په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

پەندەکانى دواى هەڵبژاردن.


ئاسۆعوسمان   

 

لەغیابى ئۆپۆزیسیۆندا میدیا سەربەخۆکانى کوردستان هەمیشە دەکەوتنە سەنگەرێکەوە کە وێنا دەکرا بەسەنگەرى ئۆپۆزیسیۆن بوون، ئەگەرچى ئەوە ئەرکى میدیاى ئازاد نەبوو کە ئەو رۆڵە ببینێت، بەڵام میدیا سەربەخۆکان رۆڵێکیان ئەدا کرد، سەرەنجام هۆشیاریى کۆمەڵگایى گەیاندە ئاستێک تابتوانێت لەهەناوى خۆیدا ئۆپۆزیسیۆنێکى کاریگەرو بزێو بهێنێتە نێو گۆڕەپانى سیاسییەوە. هەڵبژاردنەکانى25 تەمووز کۆتایى قۆناغێکى راگەیاند دەسەڵاتێکى شێواو و تێکەڵ و پێکەڵ لەرووى سیاسیى وئیدارییەوە بەڕێوەى دەبرد، دەسەڵاتێکی سەرەڕۆ تا ئەو ئاستەى ئامادە نەبوو بۆ هیچ بڕیارێک بگەڕێتـەوە بۆ راى جەماوەرو هەمیشە ئەم دەسەڵاتە کۆمەڵانى خەڵکى بەقەرزاربارى خۆی زانیوەو پێیوابوو دەبێت لەپێناوى جێبەجێکردنى هەر پڕۆژەیەکدا هەزاران جار مەتح وسەناو سووپاسگوزار بکرێت.


پێش25-7 دەسەڵاتەکانى یاسادان، جێبەجێکردن، دادوەریى، بەمیزاجى هەردوو مەکتەبى سیاسیى بەڕێوە دەبران، هەر هەنگاوێکى یاسایى یان جیبَەجێکردنى هەر پڕۆژەیەک ئەگەر میزاج ویستى ئەوانى لەسەر نەبووبێت جێبەجێ نەکراوە. ماوەى (19)ساڵە ئەم دەسەڵاتە بەبێ ئۆپۆزیسیۆن وبەبێ بوونى هێزێکى رکابەر هەر چییەکیان ویستبێت ئەنجامیانداوەو هیچکاتێکیش ترسى ئەوەیان نەبووە کەهێزێک هەبێت لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکات. پەرلەمانى کوردستان لەماوەى ئەم نۆزدە ساڵەدا نەک نەیتوانیوە تەنیایەک کاربەدەستى حکومى لەسەر کارەکەى دەربکات، بەپێچەوانەشەوە هەمیشە لەرێگاى ئەم دەزگا گرنگ وباڵایەوە شەرعیەتی بەکارە نایاساییەکانى دەسەڵات دراوە. ئەگەرچى ئێمە لەواقعى حاڵدا چەندین حزب یان رێکخراوى سیاسیمان هەیە بەڵام ئەوحزبانە لەچەپەوە بۆ نەتەوەى تادەگات بەئیسلامییەکانیش هەمیشە لەئاستى پارتى ویەکێتـى خۆیان، بەبراى بچووک زانیوەو بەبەشى خوارەوە رازیبون، پەیڕەونەکردنى سیاسەتى ئۆپۆزیسیۆن بوون لەلایەن ئەو حزبانەوە لەساڵانى رابردوودا زیانێکى زۆری گەیاندووە بەپرۆسەى سیاسیى لەهەرێمى کوردستان ولەگەڵ ئەوەشدا بەشێکیانى بەرەو لاوازبوون یاخود پووکانەوە بردووە. هەڵبژاردنەکانى25 تەمووزیش ئەو راستییەى پیشانداین، ئەو سیاسەتە بەزیانى خۆیان تەواوبووەو تەنیا یەکێتى وپارتى لێى سودمەندبوون، بەدەستنەهێنانى رێژەى (1%) دەنگەکان لەلایەن شەش حزبى چەپى هاوپەیمان لەنێو یەک لیستدا گەواهیدەرى ئەو راستییەى سەرەوەیە.


بێدەنگبوونى ئیسلامییەکانیش لەتێپەڕاندنى رەشنووسى دەستوورو بەشداریکردنیان لەحکومەتى پێشوودا زیانى لەقازانج زیاتربووە کەمبوونەوەى کورسییەکانیان لەپەرلەماندا هەردوو حزبى یەکگرتووى ئیسلامى، کۆمەڵى ئیسلامى گەیاندە ئەو باوەڕەى بەخۆیاندا بچنەوەو یەکەمین هەنگاویشیان لەوەدا بەرجەستەبوو بەشداریى لەحکومەتدا نەکەن وهەڵەى پێشوویان دووبارەنەکەنەوە، ئەو فاکتەرەى هانى ئیسلامییەکانى داوە بۆ ئەم هەنگاوە پێویستەوگرنگە، سەرکەوتنى گەورەى لیستى گۆڕان بوو کەتوانى بەماوەیەکى کورت بەهۆى رەخنەى توندەکانى و رەتکردنەوەى دەستوورو ئاشکراکردنى خاڵە لاوازەکانى دەسەڵات بێ سڵکردنەوە لەهەڕەشەکانى پارتى و یەکیـَتى لەم پەڕلەمانە نوێیەدا " 25" کورسى بۆخۆى مسۆگەر بکات ودەنگە ناڕازییەکان لەخۆى کۆبکاتەوە. ئەگەرچى هێشتا زوو بۆ ئەوەى دڵنیابین ئیسلامییەکان بەهەڵەکانى پێشوویاندا دەچنەوە بەڵام ئەوەى لەئێستادا پێویستەو گرنگە هەنگاوێکى بوێرانەى بۆبنرێت لەلایەن ئیسلامییەکانەوە پێشنیازکردنى هەموارکردنەوەى رەشنووسى دەستوورە، هەڵگرتنى هەنگاوێکى لەمجۆرە یارمەتیدەرێکى باش دەبێت بۆ تێپەڕاندنى ئەو شکستەى تۆماریان کردووە، لەگەڵ ئەوەى ئیسلامییەکان لەهەوڵى خۆسازدانەوەو بەخۆداچوونەوەن بۆئەوەى لەهەڵبژاردنەکانى ئەنجومەنى پارێزگاکان وپەرلەمانى عێراقدا قەرەبووى زیانەکانیان بکەنەوە.


کەچى بەپێچەوانەوە چەپەکان وەک ئەوەى نە"با"یان دیبێت نەباران، مێش لایان میوان نییەو هەر لەسەرەتاى ئاشکرابوونى دەرەنجامە سەرەتاییەکان پێشوازییان لەشێوازى بەڕێوەچوونى هەڵبژاردنەکان کردو تەنانەت تانەشیان لەدەرەنجامە سەرەتاییەکان نەداو بەپرۆسەیەکى سەرکەوتوویان ئەژمارکرد! هەر لەئێستاشەوە خەریکى موجامەلەى پارتین بۆئەوەى لەحکومەتى داهاتوودا بەشدارییان پێبکات، لەم پێناوەشدا هەریەک لەحزبى شیوعى وزەحمەتکێشانى- باڵى مەکتەبى سیاسیى لەچاوەڕوانى دادوەریى پارتیدان بۆئەوەى شیوعى لەپەرلەمان بێت و لەبەرامبەریشدا پۆستێکى وەزاریى لەسەرحسابى کورسییەکەى حزبى شیوعى بدرێتە ئەو باڵە جیابووەوەى زەحمەتکێشان.


زۆر رەشبینم و لەوبڕوایەشدانیم ئەم حزبە چەپانە بەخۆیاندا بچنەوەو پەند لەم هەڵبژاردنە وەربگرن کە دۆڕاویی یەکەمن، بەخۆدانەچوونەوەیان بەئاڕاستەی قەیرانێکى قووڵتر لەوەى ئێستایان دەبات کەوەک چاوەڕێ دەکرێت بەلێکترازانى ئەو حزبانە کۆتاییان پێبێت وجارێکی ترو بۆدەورانێکی تر بزووتنەوەى چەپ دوور دەخرێتەوە لەسەر شانۆى سیاسەت لەکوردستاندا. بەدەستهێنانى نزیکەى 40 کورسى لەلایەن لیستەکانى ئۆپۆزیسیۆنەوە سەرەتاى زەنگێک بوو بۆ دەسەڵاتى پارتى و یەکێتى کە ماوەى نۆزدە ساڵە دەسەڵاتیان بەدەستەوەیە ئامادەنین چاکسازیى لەخۆیاندا بکەن، لەگەڵ ئەوەى ئێستا بەشێکى زۆرى کورسییەکانیان لەدەستداوە، بەڵام ئاماژەکان ئەوەمان پیشان دەدەن دەسەڵات ئامادەى بەخۆداچوونەوە نییەو سوچى گوناهەکانیش ناخاتە ئەستۆى خۆى، لەوانەش کۆمیدیتر ئەوەیە کەوتوونەتە نانبڕین وسوێندانى ئەندامان ولایەنگران ومووچەخۆرانیان رازیش نین دان بەشکستەکانیاندا بنێن و بیرێک لەهەڵە گەورەو گەندەڵییە زۆرو زەوەندەکانیان بکەنەوە. وەک خۆم هیچ ئومێدێکم نییە بەو هەنگاوانەى ئێستا دەنرێت بۆ چاکسازیى بەتایبەت لەدەڤەرى سلێمانى کەدەسەڵاتەکەى دان بەدۆڕاویى خۆیاندا نانێت، لەباتى ماڵئاوایى لەپۆستەکانیان بکەن داوا لەخەڵک دەکەن پۆستەکان چۆڵبکەن، ئەم هەڵسوکەوتەى یەکێتى هاوشێوەى رەفتارەکانى فرانکۆی دیکتاتۆری ئیسپانیایە. کاتێک خەڵک دێن بەچەپڵە لەپێش کۆشکەکەی لەدەسەڵاتی بخەن، خێزانەکەی لە خەو بەخەبەری دێنێ و پێیدەڵێت: فرانکۆ هەستە، گەل هاتووە خواحافیزیت لێبکەن، فرانکۆش دەپرسێت:بۆ؟ بۆ کوێ دەچن؟!.

 

 


Lawa_0@hotmail.com