په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٥\١٢\٢٠١٢

پەرلەمانی گەنجان.


هێمن رەئووف        


لەهەر وڵاتێکدا قەیرانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوری هەبوو، گەنج پێویستە کاراکتەرێکی یاخی بێت و لە چوارچێوەکاندا گیر نەخوات. خۆ قەتیس کردن لە ڕێخراو و کۆمەڵە و سەنتەرە سیاسییەکاندا جۆرێکە لە بەستنەوە و خۆ بە کۆیلە کردن، جۆرێکە لە سنوردارکردنی تواناکانی گەنج لەبواری تازەگەری و داهێناندا، لە بواری توڕەبوون و یاخیبوون و دەنگهەڵبڕین لەژێر ناوی ڕێخستن و ڕێخراودا.


پەرلەمانی گەنجان بە پراکتیک ئەو قەفەسە سیاسییەیە بۆ ڕامکردنی توانا بونیادگەراییەکانی گەنج. گرنگ نیە دەسەڵات دەستی هەیە لە دروستکردنی ئەو قەفەسەدا، یان لایەنێکی دیاری کراو. خەلەلی گەورە ئەوەیە ئەم بە ڕێخراوکردن و سنودارکردنە پوچەڵکردنەوەی ئەو وروژانە خۆڕسکەیە کە بەبێ بەرنامە و بێ پاڵنەرێکی دیاریکراو گەنج دەهێنێتە سەر هێڵی یاخی بوون. لاقەکردنی ئەو حەزەیە کە دەکرێت ئایندەیەکی ئازد بخوڵقێنێت. سەرخۆشکردنی ئەو مەمیلانەیە لە دەرونی گەنجدا داخوازییەکان بونیاد دەنێن . لە لایەکی ترەوە دەستکەوتی بێوێنەیە بۆ ئەو دەسەڵاتەی قەفەسە گەورەکەی بۆ ئازادی دروستکردووە و قەیرانەکانی خوڵقاندوە، بۆ ئەوەی لەژێرناوی ئازادی و سەربەستیدا وەک هەموو ئەو داردەستانەی تر لە بەرەوڕووبوونەوەکاندا بەکاریان بهێنێ و بۆ چنینی ئەو ماسکە نەخوازەی ناویان ناوە دیموکراسی و ئازادی.


هەمیشە لەلایەن کۆمەڵێک گەنجی دەسەڵاتخواز و تەماع کار بۆ گەشتن بە پلەوپایە و ناوبانگ، ئەم جۆرە هەوڵانە دەدرێت. هەمیشە بۆ هەندێ بەرژەوەندی نەخواز یاری بە توانا و خوێنگەرمی گەنج دەکرێت. ئەم بە ڕێخراوکردنە سیاسییەی توانا پەرتەوازەکانی گەنج، تەنها دامرکاندنەوە و جڵەوکردن و بێنرخکردنی سەرهەڵدانە ڕاستەقینەکەیە. کە چەکەرەکردن و لەدایکبوونی گەنجی یاخی و توڕە و خاوەن داخوازییە.


ئومێدەوارم سەرکەوتوو نەبن لە دروستکردنی ئەم قەفەسە ناشرینەدا. هیوام وایە هیچ گەنجێک نەچێتە ژێر باری ئەم جۆرە بەکۆیلەکردنە خۆویستانەیە و ئەو گەنجانەی کە ئازادی ڕەها و تاکێتی خۆیان پێ ڕەوایە ئازایانە بەرپەرچی ئەم جۆرە هەوڵە سیاسییە بەرژەوەندخوازانە بدەنەوە.


لەحاڵەتێکا ئەگەر هەوڵێکی وا بەرجەستە ببێت، هیچ خمەتێکی پۆزەتیڤ ناگەیەنێت. لەبەر ئەوەی پەرلەمانە فەرمییەکە لە وڵاتی ئێمەدا هیچ بەهایەکی نییە و نەیتوانیوە وەک نوێنەری ڕاستەقینەی خەڵک ئاکت بکات. دەشێت لە وڵاتێکی سەقامگیر و ئازاد و دیموکرات دا ئەم جۆرە جموجۆڵە پەیامێک بگەیەنێت بەڵام بۆ ئەم هەرێمە پڕ لە کارەساتە سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتییە مومکین نیە بتوانێت ببێتە هیچ وێستگەیەک.


پێویستە گەنج خۆی بێت، ئەوەی بەڕاستی ئەیەوێت داوای بکات، ئەوەی لێی زەوت دەکرێت شەڕی لەسەر بکات. بۆ ئەمە پێویستی بە یاخی بوون، تاکگەرا، ئازادی ڕاستەقینەیە.

 

www.hemnrauf.net

ماڵپه‌ڕی هێمن ره‌ئووف

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک