٤\٢\٢٠١٧
پەراوێزێک بۆ نیشاپور.
نەژاد عەزیز
سورمێ
''پێم سەیرە بەرەو
کانییەکەی تۆ دێم، تینووشم نییە..''.
(ئۆشۆ).
١
ئەو جوانییە مەگەر لە بەھەشت
یا لە گڕی شەرابدا ببینی.
منداڵیی چیایان
نگینە بە شەوقەکانی باران
خەمی بێ سەرچاوە .. نادیار
لە خەون زیاتری پێ نەبەخشین
خەون و خەون و خەون
پەنجەی پێ لە قژ ناین
سەیری بەسەرھاتی مروارییان بکەین..
ھەموو شتەکان
لە دەوری چرای تۆدا کۆ دەبنەوە
سوپاس بۆ مەداری یەکتاییت
سوپاس بۆ کولتووری ئاوەدان.
٢
کۆڵانە بە ترسەکان،
خەوی لە چاو زڕاندین ..
من ئەوم ئەو من
لە سەرابی بیاباندا ،
گوێم لە ترپەی پێی ھەورە
لە سەدای ئەو ڕەنگانەیە
مەرگی دواخراو سیمای پێوە نەھێشتوون .
پۆلیسەکانی ڕێی زمان ،
لە ڕووباری ھەستدا مەلە دەکەن ..
نوختە ،
فاریزە ،
نیشانەی پرسیار ،
کەوانە ،
تەقەڵ ،
نیشانەی سەرسوڕمان ،
نەمبینی ڕۆژێ یەکێکیان
لە ڕاست دارستانی چڕی نھێنیدا بخنکێ ..
٣
کۆڵانەکان بنبەستن ئەی دڵ !
نەژاد جەژنیەتی
جەژنیەتی نەژاد ...
سوپاس بۆ تۆ !
بۆ چاوەکانت ،
بۆ ترس ،
بۆ ئۆقیانووسی حەقیقەت
کانگەی دوڕ و ھاوڕێی دڵئاوای ڕۆح .
٤
تازە سێوی ناسیبوو
نیشاپور بەردی سیزیفی لە کۆڵ نا..
بوارە
با ئیتر گوڵەکانی خەڵوەتگا بگەشێنەوە ..
سوپای سپیپۆش بێتەوە مەیدان..
٥
کاژی دڵ دەروێشی شـێت کردوون ..
پەیکانی جوانی ئاودەنگی ڕێگایە ..
٦
چاومان بەشی جیھانبینیمان ناکا..
وەرە پەروانە باڵ ماندووەکانی پەرستگا
بفڕێنە ..
ئاگرت بکەوە !
حاڵیم کە من چیم ؟
فرمێسکی شکانەوە !
(سندووقی ڕەش)ی باوبۆران!
ئابی
٢٠١١
ماڵپەڕی
نەژاد عەزیز سورمێ
|