١٣\٩\٢٠١٧
پەراوێز
(١).

نەژاد عەزیز
سورمێ
بەشی یەکەم
(١) تنۆکێکە
تنۆکێ فرمێسکی ناکام؛
ماسی مەلەی تێدا دەکەن
چرا دەچنەوە باڵ یەکتر.
شاعیر ڕەنگەکان ون دەکا..
تنۆکێ فرمێسکی ناکام؛
بیابانیش تینوویێتی خۆی پێ دەشکێنێ..
(٢) ئێمە مرۆڤی ھەتاوین
خەڵاتمان کفنە
چوار ھەزار و پێنج سەد ساڵە
کفنمان زەرد ھەڵناگەڕێ..
با بەسەر لاشەی بێ گیانی شەوی دادەین،
کێڵ بینەوە.
- دیسان؟
- دیسان.
- لە نووکەوە؟
- لەنووکەوە..!
(٣) ماوی؟
- ماوم.
یەکەم جار نییە ڕەشەبا
سێبەری بەفر لوول بدا..
بە نەشئەی تاسانمان دەژین
نابین بە بارانی ناوەخت..
(٤) جارێکی تر ھاتەوە بەر پەنجەرەکەم..
لەوەتەی لێک دابڕاوین،
لێم ناگەڕێ!!
ھەموو شەوێ، مۆمێکی بەدەستەوەیە
لە پەنجەرەڕا
شیعرپژێنی ژوورەکەم دەکا.
(٥) حەقیقەتێکی لە نێرگز ون بووی
ئاگر و بەفری ناو دڵی مێژووی
نە ئاگر بەفر دەتوێنێتەوە.
نە بەفر ئاگر دەکوژێنێتەوە.
نیسانی
١٩٨٦
ماڵپەڕی
نەژاد عەزیز سورمێ
|