په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٦\٢\٢٠١٣

پەرلەمانی کوردستان رێگرییەکان بوەستێنە.

 


سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە رۆژنامەنووسان سەرکۆنەی رەفتارەکانی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان و راگەیاندنەکەی دەکات سەبارەت بە رەشکردنی جامی ژووری رۆژنامەنووسان، کەدەڕوانێتە ھۆڵی کۆبوونەوەکانی پەرلەمان. داوا دەکات پەرلەمان دەست لە ئاستەنگە دروستکراوەکانی بەردەم رۆژنامەنووسان لە پرسگەکەی و قۆرخکردنی زانیارییەکان ھەڵبگرێت.


سەنتەری میترۆ رایدەگەیەنێت رێگرییەکانی پەرلەمانی کوردستان چەند ساڵێکە لە کاتی گفتوگۆکردن لەسەر پرۆژەی بودجە بەشێوازی جۆراوجۆری وەک خستنە دەرەوەی رۆژنامەنووسان لە ھۆڵی گفتوگۆکان و کوژاندنەوەی ئەو تەلەفزیۆنەی دانیشتنەکانی راستەوخۆ پێدەگوازرێتەوە، ھەروەھا رێگریکردن لە وێنەگرتن ئەنجامداوە. لە نوێترین مۆدیلی رێگریکردنیشیان لە رۆژنامەنووسان رەشکردنی جامی ژووری رۆژنامەنووسانە کە دەڕوانێتە ھۆڵی کۆبوونەوەکان و ھێشتنەوەی رۆژنامەنووسانە لە پرسگەی پەرلەمان بۆ ماوەی زیاتر لە کاتژمێرێک.


رۆژی ١٢/٢/٢٠١٣ کاتژمێر ٥ی ئێوارە لە کاتی دەربڕینی ناڕەزایی و کەوتنەوەی پشێوی لە گفتوگۆکانی نێوان فراکسیۆنەکانی ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات، جامی ژووری رۆژنامەنووسان بە لەزگەی رەش، رەنگ رەش کرا.


فەرمان محەمەد پەیامنێری کەناڵی NRT لە شاری ھەولێر لەو بارەیەوە بە (میترۆ)ی وت: "لەو کاتەی پشێوی لە نێو ھۆڵی کۆبوونەوەکان دروست بوو، راستەوخۆ چەند کارمەندێکی پەرلەمان ھاتن و بە لەزگەی رەنگ رەش جامەکانیان رووپۆش کرد".


فەرمان ھۆکاری رەشکردنی ئەو جامانەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە "رۆژنامەنووسان لەو چەنجەرانەوە دەیانتوانی رووداوەکانی نێو کۆبوونەوەکان ببینن و لە دوورەوە وێنە بگرن و سوود لە گرتە ڤیدیۆییەکان ببینن، ئەمەش راگەیاندنی پەرلەمان و سەرۆکەکەی نیگەران کردبوو".


ھاوکار عەبولڕەحمان پەیامنێری کەناڵی کوردسات لە شاری ھەولێر، دوای ئەوەی رۆژی دواتر لەگەڵ رۆژنامەنووسانی کەناڵەکانی دیکە دەچێتەوە ژووری رۆژنامەنووسان لەلایەن دوو پۆلیسەوە پێیان رادەگەیەندرێت "کە بەھیچ شێوەیەک دەستکاری لەزگە رەشەکانی پەنجەرەی ژوورەکە نەکەن".


ھاوکار بە (میترۆی) وت: "ئەو دوو پۆلیسە ھاتن و بە ئێمەیان وت ئەو لەزگانە لێ بکەنەوە بەشێوەیەکی تر مامەڵەتان لەگەڵ دەکەین".


ئەو پەیامنێرەی کوردسات رەخنەی لە ژووری ئێستای رۆژنامەنووسان گرت کە لە بنەمادا تایبەتە بە (پاسەوانانی شەرەف) و وتی: "دوێنێ لە کاتی چوونە ژوورەوەمان بۆ شوێنی خۆمان، کە پاسەوانانی شەرەفی لێ بوو، دوو لەو پاسەوانانە پێیان وتین کە ئێرە شوێنی ئەوانە و ئیسراحەتمان لەوان ھەڵگرتووە".


رۆژی ١٣/٢/٢٠١٣ لە پرسگەی پەرلەماندا زیاتر لە ١٥ رۆژنامەنووسی کەناڵەکانی (Kurdistan TV, Kurd Sat ، KNN ،NRT ، رۆژنامەی کوردستانی نوێ، Geli Kurdistan، سپێدە TV، پەیام TV) و چەند کەناڵێکی تر بۆ ماوەی زیاتر لە کاتژمێرێک دەھێڵدرێنەوە و لە چوونە ژوورەوە بۆ نێو پەرلەمان دوا دەخرێن بە بیانووی ئەوەی "فەرمانی سەروو" ی خۆیان پێنییە بۆ کردنە ژوورەوەی ئەو رۆژنامەنووسانە.


سڵاح کاکە پەیامنێری کەناڵی KNN لە شاری ھەولێر بە (میترۆ)ی راگەیاند: "زیاتر لە ١٥ رۆژنامەنووسی کەناڵە جیاوازەکان لە پرسگە ھێڵدراینەوە، ئەوان پێیان وتین دەبێ چاوەڕوان بین تا شوێنمان بۆ دابین دەکەن، چونکە شوێنی ئێستا بۆ کارەکەمان گونجاو نییە".


سڵاح وتی: "دوای ھێشتنەوەمان بۆ ماوەی زیاتر لە کاتژمێرێک کەچی ھەر ئێمەیان بردەوە ئەو ژوورەی کە تایبەتە بە پاسەوانانی شەرەف، کە لە ماوەی دەستپێکردنی گفتوگۆکان لەسەر بودجە کراوەتە ژووری رۆژنامەوانی".


ھەژار ئەنوەر پەیامنێری کەناڵی NRT لە شاری ھەولێر بە (میترۆ)ی وت: "لەسەرەتای چوونە ژوورەوەمان بۆ نێو پەرلەمان پۆلیسەکەی بەردەرگا پێی وتین مەچنە ژوورەوە، لەسەرەوە پێمان وتراوە NRT نەیەتە ژوورەوە، بەڵام دوای ئەوەی بە ئامێری بێتەل و تەلەفۆن پەیوەندیان کرد ئینجا ھێشتیان بچینە ژوورەوە".


ئەنوەر سەباح پەیامنێری کەناڵی سپێدە لە ھەولێر بە (میترۆ)ی وت: "تەنیا لەکاتی گفتوگۆکردن لەسەر بودجە رێوشوێنەکان توند دەبنەوە لەبەرامبەر رۆژنامەنووسان، ئەوان ھەر بەوەندە نەوەستان جامەکانمان لێ رەش بکەن بەڵکو لە پرسگەشدا بە بیانووی نەبوونی فەرمان لەسەرووی خۆیان ئێمەیان بۆ ماوەی زیاتر لە کاتژمێرێک ھێشتەوە لەکاتێدا دەبوو پێش دەسپێکردنی دانیشتنەکان لەوێ بم بۆ وەرگرتنی لێدوان لە پەرلەمانتاران".


ئەو پەیامنێری کەناڵی سپێدە وتیشی: "پەرلەمانی کوردستان ھەوڵ بۆ شاردنەوەی زانیارییەکان لە بارەی بودجەوە دەدات، بەم شێوەیەش پەرلەمانی کوردستان ئەو یاسایانە پێشێل دەکات کە خۆی دەریکردووە".


سەنتەری (میترۆ) لە بارەی ھۆکاری رەشکردنی ژووری رۆژنامەنووسان و دواخستنی رۆژنامەنووسان لە پرسگەی پەرلەمان، پەیوەندی بە تارق جەوھەر راوێژکاری راگەیاندنی سەرۆکی پەرلەمان کرد. ناوبراو لەو بارەیەوە بە (میترۆ)ی وت: "نەک تەنیا جامەکانی ژووری رۆژنامەنووسان بەڵکو جامەکانی تری دەروازەی سەرکی ھاتنە ژوورەوەشمان بۆ نێو ھۆڵی کۆبوونەوەکان رەشکردوە، لەبەر ئەوەی لە کاتی وێنەگرتنی دانیشتنەکانی پەرلەمان رووناکی عەکەس دەبۆوە و کاریگەری بەسەر رووناکی وێنەگرتنەکەوە ھەبوو".


تارق جەوھەر سەبارەت بە دواخستنی رۆژنامەنووسان لە پرسگەی پەرلەمان وتی: "بڕیار بوو دانیشتنی پەرلەمان لە کاتژمێر ١١ی دەست پێبکات بەڵام دانیشتنەکە بۆ کاتژمێر١١:٣٠ دواکەوت، عادەتەن پێش دەستپێکردنی دانیشتنەکان دەست بە ھێنانە ژوورەوەی رۆژنامەنووسان دەکەین، بۆیە ھیچ مەبەستێک لە پشتەوەی دواخستنی ئەو رۆژنامەنووسانە نەبووە".


٢٢ رۆژنامەنووسی کەناڵە راگەیاندنەکان کە بە شێوەیکی بەردەوام رووماڵی دانیشتنەکانی پەرلەمانی کوردستان دەکەن، لە رێگای سەنتەری میترۆوە داوا لە پەرلەمانی کوردستان دەکەن دەست لە رێگرییەکانی بەردەمیان و قۆرخکردنی زانیارییەکان ھەڵبگیرێت.


سەنتەری میترۆ وێڕای دەربڕینی پشتیوانی لە داخوازییەکانی ئەو ٢٢ رۆژنامەنووسەو تەماشاکردنی وەک داخوازییەکانی خۆی، داوا دەکات پەرلەمانی کوردستان رێز لە یاسای کاری رۆژنامەنووسی ژمارە ٣٥ی ساڵی ٢٠٠٧ بگرێت و سەرۆکی پەرلەمان پابەند بێت بەو بەڵێنانەی لەبارەی فەراھەمکردنی زانیارییەکان و ئازادی کارکردن بە رۆژنامەنووسانی داوە.


دەقی داخوازییەکانی ئەو رۆژنامەنووسانە پێکھاتووە لە:


١- گواستنەوەی راستەوخۆی دانیشتنەکانی نێو پەرلەمان بەبێ دروستکردنی گرفتی تەکنیکی و پچڕاندنی وێنەی رووداوەکان بە مەبەست.
٢- لەگەڵ کۆتایی ھێنان بە دانیشتنەکانی پەرلەمان، بەشی راگەیاندن بە بێ دواخستن کاسێتی تۆمارکراوی دانیشتنەکان رادەستی رۆژنامەنووسان بکات.
٣- رێگە لە رۆژنامەنووسان نەگیرێت لە کاتی سەردانێکردنی پەرلەمانتاران بە مەبەستی کاری رۆژنامەوانی.
٤- پرسگەکانی پەرلەمان لە بری دواخستنی رۆژنامەنووسان، کار ئاسانی بۆ رۆژنامەنووسان بکەن.
٥- دابینکردنی ژوورێکی شیاو کە تیایدا رۆژنامەنووسان بتوانن رووماڵی رووداو و دانیشتنەکانی پەرلەمان بکەن.

ناوی رۆژنامەنووسان:


١- ئەنوەر سەباح - کەناڵی پەیام
٢- تەھا عەبدوڵڵا - رۆژنامەی کوردستانی نوێ
٣- ھوشیار کاکل - کەناڵی کوردستان
٤- ھاوکار عەبولڕەحمان - کەناڵی کوردسات
٥- بێشاد شوانی- TRT
٦- شەوقی کانەبی - KNN
٧- فەرمان محەمەد - NRT
٨- ئارام قەرەداغی - رادیۆی ناوخۆ
٩- ھەنگاو ھاشم - ماڵپەڕی سبەی
١٠- ئاکام رەزوان - کەناڵی جەماوەر
١١- موفید فەیسەڵ - KNN
١٢- سامی ساڵح - رۆژنامەنووس
١٣- ئاکار فارس - کەناڵی سپێدە
١٤- فەرھەنگ ئەحمەد - رۆژنامەنووس
١٥- سلێمان عەزیز - رۆژنامەنووس
١٦- سڵاح کاکە - KNN
١٧- ئازاد مستەفا- رۆژنامەنووس
١٨- پاراو وەھاب - کەناڵی کەرکوک
١٩- ھەندرێن لوقمان مەزن - کەناڵی جەماوەر
٢٠- سیروان حوسێن - کەناڵی کوردسات
٢١- ھاوکار محەمەد - کەناڵی پەیام
٢٢- زانا تۆفیق عارف - رۆژنامەنووس

 

١٤\٢\٢٠١٣

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک