٣\٥\٢٠٢٥
پەراوێزی نۆیەمینی
تێکست.

نەژاد عەزیز سورمێ
بەیانی (روانگە) - لەگەڵ پارێزەروەرگرتنیشم لە بەرابەر هەندێ لەو
بۆچوونانەی تێیدا هاتن، کە هەندێکیان بۆنی سیاسەتی ڕووتیان لێ دەهات،
بە پاشخانێکی پێش ڕێکەوتننامەی ئازاری ١٩٧٠. بەڵام لە هەلومەرجی لەباری
بەگوێرەی ئەوسای ئەو ڕێککەوتنامەیە هێنابووینە دی، سەرەتای ئاو لێ
بەردانی ئەو گۆمە وەستاوە بوو، کە زۆری نەمابوو، تا بەخۆی ڕادەگا،
دەوروبەریش بتەنێتەوە!!
روانگە، باوەکو لە وەختی خۆیشیدا دانوستان و حەفت و هەشتی زۆری لەسەر
کرابێ کە پێموایە ئەمەش یەکێک بوو لە نیشانە دیارەکانی، لەوەی پێش
هەموو شتێک کولتووری کوردی لە قۆناغی مەسەلە سەلمێندراو و بەڵگەنەویست
و دەق گرتوودا، بەرەو ئاسۆی پێداچوونەوە و گفتوگۆ و دیاریکردنی نوختە
لاوازەکانەوە برد، ناڵێم (ڕەخنە) چونکە ئەگەر کایەیەکی ڕەخنەیی پێوە
ببینرایە بە هەموو ئەو مانایە مەعریفیانە و ڕەهەندە فەلسەفیانەی لە
ڕەخنەی جیددیدا دەخوێندرێنەوە (ڕەخنە وەک داهێنان) بارودۆخێکی وای
دەخووڵقاند وەک زۆر کۆمەڵە و قوتابخانەکان بە تایبەتی پاشی هەردوو
جەنگی جیهانی لە ئەورووپا سەریان هەڵدا و خووڵقاندیان دەردەکەوت..
لێ چونکە لە دوایدا مۆرکی لاسایی کردنەوەی لاسییکارانی پێدا ڕوون
بووەوە, (مەبەستیشم گۆڤاری (شعر ٦٩)یە کە لە بنەڕەتدا چاولێکەری گۆڤاری
- الشعر -ی لوبنانی بوو کە بە کۆششی -یوسف الخال- و ژمارەیەک لە شاعیرە
نوێخوازەکانی عەرەبەوە بڵاو دەکرایەوە).
روانگە لەو پەیوەست بوونەدا ئەگەرچی تا ڕادەیەک گۆمەکەشی شلەقاندبێ
بەڵام نەگەیشتە ئەوەی لە وتارێکی جیاوازدا بەردەوام بێ، یاخود وتارێکی
ڕەخنەیی بەرپا بکا کایە مەعریفیەکان بگرێتەوە، وەک ئەوەی عەرەبەکان
سەرەڕای لاسایی کردنەوەشیان لە گۆڤاری (شعر ٦٩)دا و پاشانیش هاوتەریب
لە بڵاوکراوە ئەدەبییەکانی ئەوسای خۆیاندا نواندیان..
هەرچی چۆنێکە فەزای ڕێکەوتننامەی ئازاری ١٩٧٠ ، کە یەکەمین دانپێدانانی
ڕەسمییە لە دەوڵەتی عێراق بە کورد و کێشەکەی، لەگەڵ ئەو ئیرادانەی
باسیشمان کردن، روانگە لەچاو وەختی خۆی ترووسکاییەک بوو، ئەگەر کزیش
بووبێ، بەڵام ترووسکایی بوو..
کەچی (ڕاپەڕین)، لەگەڵ مەودا پاشڤەبڕەکانیشییەوە بە زۆر مانایان
وەرچەرخانێکی دیارە لە ڕەوتی مێژووییمان، جێی داخە تا ئێستا ئەوەی
پێیان دەگووترێ دەسبژێر شتێکی بەقەد سەردەم و هەلومەرجی سەردەمیان
نەخوولقاند بە قەد روانگە دەنگی دابێتەوە..
ڕاستە هەندێ ڕەوت پاش ڕاپەڕین لەم لا و لەولا هاتنە گۆڕێ، بەڵام بە
جیاوازی سەردەم و زەوینەی لەبار ئەوەندەی (ڕوانگە)یان پێ نەکرا،
هەندێکیان هەر لەگەڵ سەرهەڵدانیان ئاماژەی پووکانەوەیان پێوە دەدیترا،
کە هەر وایش دەرچوو.
ئەمڕۆ رۆشنبیریمان بە داخەوە لە قاوخی خیتابی تاکلانییەوە دەرنەچووە کە
لەمەشدا زیاتر بە بازاڕی عەرز و تەڵەبەوە پەیوەستە لەکاتێکدا (روانگە)
بە ئامرازی زۆر دواکەوتوویشەوە لەگەڵ پەیوەستبوونی بە کولتووری تریشەوە
توانی چەند زەوییەکی بەردراو بکێڵێتەوە..
ئەمەش ڕاستیی لەسەرکردنەوەی ڕوانگە نییە بەقەد ئەوەی وەبیرهێنانەوەیەکی
تاڵە لە سەردەمێکی تێکەڵوپێکەڵدا کە سەرەڕای کولتووری خوێندنەوە، بە
واتا کولتووری بەرامبەر (خوێنەر) بە هۆی پرۆسەی پەروەردەی سەقەت بێ یا
هەر هۆیەکی دی کە لە مووقەڵێشان ون نییە لە حاڵووەلایێدایە.
ماڵپەڕی
نەژاد عەزیز سورمێ
|