په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

پەنهانیی و نادیاریی پەیامەکان ؟!!


تاریق نامیق حەسەن


ئەگەر بەتەواوی شیعرەکەى شاعیرمان لەبەردەست نەبوایە دەمگوت دەڵێی دەیزانی پاش ئەو هەموو ساڵە بارودۆخ چۆن دەبێ لامان کە دەڵێ " بێرە کوردستان عەزیزم گەر تۆ سەیرانت دەوێ " هەڵبەتە سەیران هەندێ جار بۆ سەیر و سەمەرەش بەکار دی لەناو عاما.


سەیرو سەمەرەیە میللەتێکی وەکو کورد کە ئەو هەمو قوربانی و باجەی دابێ و خۆی بە دەستی خۆی یاری بە موقەدەراتی خۆی بکات .

قوربانی و شەهیدی بێ شومار ،
بەندیخانەو ئازار و ئەشکەنجە ،
کۆڕەو ، برسێتی ، دەربەدەری،

لەگەڵ هەموو ئەمانە
پشتگیری نێودەوڵەتی و
پتر لە هه‌ڤده‌ ساڵ ئازادى و ئەزموون


هێشتا پەیامێکی دڵخۆشکەر لە بوارەکانی کارکردن نابینرێ و ئەمەش ئەنجامەکەیەتی .


بێ پەیامی و نادیاری پەیامەکان دەردێکی کوشندەیە ، لەناوبەرە واتاکەشی نەبوونی هەموو شتێکە .


ئێمە دەبا بەردەوام لەپەروەردەکردن و بەهیزکردنی نەوەکان بووینایە ، کەچی لەهیچ بوارێکی کار پەیاممان نییە .


زۆر دڵتەنگ بووم کە لەیەکێ لە فەرمانگەکان خەلکی ڕژابوونە سەر یەک ، پرسیم ئەوە چی بووە ؟


کارەکە ئاسان بوو ، بەڵام وەڵام ئەوە بوِ کە ئەم کارمەندە نوێیە و شتێکی ئەوتۆی لێ نازانێ ، باشە دەبێ ئەم فەرمانگەیە هەر ئیستا دامەزرابێ و شتێکی تازە بێ وا هیچی لێ نازانێ و کەسێکیش نەبێ فێری بکات ؟؟!!.

مشتومڕ و گوێ مەدەرێ و گوێ دەدەمیێ نێوان دوو فەرمانبەری هاوکاری یەکترم بەر گوێ کەوت لە دەزگایەک کە دەکەوێتە باشوری شاری هەولێر، دوای بۆم دەرکەوت کە یەکێ لە بەرپرسی بەشەکان لەم کارمەندە چۆتە قین و دەڵێ خوا یەکە و نەبووە بە دوو نەقڵم کردوە و نابێ لێرە بمێنێ ئەگەر هەموو عالەم لێرە کاریان پەکی بکەوێ ، تەنها لەبەر ئەوەی چارەیی خۆش ناوێ و حەزی خۆی وایە .

ئەمە لەسەر ئاستی تاکەکان با لەسەر ئاستی گشتی دیمەنێکی تری ئەم نەگبەتییەتان بۆ باس کەم ، هەندێ لە کەناڵەکانی ئاسمانی تەلەفزیۆنی کەسانێک بەرپرسێتییان هەیە کە باوەڕیان تەنها بە لۆژیکی " دەوڵەمەندبوونی بە پەلە و خێرا و کێ لە پێشت ڕاوەستا ڕایماڵەیە و بەرژەوەندی گشتی بە وشەش لە لایان بوونی نییە و قبوڵ ناکرێ " ، لە زۆربەشیان بانێکەو دوو هەوا لە پێناو پارە کۆکردنەوە ی بێ بنەما ، ئەوەتا هەندێکیان لەلایەکەوە دەڵێن " بە باڵای حەوت کوڕم و لەلایەکەوە دەڵێن بە وجاخی کوێرم "، هەندێ جار دادەبەزنە سەر مالکی و جابری و جەعفەری هەر پاش چەند خولەکێک ڕیکڵام بۆ عەرەبچێتی و عروبە دەکەن زیاتر لەوان تۆ بڵێی بەشەکانیشیان ئاگایان لەیەک نەبێ یان ئەوەتا هەرکەس لە بەشی خۆی نان بەشێوەیەک پەیدا دەکات ، ئەو پرسیارەی لێم ئاڵاوە و بەرۆکم بەرنادا ئەوەیە کە ئایا دەبێ لەم وڵاتە کەسێک ئاگای لەمانە نەبێ کە بەمیزاج ڕەفتار و مامەڵە بەچارەنووسی میللەتێک دەکەن ئەمانە کامە پەیامیانە؟! .


کات بەسەرچوو بەڵام باهەر بپرسین نەوەکان کام پەیامیان بینیوە ؟ دوا ڕۆژ ئەوان چۆن وڵات لەپاش ئێمەی بێ پەیام بەڕێ دەکەن ؟.


من نامەوێ قوڵتر بڕۆم بەڵام دەڵێم ئیمە گەلێکین لە هەموان زیاتر پێویستمان بە پەیامە لە کارەکانمان با ئەوەش لە بیر نەکەین کە " بێ پەیامی واتای بێ ئاکامی و بێ ئەنجامی دەگەیێنێ " .


دڵنیاش بن لەسەر ئاستی تاکە کەسیش مێژوو وەک خۆی دەنوسرێتەوە و پێویستی بە کەسیش نییە نییەت لە نووسینی بێنێ .
 

 

tariqnamiq@yahoo.com