پەرلەمانتار.

نەهرۆ عاڵڵایی
سروشتی مرۆڤ ئەگەر ڕێڕەوە راستەقینەکەی خۆی و بنەماکانی دیموکراتی
لەهەمبەری بێتە پراکتیزەکردن ،ئەوا دەبێ پەرلەمانتار بە مانا راستەکەی
نوێنەری گەل بێت و هەڵوەستە لەسەر تەواوی شێوازە جۆراو جۆرەکانی ویستی
مرۆڤ بکات.لەم وڵاتەی لەمەڕ خۆمان کە تاوەکو ئێستا پێی دەگوترێ هەرێم
(3) خولی پەرلەمانی تیادا بەڕێوە چووە ئەم (3) خولەش هەریەکە و (110)
ئەندامی تیادا بووە واتا سەرجەمی (330) ئەندام لەم (3) خولە بەناو
نوێنەری ئەم خەڵکە بوونەو بەشێوە سروشتیەکەی خۆیشی 12 ساڵی رەبەق
نوێنەری خەڵک بوونە لە ئەپارتمانێک کە پێی دەگوترێ پەرلەمان ،بەڵام
لەبەرئەوەی وڵاتی ئێمە بە قۆناغی جیا جیا تێپەڕیوە تایبەت لە وەتای
پەرلەمان و حکومەتی کوردى لە دوای 1991 ەوە هاتۆتە بوون (3) خولی
پەرلەمانی ئێمە نزیکەی (21) ساڵی دەخایەنێ.دەمانەوێت بڵێین کە کاری
هەرە سەرەکی پەرلەمانتار لە دەرەوە گوێ گرتنە لە ناوەوەش قسەکردن،
بەڵام بەداخەوە زۆرێک پەرلەمانتارانى ئێمە هەموو هۆش و خەیاڵیان( لە
دەرەوە پشودان و لە ناوەش وەرگرتن !)بوە نەک ئەوە بەڵکو خۆی پێ نوێنەری
خەڵکییش نییە جگە لە لایەنەکەی کە کاندیدی کردووە،خۆ ئەگەر خۆی
بەلایەنی سیاسیش ئەژمار بکات بێ گومان لە کۆمەڵگەی ئێمەدا لایەنە
سیاسیەکانیش نوێنەرایەتی خەڵک دەکەن لە ئان و ساتی هەڵبژاردن و
پروپاگەندە. لێ مخابن پەرلەمانتارانی ئێمە لە کرۆکی گرنگی کارەکەی
خۆیان بەشێوەیەک لە شێوەکان نەگەیشتوون و بۆچوونی زۆربەیان پێچەوانەی
کارەکەیانە ئەگینا بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردن نەبێ کامە فراکسیۆن و
پەرلەمانتارچۆتەناو جەماوەرو پێی بڵێ کێشەکەت چیە؟کامە پەرلەمانتارو
فراکسیۆن بەحکومەتی گوتووە فڵانە چین و توێژ و گەڕەک و بازاڕ و
بازرگان،ئەوە کێشەکەیانە، تۆ دەبێ بێی ڕونکردنەوەم بدەیتێ نەخاسمە
حکومەتەکە لیستی براوە پێکی هێنابێ.
بەبرواى من ئەگەر( نوێنەرانى گەل )بەم شێوەیە مامەڵە بکەن دەیان
کابینەى تر پێک بهێندرێت و دەیان خولى دیکەى هەڵبژاردنى پەرلەمان ساز
بکرێ درز و کەلێنەکانى نێوان دەسەڵاتى سیاسى و خەڵک قوڵتر دەبێتەوە.
بەداخەوە هەستی پەرلەمانتار تا ئێستاش ئەو هەستەیە کە خۆی بە بچووکتر
لە هێزی حکومەت پێشان دەدات لە کاتێکدا پەرلەمان و پەرلەمانتاران
دەتوانن حکومەت پێک بهێنن و هەڵیوەشێننەوە بەمەرجێک بەماناى ووشە
نوێنەرى گەل بن و هێزى لەبن نەهاتووى خەڵکى لە پشتەوە بێت.هەڵبەتە ئەو
گرێ دەروونیەی لای پەرلەمانتار لە خۆوە نەهاتووە بەڵکو ئەوە لایەنە
سیاسییەکان تایبەت دەسەڵاتدارەکانن بە پەرلەمانتار دەڵێن تۆ دەبێ
بەرژەوەندی حزب لە سەرووی بەرژەوەندی کۆمەڵگە و هەموو پرسەکانی دیکەدا
بزانی،لێرەدا پەرلەمانتار نابێت ئەو ئەرکە قورسە بخاتە سەر شانى خۆى و
ئەرکە پیرۆزە سەرەکیەکەى خۆى کە نوێنەرى گەلە لە یاد بکات.
هەر چۆنێک بێ دەبێ لەمە بەدوا پەرلەمانتاران لە بینایەی پەرلەمان بێنە
دەرو لە برک و ژانەکانی ئەم میللەتە هەمیشە ستەم دیدەیە بکۆڵنەوەو گوێ
بگرن لە پێداویستییە زۆرو زەوەندەکانی جەماوەر.هەروەک چۆن لە نێو
پەرلەمانیش دەبێ وێنای داخوازییەکانی جەماوەر بکەن و بێنە گۆ.بۆیە
جاریکی دیکە دەڵێین پەرلەمانتاران لە دەرەوە کاریان گوێ گرتنە و لە
ناوەوەش کاریان قسەکردنە.
|