په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٧\٤\٢٠١٤

پەرلەمانی ئەوروپا روونکردنەوە دەداتە رێکخراوی کوردستان فۆروم - بەلجیکا

سەبارەت بە کەمپەینی (دژی بەلاڕێدابردنی کێشەی ژنان لە پەرلەمانی ئەوروپا).
 


بەرواری ٢٩ ی کانونی دووەمی ٢٠١٤ بە سەرپەرشتی ستروان ستیڤنسن نێردەی پەرلەمانی ئەوروپا بۆ کاروباری ئێراق و دلاوەر ئاژگەیی نوێنەری دەسەڵاتی ھەرێم لە بەلجیکا مێزگردێکیان بۆ چنار سەعد و پەخشان زەنگەنە کە کەسانی سەر بە دەسەڵاتن بە مەبەستی بەلاڕێدابردنی کێشەی ژنان لە پەرلەمانی ئەوروپا ڕێکخست.


وەک وەڵامدانەوەیەکی ئەو چەواشەکاریە ڕێکخراوی کوردستان فۆروم ـ بەلجیکا لە بەرواری ٢٧ ی شوبات کەمپەینێکی پێکھێنا. کەمپەینەکە لە لایەن ١٥ ڕێکخراوی مەدەنی و ژنانەوە پشتگیری و واژۆ کرا، لە ناویان (گروپی ژیان) کە چەتری کۆکردنەوەی ٥٧ ڕێکخراوی داکۆکیکەرە لە مافەکانی ژنان. ھەروەھا ٢٨٧ کەسایەتی لە ناوەوە و دەرەوەی ھەرێم واژۆیان کرد کە زۆربەیان چالاکوانی مەدەنی و رۆژنامەنووس و نوسەر بوون.


لە چوارچێوەی کەمپەینەکەدا ڕێکخراوی کوردستان فۆروم ـ بەلجیکا نامەیەکی توندی ئاراستەی سەرۆکی پەرلەمانی ئەوروپا مارتن شوڵتس و ستروان ستیڤنسن و زۆر لە بەرپرسانی پەرلەمان و کۆمیسیۆنی ئەوروپا کرد کە دەزگا و کۆمیتەکانی پەرلەمانی ئەوروپا لە لایەن نوێنەرانی دەسەڵاتی بنەماڵەیی و تاوانکاری ھەرێمی کوردستانەوە خراپ بەکار دەھێنرێت. ھەروەھا لە نامەکەدا ھاتبوو کە ئەوان گوێگری یەکلایەنەی دەسەڵاتی ھەرێمن و کارسازیان بۆ دەکەن بەو مەبەستەی لە پەرلەمانی ئەوروپا ریکلام بۆ دەسەڵاتێکی نادیموکراسیانە بکەن. لەھەمان نامەدا کوردستان فۆروم رایگەیاندبوو کە سەرۆکی نێردەی پەرلەمانی ئەوروپا لەگەڵ عێراق ستروان ستیڤنسن ھۆشیار یان بێئاگا بۆتە پاڵپشت و حەشاردەری تاوان و پێشێلکاریەکانی ئەو دەسەڵاتە ژنکوژ و ڕۆژنامەنووسکوژ و گەندەڵە.


پاش ئەم کەمپەینە لە نامەیەکی فەرمی لە بەرواری ٣٠ ی مارتی ٢٠١٤ ستروان ستیڤنسن سەرۆکی نێردەی پەرلەمانی ئەوروپا لەگەڵ عێراق، ڕونکردنەوەیەکی ئاراستەی ڕێکخراوەکەمان کرد و لەرونکردنەوەکەیدا دڵنیامان دەکاتەوە کە ئەو مێزگردە بە مەبەستی ئەوە نەبووە بکرێتە ئامێری بەرگری لە لایەنێکی سیاسی یان ئایدۆلۆژی بەشدار لە گفتوگۆکان. ھەروەھا پەنجە بۆ ئەوە رادەکێشێت کە ئەو چالاکیە ئامانجی تەنھا دەستپێشکەریی بووە بۆ بەرگریکردن لە مافەکانی ژنان و ھەلومەرجی ژیانیان لە باری ناھەمواری ئێستای ئێراق.


لە نامەکەدا ستیڤنسن ھیواخوازی ئەوەیە کە بتوانن لەگەڵ کوردستان فۆروم لە کەشێکی جیاواز و بە شێوازێکی باشتر و لەسەر بنەمای متمانە بەیەکتری بوون و ڕێزی بەرامبەر ھاوکاری یەکتری بکەن.


ھەروەھا لە نامەکەدا سوپاسی کوردستان فۆروم دەکات بۆ پێدانی زانیاری گرنگ سەبارەت بە باری ژنان لە ھەرێمی کوردستان. سۆزی ئەوەش دەدات کە لێکۆڵینەوەی ورد بۆ ئەو مەسەلانە بکەن و لە زوترین کاتی گونجاودا بەدواداچونی بۆ بکەن، ئەوەش لە ڕێگای بانگھێشتکردنی نوێنەری کوردستان فۆروم بۆ دیداری نێردەی داھاتوو سەبارەت بە بابەتە جیاوازەکان.


شایانی باسە کوردستان فۆروم لە ئۆکتۆبەری ٢٠١٣ دا چاوپێکەوتنێکی تایبەتی لەگەڵ ستروان ستیڤنسن ئەنجامداو لە چوارچیوەی ئەو دیدارەدا لیستێکی ڕێکخراوە مەدەنیەکانی لە بوارە جیاوازەکان کە بریتی بون لە ١٠ ڕێکخراوی چالاک و ناسراو لەھەرێم خستە بەردەست ناوبراو، بەو مەبەستەی لە کاتی سەردانی بۆ کوردستان ئەو ڕێکخراوە مەدەنیانە دیدار بکات و گوێبیستیان بێت. ھەروەھا داوامان لێکردبوو کە چاوپێکەوتن لەگەڵ لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆنیش بکات و تەنھا گوێبیستی حکومەت و پارتەکانی دەسەڵات نەبێت، بەڵام بەداخەوە ستیڤنسن لە سەردانی بۆ کوردستان لە نۆڤەمبەری ٢٠١٣ سەرباری ئامادەیی نیشاندان بۆ ئەو داواکاریانەی کوردستان فۆروم، ھیچ یەکێک لەو لایەنانەی دیدار نەکردبوو. پاش بەجێھێشتنی کوردستان ھیچ رونکردنەوەیەکی ئاراستەی ڕێکخراوەکەمان نەکرد. ئەمەش ھۆکاربوو بۆئەوەی کوردستان فۆروم بە تێروانینێکی پڕ لە بێھیوایی (خیبە الامل) لە کارەکانی ئەو نێردەیە بروانێت و ڕێگا بەخۆی بدات ڕەخنەی توندیان لەبەرامبەردا بەکاربھێنێت.


ئێمە وەکو کوردستان فۆروم دەستخۆشی لە پشتیوانیکردن و واژۆی تەواوی ئەو ڕێکخراو و کەسایەتیانە دەکەین بۆ کەمپەینەکەمان و سوپاسی ھەموویان دەکەین. لەبەرامبەر پشتیوانیەکانیان سۆزی ئەوەیان دەدەینێ کە ھەرگیز لە ھیچ لایەنێکی ناوەوە و بیانی چاوپۆشی ناکەین کە کەمترین گومان بکەین لەوەی کە بە شێوازێکی نایەکسان لە گوێبیستی و مامەڵەکردن لەگەڵ لایەنەکان و پرسە گرنگەکانی ھەرێمەکەمان ڕەفتار دەکەن.
 


رێکخراوی کوردستان فۆروم - بەلجیکا
٦\٤\٢٠١٤

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک