٢٠\٨\٢٠١٧
پەردەهەڵدانەوە
لەسەر دیوەکەی تری
دینی کریستیانیزم لە رێگەی بەڵگە کۆنەکان.

سهلاح رێبوار
ئەگەر لە مێژووی هەر دینێک وورد ببینەوە، بە
درێژایی مێژووی دروست بوون و پەرەسەندنی دەیان نهێنی لە ناو هەناوی خۆی
حەشارداوە. ئەو نهێنییانە لەلایەک بوونەتە هۆی بە ئەفسانەکرنی دین و
پێدانی پیرۆزییەکی لە ڕادە بەدەر. لەلایەکی تریش دەبنە بۆشاییەک کە
مرۆڤ بە ئاسانی هەست بە نا لۆژیکی دەکا، کە ئەستەمە بتوانێ تەمی
گومانەکانی بڕەوێنێتەوە و بەپێی زانست باوەڕ بەخۆی بێنێ. هەر بۆیە
چیڕۆک و بەناو پەڕجووەکانناتوانن لە خورافاتێک بەدەر هیچیتر بن.جا ئەو
بۆ چوونە تەواوی دینەکانی سەر زەوی دەگرێتەوە، بەڵام لێرەدا
بەدواداچوونێک لەسەر بنەڕەت و نهێنییەکانی حەشاردراوی ناوەوەی دینی
کریستیانیزم بەکەین. ئەو نهێنیانەی کە هەمیشە وەک تارمایی بەدوای ئەو
دینەوەن. لەو نووسینەدا هەوڵدەدەین بەکورتی دەرگا لەسەر چوار پرس
ئاوەڵاکەین. بەڕای من ئەو چوار پرسە وەک تاریکترین نهێنییەکانی ئەو
دینەن. ئەو چوار پرسە تا ئێستاش مشت و مڕی لەسەرە وهەمیشە لە هەموو
ئاستەکانی دەستەڵاتی پیاوانی کەنیسە، تا پێیان بکرێ گۆزە بەردخوونی
دەکەن، یان ڕێگا نادەن یانیش خۆیان لە گشت ووتووێژێک لەسەر ئەو باسانە
دەبوێرن. بەڵام ئەو پرسانە وەک تارمایی لە کۆڵ کریستیانیزم نابنەوە و
ناو بەناو سەر هەڵدەدەنەوە.
با لە پەرتووکی پیرۆزی کریستیانیزم(ئینجیل) دەست پێ بکەین. ئەو
پەرتووکە وەک پەرتووکیگشت دینییەکانی تر پڕیەتی لە خورافات و ئەفسانەی
نالۆژیک. سەرەڕای ئەوە زۆر هەڵەی مێژوویی و جوگرافی ناکۆکی تێدایە، کە
هەر لە زووەوە لێتۆژەرەوانی کەنیسە پەنجەیان بۆ ڕاکێشاوە.
جا ئەوەی ئێمە لەم نووسینەدا دەیخەینە ڕوو بریتییە لە کورتەیەک مێژووی
سەرەتای سەرهەڵدانی دینی کریستیانیزم و کەسایەتییە سەرەکییەکانی.
دواییش چۆن گەیشتنە دەستەڵات وبوونی بە دینی دەوڵەت.ئەوەش بە پشت بەستن
بە چیڕۆکەکانی ناو خودی ئینجیل (پەیمانی نوێ)لەلایەک. دواییش بە
بەراورد کردنیان لەگەڵ تێکستی مێژوونووسانی پێشتر و هاوسەردەمی
نووسەرانی ئینجیل. دواتر بەیارمەتی تێکستی لێتۆژەرەوانی هاوچەرخشرۆڤەی
بکەین و بگەینە دەرئەنجامێکی گونجاو و جێ باوەڕ.
مێژووی لە دایک بوونی یەشوو (یەسوع) و ڕاستی کوڕی کێ بوو؟
یەکەم شت کە جێگای هەڵوێستە کردنە، هەر چوار ئینجیل یەشوو بە (کوڕی
خودا) ناو دەبەن. بەوەش شێوەی ژیانی و پەیامەکەی لەگەڵ لە خاچدانی
ڕەوتێکی وەرگرتووە کە دینی کریستیانیزمی کردۆتە ئەفسانەیەک و بە
خورافات بنبەستی هەم ژیانی یەشوو و هەمیش دینی کریستیانیزمی
کردووە.ئەوەش کاریگەرییەکی بە هێزی لەسەر باوەڕی پەیڕەوانی و ژیانیان
داناوە، دەتوانم بڵێم ئەستەمە وا بە ئاسانی بتوانی لە کۆمەڵگە
دواکەوتووەکان درزی پێ ببەی. ئەوەش لەلایەک پەیامی دینەکە بە ئەفسانە و
خورافات داپۆشراوە، لەلایەکی تریش نەرم و نیانی هەڵسوکەوتی نوێنەرانی
دینەکە ئەوەندەی تر پەیڕەوکارەکانیان بەنج کردووە. زۆر جار لە کاتی
وتووێژ یان دەمەقاڵییەکی دۆستانەدا خۆیان بە ئیسلام و توند و
تیژییەکانی بەراورد دەکەن. بەم شێوەیە خۆیان لە پرسە گرنگەکانی ناو
ئینجیل و ژیانی یەشوو و پەیامەکەی و خورافاتەکان دەدزنەوە.
ئینجیل (پەیمانی نوێ) وەک سەرچاوە، بریتییە لە چوار ئینجیل. سەرجەم
ئاینزاکانی ناوە دینی کریستیانیزم بۆیان دەگەڕێنەوە. هەرچوار ئینجیل
یەکەم جار بە زمانی یونانی نووسراون و ئەوەش شتێکی ئاسایی بووە. چونکە
هەرچەندە زمانی ئارامی زمانی قسەکردن بووە لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی
ناوەڕاست، کەچی زمانی یۆنانی زمانی فەرمی تەواوی قەڵەمڕەوی ئیمپراتۆری
رۆم بووە. تا دووایی زمانی لاتینی جێگای گرتۆتەوە. هەر چوار ئینجیل و
مێژووی نووسینەوەیان بەم شێوەیەی خوارەوەیە:
ئینجیلی مارکوس (مرقـص) لە نێوان ساڵانی ٦٨ تا ٧٣ زاینی نووسراوە.
ئینجیلی ماتێوس (مەتی) لە نێوان ساڵانی ٧٠ تا ٩٠ زایینی نووسراوە.
ئینجیلی لوکاس (لوقا) لە نێوان ساڵانی ٨٠ تا ١٠٠ زاینیی نووسراوە.
ئینجیلی یۆهاننەس (یوحەنا) لە نێوان ساڵانی ٩٠ تا ١١٠ نووسراوە١.
هەڵبەتە دەبێ زۆر ئینجیلی تریش هەبووبن، هەر بۆیە لە ساڵی ٢٠٠ زاینیی
دووای ڕێککەوتنێک، کەنیسەبڕیاری دا کە لەناو هەموو ئەو پەرتووکانەی کە
تا ئەو کاتە نووسرابوون چوار دانەیان بخرێنە ناو ئینجیل (پەیمانی نوێ)
و ببنە سەرچاوە بۆ پەرەدان بە لێکۆڵینەوەی تیۆلۆژی کرستیانیزم (ئینسکڵۆپێدیای
٢٠٠٠ بەرگی ١٤ ل ١٤١).
سەبارەت بە یەشوو لە تێکستەکانی پێش ئینجیل.
ئەو نووسینانە کەم نین کە لەسەر یەشوو و لە دایک بوون و بڵاوکردنەوەی
دینەکەی پێش ئینجیل نووسراون.لە گەمارا کە لە دوای میشنا پەرتووکی
دووەمی پیرۆزی جوولاکان (تالموود) ناوی یەشوو بەم شێوەیە هاتووە:
یەشووی بن پانتێرە هەوڵدەدا جولەکان لە دینی خویان دووربخاتەوە٢.
گەمارا بە ڕاشکاوی باسی ئەوە دەکا کە باوکی یەشوو بن پانتێرە بووە،
سەرەڕای ئەوەی مریەم لە هەمان کاتدا دەسگیرانی یوسف بوو.
نووسەری سوێدی لێنا ئێینهۆڕن دەنووسێ ( دایکی یەشوو ناوی مریەم بووە
باوکیشی ناوی بن پانتێرە بوو کە ئەفسەرێکی رۆم بووە) لێنا درێژە
بەباسەکەی دەدات و دەنووسێ لە ساڵی زاینی ١٨٥٩ شوێنەوارناسانی کە
بەدوای یەشوو دادەگەڕان لە ناوچەی ڕێهنلاندی ئەڵمانیا لە گوندێک بەناوی
بینگەربروک، لە کاتی هەڵکۆڵین گۆڕێکی بەکۆمەڵیان دۆزییەوە. دوای پشکنین
دەرکەوت ئەو گۆڕە دەگەرێتەوە بۆ سەدساڵەی یەکەمی زاینی.ئەوانە ئێسک
پرووسکی سەربازانی ڕۆمن لەوێ کوژراون. ئەوەی جێگای سەرنج بوو، یەک لەو
مەیتانەئەفسەرێکی پلە بەرزێ سوپای ڕۆم بوو، بەشی زۆری ناو و نیشانەکانی
لەسەر تابلۆیەک هەر مابوون کە بە لاتینی لەسەر تابلۆیەکە نوسرابوون٣.
تیبێریووس ئیولووس ئەبدێس پانتێرە خەڵکی سیدۆن (صیدا)، تەمەن ٦٢ ساڵ،
٤٠ ساڵ لە خزمەتی سەرباز دا بووە.
بە پێی ئەو ڕوونکردنەوانە تەواو ساڵ و شوێنی کارکردنی ئەبدێس پانتێرە
لەگەڵ کاتی لەدایک بوونی یەشوو دەگونجا. ئەبدێس بە لاتینی واتە (بن) بە
عیبری کە دەکاتە کوڕی پانتەرە، کە باوکی یەشوو بووە٤.
هەروەها مێژوونووسی گەورەی بەڕەگەز جوولەکە فلاڤیۆس یوسفۆس کە ٣٠ سی
ساڵ دوای لەدایک بوونی یەشوو مێژووی جوولەکانی نووسیوەتەوە. بەپێی
لێکدانەوەمێژووەکەی یوسفۆس٤٠ ساڵ پێش نووسینەوەی یەکەم ئینجیل بووە.
بەناوبانگترین کتێبەکانی (مێژووی کۆنی جوولەکان) و ( دەربارەی شەڕی
جوولەکان) بووە کە باشترین و جێ متمانەترین سەرچاوەن بۆ مێژوونوسانن.
یوسفۆس لە کتێبی شەڕی جوولەکان دەنووسێ:
کاتی ئەو (مریەم) سکی پڕبوو لەلایەن ئەو دارتاشەی کە دەزگیرانی بوو لە
ماڵ وەدەرنرا، ئەوەش بە تاوانی ئەوەی خیانەتی لێکردووە و منداڵی لە
سەربازێک بە ناوی بن پانتێرا لە سک دابووە٥.
ئەوەی زیاتر جێگای هەڵوێستە کردنەیەشوو ڕەگەزنامەی ڕۆمی هەبوو. ئەوەش
بۆ جوولەکەیەک مەحاڵ بووە، چونکە ڕەگەزنامەی ڕۆمی تەنیا ئەو کەسانە
وەریان دەگرت کە منداڵی سەربازانی ڕۆم بن. ئەو بەڵگانە زیاترپیشانی
دەدەن کە یەشوو کوڕی بن پانتێرە بووە. بن پانتێرەش ئەفسەرێکی پلە بەرزی
ڕۆم بووە لە سیدۆن. ئەوەش وامان لێدەکا، بە ئاسانی گومانلە دروستی
نووسینەکانی هەر چوار ئینجیلەکەدا بکەین کە دەربارەی یەشوو نووسراون٦.
بەپێی ئەو لێکدانەوانە یەشووی کوڕی مریەم زۆڵ بووە واتە مریەم بە هەر
شێوەیەک بێ سکی لە ئەفسەرێکی پلە بەرزی ڕۆم پڕبووە، بە ناوی بن پانتێرە
و بەرهەمەکەیشی یەشوو بووە. کەواتە یەشوو کوڕی خوا ( بن پادرێ) نییە.
بەڵکوو مرۆڤێکی ئاساییە وەک هەر مرۆڤێکی تر، کە دواتر لەسەردەمی
کۆنستەنتین بەمەبەستی سیاسی گۆڕدراوە.
مێژووی لەدایک بوونی یەشوو.
ئەوەی زیاتر جێگای لێ ووردبوونەوەیە مێژووی لەدایک بوونی یەشووە (یەسوع).
ناکۆکییەکی بەرچاو لە سەر مێژووی لەدایک بوونی یەشوو لە نێوان
ئینجیلەکاندا هەیە. ئەو ناکۆکی و هەڵە زۆرانەی لە نێوان تێکستی
ئینجیلەکان دا هەن وامان لێدەکەن کە جێگای متمانە نەبن.
لە ئینجیلی لوکاس (لۆقا) نووسراوە:
لەو کاتەی قەیسەر ئەوگوستۆس بڕیاری دەرکرد کە سەرنووسکردن بۆ باجدان لە
سەرتاسەر جیهان تۆماربکرێ. یەکەمین باج تۆمارکردنیش لەگەڵ دەستبەکار
بوونی کویرینیوس لە سووریا دەستی پێکرد... دوای چەند دێرێک بەردەوام
دەبێ ... یوسف کە دەچێتەوە سەر بنەماڵەی داود، لە ناسیرە (ناصرە) لە
جەلیل بۆ جوودێن ، بەرەو شاری داود بێتلەحم بۆ سەرنووسی باج لەگەڵ
مریەم ،کە دەسگیرانی بوو، چاوەڕوانی منداڵ بوونی دەکرد. (ئینجیلی لوکاس
٢ / ١-٥).
ئەگەر یەشوو لەو ساڵە لەدایک بووبێ کە بەپێی ئینجیلی لوکاس باسکراوە،
کە ئەو سالەی سەرنووسی بۆ باجدان بە فەرمانی قەیسەرکراوەتە بەخورتی.
زیاتر لەوەش هاوکات بووە لەگەڵ دەستبەکاربوونی فەرمانڕەوای سوریا
کویرینیووس ( ئینجیلی لوکاس). ئەگەر بەراوردێکی لەگەڵ مێژووی کۆنی
جوولەکان لە لایەن یوسێفوس پێ بکەین، ئەوا بە ئاسانی ناکۆکی سەر
هەڵدەدا. کئیرینیووس ساڵی شەشەمی زاینی دەستی بەکار کردووە. بە پێی
ئینجیلی لوکاس دەبێ یەشوو سالی ٦ شەشی زاینیی لە دایک بووبی، نەک سالی
سفر.
لە بەرامبەر ئەوە ئەگەر سەیرێکی ئینجیلی مەتیاس (مەتی) بەکەین کە
دەنووسێ:
ئەستێرەگرەوەکان بە یوسفیان گوت هەڵسە منداڵەکەت و دایکی ببەرە میسر و
لەوی چاوەڕوان بە تا ئێمە هەواڵت دەدەینێ (پێت دەڵێین). لەبەر ئەوەی
هێرۆدس بەدوای دا دەگەڕێ بۆ ئەوەی بیکوژێ. یوسف هەڵسا هەر بەو شەوە
لەگەل منداڵەکە و دایکی بەرەو میسر بەڕێ کەوتن (ئینجیلی مەتی ٢ / ٣-
١٤).
ئەگەر وەک لە ئینجیلی مەتی یەشوو سەردەمی پاشا هیرۆدس لە دایک بووبێ.
ئەوا دەبێ چەندین ساڵ پێشتر لە سفر لە دایک بووبێ. چونکە هیرۆدسی مەزن
ساڵی چواری پێش زاین مردووە. بە بەراورد لەگەڵ ئەو مێژووەی زایینی دا.
ئەوەش مەحاڵە یەشوو لەو دوو کاتی جیاواز لە دایک بووبێ. زۆربەی
لێتۆژەرەوان گرنگی زیاتر بەو مێژووەی زووتر دەدەن کە لە ئینجیلی مەتی
هاتووە. چونکە ئەگەر مێژووی دواتر لێکبدەینەوە ئەوا هاوکێشەکان مەحاڵە
لەگەڵ ڕەوتی بەسەرهاتەکانیتر یەک بگرنەوە ( کە لێرەدا جێگای
باسکردنییان نییە). ئەوەی زیاتر جێگای سەرنجە، لەدایک بوونی یەشوو
تەنیا لە دوو ئینجیلی مەتیاس (مەتی) و لوکاس (لۆقا) باسکراوە. لە
هەردوو ئینجیلی مارکوس (مرقص ) و یۆهانێس (یوحنا) باس نەکراوە٧.
هیچ سەرچاوەیەکی تر لە بەردەست دانییە یان من نەم بینیوە کە مێژووی
لەدایک بوونی یەشوو بە دروستی دیار بکا، خۆ ئەو دوو ئینجیلەش لەبەر
جیاوازی دیاریکردنی ساڵی لە دایک بوونی یەشوو ناتوانن جێگای متمانە بن.
ئەو ناکۆکییەی نێوان دوو ئینجیلی لۆقا و مەتی دواتر بە ڕیکەوتنێک
چارەسەرکرا.لە ساڵی ١٥٨٢ زایینی لە ڕۆژمێری دینی کریستیانیزم بڕیاری
لەسەردرا و مێژووی لەدایک بوونی یەشوو دیاری بکرێ. کە ناوی لێنرا
ڕۆژژمێری گریگۆری. کە لەسەردەمی پاپا گریگۆری ١٣ەم ڕیکخراو بڕیاری
لەسەر درا. هەڵبەتە بۆ چارەسەر کردنی ئەو کێشەیە، ڕۆژێک هەڵبژێردرا کە
بکەوێتە نێوانهەردوو مێژووەکە. ئەوەش بە مەبەستی گونجاندنی بوو. لەبەر
ئەوەی ئەگەر هەریەک لەو دوو مێژووەکەی تر هەڵبژێردرابوایە ئەوا ناکۆکی
لە نێوان لایەنەکان دروست دەبوو. ئەو ڕۆژەش دەکەوێتە ناوەڕاسی هەردوو
مێژووی لەدایک بوونی یەشوو لە هەردوو ئینجیلی لوکاس (لۆقا) و
ماتیاس(مەتی)٨.
کێشەی دووەم پرسی مریەمی دایکی یەشووە.
مریەم لە دینی کریستیانیزم رۆڵێکی ناوەندی هەیەو لە تێکستەکانی ئینجیل
زۆر جار بەناوی جیاجیا دووبارە دەبێتەوە ئەوەش وای کردووە هەندێک ڵێڵی
لەسەر کەسایەتی دروست ببێ. ئەگەر ئێمە سەیرێکی هەر چوار ئینجیلەکە
بکەین بۆمان دەردەکەوێ بە چاو پۆشین لەوەی ناوی مریەم زۆر جار دووبارە
بۆتەوە. بە خوێندنەوەیەکی وورد بۆمان دەردەکەوێ کە ناوی ٣ مریەم لە ناو
تێکستەکان دیارن. مرۆڤ هەست بە ڕۆڵی باڵای هەر سێکیان دەکات. ڕۆڵیان
هەم لە ژیانی یەشوو و هەم لە ڕەوتی کریستیانیزم. ئەو سێ مریەمەش مریەمی
کچ (مریەمی عذراء) کە دایکی یەشووە، ماریا ماگدەلێنا کە بە ( مریەمی
زیناکار) ناسراوە و دواییش مەریەمی خەڵکی بێتانیا کە بەپێی ئینجیل
خوشکی لاسەرۆس بووە. ئەو سێ مریەمە بە سێ جۆری جیاواز لە سەر شانۆی
ئینجیلەکان دەردەکەون. یەکەمیان دایکی یەشووە و هەر کچە بە پێی ئینجیل
سکی لە خوا پڕ بووە، دووەم مەریەم ماگدەلێنا سۆزانییەک بووە، بە ڕێکەوت
بە هانای یەشووەوە هاتووە و دەست و قاچی بە بەلسەم شێلاوە. هەر لەو
کاتەش باوەڕی بە یەشوو هێناوە. و وازی لە سۆزانیەتی هێناوە. بە پێی
ئینجیل یەکەم کەس بووە یەشووی پاش لە خاچ دان و لە گۆڕنان دوای سێ ڕۆژ
بینیووە. سێیەمیان مریەمی خەڵکی بەتێنیایە خوشکی لاسەرۆس (هەڵبەتە
لاسەرۆس ئەو کەسەیە کە بە نەخۆشی مردووە و بەپێی ئینجیل دەبێ یەشوو
زیندووی کردبێتەوە). تێکستەکانی کریستیانیزم و تۆژینەوەکانی بێلایەن،
ئەوەیان ساخ کردۆتەوە. کە ئەو سێ مریەمە هەرچەند سێ ڕۆڵی جیاوازیان
هەبووە، کەچی هەرسێکیان، یەک کەسن، ئەویش مریەمی دایکی یەشوو بووە. بۆ
یەکەم جار لە ساڵی ٥٩١ زاینی پاپا گریگۆری لە ووتارێکدا وتی کە مەریەمی
مەگدالێنا و مەریەمی خەڵکی بەتێنیا هەر یەک مریەمن، هەروەها لە
تالموودیش دا هاتووە کە ناوی دایکی بن پەنتێرە (واتە یەشوو) مریەمی
مەگدەلێنە ئەنیشایە. بەو پێیەش دەبێ هەرسێ مریەم هەر یەک بن. ئەو
کێشەیە لە ساڵانی ٨٠ ی سەدەی ڕابردوو ڤاتیکان بە فەرمی ڕایگەیاند کە
چیتر مەریەم بە تەنیا ناو باس ناکرێ و مریەمی مەگدەلێنا و مریەمی خەڵکی
بەتێنیا و مریەمیکی تری نەناسراو هەمان کەسن. هەرچەندە ڤاتیکان دەنووسی
کە سێیەمیان نەناسراوە کەچی بەپێی سەرچاوە کۆنەکان و لێکدانەوەی
پسپۆرانی ئەو بوارە، مریەمی نەناسراو دایکی یەشووە. بە واتایەکی تر
دایکی یەشوو و ژنە زیناکارەکە بە پێی ئینجیلەکان هەر یەکن و ئەو
مریەمەش تاکە ژنە ئەوەندە لە یەشوو نزیک بێ٩.
ئەگەر بە ووردی ڵێکدانەوی بۆ بکەین، ئەوەمان بۆ دەردەکەوێ کە مریەم کچ
نەبووە، بەڵکوو شۆخە ژنێکی هەوەس باز بووە سەرەڕای ئەوەی دەسگیرانی
دارتاشێک بووە بەناوی یووسف، لە هەمان کاتدا خۆشەویستی لەگەڵ ئەفسەرێکی
پلە بەرزی سوپای ڕۆم دا داکردووە بە ناوی ( بن پەنتێرە). ئەنجامەکەی
سکی لێی پڕ بووە. دووای ئەوەی یووسف بۆی ڕوون بۆتەوە کە مریەم خیانەتی
لێکردووە، ئەوا لەماڵ دەریکردووە. ئیتر ئەو سەربردانەی کە باسدەکرێ پێش
٢٠٠٠ سال باش دەگونجێ بەسەر منداڵێکی زۆڵ داهاتبێ و ئیتر خەونی گەوریی
و پێخەمبەرایەتیش بەپێی دەروونناسی مۆدێرن دەگونجێ. ئەو بەسەرهاتە لە
پێخەمبەرەکانی تریش دووبارە بۆتەوە.
کێشەی سێیەم لەخاچدانی یەشوو (یسوع).
کێشەی سێیەم لە کرستیانیزمدا لە خاچدانی یەشووە. بە ڕای من لە گشت
پرسەکانی تری کریستیانیزم سەیرترە. و بۆ خودی کەنیسە بۆتە گرفتێک تا
ئێستاش هەر خەریکی پینەکردنی هەڵەکانن. بە پێی تێکستەکانی هەر چوار
ئینجیل دەبێ یەشوو لەتەمەنی ٣٠ ساڵیدا لە خاچ درابێ و دوای ٣ ڕۆژ لە
گۆڕنان هەلسابێتەوە و قوتابیەکانی خۆی دیبێ بەر لە هەمووشیان مریەمی
ماگدەلێنا بووە.
تێکستی هەندێ لە ئینجیلەکان بەوەندە وازنایەنن. بۆ نموونە لە هەر دوو
ئینجیلەکانی لوکاس (لۆقا) و مارکووس (مرقص) دا هاتووە کە ئەو ئەفسەرەی
سەرپەرشتی لە خاچدانی یەشووی کرد زۆر نەرم و نیان بووە، تا دەگاتە ئەو
ڕادەیەی کە یەشوو گیانیدا ئەفسەرەکە پرسیار دەکات و دەڵێ بەڕاست یەشوو
مرد ( ئینجیلی لوکاس ٢٣/٤٧ ئینجیلی مارکووس ١٥|٤٤ ).
ئەو بابەتە تەنیا لەو دوو ئینجیلە دا هەیە و لە هەردوو ئینجیلی ماتیاس
(مەتی) و یوهانێس (یۆحنا) نابینرێ.
کێشەکە لێرەوە سەر هەڵدەدا کە دوو لە نووسەرانی ئینجیل باسی شتێکی سەر
سووڕهێنەر دەکەن، ئەفسەرێکی جەڵڵاد نەرم و نیان بێ لەکاتی لە خاچ دانی
تاوانبار. دەستەڵات هەمێشە خالکانی دڵ ڕەق و بێ بەزەیی بۆ ئەو جۆرە
کارانە هەڵدەبژێرێ. بۆیە مرۆڤ کە ئەو ڕستانە دەخوێنێتەوە، نیشانەی
پرسیاری بۆ دروست دەبێ و دەکەوێتە تۆژینەوە بۆ چوونە بناوان و
دۆزینەوەی هۆی ئەو دیمەنە نەگونجاوە ( جەللادی نەرم و نیان).
بە بەراوردکردنێکی ووردی ئەو دیمەنەی ئەفسەری جەڵڵاد لەگەڵ بەڵگە
مێژووییەکان ناکۆکی ترمان بۆ دەردەکەوێ کە وامان لێدەکا بەوەندە
نەوەستین و زیاتر دەمانخاتە ئارەزووی کەوتنە سۆراخ بەدوای ڕاستی دا.
هەر زوو شتی نوێ سەر هەڵدەدا کە بمانخاتە گومان لە دروستی زانیاری
دەربارەی لە خاچدانی یەشوو وئەو ناکۆکیانەی کە لە نێوان ئینجیلەکان دا
هەیە.
بۆ نموونە ئیرێننیوس کە ئەسقەف (بیشۆپ) شاری لیون بووە . لەبنەڕەتدا لە
دایک بووی ئاسیای بچووک بوو واتە تورکیای ئێستا کە لە ساڵانی ٢٠٠
زایینی ژیاوە. لە پەرتووکی خۆی دا دەنووسێ کە یەشوو گەیشتە تەمەنێکی
بەرز(تەمەنی پیری). هەروەها زیاتر لەسەری دەڕوا کە تەمەنی لە ٥٠ ساڵی
تێپەڕیوە. ئیرێنیووس وەک خۆی دەنووسێ ئەو شایەتییەی لە قوتابیانی
کریستۆس وەرگرتووە. بەو پێیەش دەبێ یەشوو ساڵانێکی زۆرتر دوای لە خاچ
دان ژیابێ کە لە ئینجیلەکان دیاری کراوە١٠.
لێرەدا پرسیارێک سەر هەڵدەدا. باشە ئەگەر یەشوو لە خاچ نەدراوە، چی
بەسەرهات؟ لێرەدا دەبێ لە ڕوانگەی تری کێشەکە ووردبینەوە و وەڵامێک
وەرگرین کە جێگای باوەڕ بێ.
ئیمە بەپێی بەڵگەنامە دەزانین یەشوو خاوەنی ڕەگەزنامەی رۆمی بووە. لە
یاسای رۆم دا نابێ کەسێکی خاوەن ڕەگەزنامەی رۆمی بە هۆی سەرپێچی بکوژری،
تەنیا ئەگەر خیانەتی دژی ئیمپراتۆری کردبێ. ئەوەش دەبێ و لەسەری ساخ
بووبێتەوە ئەسا دەکوژرێ. بەپێی بەڵگەنامەکانی ئیمپراتۆری ڕۆم ئەو
خیانەتە تەنیا ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە لە خزمەتی سەربازی هەڵدەهاتبن.
جا خۆ یەشوو شتێکی وای نەکردووە. ئەو تەنیا لەناو هەناوی دینی جوولەکە
داوای ریفۆرمی دینی دەکرد و بەرهەڵستکارێکی سەرسەختی ڕابینەکانی
جوولەکە بوو. لەگەڵ ئەوەشدا سەرسەخت بوو دژی ڕۆمەکان. بەڵام خیانەتی
نەکردووە. بۆیە پۆنتیوس پیلاتوس دەستەڵاتداری ئۆڕشەلیم نەیدەویست یەشوو
بکوژرێ، لەبەرئەوەی یەکەم باوکی ئەفسەرێکی پلە بەرزی سوپای ڕۆم بوو.
زۆریش نزیک بوو لەوانەی دەستەڵاتیان لەدەست دابوو. دووەمیەشوو
هاونیشتمانییەکی رۆم بوو وبەپێی یاسای ئیمپراتۆری نەدەبوایە بکوژرێ١١.
لێرەوە بۆمان دەردەکەوێ، کە ئەو ئەفسەرە جەللادە نەرم و نیانە
ڕاسپێردراوە. کە لێنەگەڕێ یەشوو بمرێ، بەڵکوو تەنیا وەک شانۆیەک لەبەر
چاوی جوولەکان و ڕابینەکانیان پیشان بدەن،تا وابزانن یەشوو لە سێدارە
دراوە و کۆتایی هات. ئیتر دوای ئەوەی کە تاریک دادێ دایدەبەزێنن و
داوای لێدەکەن کە ووڵات بەجێ بێڵێ. یەشوو ماوەیەک بۆ تیماری برینەکانی
دەست و قاچی ئەنجامی لە خاچدان چارەسەرکردن دەمێنێتەوە. ئێوارەی سێیەم
سەر لە قوتابیەکانی دەدا ( هەر ئەوەشە لە ئینجیەلاکان باسی هەڵسانەوە
دەکەن) دوای چاکتر بوونەوەی ئیتر بەرەوە سووریا بەڕێ دەکەوێ، لە وێشەوە
بەرەو تورکیا و ووڵاتی فارس و باکووری هیندستان. جەواهیر لال نیهرۆ لە
نامەیەکدا بۆ ئەندێرە گاندی کچی لە ساڵی ١٩٣٢ نووسیویە ( لە تەواوی
ئاسیای ناوەڕاست لە کشمیر و لاداق و تبت تادەگاتە هەرە باکوور.
بڕوایەکی زۆر بەهێز هەیە کە یەشووی کریستۆ لەو دەڤەرانە
سووڕابێتەوە)١٢.
شتێکی تر کە لێرەدا هەم جێگای هەڵوێستەیە و هەمیش تەواوکەری بابەتەکەیە.
کەسایەتییەک بە ناوی پاولۆس (پاولۆ) لە تەمەنی ٤٧ تا ٥٠ ساڵی بە
ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست دەسووڕێتەوە و وەک موژدەبەخشێک
دینی کریستیانیزم بڵاو دەکاتەوە. پاولۆس نووسەری تێکستە سەرەتاییەکانی
ئینجیلیشە بە تایبەتی نامەکانی کە بریتین لە ١٧ نامە دەربارەی کارەکانی
و کریستیانیزم لە شوێنی جیا جیا نووسیونی، کە دوایی بوونەتە سەر چاوە
بۆ نووسینەوەی ئینجیل.
ئەگەر ئێمە بەراوردێک لە نێوان قسەکانی یەشوو و پاولۆس بکەین بۆمان
ئاشکرا دەبێ کە ئەو دوو کەسایەتییە هەمان کەسن، لەبەر ئەوەی چەند
بۆشاییەک لەژیانی پاولۆس دا هەیە، کە بە شێوەیەکی گونجاو لەگەڵ ژیانی
یەشوو، هەم دەگونجێ و هەمیش یەکتر پڕدەکەنەوە. بە تایبەتی ژیانی پاولۆس
لە تەمەنی مام ناوەندی واتە ٣٠ ساڵ بەسەرەوە دەست پێدەکا و لە تەمەنی
چل ساڵی و گەورەتر هەوڵدەدا لە دوورە دەستییەوە هەوادار بۆ یەشوو پیدا
بکا.خۆشی دانی پێدادەنێ کە ئەوە تاکە مەبەستییەتی. لەکاتێکدا یەشوو
لەمێژە مردووە. ١٣ پاولۆس ماوەیەکی زۆر لە دەرەوی ئۆڕشەلیم دەیەوێ
بچێتە ناو شار کەچی ناوێڕێ نەوەک بیناسنەوە. بێ ئەوە ڕوونبکرێتەوە بۆ
لە ناسینەوە ترساوە. لەبەرچی و چی کردوو. دوایش کە دەچێتە ناو شار لەوێ
خەلکێ دەیناسنەوە وداوا لە سەربازانی ڕۆم دەکەن کە پاولۆس بگیرێ، بەڵام
کاتێ دەیبەنە لای فێلیکس فەرمانڕەوای ئۆڕشەلیم بۆ دادگایی کردن. کەچی
لە جیاتی ئەوە لە دەستی جوولەکانپارێزگاری لێدەکەن١٤.
ئەوەی جێگای سەر سوڕمانە پاولۆس خاوەنی ڕەگەزنامەی رۆمە و وەک خۆشی
وەڵامی داوەتەوە لەو کاتەی لە دایک بووە وەریگرتووە.لە هیچ جێگایەکیش
ڕون نەکراوەتەوە کە پاولۆس لە کوێ و بەچی هۆیەکەوە بوەتە هاونیشتیمانی
ڕۆم. لە کردەوەکانی نێردەکان (موژدەبەخشەکان) دا هاتووە، چۆن کۆمیسارێک
گفتوگۆ لەگەڵ پاولۆس دەکا:
کۆمیسارەکە چووە لای و لێی پرسی / بەڕاستی تۆ هاونیشتمانییەکی ڕۆمی؟
کاتێ پاولۆس وەڵامی دایەوە بەڵێ، کۆمیسارەکە گوتی / من پارەم داوە بۆ
ئەو ڕەگەزنامەیە/ پاولۆس گوتی من کە لەدایک بووم وەرمگرتووە١٥.
هەرچەندە لە ئینجیل سەبارەت بە پاولۆس شتی تر نووسراوە کە کەسێکی ترە،
بەلام لە بەر ناکۆکی و نەگونجانی زۆر لە نێوان ڕووداو و گێرانەوایان
جێگای متمانە نین. من لێرە هەر سەبارەت بە پاولۆس نموونەیەک دێنم کە
هەڵەیەکی جوگرافی زۆر گەوریە کە نەدەبوایە لە پەرتووکێکی وادا هەبێ.
لە ئینجیلی مارکوس (مرقص) دا هاتووە:
ئەو (مەبەست پاولۆسە) دوای دەڤەری (تیرۆس) صوری بەجێ هێشت و بە (سیدۆن)
صیدا دا تێپەرێ تا بگاتە دەریاچەی جەلیل (ئینجیلی مارکوس ٧/٣١).
ئەوەش هەڵەیەکی جوگرافی زۆر گەورەیە ، لەبەر ئەوەی ئەگەر لە (تیرۆس)
صور بەرەو سیدۆن (صیدا) بەڕیبکەوتبێ، ئەوا ڕیگاکە دەق بە قەراخی دەریای
ناوەڕاست بەرەو سنووری لوبنان دەچێ. کەچی دەریاچەی جەلیل دەکەوێتە
ناوەڕاستی ئیسڕائیلی ئێستا واتە دەبوایە بەرەو ڕۆژهەڵات بڕوا. دوای
ئەوە ماتیاس (مەتی) لە ئینجیلەکەی خۆی ئەو هەڵەیە ڕاست دەکاتەوە و
دەنووسێ کە:
لە دەڤەری دەوروبەری صیدا و صور بینراوە (ئینجیلی مەتی ١٥/ ٢١).
ئەگەر بە ووردی لە هەڵەو ناکۆکییەکانی نێوان هەر ٤ ئینجیلەکان بگەڕێین
ئەوا زۆرن و بایی لێکۆڵینەوەیەکی بەرفراوان دەکەن، لەو باسەدا جێی
نابێتەوە و لێرەوە وازی لێدێنم.
ئەوەی زیاتر جێگای هەڵوێستەیە پاولۆس برینداربووە و بە هاوادارەکانی
دەڵێ من لە پێناوی خودا تێمکۆشاوە، وەک ئێستای ئێوە. بەپێی لێکدانەوەی
لێتۆژەرەوان دەبێ پاولۆس مەبەستی لە خاچدانی بووبێ ١٦
چەند لەیەکچوونێک لە نێوان مەسیح و پاولۆس:
یەکەم یەشوو و پاولۆس خەڵکی یەک شوێنن.
دووەم یەشوو و پاولۆس هەردووکیان هاونیشتمانی ڕۆمن.
سێیەم هەردووکیان لەتەمەنی گەنجی دەچنە ئۆڕشەلیم.
چووارەم لە ژیانی هەردووکیان دا بۆشاییەکی تەواو تا دەگاتە تەمەنی
گەنجی هەیە.
پێنجەم یەشوو و پاولۆس هەردووکیان ڕەبەنن (ژنیان نەهێناوە).
شەشەم پاولۆس لە چەند جێگایەک لەشێ بریندار بووە و دەشەلی. ئەوەش
دەسەلمێنێ کە لە خاچدان شوێنەواری لەسەر لەشی بەجێ هێشتووە. تەنانەت لە
قسەکانی دەڵی ( من نیشانەکانی یەشووم بە جەستەوەیە).
حەوتەم لەیەک چوونێکی یەکجار زۆر لە نێوان گرتن و دادگایی کردنی پاولۆس
و یەشوودا هەیە هەر دەڵێی ئاوێنەی یەکترن.
هەشتەم پاولۆس لە شێوەی قسەکردن و دیمەن دروستکردن دەقاو دەق وەک یەشوو
بوو١٧.
ئەو بەراوردکردنە لەگەل ناکۆکی ساڵی لە خاچدانی یەشوو هەڵەکان
زەقدەبنەوە، ئیتر بواری ئەوە نادات کە هەر هەموویان ڕاست بن. گریمانەکە
لەوە دایە ئەگەر یەشوو وەک لە ئینجیل دا نووسراوە لە سەردەمی پیلاتۆس
لە خاچ درابێ و پیلاتۆس لە نێوان ساڵاکانی ٢٦ تا ٣٦ زاینی فەرمانڕەوای
ئۆرشەلیم بووە کەواتە لەگەڵ نووسینی ئەسقەفی لیون ئیرێناوس کە ساڵی ٢٠٠
زاینی نووسیویەتی یەک ناگرێتەوە. باوای دابنێین لە تەمەنی ٥٠ ساڵی لە
خاچ دراوە کەواتە لەگەل ئینجیل یەکناگرێتەوە کە نووسراوە لە سەردەمئ
پیلاتۆس، لەبەرەئەوەی لەسالی ٥٢ تا ٥٩ زایینی آنتۆنیۆس فێلیکس
فەرمانڕەوا بووە و لە هیچ بەڵگەنامەیەک دانییە کە فێلیکس بەو کارە
هەلستابێ. بۆیە هەر دەبێ بگەڕێینەوە سەر پاولۆس. هەرچەندە پاولۆس لە
ئینجیلەکان بە سۆول کە دواتر بووەتە پاولۆس ناو بردراوە، کە کەسێکی زۆر
دژی کریستیانەکان بووە دوایی وەرگەڕاوەتە سەر دینی کریستیان. کەچی
ئەوەشیان ناکۆکە و زیاتر لە خورافەیەک دەچی. بۆیە پاولۆس خۆدی یەشووە و
بەو ناوە گەڕاوەتەوە. کەواتە یەشوو لە خاچ دراوە، بەڵام نەمردووە و تا
تەمەنی زیتر لە ٥٠ سالیش ژیاوە.
کریستیانیزم دەبێتە دینی فەڕمی لە ئیمراتۆرییەتی ڕۆم.
لە ڕۆمای کۆندا چەندین دینی جیاجیای لێ بووە جا لەوانە دینی ئەنیسا کە
بەهێزترین دین بووە و خودای ئەو دینەش قەیسەر خۆی بووە . هەروەها لە
پاڵ ئەوە دینی تریش هەبووین کەم یان زۆر کاریگەرییان لەسەر ڕەوتی سیاسی
و کۆمەڵایەتی ڕۆما هەبووە. بۆ نموونە دینی ئەفسانەیی هیلینیا یۆنانیش
هەبووە کە بنچینەکانی ئەفسانە کۆنەکانی یونانی بووین ١٨. لە هەندێک
سەرچاوەدا هەیە کە لەو دەمەدا دینی میتراییش لە ڕۆما بڵاو بووە
لاینگیریشی هەبووە. دینی میترایی لە بنچینەدا رەوتێک بووە لە دینی
زەردەشتی١٩.
فرانتس کۆمۆن لە کتێبی نهێنییەکانی ئایینی میترایی دەنووسێ:
چارەنووس وابوو ئەمانە ئایینی خۆری نەبەز یان ئایینی میترایی لا
باشووری ئەوڕوپا بڵاوبکەنەوە ٢٠.
لە کۆتایی ساڵانی ٢٠٠ و سەرەتای ٣٠٠ ئیمپراتۆری ڕۆمی نقومی قەیرانێکی
بێ سنوور بووبوو. ئیمپراتۆرییەکە بووبووە دوو لەتی گەورە، ڕۆژهەڵات و
ڕۆژئاوا. کە شەڕیکی دژواری درێژخایەن لە نێوانیان دابوو. هەر لایەک
دەیەویست لایەکەی تر بخاتە ژێر ڕکێفی خۆی. ئیمپراتۆری ڕۆمی رۆژهەڵات کە
بە بێزەنتین ناسرابوو، کۆنستەنتینی مەزن یان کۆنستەنتینی یەکەم قەیسەری
بوو لە بەرامبەر بەشی دووەمی ئیمپراتۆر رۆمای ڕۆژئاوا دا کە لە ژێر
فەرمانی ماکسێنتیوس بوو لە سالێ ٣١٢ کۆنستانتینن بەیەکجاری بەسەری دا
زاڵ بوو.
قەیرانی باری سیاسی و کۆمەڵایەتی و زۆری دین وای کردبوو کە ناکۆکییەکان
بگەنە ئاستێک، تەنگییان بە هێزی یەکگرتوویی ئیمپراتۆری ڕۆما هەڵچنیبوو.
جا هەر زوو کۆنستەنتینی یەکەم بیری لە ڕێگا چارەیەک کردبووەوە، بۆ
ئەوەی بتووانێ ووڵات یەکبخاتەوە وهێزو بڕشتی بەبەر دابکاتەوە. بۆ ئەوەش
بیری لەوە کردبووەوە کە دینی کریستیانیزم بە هەر شێوەیەک بێ بکاتە
پلاتفۆڕمێک بۆ ئەو چارەسەرییە. هەرچەندە کۆنستەنتین خۆی باوڕی بە
کریستیانیزم نەهێنا، تا لەسەرە مەرگ بە خورتی کرایە کریستیان، ئەوە
جێگای مشت و مڕێکی ترە بۆیە لێرە بەجێی دێڵم ٢١
کۆنستەنتینی یەکەم یان کۆنستەنتینی مەزن هەنگاو بە هەنگاو لە نێوان
ساڵانی ٣١٠ - ٣٢٠ زایینی دینی کریستیانیزمی لە دەستەڵات نزیک دەکردەوە.
هەنگاوی یەکەمی ئەوەبوو لە ساڵی ٣١٣ بە فەڕمی بانگهێژی ئازادی دینی لە
سەرتاسەری ئیمپراتۆرییەت کرد. دینی کریستیانیزم، کەتا ئەو کاتە دینێکی
قەدەخە بوو، وەک دینێکی یاسایی هاتە مەیدانی کارکردن. کۆنستەنتین بەوەش
نەوەستا، بەرەبەرە دەستەڵاتی دایە کەنیسە و کەسانی قەشەی دەهێنانە ناو
کاروباری دەوڵەت، تا بگرە لە شوێنی هەستیاریشی دادەنان. ئەو کارەشی لە
خۆشەویستی کرستیانیزم نەبوو، بەڵکوو ئەو دینەی وەک ئامرازێک بۆ
دەستەڵات بەکار دەهێنا.٢٢ جا ئەوە تا چەند کریستیانەکان لیێ بە ئاگا
بوون، یانیش ئەوان سوودیان لەو هەڵە وەردەگرت، لە هیچ جێگایەک بە ڕوونی
باس نەکراوە. ئەوەی کە دەیزانین کریستیانەکان براوەی سەرەکی بوون لەو
سیاسەتەی کۆنستەنتینی ئیمپراتۆر. ئەوەی جێگای سەرنجی لێکۆڵەرەوانی
ڕاکێشاوە ئەوەیە کە کریستیانەکان هەر لەسەرەتای هاتنیان بۆ رۆما بەرە
بەرە کولتووری ڕۆم و دینەکانی تر بەتایبەتی دینی قەیسەر پەرستی و دینی
میترایییان تێکەڵ بە نەرێت و کولتووری خۆیان دەکرد. ئەوەش لە پێناوی خۆ
گونجاندن و تێکەڵاوی بووە لەگەڵ خالکی بنەڕەتی رۆما. هەر ئەوەش ڕێگای
بۆ قەیسەر کۆنستەنتین خۆشتر کردبوو، کە دینێکی نوێ هەر بە ناوی
کریستیان لەسەر بنچینەی ئەو دینانەی دیکە و کریستیانیزم بنیات بنێ.
یەکەم لە ساڵی ٣٢١ ڕۆژی یەکشەممە کە دەکاتە (ڕۆژی خۆر) بە فەڕمی کرایە
ڕۆژی پشوو ئەو ڕۆژە لە بنەڕەتدا رؤژێکی پیرۆزی میتراییەکان بووە و بە
سەرچاوەی پیرۆزی دینەکەیان ناسراوە. هەر ئەوەش وای کردووە میترایی بە
دینی(خۆری نەبەز) لەو سەردەمەدابناسرێ.
تا پێش ئەو کاتە کریستیانەکان ڕۆژی شەممە (شابات) ڕۆژی پشوویان بووە.
بەوەش هەر وادەبینرا کە کریستیانیزم ڕێبازێکی ریفۆرمە لە ناو جوولەکە.
گۆڕینی شەممە بۆ یەکشەممە لە دوو ڕووەوە کارێکی باش بوو٢٣. لەلایەک
میتراییەکان کە خۆریان بەسەرچاوەی ژیان دادەنا هەروەها نیسێیەکانیش کە
قەیسەریان بە خوا دەزانی،خۆریان لا پیرۆز بوو. لە گشت لایەکەوە ڕۆژی
یەکشەممەش هێمایەکی بەهێز بوو بۆ بوونی ئەو دینانە لە ڕۆما، بۆیە بەو
بڕیارە دڵخۆش بوون. ئەو بڕیارەیان وەک داننان بە دینی خۆیان دەزانی. لە
لایەکی تریش کریستیانەکان تا ئەو کاتە لەگەڵ دینی جوولەکە هەمان ڕۆژی
شەممەیان هەبو دەرفەتیان دەست کەوت، کە ڕۆژێکی تایبەت بەخۆیان هەبێ،
بەو بڕیارە مێژووی سەربەخۆیی ئەو دینە دەستی پێکرد. بۆیە جێگای
ڕەزامەندییان بوو.
دووەم ئەوەی زیاتر جێگای هەڵوێستە کردنە کریستیانەکان پێداگرییان لەسەر
ئەوە دەکرد کە یەشوو کوڕی خودایە. ئەوەش بە پشت بەستن بە ئینجیلەکان.
لە هەر چوار ئینجیلەکان دا بە ئاشکرا دیاریکراوە کە یەشوو کوڕی خودایە،
هەڵبەتە هۆیەکەشی دەگەڕێتەوە و بۆ ڵێڵی هەردوو رووداوی لەدایک بوون و
لە خاچادانی یەشوو. بۆیە بە فەرمی دانپێدانرا کە یەشوو (بن پادرێ) واتە
کوڕی باوکە. بەمەش ئیمپراتۆری ڕۆم ئەفسانەیەکی تری ئەفراند.یەشووی لە
مرۆڤی ئاسایی بەرزتر کردەوە، کە دواتر وەک چەکێکی بەهێزی دەروونناسی بە
درێژایی دوو هەزار ساڵی ڕابردوو بەکاری هێناوە. دانانی یەشوو بە بەرزتر
لە مرۆڤی ئاسایی واتە دانی چەکێکی کاریگەرتر بۆ بەکارهێنانی ئەو دینە و
بەهێزبوون و جێگیری دەستەڵات، ڕۆژی کریسمس کە دەکاتە ٢٥ مانگی دیسێمبەر
هەر لە زووەوە لە دینی ئەنیسە بە رۆژی ( خۆری نەبەز) ناسراوە بەباش
زانرا کە بکرێتە ڕۆژی لەدایک بوونی یەشوو. هەروەها لەو مێژووەوە
لەخاچدانیش قەدەخەکرا.
سێیەم گشت دینەکانی تر بێجگە لەو دینە نوێیە قەدەخەکران. ئەوەش
بەمەبەستی دابینکردنی دینێکی بەهێز کە بتوانێ پشتگیری دەوڵەت بکا.
چوارەم بە دروستبوونی ئەو دینە نوێیە دین و دەوڵەت بوونە یەک و هەر
بەوەش هەم دەستەڵاتی قەیسەر زۆر بەهێز بوو، و هەم قەشە و کەنیسەکانیش
هێدی هێدی بوونە پایەیەکی دەستەڵات کە لەلایەک تەواوکەری دەوڵەت بوون و
لەلایەکی تریش دەستەڵاتی ڕەهایان لە سەرتاسەری ئیمپراتۆرییەتی ڕۆم
هەبوو.
ئەو دەستەڵاتی دووانەییەی ئیمپراتۆرییەتی ڕۆم و کەنیسە، زیاتر لە ١٠٠٠
ساڵی کێشا. تا هاتنی ڕێنیسانس، بەڵام درێژەکێشانی تا سەرەتای سەدەی
ڕابردوو کەم یان زۆر هەر مابوو.
ئەنجامگیری.
ئەو تێکستەی سەرەوە مشتێک بوو لە خەڵواری نهێنییەکانی دینی کریستیانیزم.
بە درێژایی مێژووی دوو هەزار ساڵەی ئەو دینە، هەر لە سەرەتاوە تا
دەگاتە ئێستا وەک هەموو دینەکانی تر پڕیەتی لە ناکۆکی و هەڵەی زەق و
خورافات، کە چاوپۆشیان لێناکرێ. بە پێی ئەو بەڵگانەی لەدەست دان، نە
یەشوو کوڕی خوایە و نە مریەمیش کچ بووە. ئەو چیڕۆکانەی ناو ئینجیل کە
بە (پەیمانی نوێ) ناو دەبرێن دروست کراون و بنچینەیەکیان نییە.
ئەوەی جێگای سەر سووڕمانە قەشەکانی کریستیان، لە بەرامبەر بەلگەکانی
دژی ئینجیل نەرم دەنوێنن و زۆر جار خۆیان لە دێبەیت لەسەر ئەو باسە
دەدزنەوە. بۆ نموونە ساڵی ٢٠٠٦ کە کتێبەکەی (لێنا ئێین هۆرن) دەرچوو.
ئەو کتێبە بە ڕاشکاوی بەڵگەکانی ناو دینی کریستیانیزم دەخاتە ڕوو.
بەشێوەیەکی بنبەست کەنیسەو پیاوەکانی بە درۆزن و مێژووی کریستیانیزم و
کەنیسەش بە ساختە دادەنێ. ئەسقەفی مەزنی سوێدی ک. گ هەممەر لە ڕۆژنامەی
داگێنس نیهێتەر بی پەروا، بە یەک لە پەرتووکەپڕبەهاکانی دانا کە لەسەر
کریستیانیزم نووسراون٢٣. بەڵام بە هیچ شێوەیەک نە چووە ناو ناوەرۆکی
کتێبەکە و بەراوردی بکات لەگەڵ ئەو تێکستانەی لە لایەن پیاوانی کەنیسە
نووسراون.
باشە ئەگەر یەشوو لە خاچ دراوە بۆچی تائێستاش گۆڕی نە دۆزراوەتەوە؟ لە
نەرێتی جوولەکە، کە یەشوو خۆی جوولەکە بووە. دەبوایە و دەبێ هەر کەس کە
دەمرێ یان دەکوژرێ، بەهەر شێوەیەک گۆڕی هەبێ. لە ئینجیلەکان نووسراوە
کە لە گۆڕ نراوە، بەڵام دوای سێ ڕۆژ هەڵساوەتەوە. لە تۆژینەوەکان
پێچەوانەکەی سەلمێندراوە. ڕاستە لە خاچ دراوە بەڵام نە مردووە. ئەو
پرسەش تەواوی لێتۆژەرەوانی بوارە جیاجیاکانی کرستیانیزمی بە خۆیەوە
سەرقاڵ کردووە. لەبەر ئەوەی زانست خورافات نییە. وەڵامێکی سەلمێندراوی
لەمەڕ جەستە و گۆڕی راستەقینەی یەشوو دەوێ
بەند و باوی یەشوو و مریەمی دایکی لە دینی ئیسلامیش هەر درێژەی هەیە.
بە هەمان شێوە باسی پاکی و بێگەردی مریەم و هەلبژاردنی لەلایەن خوداوە
کراوە.ئێمە دەزانین ئیسلام و قوڕئانەکەی نزیکەی ٦٠٠ ساڵ دوای دینی
کریستیانیزم هاتووە، کەچی باسی کچێنی مریەم و یەشوو کوڕی خودا زۆر جار
دووبارە بۆتەوە. لێرەدا سێ ئایەت لە سووڕەتی ال عمران دێنینەوە کە چۆن
باس لە هەڵبژاردنی مریەم دەکا لەلایەن خوداوە
[وَإِذْ قَالَتِ الْمَلائِكَةُ يَا مَرْيَمُ إِنَّ اللَّهَ اصْطَفَاكِ
وَطَهَّرَكِ وَاصْطَفَاكِ عَلَى نِسَاء الْعَالَمِينَ (٤٢) يَا مَرْيَمُ
اقْنُتِي لِرَبِّكِ وَاسْجُدِي وَارْكَعِي مَعَ الرَّاكِعِينَ (٤٣) ِاذْ
قَالَتِ الْمَلَائِكَةُ يَا مَرْيَمُ إِنَّ اللَّـهَ يُبَشِّرُكِ
بِكَلِمَةٍ مِّنْهُ اسْمُهُ الْمَسِيحُ عِيسَى ابْنُ مَرْيَمَ وَجِيهًا
فِي الدُّنْيَا وَالْآخِرَةِ وَمِنَ الْمُقَرَّبِينَ (٤٥) (ال عمران)].
ماناکەی: [لەو کاتەشدا فریشتە بە مریەمی گوت، خودا تۆی هەلبژاردووە،
پاک و خاوێنی راگرتووی. ڕێزی تۆی لەسەرەوەی ژنانی دونیا داناوە (٤٢)
ئەی مریەم تۆ لە فەرمانی پەروەردگاری خۆت دەرمەچوو. ئەی مریەم
گوێڕایەڵی پەروەردگار بەو لەگەڵ کڕنۆش بەران کڕنۆش ببە (٤٣) لەو کاتەدا
فریشتەکان گوتیان ئەی مریەم خودا مزگێنیت بە بەڵێنی خویت پێ دەدا. کوڕت
دەبێ بەناوی یەشووی کوڕی مریەم ناو دەردەکا و لەو دونیایە و لە
قیامەتیش ڕێزی هەیە و یەکێک دەبی لە نزیکەکانی خودا (٤٥) (ال عمران)].
بە ڕەچاوکردنی ناوەرۆکی ئەو نووسینە لەسەر یەشوو و مریەم و چۆنییەتی
سەرهەڵدان و بڵاوبوونەوەی دینی کریستیانیزم و بەڵگە کانی زۆر زوو چی لە
ناو لاپەڕەکانی گەمارا، یان مێژووی کۆنی جولەکان کە یوسفۆس تەنیا ٣٠
ساڵ دوای لەدایک بوونی یەشوو تۆماری کردووە، پرسیارێک سەر
هەلدەدا.ئەگەر قوڕئان لەدەرەوەی توانای مرۆڤ بووە و وەک کتێبێکی
ئاسمانی پیرۆزە، دەبوایە پەردەی لەسەر کەسایەتی ڕاستەقینەی یەشوو و
مریەم هەلدابایەوە . باسی بنەچەکەیانی کردبایە. ئەو شتانەی تێدابایە کە
یەشوو کوڕی خودا نەبووە، بەڵکوو کوڕی ئەفسەرێکی پلە بەرزی ڕۆم بووە بە
ناوی بن پەنتێرە. سەرەڕای ئەوە بە پێی ئیسرا و معراج دەبی محمد بە
سواری بوڕاق لە نهۆمی دووەمی ئاسمان، خۆییەشوویدیبێ و قسەشی لەگەڵ
کردبێ. بۆیە مرۆڤی خوێندەوار دەکەوێتە گومان و ئارەزوو و سەوداسەری
بەدواداچوونی لەلا پەیدا دەبێ.
___________________________
سەرچاوەکان:
1. Lena Einhorn (2006) Vad hände på vägen till
Damaskus? På spaning efter den verklige Jesus från Nasaret. s.19
2. Ibid s.19
3. Ibid s.72
4. Ibid s.73
5. FlaviusJosefus. Om det judiska kriget 3:8:7.
6. Lena Einhorn (2006) Vad hände på vägen till Damaskus? På spaning
efter den verklige Jesus från Nasaret. s. 54
7. Wikipedia. GregorianCalendar.
8. Harrison Dick. Hur blev Maria Magdalena prostituerad? Svenska
dagbladet 8 april 2012
9. Lena Einhorn (2006) Vad hände på vägen till Damaskus? På spaning
efter den verklige Jesus från Nasaret. s. 108
10. Irenaeus: Adversushaerses Del 2 s. 22 5
11. Lena Einhorn (2006) Vad hände på vägen till Damaskus? På spaning
efter den verklige Jesus från Nasaret. s. 140
12. Holger Kersten (1986) Jesus lived in India; Hisunknownlifebefore
and after the Crucifixion, Shaftesbury.
13. Paulus. Apostlagärningarna. Del 8 s.1-40
کردەوەی نێردەکانی (موژدەدەرانی) خوا ا
14. Paulus. Romarbrevet 11:1 نامەی ڕۆما
) ئەو نامەیەی پاولۆس لە ڕۆما نووسیویەتی
15. Paulus. Apostlagärningarna. Del 22 s.27-28
کردەوەی نێردەکانی (موژدەدەرانی) خوا
16. Lena Einhorn (2006) Vad hände på vägen till
Damaskus? På spaning efter den verklige Jesus från Nasaret. s. 170
17. Ibid. s. 210 - 215
18. Beard Mary et al (1996) Religions ofRome. Volym 1, A history.
Cambridge University press. s. 245- 313
19. فرانتس کۆمۆن (٢٠٠٨). نهێنیەکانی
ئایینی میترایی. وەرگێڕانی فەرهاد عەزیز خۆشناو. دەزگای مۆکریان. ل. ١٣
20. فرانتس کۆمۆن(٢٠٠٨). نهێنیەکانی
ئایینی میترایی. وەرگێڕانی فەرهاد عەزیز خۆشناو. دەزگای مۆکریان. ل. ٤٤
21. Dagens Nyheter nummer 2010-8-25
22. Beard Mary et al (1996) Religions ofRome. Volym 1, A history.
Cambridge University press. s. 364-380.
23. Degens Nyheter 3 september 2006
ماڵپەڕی سەلاح رێبوار
|