١٠\١١\٢٠١٦
پەپوولە مۆرەکان.

سمکۆ ئەحمەد
من له بارانەکەی
ئاسمان بێزار بووم
ئێستا تەنها به بارانی ناخم تەڕ دەبم
گوڵەکانی دەشتی سنگم مۆرن هەر لە پەپوولەکانی باخەکەی دایکم دەچن
من دەمێکه لەبەر لیزمەی بارانێکا هێدی هێدی نەڕۆشتووم
من خەریکە نەک سیمای پەپووله مۆرەکان بەڵکۆ سیمای دایکیشمم له بیر
دەچێتەوه
له سنگم مەڕوانە کە پێ دەچی له گؤشت و خوین دروستکرابێ
گەر سنگم بکەیتەوه له نێویدا دەشتێکی پان و بەرین هەیه
پڕن له پەپووله مۆرەکان
له داره شۆرەکان
که هەردەم کڕنۆش دەبەن
هەر یەکەو حکایەتێکیان لایه
جیهانەکەی سنگی من له شاره هەنگ دەچێ
شیللەی تاڵ و شیرینیشی تیدایه
زۆر له کچه سەرخۆشەکانی تۆکیۆ حەز دەکەن لەسەر سنگمدا بژین
شیللەی هەنگوینەکان بخۆن
بەس نازانن گەر درزێك ببێته سنگم ون دەبن له دەشتی کاکی به کاکی
که پڕن له و خەونانەی که ئەوان هەرگیز لێی تێناگەن.
پڕن له بلیتی دڕاوی سینەما دلشاد
له تەوقه شکاوەکانی دایکم
پڕن له کۆتری تەرەی ئێرانی
ترساو له ئاسمانی جەنگ
پڕن له گۆرانی تەواونەکراو
له تابلۆی رەنگ نەکراو
ئەو کچە سەرخۆشانەی که تەنها خەندەکانی من دەلێسنەوه
و فرمێسکەکانم نابینن
نازانن چی له نێو جانتای سنگمدا هەیه؟
پەپووله مۆرەکان دەکەنه تەوقه بۆ قژیان.
٢٠١٢
- تۆکیۆ
ماڵپهڕی سمکۆ ئهحمهد
|