٢٦\٤\٢٠٢٤
پەراوێزی
سەر دەفتەری بوزینمان.
١٩٦٧- ١٩٩١

نەزار قەبانی |

و: جەلال
دهباغ |
-١-
نە جەنگمان جەنگە،
نە ئاشتی، ئاشتی،
رووداوەکانی ژیانی ئێمە،
هەمووی فلیمە،
ژنهێنانمان سەرپێییە،
دڵداریمان سەرپێییە،
وەک دڵداریی سەرەتای فلیمەکان،
مردنیشمان
وەک مردنی کۆتایی فلیمەکان
بڕیاردراوە..
-٢-
رۆژێک نەبوو،
بەسەرتاقە مێشێکدا سەربکەوین،
بەڵام دیارە، بازرگانیی خەیاڵ و ئەندێشەکانە..
خالید، تاریق، هەمزە
عقبەی کوڕی نافع
زیڕۆ، قەعقاع و سەمسام
هەموو لەناو پاکەتی فلیمەکاندا
کەڵەکە کراوون..
-٣-
بەزینە..
بەزین لەدوای بەزینە..
چۆن دەتوانین
لە شەڕماندا سەربکەوین..
گەر ئەکتەران،
وێنەگرو دەرهێنەران،
لە وەزارەتی راگەیاندن
شەڕ فیربووبن..؟!
-٤-
بیست ساڵ جارێ
پیاوێکی چەکدارمان بۆ دێ
هەتا "یەکێتی" لە جێگەماندا سەربڕێ
خەونەکانمان لەباربەرێ
-٥-
بیست ساڵ جارێ
فەرمانڕەوایەک دێ
ئەڵقە لە گوێ
هەتا ئاسمان شووشەبەندکا
رۆژمان بۆ سێدارە ببا..
- ٦ -
بیست ساڵ جارێ
خۆپەرستێ، خۆئاشقێ
دێ بۆ ئەوەی
خۆیمان لێ بکاتە مەهدی..
بە رزگارکەر
بە پاک و خواپەرست..توانا
بە تاقانە، نەمر، زانا
بە ئیماندار.. بە پێشەوا..
خۆی دەربخا..
-٧-
بیست ساڵ جارێ،
قومارباز دێ
تا وڵات و ئادەمیزاد
کەلەپورمان
خۆرهەڵات و خۆرئاوا
درەختەکان و بەروبووم
نێرو مێمان
شەپۆلەکان و دەریا
لەسەر مێزی، قوماربازی
بە "رەهن" بدا..
- ٨ -
بیست ساڵ جارێ
پیاوێکی ئاڵۆزمان بۆ دێ
توڕەو نەزان و سەرشێتە
گیرفانی پڕ دینامێتە...
-٩-
ترسیی ئێمە تازەنییە
هەمیشە هەر دۆستمان بووە
لەو رۆژەوە،
لە ناوەندی منداڵداندا تنۆکێک بووین
ترس لەگەڵماندا بووە...
-١٠-
ئاخۆ رژێم لە بنچینەدا بکوژە؟
یاخود ئێمە
لە هێنانی ئەم رژێمە،
بەرپرسین؟
- ١١ -
ئەگەر نووسەر تەنیا جارێ
قایل ببێ،
مریشک بێ،
لە ژێر کەڵەشێردا دابێ
هێلکە بکا.. یاخود بنوێ..
ئەوکاتە بۆ گیانی نووسین
دەبێ "فاتیحا" بخوێنین...
-١٢ -
ئەدیبانی لای ئێمە
نەقابەیەکی رەسمییان هەیە
لە شێوەی پێکهاتنیا
وەک نەقابەی مێگەل وایە
-١٣ -
لەو رۆژانەی رابوردوون
پاشایانی وا هەبوون
ئافرەتانیان دەخواردن
بەوکارە ڕادەهاتن
بەڵام لای ئێمە پاشا
راهاتووە قەڵەم دەخوا
-١٤-
أبن خلدون کە دەیناسین
ماڵئاوایی لێکردین
لەناخی ئێمەدا مێژو
بە نیشانەی پرسیارێک بوو!!
- ١٥-
لە وڵاتی ئێمە، ئەوان
دارخورماکان دەبڕن
تا بۆ سەرۆک لە جێگەیان
دارستانی بت بنێژن.!
- ١٦ -
نەبووە، خودا
لە کۆیلەکان داوابکا
رۆژێک ملیۆنێک پەیکەری
لە بۆرەک بۆ بتاشن!!
-١٧-
خەنجەرەکانی "عروبة"
لە گۆشتماندا پێکداهاتوون
ئیسلام لەگەڵ ئیسلامەکان
بەرووی یەکدا هەڵپژاون..
- ١٨ -
دوای رۆیشتن چەندان هەفتە
بەناو پانایی دەریادا
لە پاپۆڕی قسەکاندا
لە فەرهەنگی جەنگماندا
لە پێست و ئیسقان بەولاوە
هیچ نەماوە.
-١٩-
فڕۆکەی(فانتۆم)
بەسەرماندا دەدەن
ئێمەش بە کەمەربەندەکەی (أبي تمام)!!
بەهیزدەبین...
-٢٠-
شەڕ
بە ئەرکی (جواننوسین)
(لێکچواندن)، (ستایش)،
بەناوەکان
نابڕێتەوە..
کوژرانمان بەهۆی زمانمانەوەیە
چەند بەگران
باج و خەرجی قسەمان داوە
- ٢١ -
کێ لەخۆ لەبیرچوونەوە
رزگارمان دەکا؟
کێ قەناعەتمان پێ دەکا
کە نەبەزیوین...؟
هەموو شەوێک
لەسەر شاشەکانی تەلەفیزیۆن
سوپایەکی برسی و، رووت و، ڕەجاڵ،
دەبینین...
لە خەندەقەکانی دوژمندا
سواڵی (پاروویەک) دەکەن...
بۆ لێستنەوەی قاچییان
دەچەمێنەوە.!!
- ٢٢ -
سەرۆکی فەرماندە،
دوای سەرکەوتنەکەی
چووە ژووری گەرماو
ئێمەش چووینە
پەناگەی هەتیوان!!
- ٢٣-
بەخۆرایی
وەک میش و مەگەزی ئەفریقیا
دەمرین..
وەک مێشەکان دەمرین..
مردن بە پێکەنینەوە دێتەلامان
دەرگاکان دادەخەن..
بەکۆمەڵ لە جێگەماندا
دەمرین..
بەرپرسی سەهۆڵدانی مردووان
قایل نابێ بەدرێژی هۆیەکانی مردن
باس بکا..
لە شەڕی پڕۆپاگاندەدا دەمری
لە شەڕی ئێستگەکاندا..
لەشەڕی لێکچوواندا
لە شەڕی کینایەدا
لە هەڵخەڵەتاندندا بەدرۆودەلەسە
شکستخوردە نەفرەت لێکراو
دەرکراوین، دەمرین
وەکو سەگ لەبیردەکرێین..
سەرکردەی سادی لە پەناگەکەیدا...
بۆ وێرانی فەلسەفەدەکا..
-٢٤-
شەڕی کەنداو
پێکەنیناوی و گریاناویە..
لەم شەڕەدا:
نە شمشێر بەسەر شمشێردا شکان
نە پیاوان هاتنە شەڕی پیاوان
تاقە جارێکیش
ئاشووربانیپاڵ - مان نەدی
هەرچی مانەوە
چەند هێندەی هەڕەمەکان پاپووچبوون
بۆ مۆزەخانەی مێژو مانەوە.
- ٢٥ -
هەر بیست ساڵ جارێ
"پیاوچاکێک"- مان بۆ دێ
لای ڕاست خۆر هەڵدەگرێ
لای چەپیش رۆژ،
لە خەیاڵمانا وێنەی بەهەشتەکان دەکیشێ
لەناکاو باران دەبارێنێ
سوپای رۆمیش گەورەییمان داگیردەکا..
نهێنییەکان دەڕوخێن.
- ٢٦ -
هەر بیست ساڵ جارێ
(أمروء القیس) بە سواری ئەسپەکەی دی
بەشوێن موڵکی تەپ و تۆزدا دەگەڕێ.
- ٢٧ -
دەنگمان خنکاوە
لێومان مۆرکراوە
گەلەکانمان چ نین
لە سفرێک بەولاوە.
شێتی لەم وڵاتەدا،
تەنیا خۆی بڕیاردەدا.
- ٢٨ -
لە خوێندنەوەی مێژودا، درۆدەکەین..
لە خوێندنەوەی دەنگوباسدا، درۆدەکەین..
بەزینی گەورە
دەکەینە سەرکەوتن..
- ٢٩ -
ئەی نیشتیمانی لە خوێندا نوقوم بووم
ئەی ئەوەی
شار بە شار
پەنجەرە بە پەنجەرە..
هەور بە هەور
کۆتر بە کۆتر
منارە بە منارە
لە ئابڕومەندیت دراوە..
دەترسێم سەڵاوت بەسەردا بخوێنم.!!
-٣٠ -
خەنجەر بە عروبەمدا دێت و دەچێ..
خەنجەر لە پیاوەتیم هەڵدەچەقێ..
ئایا ئەمە بەزینێکی هەرێمییە؟
یان بەزینێکی نەتەوەییە
یاخود ئەمە
بەزینی منە؟
ماڵپهڕی جهلال دهباغ
|