په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٧\٩\٢٠٢٦

   پەپوولەی پایز.

سۆران محەمەد

لەسەر ڕێگای کۆچ
نەتزانی کە شەو...
ئەستێرەی کاروان کوژە
لە ئاسمانتا هەڵدێنێ،
فریوی هاتنی سپێدەت
تیا دەچێنێ،
ئیدی ئاوها....
کاتەکان دەشێوێنێ؛
کەچی وا شەو
هەر بەڕێوەیەو دوماهیی نایە!
ئاوڕێ بەسە
بۆ سەرشانی چەپ
کاتێ دەڕوانی،
شەپۆلی تینوو هەڵت دەلوشێ،
هەتا چاو بڕ کا،
جگە لە تراویلکە، چ کەس نابینی
ئاوها شوێنەکان
تێکەڵاو دەبن
ڕێت لێ تێکدەچێ.
*
لە چرکە ساتی خەوەنوچکەیا،
دەنکێ گومان
دەخزێتە نێو ناخ،
تا بە قووڵایی گیانا ڕۆدەچێ،
گەورەو گەورەتر
تا دەبێتە شا؛
لەسەر تەپۆڵکەی بیر
جێگیر دەبێ.
پاشتر چاوەکان
ئاوەژوو دەکا
لە کەلـلەی سەردا؛
کازیوەی بەیان،
بە گزنگی شەفەق!
پێتنیشان دەدا.
کەچی ئەمێستاش
بۆ ئەو قەوارە گچکەیەی خەمان
بای ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا
یەکن،
گەڵاڕێزانان
یاری بە گوڵی
        وشك هەڵاتووی،
             تاڵیشك دەکەن...
*
لە گچکەڵانی،
یاریمان پێ دەکرد،
ناومان لێ نابوو:
پەپوولەی پایز...
بەسەوزی گەش و
لێ، کە وشك بوو،
ڕەشەبا هات و
دوور ڕاپێچی دا..
*
کاتێک گەورە بووین،
ئەوسا زانیمان
سەوداسەریی ژین چ کارەساتە...؟
گەردەلوول دێنێ و
لەگەڵ خۆی دەیبا،
خەڵکیش دەیکەنە
سیمبوڵی پایز.
*
تیل نیگایە ... بۆ
سایەی ڕۆژەکان...
ئەو چوارچێوانە
وردوخاش بکە،
کە ساڵانێکە
وێنەکان تیایدا
بە دیل گیراون.
ئەو دەرگایانە لەبن دەربێنە
کلیلەکانیان
لە گۆمی گومان
بزر کراون.
*
ئەو تارماییانە
شوێنەوارێ نین
جگە لە تەمی ئۆقرە نەگرتوو؛
لەسەر پێڵوەکان-
پاسەوانی ترسن
قنج ڕاوەستاون.
زنجیری وەهمیان
لەگەردنی ژین
توند گیر کراون.
*
تا لە ناخەکان
ترس بچێنێن.
کەچی لەولاوە
کەمتیار، کەڵبە سوور
لەبەر چاوانیان هاتوچۆ دەکەن،
لێ، لەگەڵ بادا
فوو لە پەپوولەی
پایزان دەکەن،
هەتاکو زیاتر لەیەك بترازێن،
پەرش و بڵاوتر
        لە ناو قووڵایی
               ونبوون بساكێن.

 

ماڵپه‌ڕی سۆران محەمەد

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک