١٨\٩\٢٠١٧
پەراوێز
(٢).

نەژاد عەزیز
سورمێ
بەشی دووەم
(١) گەڵای سەوز
لە قەدی میدۆزدا بوو بە بەرد.
کێ توانی
وەک گەڵای ناوقەدی کتێبێک
بچێتە قەدی مێژووەوە ؟
کە ھاتی سەوزە بووی
نەھاتبای چاتر بوو !
(٢) خەونی دی !
مێشکی پەرتی سەردەم بوو ،
لە ھەموو خەرمانێ بارووتی..
خەونی دی ؛
سینەی ڕووت و دادڕاوی
بەر لێزمەی تەزرەبوو ..
خەونی دی ؛
مەلەی لە نێو کادا دەکرد.
(٣) ڕۆیی و وتی :
لە تەنکاوان نامێنمەوە..
ھەموو ئاشنای شەپۆلانین
ھەموو ئاشنای مێژووماڵکی کەڵەکانین .
ڕۆیی و وتی و نەھاتەوە ..
(٤) فاندۆم ، نە باران بوو ، نە گوڵەگەنم
بۆ مۆزەخانەیش دەستی نەدەدا مامۆستا (کۆربێ) !
فاندۆم کۆتەڵێک بوو ، لەگەڵ نووچداندا ڕاقەنا.
(٥) کێ تاڵاوی خوارد؟
کێ تاڵاوی خخو ؟؟
کێ تاڵاو..؟؟؟
کێ تاڵ..؟؟؟؟
کێ ت..؟؟؟؟؟
کـ....؟؟؟؟؟؟
(٦) تا لێی بڕا سەمای بۆ تارماییەکان کرد..
تا تێی دابوو ، بانگی ڕاھێشت :
چۆلەکەیش بە قسە ھاتن .
تا تێی دابوو ..
(٧) نەوای ھێشووە بزڕکاوەکان
بوو بە نوورێ
ھێزی لە خۆر و مانگ بڕی
گیا و گوڵی ھێنا
بەسەر چاک و خراپ دا باری
نەوای ھێشوە بزڕکاوەکان
لە تەمی ڕۆژگاردا ون بوو...
(٨) پاساری گەڵایان ھەڵوەری..
درەخت پەڕ کران..
شەو چرای ڕۆژتە ، پەنای چی ؟
گیانەڵای ناختە ، ھانای چی؟!
(٩) ئۆسنابرۆک ، شارە گوندێک بوو
بە ھەزاران منداڵی بۆ شەڕ پێگەیاند
لە دواییشدا یەکێک لەو ھەزار زیلە؛
وتی: بۆ ؟
ئێستا ئۆسنابرۆک بەو مێردمنداڵە دەناسرێتەوە ..
ئێستا ئۆسنابرۆک لە شەرمان دەدرەوشێتەوە..
(١٠) دیسان باران دایکردبوو
لە تەنتنەی تەنیاییدا ؛
نوزەی دەھات :
تۆ ئاسمانی ..
تۆ بەیانی ..
تۆ گونجانی ناو ڕۆژگاری نەگونجانی .
(١١) دوکەڵکێشەکان خامۆش بوون.
ھەوا ھەناسەبڕ کرابوو..
لەو دوورەڕا چۆن بزانم
گوندییەکان نووستوون یا بێدار..؟
(١٢) شاملو
شاعیرێکی ئەم جیھانی ( سێیەمە ! )
ڕۆژێ لە ڕۆژان وتی:
(( ئەگەر سپی دارەکەم چرۆ دەرکا ،
باڵندە ڕەشەکە ھەڵدەفڕێ
ئەگەر باڵندە ڕەشەکەیش بڕوا ،
سپی دارم چرۆ دەکا..))
(١٣) فێربووە وەختێ پڕ دەبێ
تێ ھەڵکا ستران و لاوکان بچڕێ..
تۆ ئیستا دەبینی لاوک و سترانمان لە خۆمان زۆرترن.
(١٤) ئەدرەسم ھێشتاکە
ئەدرەسی جارانە:
بناوانی ڕەشەبا
ئەو دیو ڕۆژھەڵاتی مردن.
١٩٨٨
-
١٩٨٩
ماڵپەڕی
نەژاد عەزیز سورمێ
|