په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٣\٤\٢٠١٨

کورتە چیڕۆک:

پەردە.

یاسین برایم      


ئەوانەی ئەم خانوەیان لەم ھەورازە قیت کردبۆوە ، لە مێژ بوو گیانی پاکیان بە گۆڕستانە پڕداربەڕووەکەی تەنیشت گوند سپاردبوو ، بگرە ئێسک و پرۆسکیشیان ببووە خۆڵەمێش. کۆتا خاوەنیش ، خۆی و برا بچووکەکەی ، ڕەشەبای ئەنفال بردیو کردیە خۆراکی ئەژدەھای بیابانە پان و وشکەکەی ناوەڕاستی وڵات . ئەمە میراتی ئەو کەلاوەیە بوو کە لە دوای ئەنفال بە ھەمان شێوە بە قور ِو بەرد و دار بەرگێکی نوێیان خستە بەر کەلاوە کۆنەکە وجارێکی تر بووە لانەی نەوەیەکی تازە و ھیوای بە بێھیوایان بەخشی. ژنێکی بێچارە و کەمدەرامەت و ڕەشپۆش ، لە بێ شوێنییان زەنکی ئاوەدانکردنەوەی یەکەم خانووی لە گوندەکە لێدا و ھاتەوە باوەشی ھەمان خانوو کە بە بووکینی میوانی ببوو ، چوو بووە باوەشی زاوایەکی شیرین .جارێکی تر ، بەرگی غوربەتی داکەند و ھاتەوە نێو کەلاوەیەک کە لای ئەو لە کۆشکی شا نایابتر بوو . کەلاوەکە بۆنی ھەناسەی ئەشق و ھیوا و خەون و یادگارییە زێرینەکانی لێدەھات. ئاوێزانی ئەو ژیانە بۆوە کە بناغەی ژیانی لە سەر بنیات نابوو ئەگەر چی لە ڕووخسار کەلاوە بوو ، بۆ ئەو جارێکی تر ژیانی پێ بەخشی و لە ژیانی کۆلەمەرگی ئۆردوگا رزگاری بوو. سەربەرزانە ، ھەموو ھەوڵ و ماندوبوونی ئەو ، پەروەردەیەکی تەندروستی ئەو منداڵانە بوو کە بەرھەمی ھاوسەرە شوێنبزرەکەی بوو.

ئای خوایە ! ئەو ھەموو بارانە چییە دەبارێت . دەڵێی ئاسمان کونی تێ بووە. ئەو بایە بەھێزە . ئەو بروسکە ترسناکانە ھەر لە پاشنیوەڕۆوە جەنگی خۆیان راگەیاند بوو. ئەو لە شەوی رابردوو کاتێ ئاسمانی پڕ گەواڵە ھەوری ڕەشی بینی ترس و گومانی لە دڵی دروست ببوو ، بەڵام چی بکات ، چارە ھەیە ، ھەموو شت ئامادەکراوە ، خەڵک تێگەیاندراوە ، خۆ ناکرێت لە بەر ھاتنی ھەورەکان بووک بۆ ڕۆژێکی تر دوابخرێت . ئیشی خێرە ، دەی چەند زوو راپەرێت باشترە.

لە گەڵ دەسپێکی باران میوانانی ماڵی زاوا کەوتنە پیرۆزبایکردن و ماڵئاوایی . تا دەھات باران خێراتر و خۆشتر ، بروسکەی بەھێز زیرەی بە منداڵ دەھێنا . (با)ش ھەر گەڵا و پووشی ئەو شوێنەی ھەبوو لە گەڵ ئاوازی خۆی بە سەمای دەھێنا. تا دەھات ئاسمان شەڕی بوو ، زاوای ماندوو و دڵبەخەم ، بووکیش لە لە سەر کورسیێکی تەختە لە ھەیوانەکە لە سەرما و لە شەرما لە سێوێکی سوور دەچوو . دایکی زاواش ھەموو قورسایی ئەو ڕۆژەی لە سەر مل بوو ، دڵی بە قەد چۆلەکەیەک نەمابوو . نەیدەزانی فریای چی بکەوێت. میوان بەرێکردن ، نوێن و ڕایەخی تەڕبوو ، مەنجەڵ و قاپ و کەوشی کەوتوو و لە قوڕ چەقیو ، پێش ھەیوان لە قوڕاو و ئاوی باران گۆمیلکەی دروست کردبوو.

ئێوارەیەکی ڕەش و وەڕزکەر، کۆتایی بە زەماوەندەکەی ھێنا. منداڵە بچووکەکان خۆیان خزاندە ئەو خانووە تاریک وبێسەرو بەرو داتەپیوە کە ماڵی ھەمیشەییان بوو. بە ھۆی نزمی سەقفەکە و پەنجەرە بچووکەکەی بە نوێژی نێوڕانە پەنجەت خستبایە چاوی ھەر کەسێک نەیدەدیت. ژوورێکی درێژ نزیکەی حەوت مەتر درێژ وسێ مەتر بەرین و دیوارەکان خوارو خێچ . پێشتر تەویلەی ولاخەکان بوو، لای سەرەوەش ناوبرێکیان لێ بڕیبۆیەوە کاو گیای وشکیان لی دادەنا. لە سەر ئەم خانووە دوو سێ ژووری تر ھەبووە ، جێگا گەورە بووە، بەڵام ئەوان بەو ھەژاری و نەبوونیە ھەر فریای ئەوە کەوتن ئەو ژیر زەمینە دوور و درێژو تاریکە ئاوەدان بکەنەوە و تیدا بژن.تا خوا دەرگایەکی تریان بۆ دەکاتەوە. ژوورێک بۆدانیشتن و نوستن و نانخواردن و خۆگۆرین وئازووقە ومیوانداری ، ئەمجارەش ژووری حەوانەوەی بووک و زاواش.

تا دەھات دونیا تاریکتر دەبوو ئاسمان بە ھەرەشە ترو باران خۆشتر . بروسک دونیا دەلەرزێنێ ، چرایە نەوتیەکەیان لە خوار ژوورەکە داگیرساند و سۆبەی داران گەرمکرا . بووکیش وەک سەماوەری دیوەخان وا بوو منداڵەکان بە دیارییەوە دانیشت بوون سەیریان دەکرد. کەشو ھەوای دەرەوە ، ترس و توڕەیی ئاسمان ، ترسی خستبووە ژوورەکەش ، لە گەڵ ھەر گرمە و تریشقەیەک واتدەزانی خانووەکە دەرووخێ ، خوودی ژوورەکە لە ئەشکەوتێکی ڕەش دەچوو و بۆنگرتووی بە دوکەڵ و ئاگر و کەرووی دیوار ، درزو کونی گەورە گەورە مەترسی زیندەوەری ورد و زیانبەخشی لێدەکرا. ھەیوانی خانووەکەش پڕ چیلکە و گیشەداری وشک و تەڕ، لایەکی گرتبوو ، تا کاریتەکان خرابوونە سەر یەک . ژوور و ھەیوانەکە وەک دووانە وابوون تەسک و قەرەباڵغ و تاریک و نارێک.

شەو ڕاشکا ، دایکی زاوا جێگای بۆ منداڵەکانی لە خوار سۆبە ڕاخست و بەتانی پێدادان بە بیانووی سەرمابوون پێی وتن "بەخۆتان دادەن با نەخۆش نەکەون!"بۆ بووک و زاواش لە سەرووی ژوورەکە جێگایەکی گەرم و نەرم و خاوێنی بۆ ئامادەکردن. بۆ یەکەم جار پەرجوویەک لە ژوورەکە رویدا ، پەردەیەکی ڕەشی ھێنا سەرێکی لەم دیوار و سەرەکەی تر لەو دیوار بەستی ژوورەکەی کردە دوو پارچە ، پەردەکە بووە ھێلی سوور، سنووری نێوان بووک و زاوا و منداڵەکان. وەک پوولی دۆمینە(٢بە٤)ی لێھات. دایکەکە دوا سنووری پەردەکەی بەزاند و پەڕۆیەکی سپی خستە نێو دەستی زاوا و وەک بە چاو پێی بڵێت "بتبینم پیاو بیت!!"ھاتەوە دیوەکەی لای خۆی و چرایەکەی ئەوەندە کز کرد بە ئەستەم ڕووناکی ما، ڕووناکی کونی سۆبەکە زۆر زیاتر بوو لە چرایەکە ، دایکە ماندووەکە لە تەنیشت منداڵەکانی بێ جوڵە وھێمن ڕاکشا ، لە بێدەنگیدا زیاترلە پەیکەردەچوو!

کات نیوە شەوە ، شانۆیەکە ژێرزەمینێکە لە گۆڕ دەچێ ، دوو کارەکتەر بە زمانی جەستە (تابلۆی ژیان) دەنەخشێنن! بینەرەکان بەدرێژی شانۆیەکە بە دیار نمایشەکەن ، شت ناخۆن ، ناخۆنەوە ، جارجارلە سەر پشت ، لەسەر سک ، لە سەر تەنیشت دەجولێنەوە ، بە ئاگان ، دەترسێن ، شەرم دەکەن ، دەنگ دەبیستن. کارەکتەرەکان نابینن ، جوولە دەکەن ، پەردە ڕەشەکە دەجوڵێ. دایک داھێنەری پەردەیە ، چاوی لە پەردەیە ، لە پەردەی ڕەش ، چاوێکی تری لە پەردەیەکی سپییە وەک ئاوی حەیات سپی بێت ! بینەرە بچووکەکان چاو دەنوقێنن، دڵیان بە ئاگایە ، ترپەی دڵیان دێ ، جارجار دەکۆخن ، دەنگ دەبیستن ، دەنگی ھەمە جەشن ، بروسکە ، بارانە ، ئاە و ھەناسەیە ، ھانکە ھانکە ، خشپەی مارە ، دەنگی گارگاروقورتە قورتی مریشکەکانی نێو کۆلیتەکەی دەرەوەیە ، دەزانن دەنگە دەنگە و لەھەندێک دەزانن و ھەندێکی ترمەتەڵێکی سیحراوییە ونازانن چییە!!!!

زاوا خەریکی چێژی پەردەیە . بووک خەمی لە دەستدانی پەردەیە ، ترس و ئازار خەریکە دەیکوژێت ، ئاوڕ بۆلای تر دەداتەوە پەردە ڕەشەکەی لێ دەبێتە کابووس .لە ترسی پەردە چاو دەنوقێنی . بروسک ، فلاش دەکات و وێنەیەکی ئیرۆتیکی دەگرێت .لایلۆنی پەنجەرەکە دەلەرێتەوە ، چاو دەکاتەوە ، باوەش دەگرێتەوە ، زاوا دەجولێتەوە ، بە یەکدەنوسێن ، لێک جیادەبنەوە ، گەرمدەبن ، سارد دەبنەوە ، گەرمدەبن، خاودەبنەوە ، سارد دەبنەوە ، ماندوو دەبن ، زاوا ئاخ ھەڵدەکێشێ ! پەڕۆیە سپیەکە بە رەنگی گێلاس دەنەخشێنێ ، ماچەکان بیدەنگن ، سەما ھێواش دەبێتەوە لە ترسی بینەرەکانی پشت پەردە. بۆنی تەڕایەتی دڵۆپەی سەر دیوارو بۆنی جەستەو بۆنی بۆگەنی ساردی ماسی لە ژوورەکە دێت!!

شانۆ بەردەوامە ، لە دەرەوە خوا بارانی خۆی بەسەر جەستەی زەوی دەبارێنێ و فووی لێدەکات و تێر ئاویدەکات . لە ژوورەوە زاوا جوتیارێکی ئەڤیندارە و بە گاسنەکەی زەوی دەکێڵیت و تۆ دەپرژێنێ و ئاوی دەدات! بووکیش دەردی پەردەی گرتوو و ماندوو دیارە ، خەریکە لە سەمای چێژ بێزار دەبێت ، خەوی دێت ، چاوەکانی رەشکە و پێشکەی دەکەن و زاوای لە پێش چاوی لە تارمایی دەچێت و رەنگی پەردەی گرتووە . ژوورەکە ڕەش ڕەش ھەڵگەراوە ، دواترھەردووکیان مەست بوون ولە باوەشی یەک چوونە شەوی پەردە.

باران بەردەوامە ، چرایەکە لە بێنەوتیان کوژایەوە، دایکە ماندوو ومیھرەبانەکەش لە چاوەڕوانی مزگینی بە زاوابوونی کوڕەکەیەتی. فرمێسکی گەرمی لە چاوەکانی دەھاتە خوار ولە گەڵ دڵۆپە بارانی ژوورەکە پێشبرکێیان بوو . ھەمان ئەو شەوەی بیر ھاتەوە کە لە گەڵ مێردە ئەنفالکراوەکەی لەم ھەوارگە شیرینە مانگی ھەنگوینی بەسەر برد و ھەر لە شەوی پەردە زگی بەو کوڕە زاوایە پەیدابوو کە ئێستا لە شەوی پەردە دایە .گریان زیاتر بەرۆکی گرت ، بە بیدەنگی فرمێسکی دەباراند وەک بارانی ئەم شەوە بۆ بەختە رەشەکەی خۆی دەگریا کە ژیانی ئەوی داپۆشی بوو. بارانیش ھەردەباری و شەوی پەردەی پڕترسترکردبوو ، جوانی ئەستێرە و تریفەی مانگی بە پەردەیەکی رەش وون کردبوو!!
 

ماڵپه‌ڕی یاسین برایم

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک