هەمان بازنە
داخراوەکەدا ، جیا لە تەعریفێکی سەیرو تەوهین ئامێز بۆ خۆپیشاندانەکانی
" زۆنی سەوز " کە گوایە ئەمە داسەپاندنی " ئیرهابی فیکری " یە بەسەر
خەڵکی ڕاپەڕیوی سلێمانیدا ئەمە ش بۆ خۆی دوو لێکدانەوەی بۆ دەکرێ،
یەکەمیان بێئرادەیی و سادەیی جەماوەر لە سلێمانی کەگوایە داردەستن
وئیرهابی فکریان بەسەردا سەپاوە ، دووەمیان هەڕەشە بە تێکشکانی ئەم "
ئیرهابە " !.
هەر دوای پەیامەکە دوو هێزە سەرەکیە ئیسلامیەکە ، کۆمەڵ و یەکگرتوو ،
بە هەلهەلە بەرەو بانگەوازەکە چوون ، شکیشم لەوەنیە یەکیەتیش دوابەدوای
ئەوان هەمان هەڵوێستی دەبێ بەو ئیعتبارەی هێزی دووەمە کە دەستی لە
خوڵقاندنی ئەم بارو دۆخەدا هەیەو بەدوای ڕێگا چارەیەکەوەیە تیایدا نە
شیش بسوتێ و نەکەباب ، کە بە دڵنیایەوە دواتر هەر کەباب دەسوتێ!
ئەگەرچی گۆڕان تا ئەم چرکە ساتە وەڵامی فەرمی پەیامەکەی نەداوەتەوە ،
بەڵام لەبەر ئەوەی کلیلی چارەسەری بارو دۆخەکە بەلای ئەوانەوە کارا
کردنەوەی پەرلەمان و پۆستی سەرۆکی هەرێمە بێشک قسەیەکی تازەتریان پێ
نابێ، بێئاگا لەوەی پەرلەمان کاتێک کاراش بوو پرسە گرنگەکان
لەدیوەخاندا باس دەکران و لێکۆڵینەوەیان بۆ دەکراو هەرگیز پەرلەمان
مەرجەع نەبوو!
چوار لایەنەکە هەر لە سەرەتای دەسپێکی نارەزایەتیە جەماوەریەکان تا
ئێستاشی لەگەڵ دابێ لە هەوڵی خۆ خزاندنە ناو ناڕەزایەتیەکان بوون
بەمەبەستی تەریک کردنەوەی پارتی و شکاندنی شانەکە لەسەری ئەودا لەلایەک
، وە لەلایەکی دیکە کۆنتڕۆڵ کردنی جڵەوی ناڕەزایەتیەکان و ڕێگری لە "
بەلاڕێ دابردنی " بە جۆرێک لە گەڵ بەرژەوەندی ئەوان نەیەتەوە.
لەواقیع دا ئەم پێنج لایەنە ، بەهەندێک جیاوازیەوە ، هەموو لەبەرەیەکدا
وەستاون بەرامبەر بەرەی جەماوەر ، هەر هەڵوێست و تاکتیکێک بگرنە بەر
دڵنیام لەبەرژەوەندی تەسکی حیزبەکانیان بەولاوەتر ناچێ ! هەر بۆیە
سەرکەوتنی بەرەی جەماوەر گرێدراوەتەوە بە بەردەوام بوون و پێداگری و
سووربوون لەسەر جێبەجێ کردنی داخوازیەکانیان و خۆ جیاکردنەوە لەم بەرە
پێنج قۆڵیە.
٢١\١١\٢٠١٦
a_salih١١@hotmail.com
|