په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٣\٦\٢٠١٢

پەرلەمانی کوردستان بە ئاشکرا مافی رۆژنامەنووسان پێشێلدەکا.



پەرلەمانی کوردستان بەئاشکرا مافی رۆژنامەنووسان پێشێلدەکات و ڕێگرییان دەکات وێنەی دانیشتنەکانی پەرلەمان بگوازنەوە تەنانەت کامێرای رۆژنامەنووسانی لەنێو ئەو ژوورەش قەدەغەکردووە کە رۆژنامەنووسان لەڕێگەی شاشەیەکەوە دانیشتنەکان دەبینن.

تاریق سارمەمی، راوێژکاری راگەیاندنی سەرۆکی پەرلەمان، بە رۆژنامەنو‌وسانی راگەیاندووە "تەنیا ئەو وێنانە بڵاودەکرێتەوە کە لەرێگای راگەیاندنی پەرلەمانەوە ئامادە دەکرێت، چونکە ناکرێ لە ژووری پەرلەمان ھەمو‌و دانیشتنەکە پەخش بکرێت و دانیشتنەکە بەئاراستەیەکی دیکەدا بڕوات، ئەگەر رۆژنامەنو‌وسان بیانەوێت لە ژوورەکەیان بمێننەوە، پێویستە ھیچ کامێرایەک لەناو ژوورەکە نەبێت."

سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکرن لەمافی رۆژنامەنووسان رایدەگەیەنێت "ئەم کارەی پەرلەمان پێشێلکارییەکەی ئاشکرای مافی رۆژنامەنووسانە و پێشێلکردنی یاسای کاری رۆژنامەنووسانە کە لە لایەن پەرلەمانەوە پەسەندکراوە، سەرباری ئەوەی ڕێگە بەرۆژنامەنووسان نادرێت لەنێو دانیشتنەکان ئامادەبن، لەنێو ئەو ژوورەی بۆیان تەرخانکراوە کە لەڕێگەی شاشەیەکەوە دانیشتنەکان ببینن کامێراکانیان لێ قەدەغە کراوە."

سەنتەری میترۆ داوا لەڕاگەیاندنی پەرلەمانی کوردستان دەکات بە بڕیار و ھەڵوێستەکانیدا بچێتەوە بەرامبەر بەرۆژنامەنووسان، گەر لەسەر ئەم کارانەشیان بەردەوامبن سەنتەری میترۆ لەپێناو پاراستنی مافی رۆژنامەنووسان ڕێگای یاسایی دەگرێتە بەر.

سەنتەری میترۆ راشیدەگەیەنێت "ڕۆژانە لە میدیا جیھانییەکانەوە دەبینین کە وێنەی گفتوگۆی توندو ھەندێک جار شەڕە بۆکس و شەڕە کورسی نێو ھۆڵەکانی پەرلەمان دەگوازنەوە، بەڵام ئەوەی لەپەرلەمانی کوردستان بەڕێوە دەچێت گفتوگۆکردنە لەسەر بودجە کە پەیوەندی بەھەموو تاکێکی کۆمەڵگەوە ھەیە و مافی ھەموو ھاوڵاتییەکە زانیاری لە بارەیەوە ھەبێت بۆیە ناکرێت بەو شێوەیە رێگری لە ڕوماڵکردنی بکرێت و راگەیاندنی پەرلەمان چی بوێت ئەوە بڵاوبکاتەوە."
 

 

١٢\٦\٢٠١٢

سەنتەری مترۆ

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک