١٩\٣\٢٠١٥
چیرۆک بۆ منداڵان:
پەپوولە و
گوڵەباخ.

رەزا ساڵح
لە
باشووری کوردستاندا، لە شاری هەڵەبجەی قەشەنگ و جواندا، لە باخ و
سەیرانگای گوڵانی رەنگیندا، لە سەرەتای مانگی ئاداری ساڵی ( ١٩٨٨)دا،
پەپوولەیەکی بچکۆلە و خونچە گوڵەباخێک، لە رۆژێکدا لە دایک بوون ..
بەرە بەرە گەورە بون .. پەپوولە بچکۆلەکە،لە ناو باخی گوڵاندا دەستی بە
فڕین و گەڕان کرد .. چاوی بە خونچە گوڵەباخە جوانەکە کەوت .. کە خرپن
ببوو، رەنگە پەمەییەکەیبۆنێکی زۆر خۆشی لێوەدەهات .. پەپوولە
بچکۆلەکەلە بەردەم خونچە گوڵەباخەکەدا نیشتەوە .. هۆگری جوانی و بۆنە
خۆشەکەی بوو .. خونچەگوڵەباخەکەش بە رەنگینی و نەرم و نیانی پەپوولە
بچکۆلەکە سەرسام بوو .. بوون بە دوو هاوڕێی دڵسۆزی گیانی بە گیانی و،
بەبێ یەکتری هەڵیان ناکرد .. رۆژ لە دوای گەورەتر و جوانتر و رەنگینتر
دەبوون .. پەپوولەکە لە گەڵ گەورەبوونیدا رەنگەکانی زیاتر دەکرانەوەو
نەخشینتر دەبوو .. خونچە گوڵەباخەکەش دەمی کردەوە و، بوو بە شکۆفەیەکی
رەنگ گەشتر و جوانتر بۆنخۆشتر .. بۆنێکی خۆشتری بە دەوروبەرەکەی
دەبەخشی.
هاوڕێتی نێوان پەپوولەکە و گوڵەباخەکە تا دەهات خۆشتر دەبوو .
هەموو باڵندەکان و هەنگەکان و دار و درەختەکانی باخی گوڵان بە هاوڕێتی
نێوان پەپوولەکە و گوڵەباخەکەیان زانێ.
چۆلەکەیەکی شاعیریش، ئەم هۆنراوەیەی بۆ ئەو هاوڕێتییە پاکەی نێوان
پەپوولەکە و گوڵەباخەکە دانا .. بولبولێکی جوان و دەنگخۆشیش، ئاوازی بۆ
هۆنراوەکەی دانا و، کردی بە گۆرانی و، هەموو رۆژێک لەسەر لقی دار
هەرمێیەکی بەرزدا، گۆرانییەکەی دەچڕی:
لە باخـی گـــــوڵانی رەنــگین
باخـی هەڵەبجـــــەی شــیرین
پەپــــــوولەیەکی نەخشـــــین
باڵەکەکـانی سوور و شـــــین
لەگەڵ گـــــوڵە باخێـــــــــکدا
بێ وێـــــــنە لە جوانیــــــــدا
بەستـیان پەیمـــــانی پیــرۆز
بوون بە دوو هاوڕێی دڵسۆز
دوو هاوڕێی دڵـپاک و جـوان
بە خۆشـی و شــادی دەژیـان
چیرۆکــیان بوو بە داســــتان
بە گــــۆرانی و بە حەیــــران
لە رۆژی ( ١٦/٣ / ١٩٨٨) دا، لە دەوروبەری کاتژمێری یانزەی نیوەڕۆدا،
پەپوولەکە و گوڵەباخەکە، باسی نیاز و رازی خۆیان بۆ یەکتری دەگێڕایەوە
.. لەم کاتەدا چەند فرۆکەیەکی رژێمی بەعسی دڕندە و رەگەزپەرستی عێراق ،
بێ بەزەییانە شاری هەڵەبجەی جوانیان بە ژەهری کیمیاوی بۆردوومان کرد ..
چەند پەڵە دووکەڵێکی ژەهراوی بەری ئاسمانی هەڵەبجەیان گرت .. پەڵە
دووکەڵێکیان ئاسمانی باخی گوڵانی پۆشی .. باڵندەکان لە قیژە قیژ و لە
جریوەجریو و لە خوێندن کەوتن .. هەنگەکان گێژبوون و کەوتن .. بە دەیان
باڵندە و بە هەزاران هەنگکەوتنە بن دارەکانی باخی گوڵان و شەهیدبوون ..
پەپوولەکەش هەناسەی لێبڕاو شەهید بوو .. گوڵەباخەکەش ملی لارەوەبوو ..
هەموو پەلکە جوانەکانی وەرین وکەوتنە سەر لاشەی پەپوولەکەی هاوڕێی ..
ئەمیش شەهید .. پەپوولەکە و گوڵەباخەکە، پیکەوە لە دایک بوون و، پێکەوە
ژیان و، پێکەوەش شەهیدبوون .. بەڵام چیرۆکی دڵسۆزی و هاوڕێتی پاکیان،
لە یاد نەکراوە ..تا ئەمڕۆش،دەیگێڕنەوە و .. دەیگێڕنەوە.
٧\٣\٢٠١٥
- نەرویج
ماڵپهڕی رهزا
ساڵح
|