په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٦\٧\٢٠١٥

پەڕەیەک لە بیرەوەرییەکانی زیندان و یادی دوو مرۆڤی شیوعی جەربەزە.
- حەمەی مەلا کەمال و سەدیق عەبە ‌تاپڕ لە‌بیرمەکەن! -

رێبوار عارف*   

 

ھەرکە ئەلقەڕێزی دەرگای ڕاڕەوەکە بادەدرا گوێقولاغی کردنە ژوورەوەی زیندانیەک دەبووین؛ لەوێوە ھیمایەک خۆی نیشاندەدا سەبارەت بەو کەسەی کە دیتە ناومان. ئەگەربە شەق ولێدان و پاڵپێوەنان وقسەپیوتن ئاشنایانکردیایە پێمان، ‌واپێدەچوو کە جەماعەتی ’’مغەرب’’بیت،‌ بۆیە بەرلە ھاتنە ژوورەکانەوە گۆیبیستنی شتێکی مانادار دەبووین ئەگەرچی رووکەشیشبێت. لەپڕ دوو گەنجی سەروکەلە کوتراو بەسیمایەکی زیندوی دلێرانەوە بەتیارمانیکی ‌خێراوە سلاویان کرد گیرسانەوە. یەکەمیان گەنجێکی قەڵەمی بالابەرزی ھێمن کە ناوی محەمەد بوو دووھەمیشیان گەنجێکی ئیسقان ئەستووربوو کە دەبوو دەرفەتت بھێنایە ڕوخساریت بەبێ زەردەخەو میھرەبانی ببینیبا کەناوی سەدیق بوو. ھەردووکیان بەدواییەکدا ھاتنە ژوورەوە وەک ئەوەی کە بەدوای کەسێدا بگەڕێن چاویان دەگێرا، لەپر لەسەر چاوی من نیشتنەوە بە زەردەخەیەک منیان پەلکێشکرد بەدوای خۆیاندا، بێ ئەوەی کە ھەرگیز لە ڕابردودا یەکمان بینبیت زەردەخەنەیەکمان لەگەل یەکدا گۆرییەوەو پاشان لەخوار ئیمەوە لە نزیک دەرگاکە جێگەیەکیان بۆخۆیان کردەوەو دانیشتن و لە ژێر لێوەوە لەگەل یەکدا دەدوان ! دواتر دەرکەوت، فەریدون کە پیشمەرگەیەکی حیزبی شیوعی بوو ھەمان ڕۆژ بردبوویان بۆ لێکوڵینەوە بەڕێکەوت لە ڕارەوەکەدا رایانگرتبوو، ئەویان بینیبو ناسیبوویانەوەو دوو قسەیان پیکەوە کردبوو وەک دڵنیابوونێک ناونیشانی منی دابوو بە حەمە و سەدیق بۆ خۆنزیکردنەوە...

 

سەدیق عەبە ‌تاپڕ            حەمەی مەلا کەمال    


کاتی نانخواردنی نیوەڕۆ، خواردن ھات دەرفەتی لێکنزیکبوونەوەیەکی زیاتر پەیدابوو سەدیق سەیرێکی منیکردو گوتی: شتێکی باشە لێرە بە نۆبە ڕادەوەستن بۆ خواردن. منیش گوتم بەڵی، دیارە ھێشتا قاپوکەوچکتان پێنیە، دەتوانن بەو دوو کەسە ‌بلین کەخواردنەکە دابەشدەکەن بۆتان دابین دەکەن... مام خدرو کریم و براکەی کەھەر سیکیان خەلکی دۆلی شاور بوون نازانم بەھۆی زاراوھکەیانەوە بوو یاچۆن زانیان کە ئەم دوو گەنجە خەڵکی ناوچەی پشدەرن. بۆیە ھەستیان بە ئاشنایەتیەکی زیاتر دەکردو مام خدر کەوتە شۆخیکردن لەگەلیان... سەدیق گەنجێکی فرزو دانەماوبوو لەپڕ سەرنجی چووە سەر چامێکی باغە کە جاربەجار لە بەلوعەی ئاودەستەکەی تەنیشتمان ئاومان پێدەخواردەوە، سەیرێکی منیکردو پرسی ئیشکالی ھەیە ئەگەر بەئەندازەی لاستیکێک لەم جامە بگرمەوە؟ پرسیارەکەم بۆ سەیربوو شانێکم ھەڵتەکاندو گوتم بۆچیتە ؟ گوتی ئەگەر کێشەنیە ‌ئێستە پێتدەلێم، لەگەڵ خۆی جامەکەی بردە ئاودەستەکەو لەویش تەنەکەیەکی ڕۆنی شاپەسەنی لێبوو کە ئاوی ’’تاراتگرتنی’’ تێدەکرا.‌ قەراغێکی زۆر تیژھەبوو ھەڵیگرتوو نازانم چۆن پارچەیەکی زۆرتەنک وبچوکی لە باغەکە بریەوەو گوتی کارەکەمان سەریگرت...پاشان لەشوێنەکەی خۆیدانیشت و گونیەکەی ژێرخۆی دەرھێنا کە تاڵی ڕیشال ڕیشالی ھەبوو...چەند تاڵێکی بەھێواشی دەرکێشاو پاشان تاڵێکی کردە کونی باغەکەوەو ھەروەک دەرزیودەزو لێکیھەلکێشاو کەوتە دورینەوەی کراسەکەی بەری.


دوای تەواوکردنی ڕوویکردە جەماعەت گوتی: ھەرکەسێکتان جلەکانتان دڕاوە بمداتی با بیدورمەوە. شەفیق قەلادزێی پیشمەرگەی یەکیەتی بوو کەسیکی سوعبەچی و قسەخۆشبوو سەیریکی منی کرد گوتی: لێدە ئەوە خەیات و پینەچییشمان بۆ ھات...ھاوکات ئەوانەی جلەکانیان وێران بوو کەوتنە خۆیان و چەند پارچە جلێکیاندا بە سەدیق ...ئەویش یەکەم پارچە جلی لەخدر وەرگرتو پاش سەیریکردنێک بە زەردەخەنەیەکەوە کراسەکەی بۆ خدر ڕاکیشا بیداتەوە، گوتی مام خدر من گوتم ئەگەر جلەکانتان دڕاوە بمدەنی بیدورمەوە بەلام کراسەکەی تۆ جێگەی دورینەوەی نیە ھەموو جی تەقەلەکان پرن لە گەرای ئەسپێ دە تۆ کەمێک پاکیکەرەوە تابزانم چۆن دەیدورمەوە، خدریش سەیرێکی منیکردو گوتی ئەم مامۆستایە پیگوتین کە تەنیا ئەسپیکان بکوژین باسی گەراومەرای نەکردوە کاکە، چنینیە نا، مامۆستا سەدیق تۆ تەقەلانی لێدە ھەم گەرای لەناو دەبەیتو ھەم دەشیدوریتەوە...جەماعەت دایانە قاقای پیکەنین و سەدیقی رۆح شیرینش لێوەرگرتەوەو کەوتە دورینەوەی کراسەکەی..


ئێوارەیەکیان بێدەنگ دەرگای ڕاڕەوەکە کرایەوەو ئەمجارەیان بە پێچەوانەی جارەکانتر ھیچ دەنگی جوێن و لێدان نەبوو، بەلام لەپڕ یەکێک لە ئەمنەکان ھاواریکرد، ئەمە بەرنە ژوورەوە...کە سەیرمانکرد گەنجیان کێشکردە ژوورەکەی ئێمە کە وەک دواتر زانیمان ئەم گەنجە ناوی رزگاری شێخ محمود ( ڕزە پەیکەرتاش)بوو، بە گۆمانی کاروباری ڕێکخستنی کۆمەلەی ڕەنجدەران گیرابوو. کاتێک کەدایانا سەرباری لاوازی جەستەی لەژێر ئەشکەنجەدا بەتەواوی شەکەتیانکردبوو، بەجۆرێک کە لەزمان کەوتبوو... پاش کەمێک من و سەدیق دەستبەرداری سێڕیسکێنەکەمان بووین و چوینە تەنیشتیەوە لەبەر بێجوڵەی سەریمکردە سەر ڕانی خۆم و کەمێک کەوتینە ئەم دیو ئەودیوکردنی و بەپەنجەکانی دەستم کەوتمە شانەکردنی قژی..، سەدیقیش دەستێکی خستبووە ناو ھەردوو دەستی خۆیەوە، گەنجەکە پاشکەمێک چاوی ھەڵھێناو دەستی سەدیقی گوشی و پێگوت ئەم دەستانە گەلێک کاری پێدەکرێت، سوپاستان دەکەم... سەدیقیش گوتی: ئەگەر ئێمە بەمجۆرە دەستمان لە ناودەستی یەکدابێت ئازارەکان زۆر زوو سارێژدەبن، ئەویش خۆی ڕاستکردەوەو گوتی: بۆیە ئێستە ھەست بەھێزدەکەم و پێدەچێت باشبم. لە ڕاوڵەتدا ئەم دەربرینانە زۆر سادەو ساکارن، بەلام ئەو ساتانەی کە تۆ لە پشت دیواری زیندانەکانەوەی بڕواو گوڕوتینێکی سەیرت پێدەبەخشیت و ڕەگی ئومێد لەدڵتا بەھێزتر دەکات.


رۆژێکا‌ن ئەوەندەمان نەزانی دوو ئەمن پیاوێکی بەتەمەنی ئەختیاری ڕیش ماشوبرنجیان ھێنایە ژوورەوە کە ڕەنگی بە بەرەوە نەمابوو سپی سپی دەتگوت خامە،‌ بەلام ھیچ شوێنی لێدان و ئەشکەنجەی پێوە دیارنەبوو پاش بەخێرھاتنی، گوتی باشم گرنگ ئەوەیە لەو ژوورە نەعلەتیە ڕزگارم بوو...شەفیق گوتی: مامەگیان بۆ لێرە نەعلەتیتر ھەیە ؟ بەسنیە تۆ ساغوسلامەتی، ساغوسلامەتەکەی ئێرە منم ئەوەتە دوو دانیان بۆ ھەلگرتووم نازانم بۆ متحەفیانە یان گەر ڕۆژێک لێرە دەرچووم موحتەرەمانە دەیکەنە زەرفیک و دەمدەنەوە..‌.قاقای پیکەنینی جەماعەت دڕی بەبێدەنگیداو مامەی ڕیشسپیش گوتی: کورم برینەکانی جەستە ئاسانتر ساڕێژ دەبن لە برینەکانی ڕۆحمان، من زیاتر لە شەش مانگە لە ژورێکی تەنیاو تاریک و پر تەرەشوعدابووم،‌ ئەوەی کە منی بە دنیای دەرەوە دەبەستەوە تەنیا بۆنی زیرابەکان بوو. (شەماڵ) مندالێکی بچوکی خۆین شیرینی تەمەن ١٥ سال بوو کە بە تۆمەتی ھاوکاری پارتی گیرابوو، گوتی: مامە زۆر سەیرن ئاخەر ئەمانە کاریان بەمن وتۆ چیە، ئەوەتا منیش چوار مانگە گیراوم خۆشم نازانم بۆچی...مامەی ڕیشسپی سەیرێکیکردو گوتی: باوکەکەم ناوت چیە ئەویش گوتی شەمال، لێرە پێمدەلین بەچە. مامەی ڕیشسیش ھەروەک ھەلێکی بۆ ڕەخسابێت، بۆخۆناسن گوتی: منیش ناوم عبدلایە کە بە عبەی قەیوان ناسراوم، کە ئەویش لەسەر حیزبی شیوعی گیرابوو. سەدیق و حەمە سەیرێکی یەکتریانکردو ھەروەک ئەوەی کە بیناسن زیاتر لێنزیک بوونەوە...لەپڕ دکتۆر ستاری ڕۆخۆش و میھربانیش کە بە گۆمانی کارکردن لە ڕێکخراوێکی چەپ و مارکسیستیدا گیرابوو سەیرێکی منی کردم گوتی: بزانن کێ جلوبەرگی زیادەی ھەیە بیدەین بەمامە عەبە با جلەکانی بگۆڕێ. لێرە ھەندیک کاروباری ناو ژورەکەی خۆمان رٍێکخستبوو کە یەکیک لەوانە دکتۆر ستار بەرپرسی تەندوستی وپاکوخاویًنی بوو. بۆیە لەخەمی گوڕینی جلوبەرگو پشکنینی مامە عەبەدا بوو. خێرا حەمە داوای لەفەریدون کرد شانەکەی بداتی، بەمشێوەیە زیاتر لێنزیک بووەوەو ھەستمکرد کە شتێکی بەگۆێ مامە عەبەدا چپاندو پاشان کەوتە پشکنینی سەروریشی، بەلام کاتێک سەرنجی شانەکەماندا کە دەیھێنا بەڕیشیدا ئەسپی لێھەڵدەوەرا. بۆیە حەمە ناچار ‌کراسەکەی ‌بەر مام عبدلای داکەندو وەک بەروانکەی مندال شۆریکردەوە بە شانوملیداو بە شانە ئەسپێکانی دەوەراندە سەر کراسەکە ‌...دواتر بەناچار چۆنە ژوورەکەی ئەودیوو داوایان لە پیشمەرگەیەک یەکیەتی کرد کەناوی براھیمی ....ئاغابوو، کە مقەستە بچکۆلەکەی بەرسمێلی خۆی بداتی بۆ کەمکردنەوەی ڕیش وسمیلی مامە عەبە.. پاش ماوەیەکی زۆر ھەرچۆن بوو ڕیشو قژیان بۆ تاشی و بردیان لە ئاودەستەکەدا بە ئاوی سارد شتیان و دواتر شەروالو کراسێکی پاکیان پێداو.. پاش کەمێک کە مام عەبە گەرایەوە ناومان بەھیواشی گوتی نا ئێستە لەبەشەر دەچم.


ماوەیەک بوو تەنیا نان و برنجی وشکیان بۆ دەھێناین ناوبەناو حەبێکی ئیسپرین و نۆفۆلچینیان بۆ دەھێناین ئەویشیان بڕی وخواردنەکەشیان زۆر کەمکردبوەوە، ئێمەش شەو پێکەو دانیشتین و قسەوباسی خۆمانکرد لەسەر ئەوەی کە سبەی مان دەگرین لەخواردن...جەماعەت ھەمووی ڕازیبوو دواتر چوینە ژوورەکەی ئەودیومان و ئەوانیشمان ڕازیکرد، ئەوەی کە مایەوە ژوورێکی بچکۆلەیتربوو کە ٥ پیشمەرگەی یەکیەتی تیدابوو کە کەسانێکی کردەو لیبراوئامادەبوون بە تایبەت بەھادین و سەلاح کە بە ’’بەھە چاوجوان،، و ’’سەلاحە چاوزەق’’ ناسرابوون ئەوان ھەرچیەکیان بوتایە جەماعەتەکەیتر لە قسەیان دەرنەدەچوون و لەبەردەگاکەو سەلاح وەلامی دامەوە گوتی بێخەبن ئێوە چیدەلین وا دەکەین. سبەی نانی بەیانیان ھێنا کەس نەچوو بەلایدا ئەوەندە نەبێت کەپێمان گوتن، ئێمە مانمانگرتووە نان ناخۆین. دیاربوو ئەوان گالتەیان لێدەھات...بەھەرحال نیوەڕۆ بەھەمان شێوە خواردنیان ھێنا سەیرەکەن ھێشتا گوێنیە نانەکە خالی نەکراوەو ھەروەک خۆی دانراوە، ھەرچەندە کەمێک ھاتوھاواریان کرد بەلام بێفایدەبوو، گوتمان بڕۆن مدیر بانگکەن... پاش کەمێک بەھاتوھاوار گەڕانەوە بەبێ ئەوەی کەسێکی بەرپرسیارن لەگەل بێت ھەر ئەوەندە گوتیان گەوادینە ماندەگرن کەوتنە وێزەمانو پاشان شەش کەسیان لیجیاکردینەوە بردینیانن، من و حەمە بەر ئەم ڕەشبگیریە نەکەوتین خۆمانکرد بەناو ئەو شەش کەسەیتردا بە کێبڵ تێمان کەوتن گوتیان کی بەئێوەی گوتووە وەرن، گوتمان ئاخەر ئێمەشیان لەگەلدابوون، گوتی ئا لێرەش ھەر خەریکی تخریبن، حەمە گوتی ئێمە مخریب نین داواکاریمان ھەیە.. گوتی باشە ئەفەنی تۆ ناوت چیە گوتی حەمەی مەلا کەمال ئەمنەکە وەلامی دایەوە ڕاستەکەی گەواد دەبێت تۆیان لەگەل بیت ئەویان پەلکێشکردو منیان بەشەق کردەوە ژورەوە. ئەم حاڵەتە بۆ من زۆر ناخۆشبوو بەلام جەماعەت ئاگاداری کێشمەکێشەکەبوون کەخۆم نەدزیەوە بە زۆریش خۆم ھەڵواسی نەیان بردم... پاش دوو سەعات جەماعەتیان بەپاڵکردەوە بە ڕاڕەوەکەداو ئێمەش لەدەوریان کۆبووینەوەو ئەوانیش دەستیانکرد بە گیرانەوەی باسەکان کە زیاتر ھەرەشەو گوڕەشە بوو تەنیا شتێک کە دواتر حەمە ئیشارەی پیکرد گوتی: مەتحەتە سوور وو‌تی گەوادینە ئێوە لە دەرەوە یەک دەکوژن و کەچی لێرە شەڕدەکەن لەسەر ئەوەی کە کەستان بێبەش نەکەین لە لێدان وسزا، ئەم قسەیە نیگەرانیەکی بیدەنگی بەدوای خۆیدا ھێناو بەلام ماندەتوانی پێشبینی ئەوە بکەین کەچی ڕوویدابێت. بۆ سبەینی لەگەل نانی بەیانیدا سەیرەکەین کە دوو سی جۆر حەبیان ھێناو نیوەڕۆش دوو قابلەمە مریشک و شلەیان کرد بەژووردا، شەمالە بچکول سەیرێکی حەمەی کردو گوتی کاکە حەمە تێھەڵدانەکەتان بە فیرۆ نەچوو سەیرێکی مەنجەلەکانیکردو گوتی قاچیان بەخێربووە، جەماعەت پیکەنین و چوینە سەرەی خواردن وەرگرتنەوە.


ئێوارەی ھەمان ڕۆژ لەپڕ دەرگای ڕاڕەوەکە کرایەوەو بانگی منیانکرد، ھەستام گوتم پێدەچێت ئەوەی ئەمڕۆ خواردومانە لە کونی لوتمانەوە دەریبینن... شەفیقش گوتی نا خەمت نەبێت ئەوە قەرزەکەی دوێنێت دەدەنەوە کە ویستت بتبەن و بەلام بەزۆریش نەیان بردیت... ڕۆشتمەبەردەم دەرگاو گوتیان تۆ بەھای گوتم بەلی... پێشیانکەوتم کە گەشتمە بەردەم ژووری لیکۆلینەوە بۆ ماوەی نزیک بە سەعاتیک ڕاینگرتم پاشان بردمیانە ژوورەوە... دنیایەکی زۆر سەیربوو لەباتی جوێن و ئیھانەو لێدان ... گوتی دانیشە، کە دانیشتم یەکسەر گوتی دەزانین کە دوێنی تۆش یەکیک لە فەوزاچیە سەرەکیەکان بوویت، بەلام ئەمڕۆ وویستمان قسەیەکیترت لەگەلدا بکەین. دەستبەجی کەوتمەوە بیری ئەوەی کە ھیچ جۆرە لێکۆڵینەوەیەک لەگەل ئەو جەماعەتەی دوێندا نەکرابوو لەبارەی ڕێکخستنی مانگرتنەکەوەو ئێستە دەیانەویت لەگەل من قسەبکەن، بیرم لای چۆنیەتی وەلامدانەوەیان بوو... بەلام پێدەچوو کە من بە ھەڵەدا چووبم... یەکەم قسەی گوتی تۆ جەماعەتی نەوشیروان مستەفای وانیە ؟ منیش کەمێک بێدەنگ بووم و پاشان گوتم ئێوە خۆتان دەزانن کەمن کێمو چیم ئیتر بۆ دەپرسن... بەجۆرێک لە مەسخەرەوە گوتی نا مەبەستمان ئەوەیە کەپێتبڵین ھەرچەندە نەوشیروان خۆی وادیارە پیاوێکی شوجاعیە بەلام زۆریک لە عوسادەکانی دەوروبەری لەم ڕۆژانەدا تیاچوون...بەتیارامانێکەوە گوێمگرتبوو سەرەداوی باسەکەم بۆ نەدەدۆزرایەوە.‌ دواتر گوتی: لەمرۆژانەدا شیوعیەکان داویانە بەسەریانداو دوو سەد کەسیکیان لە جەماعەتی نەوشیروان کوشتووە...بۆیە ئێستەش تۆمان بانگکرد بۆ ئەوەی جاریکتر نەکەویتەوە داوی ئەم جەماعەتەو بە قسەی ئەوان ھەلنەخەڵەتێت باسزاکەت زیاتر نەبێت. ھەرچەندە مغرب ھەر مغربە بەلام ئەم شیوعیانە مفسید فی ئەرزیشن و پڕن لەخراپکاری...درێژەیدا بەقسەکانی، گوتی ڕەنگە ڕۆژێک لە ڕۆژان جەلال تالەبانی و جەماعەتەکەی بیانەوێت وەک ھاولاتیەکی سالح بگەرینەوە باوەشی میری بەخشندە،‌ بەلام تازە لیبوردن بۆ ئەوان نیە بۆیە ئێستە بڕۆرەوە ژوورەکەی خۆت و ئاگات لەخۆت بێت دڵنیابە ھەر لە ڕێگەی ئەو شیوعیانەی دەوروبەرتەوە مراقەبەت دەکەین و ئاگام لەھەر شتیتکت دەبیت باشترە خۆت ئەوەندەیکە بارگران نەکەیت. دواتر بردمیانەوە بۆ ژوورەکەی خۆم، کەلەی سەرم دەتگوت شارەزدەوالەیە دلنیابووم شتێک ڕوویداوە بەلام چی بە جەماعەت بلێم ئاسان نەبوو... ئاخەر لەلایەکیتریشەوە من و مامۆستا پێشرەو کە کەسێکی جەربەزەی زیندان بوو، ھەردووکمان کادری کۆمەڵەی ڕەنجدەران بووین لەسەر ئەوە ڕێکەوتبووین کەھەر بابەت وھەوالێکی ھەستیاروگرنگ ھات پیشتر پێکەوە قسەوباسێک بکەین و پاشان بۆ جەماعی باسکەین، کە ئەویش وانەبوو ھەموو ڕۆژێک یەکتر ببینین، چونکە ئەویان بەتەنیا لە ژووری گیراوە عەرەبەکان دانابوو کەمتر دەھاتە ناو ڕاڕەوەکە... بەرلەوەی کە پێبنێمە ناو ڕاڕەوەکەوە،‌ دەرگاکە کرایەوە ھەستم بە حالەتێکی نامۆ یان ترسناک دەکرد بێدەنگی نەک تەنیا ژورەکەی ئێمە بەڵکو ھەموو ڕاڕەو ژوورەکانی تەنیبووە... کە چوومە ژوورەوە ووردە ووردە جەماعەت وەک کورەی ھەنگ لەدەورم کۆبوونەوە کەسەرنجمدا، حەمە دیار نەبوو، گوتم کوا حەمە گوتیان ھەر کەمێک پاش تۆ ھاتن ئەویشیان برد.. بەھە چاوجوان لە ژوورەکەی ئەوبەرەوە بانگی کردو گوتی ھاورێ خەبەر چیە؟ منیش گوتم بەھادین گیان ئێستەدێم با کەمێک لەگەل ئەم برادەرانە قسەبکەم... بەناچار ھەر ئەوەندەم لادرکاندن گوتم ھەڕەشەیان لێکردوین کە جاریکتر ھەرچی ئاژاوەیەک ڕوو بدات تۆ بەرپرسیاریت ئێمە دەزانین کە چوار پینج کەس تەواوی ئاژاوەکانی ئەم شوێنە دورست دەکەن، بۆیە باشترە کە سەری خۆتان کزبگرن ... پاش دوو سەعات ھاتن بۆ میزکردن دەرگای ژوورەکانیان کردەوە، لەو دەرفەتەدا من چوومە بەردەم دەرگای ڕاڕەوەکەو سەرم بەدیوی ئەو دیودا لارکردەوە ’’جەواد’’ی ئەمن کە خۆی پێشتر لە جادی خورمال نزیک بە دێی کولکنی مەفرەزەیەک سەیتەرەمان دانابوو، جەوادی تێکەوت، بەلام لەبەر ئەوەی کە من ئاگاداری لێکوڵینەوەکەی بووم زۆر دەترساو پێوابوو کە ڕەنگە شتێکی لەسەر بلیم کە لە ڕاستیدا منیش دوو ئەوەندە لەو دەترسام نەبادا شتێکم لەسەر بڵێت، بەلام بەڕێکەوت قسەوباسیکمانکرد پێکەو یەکترمان دلنیاکرد کە ھیچ نالێن و وەک ئەوەی کە ھەرگیز یەکیشمان نەبینیبێت... جەواد کە منی لە دەرگای ڕاڕەوەکەدا بینی ھەستیکرد کە چاوەروانی مامۆستا پیشرەوم، یەکسەر ‌چوو بە ئیشارە بانگیکرد...پاش کەمێک مامۆستا پیشڕەو ھات و پاش ئەحوال پرسین یەکسەر گوتی تۆشیان بانکگرد... گوتم ئا بۆ تۆشیان بانکگرد گوتی ئا دەبێت ئاگامان لەخۆمان بێت پێدەچیت لە دەرەوە شەڕی گەورە روویدابیت لەنیوان حیزبی شوعی و یەکیەتیدا... گوتم ھەست ناکەیت ئەمانە بیانەویت ئەو شەڕە بگوازنەوە بۆ ئیرە، گوتی ڕاستیەکەی منیش بیرم ھەمان مەسەلە دەکردەوە،‌ دروستوایە، چونکە لە قسەکانیاندا زۆر تەئیکدیان لەسەر ئەوە دەکردەوە کە چەندین فەرماندەی گەورە بەدەستی شوعیەکان کوژراوەو تەنانەت چەند مندالکیشیان کوشتووە...گوتم باشە بابزانین چی بە حەمە دەلین... دەرفەتمان نەبوو وەک پێویست قسەبکەین بەلام لەسەر ئەوە ڕێکەوتین کە ھەوڵ بدەین دۆخە ئارام راگرین... درەنگانێک حەمەیان ھێنایەوە بەلام زۆرێک لە زیندانیەکان خەوتبوون، چەند کەسێکمان چوینە پال حەمەو گوتمان دەنگوباس، گوتی سەرم زۆر ئیشی ھەست دەکەم زۆر توانای قسەکردنم نیە حەزدەکەم پشوویەک بدەم، جەماعەت لێگەڕان وپاش ئەوەی کە ژوورەکە بە تەواوی بیدەنگ بوو ئیشارەی لێکردم کە بچمەلای...کەوتینە قسەوباسو دیاربوو شتی زۆر ڕۆشنتریان بە حەمە گوتبوو لێکدانەوەکەی من و مامۆستا پیشرەو زۆر دروست دەرچوو... دەرکەوت کە یەکیەتی زەربەیەکی زۆر گەورەی داوە لە حیزبی شیوعی لە قەرناقەو پشتاشان تەنانەت وێنەی چەند فەرماندەیەکی شیوعیشیان بە کوژراوی پیشانی حەمە دابوو کە چەند ژنیکیشی تیدابوو، بۆیە لەسەر ئەوە ڕێکەوتین کە تاسبەی بەر لەنانخۆرادن لەگەل جەماعەتەکەی خۆیان قسەبکات و منیش بەیانی زوو بچم بۆ لای ژوری پینج کەسیەکەو قسەیان لەگەلدا بکەم، ھاوکات ھەر کە گەڕامەوە سەر شوێنەکەی خۆم ماجدی ھاورێم تیگەیاند چونکە ھیچ ترسێکم لەو نەبوو ھەر شتێک دەبوو دەستبەجی پێمدەگوت. بۆ سبەینی کە ھەستاین، چومە لای جەماعەت و قسەوباسیکمانکردو پاش نانخواردنی بەیانی حەمە دەستیکرد بە قسەو باسو گیرانەوەی مەسەلە بانکردنەکەی دوێنێمان و ئامانجی بانگکردنی ھەردووکمان... دواتر یەکێک لە زیندانەکان کە ناوی حاجی جەلال بوو گوتی جا کاکە وەزعی خۆمان زۆر خۆشە لەم زیندانە ئێستە نۆبەی دووبارەکردنەوەی شەڕەکانی دەرەوەشمان لێرە... بابە وەلاھی ئەوەی شەرافەتی ھەبێت بیر لەکاریوا ناکاتەوە... من و حەمەش ووشیارانە پشگیریمان لە قسەکانی کردو پاش قسەوباسی چەند کەسیکتر ھەرچەند رووداوەکان گەلێک ئازاردەر وناخۆش بوون بەلام دۆخەکە ھێدی ھێدی ئارام بووەوەو لەپر مام خدر گوتی ئەمانە بەکەر ناویرن بە کورتان فێرن چما ئێمە دەردمانە لێرەش بکەینە خۆمان، جەماعەت دایانە قاقای پیکەنین و دۆخەکە ئاسای بووەوە.


پایزی ھەمان سال واتە سالی ١٩٨٣ ئێمەیان برد بۆ بغداد بۆ دادگاو پاش سێ جار دادگایکردن و دان نەنانمان بەھیچ کام لەو حالتەنەی کە دەیان ویست ئێمەی پێدادگابکەن سەرئەنجام (دادگای مجلسی سورە) دانپیانانەکانی خۆمانیان خویندەوەو حوکمی عروفی خۆی راگەیاندو من و ماجد حەمەعەلی ھاوریشم کە پیکەوەبووین بریاری سزای لەسیداردانیان بۆ دەرکراو بردییانین بۆ زیندانی ابو غریب بۆ لەسیدارەدان... ماوەی نزیک بە دوو مانگ لەھۆلی چاوەڕوانی لەسیدارەدان ماینەوە، بەیانیەکیان دووبارە پاش نانخواردنی بەیانیان دەرگایان کردەوە پاش کەمیک بینیمان ئەوا حەمەی مەلا کەمال و سەدیقیشیان ھێنایە ژوورەکەی بەرامبەرمان. پاش چەند ڕۆژێک ھەولیاندا کە بێنە ژورەکەی ئێمە،‌ بۆئەم مەبەستە لەگەل یەکێک لەو زیندانیانەی کە ٥ کوڕی لەگەل خۆیدا حکومی اعدام درابوون ڕێکەوتن کێشەیەک دروست بکەن، ئەو بلیت من ئامادە نیم لەگەل کەسێکی شیوعیدا لەژێر سەقفی ژورێکدا بژیم...بەم بۆنەوە ھەوڵ بدەن کەبێنە ژوورەکەی ئێمەوە، ئەمە لەحالێکدابوو کە یەکێک لە کوڕەکانی ئەو پیاوەی کەسەر بە حیزبی دەعوە ‌بوو لە ژوورەکەی ئێمەدابوو، ھیواداربوو لەو دەرفەتەدا ئەویش بگوازنەوە.. بۆیە لەمبارەوە لەگەل ئەبو ماجد کە تەنیا زیندانیەکی سەر بە حیزبی دەعوە بوو ماوەی سێ سالێک خزم و کەسوکارەکەیان بەواستەوە پارەیەکی زۆر ھێلابوویانەوە کە اعدام نەکرێت؛ بۆیە سەرجانەکان گوییان لێدەگرت. ابو ماجد دواتر قسەی لەگەل سەرجانەکەداکردو لەسەر ئەوە ڕێکەوتن کە ئەو دووکەسە بگوازنەوە بۆ ژوورەکەی ئێمە بەلام کوری کابرایان نەگواستەوە ‌چونکە ھەموو ئەندامانی ئەو خیزانەیان لیکدابریبوو. ئەوە دواتر حەمەو سەدیق ھاتنە لای ئیمە.


ماوەیەک بوو لەسێدارەدانی زیندانیانی سەر بە یەکیەتی ڕاوەستابوو، وەک بڵی چاومان دەفڕی و خۆمان بەخۆمان دەگوت ھەر ڕۆژەی چەند کەسێک دەبەن بۆ لەسێدارەدان و کەچی ھیچ ھەوالێکی ئێمە نیە،‌ چیە مەسەلەکە حالی نەدەبووین... دەنگوی گواستنەوەی یەکیەتیەکان کەوتە سەرزارو ھاوکات باس لەوەش دەکرا کە سالی ڕابردو جەماعەتی کۆمیتەی ئاگرینی کرکوکی سەر بە کۆمەلەی ڕەنجدەران ( مەلا محیدین و...)ئەوان بەھەمان شێوە لەسێدارە دراون سەرەتا بردویانن بۆ موسل وپاشان لەوێ لەسێدارەیاندان. ڕۆژێکیان ابو ماجد قسەی لەگەڵدا دەکرم دەیگوت خوا کریمە وای بۆ دەچم ئێوە ڕزگارتان بێت، ھەواڵی ئەوە ھاتووە یەکیەتی لە نزیکی ڕانیە شەریکی گەورەی کردوەو سەدان سەربازو پلەداری گرتووە تەسەوردەکەم ئالوگۆرتان پێبکەن بۆیە دەتانگوازنەوە.... ئەمە تەنیا قسەیەک بوو پاش دوو رۆژ ھاتن دەرگایان کردەوەو وەک ڕۆژانیکە ناویان خوێندەوە، ئێمەش تا خۆ ئامادەکردنمان دیقەتم دەکرد بەگشتی لیستی یەکیەتیەکانە کە نزیک بە ١٩ کەس ناویان خوێنرایە...سەدیق و حەمە لە ڕاستوچەپەوە باوەشیان پێداکردم و بەتیاڕامانێکی پڕماناوە خۆمان بەیەکەوە نووسان دواتر حەمە گوتی ئەگەر بردیانن بۆ موسل و شانسی ئەوەتان ھەبوو کە ماڵەوەتان ببینن ھیوادارم پەیامێک بگەینن بەمالی من و سەدیق وە لە ھەوالی ئێمە ئاگاداریان بکەنەوە، شتێکی زۆر گرنگیش ئەوەیە کە بە (...) خۆشەویستم بلین حەمە بۆ ھەمیشە خۆشیدەوێت دوا پەیامیشم ئەوەیە کە ھیوادارم بتوانێت ژیانێکی نوێی سەرکەوتو سەرفرازانە بۆ خۆی دروست بکاتەوە !


دوا ساتەکانی ژووری زیندان ھێشتا من لەبەردەم شیشی ژورەکەی خۆمدا بووم ھەردووکیان بەتاسەوە سەرنجییان دەداین و حەمە گوتی داوات لێدەکەم تەنیا یەک دێری پایز پایزەکەم بۆ بڵیتەوە، چونکە پێدەچێت ئەمە دواجاربێت، خۆت دەزانی ئەو گۆرانیەم کە بەدەنگی تۆ لەئەندازە بەدەر پێمخۆشە .... بەڵی ئەوە دواچرکەساتەکانی چاولێکتروکانمان ‌بوو، ئیتر ھەرگیز ھەرگیز یەکترمان نەبینینەوە، بەلام ھەمیشە داستانەکانی جەسارت و جوامیری ئەم مرۆڤانەم لەبیرناچێتەوە. ڕەنگە تۆ مرۆڤە بەھێزەکان لە زیندانا نەبینیت کەچۆن لەبەرامبەر جۆرەکانی تعزیب وسزادا ڕادەوەستنەوە، چ جەسارەت و لەخۆبوردەیەک لەخۆنیشان دەدەن، چۆن نھینیەکان لەگۆرستانی دلیاندا دەنیژن. بەلام ھەندێجار جەسارەتی مرۆڤەکان سنووری ژێر کێبلی جەلادەکان تیدەپەرێنیت و دەماودەم تپیماندەگات. بەتایبەت کاتیک کە چرکەو خولەک و سەعات وشەوڕۆژو ھەفتەو مانگەکان پێکەوە دەبن لە ژوریکداو لەتەنیشتیەکدا ئەوکاتە کەسایەتی و ھەلویست وھەلسوکەوتیان، دەبیتە نازنامەی کارنامەیان و ئەوجا تیگەشتن لە مەزنی ئەو مرۆڤانە کاریکی گران نابیت.


ھەر بۆیە کاتیک حەمە و سەدیقم بیردیتەوە ناتوانم نەڵێم لەو‌بارەوە پشکی شێریان بەردەکەویت،‌ ئەوان دوو مرۆڤی بەمانای وشە جوان بو‌ون کە سیماو ھەلسوکەوتیان لێوان لێوبوو لە دلسۆز و فیداکاری.‌ دواتر ئەوەش بلیم ئەوە راستە کە ئێمە لە دوو ڕێکخراوی جیاوازدابووین، بەلام لە رۆحو ناخماندا ھەستمان بە نزیکایەتی و بەرپرسیاریەتی گەورە ‌دەکرد، بۆیە فەراموشکردنیان مەحالە مەحال !

بەرز و بەڕێز بێت یاد و بیرەوەریی ئەم دوو ئەزیزە و بەردەوام بێت ئامانج بروا و جیھانبینیان و رۆحیان شاد!
__________________________
تێبینیی: ئەم نووسینە گۆشەیەک لە بیرەوەرییەکانی زیندانە کەھێشتا بلاونەکراوەتەوە،‌ لێرەدا بەبۆنەی تێپەربوونی ٣١ ساڵ بەسەر لەسێدارەدانی دوو ھاوڕێ زیندانم دوو پیشمەرگەی حیزبی شیوعی عیراق، کە لە ٢٢/٧/١٩٨٤ دا لە ابوغریب لەسێدارەدان بلاوی دەکەینەوە.

* رێبوار عارف: بەھادین حاجی بەکری دارتاش.

 

 

rebwar.arif@hotmail.com

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک