٥\٢\٢٠١٣
پەڕەسێلکەی سپی.

گۆران رەئوف
١
ئێستا سەرەتای وەرزی پایزە، کەش و ھەوا ھێشتا کەمێک گەرمە، زۆربەی ڕۆژ
دوانیوەڕوان بەتەنھا دەرۆمە قەراغ شار، ھەر بەتەنھاش دێمەوە. ھەندێجار
لەگەڵ گەنجە نائومێد و وەرسەکان چەند کاتێکی خۆش بەرێدەکەم، ئەوان
بەردەوام لەنێو سنەوبەرەکانی ئەوێدا دەخۆنەوە، تەواوی کاتەکانیان
لەوێدا دەبەنەسەر، دەخۆنەوە و دەخەون و سگاری ھەرزان بەھا دەکێشن و
جارجارە نێرگەلە گەرمدەکەن، لەگەڵ ئەوانەشدا ھیچ کەس ئاگای لەوان نییە!!
٢
من ئەم ماوەیە کەمتر بیر لە تۆ دەکەمەوە، زێدەتر خەیاڵم لای ئەوەیە
نەگەم بەتۆ! بەھیچ لەونێک نزیک نەبمەوە لە خەونەکانت، دەست بۆ ھیچ
خەیاڵێکت نەبەم، ئێستا بیرکردنەوە لەتۆ وەک سەرەتا بێزارم ناکات و
ھەرلەخۆمەوە پەرداخ و موبایل ناگرمە دیوار، بەڵام ھەندێجار بەرلەوەی
بخەوم وەک ئەوەی لەگەڵ نەستما ڕاھاتبم موبایلەکەم رۆشن دەکەمەوە، بزانم
نامەیەک، کورە جەرەسێکت نەھاتوە، کە دێمەوە ھۆش و تێدەگەم من خۆم
پێموتویت ئیدی نە نامە بنێرە و نە تەلەفۆنیش بکە، بۆیە خەندەیەکی کەمێک
دڵتەنگانە و غەریب دەکەم و لێوێک تەڕ دەکەم و دەخەوم.
٣
باوکم لەم ماوەیەدا وێنەیەکی تەواو وەرسکەری ھەیە، تەواوی ئەوکاتانەی
لەماڵەوەم دەنگە دەنگمە لەگەڵیدا، ئەوەندەم قیڕاندوە بەتەواوی گەروم
گیراوە، لەھەموی ناخۆشتر گشت ئازار و بێتاقەتییەکان بۆ دایکمە، باوکم
تێناگات من گەورەبوم و بەقەد ھەمو تاڵەموەکانی سەری لە کەون بێزارم و
بە کێشی ھەمو ھەسارەکان دڵتەنگ و عاجزم لە ژیان، ئەو ھێشتا ئەمانەش
نازانێت و پێمدەڵێت:"ئاخر تۆ بەشەری، ناتوانی کیلۆیەک تەماتە و
تەنەکەیەک رۆن و سەوزە و میوە بھێنیتەوە بۆمان!؟ یان وادەزانی من
حەماڵی تۆم کوڕی قەحبە؟! کاکە بڕۆ وازمان لێبێنە و برۆ چیت پێخۆشە بیکە،
کەم ئەم تەلەفیزیۆنە بگۆڕە بەدڵی خۆت، ئەگینا بەم دەستانەم وردی دەکەم،
بە یەک ڕەنگی خوا ھیچ خەمی ئەو پارەم نییە پێمداوە"!
من وەک ئەوەی کاسەی سەرم کەوتبێتە نێوان تایەی ماشینێکی بارھەڵگر و
زەوییەوە، ئەوەندە ھەست بە ئازار دەکەم، کاتێک باوکم لەو چەشنە قسانە
دەکات!
٤
من ڕقم لەو قسانەشتە کە پڕن لە ستایشی توڕەبونەکانم، جڕتم بەو نامە
گەوجانەت دێت کە سەرڕێژن لە قسەی بێتام، وادەزانی من ئەوەندە گەمژەم
بەو شتە دوبارە و تەقلیدیانە فریودەخۆم؟! بێزارم لەو ھەمو ئەو درۆیانەی
وەک دەنگی کەڵەشێرەکان کە سپێدان مەستیم دەشێوێنن دەیانکەیت... بەگشتی
درۆکانت زۆر نایابن، بەڵام بۆمن وەک ھاوار و ناڵە ناڵی سۆزانییەکە کە
توشی موسیبەتی خۆی بوە، بۆیە ئامۆژگاریت دەکەم کە برۆ ئەو قسانەت بۆ
کەنجێک بکە کە لەگەڵ خوشەکەکانیدا پێکەوە برۆی یەکتر لادەبەن، ڕەنگە
یەکێک لەوانە باوەڕ بە درۆ جوانەکانت بکات... تۆ گەر کەر نەبویتایە
بێدەنگ دەبویت و منت کەر دەکرد!
٥
ھەندێجار بەبێ ئەوەی دایکم بزانیت کەلای گەنجە وەرسەکانی قەراغ شارم
تەلەفۆنم بۆدەکات و زۆر بە جددی دەپرسێت:"لەکوێی؟" منیش ھیچ خۆم
تێکنادەم دەنگی ئەو گۆرانییە تراژیدیانە کزدەکەم کە کورەکان دەیانەوێت
لەگەڵیدا کەمە کەمە مەست ببن، دواتر وەڵامی دایکم دەدەمەوە و دەڵێم
لەگەڵ یەکێک لە برادەرەکانم خەریکی چاخواردنەوەین لە یەکێک لەو
چایخانانەی بازار... بۆ ئیشێکت ھەبو؟! دایکم بەشێوازی قسەکانیدا دیارە
ھێشتا دڵنیا نییە لە ڕاست و دروستی قسەکانم و وەک شتێک دڵی خەبەری داوە
کارێکی باش ناکەم، ئاخر ئەو بۆ زۆرشت دەڵێت دڵم خەبەری داوە...
دەڵێت:"ھیچ... ئیشم نەبوو، تەنھا کەمێک خەمم بو، باشە ھەوڵدە زو
بگەڕێیتەوە" کورەکان ھەمویان سەیری من دەکەن تا پەیوەندییەکەم
تەواوکەین و کەمێکتر باسی نائومێدی و بێکەڵکی ژیانیان بۆبکەم، بۆیە
بەخێرایی و بەکەمێک دڵنیایی زیاترەوە بەدایکمم وت:"نا..نا خەمت نەبێت"!
کوڕەکان جۆرەھا وێنەی بێزاری و وەڕسیی ژیانن، ھەیانە بۆ نەبونی ماڵ و
حاڵێکی باش بێزارە.. تیایاندایە لە دایک و باوک و تەواوی ماڵەوەیان
عاجزە.. کورە ھیوایان ھەیە بۆ کچ دەگریەت بۆکچ!.. یەک دوانێکیشیان
لەدۆخی سیاسی و ئەو کەش و ھەوایەی وڵات غەمگینن..ھتد، بەڵام سەیر
لەوەدایە بێزاری و نائومێدی من لە ھی ھەمویان جیاوازترە.. ئاخر خۆمن
ھۆکارێکم نییە بۆ دڵتەنگی و غەریبیم!! شتێک نییە شەڕی بۆبکەم... بەڵام
ئەوەندە دەزانم پلەی نایابم ھەیە لە بێزاری و وەڕسیدا.
٦
ئای ئای بیرم نەبوو باسی ئەوەبکەم کەبۆچی ئێستا ئەوەندە تەنھام؟ خەریک
بو لە یادمبچێت و دواتر وابزانن من بەردەوام ھەر بەو شێوەیە تەنھابوم،
ڕاستییەکەی لەم ماوەیەدا بەجۆرێک بێزار و ڕەشبینم لەژیان کە تاقەتی ھیچ
برادەرێکم نەماوە، ئەسڵەن ھەندێ کۆڕ و کۆبونەوە ھەبو جاران دەڕۆیشتم،
ئیستا زۆر بە بێزارکەر لێیان دەروانم، ھەربۆیە کە دەرۆمە قەراغ شار
بەتەنھام و حەزم لەو جەوەیە کە دوای خواردنەوە لەگەڵ ئەو گەنجە چڵکن و
بێزار و توڕانەدا نانێکیشیان لەگەڵدابخۆم، من ئەوکاتانەی کەلە قەراغ
شاردام زۆر ئاسودەم، چونکە وەک پادشای نائومێد و یاخییەکان وەھام...
ھاوکات ناشمەوێت ببمە بەشێک لەوان، لەگەڵ ئەوەشدا حەزم لێیە تەواوی
کاتەکانم لەگەڵ ئەواندا ببەمەسەر، بۆیە حەزم لای ئەوانە، کەگوێم لە
چیرۆک و سەرگوزشتەکانیان دەبێت زێدەتر ڕقم لە ژیان و تۆ دەبێتەوە و
قوڵتر بیر لە حیزی و گەوادی کەون دەکەمەوە، ھەڵبەت لەھەموشی خۆشتر
ئەوەیە کە گەلەک دڵخۆشیشم بەوەی یەک زەڕبی ڕاست و چەپم بەسەر تۆدا ھێنا!!
ھھھھا.
٧
نوێترین ئەنجام کەلەم ماوەیەدا پێیگەیشتوم ئەوەیە من دەبێت یەک بازی
بەرز ھەڵدەم بەسەر تۆدا، ئاخر دڵنیام لەوەی نزیک ببمەوە لەتۆ سەقەت
دەبم، یانی من ناتوانم وەک ئینسانێکی سادە لەخزمەتی خۆت و
خەونەکانتدابم، باشترە بڵێم بەرلەوەی خەمی تۆم بێت خەمی خۆممە، من
ناکرێت خۆم گێل کەم لەو ھەمو ژاوەژاوەی گوێیەکانمیان بێزارکردوە،
ناکرێت بەم سارد و سڕیەوە نزیکم بیت، چونکە دواتر خۆت لێم وەرس دەبیت و
ئێوارەیەک لەو ئێوارانەی کەمن دەچمە قەراغ شار تۆ لە ھەورەبانەکەتانەوە
لەشەقەی باڵدەدەی!
٨
ئەھا ھەر کەدێمە سەر باسی تۆ لەخۆم و ھەرچی شت ھەیە توڕەدەبم، ئاخر
ھەنوکە بەخۆم دەڵێم:"کورە بۆ ئەوەندە گەمژەیت ئەوە کەی ئەوەندە بایەخی
ھەیە تۆ شتی بۆ ڕوندەکەیتەوە؟! کەی بەھای ئەوەی ھەیە ھۆکار و ئەنجام
ئەو شتانەی بۆ دەخەیتە ڕو؟! مەگەر ئەمیش یەکێک نییە لە سەقەتی و کەرە
کەرەکانی ژیان؟ مەگەر وەک ھەمو ئادەمییەکانی تر خەریکی کردنی درۆی جوان
نییە؟!".. لەکاتێکدا من لەتەواوی گەردون بێزارم و لە تەواوی بێزارەکانی
دونیاش جیاوازترم، کەچی لە ڕوخساردا ھەروەک ئینسانەکانی ترم! زۆرکات
بەخۆم دەڵێم دەبو من شێوەیەکی جیاوازیشم ھەبوایە!!
goranrauf@yahoo.com
|