په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٩\٥\٢٠١٩

پەڕلەمان و مەڕلەمان.


ئەرسەلان مەحمود  


لۆمەی پارلمان مەكەن، كاری لاڕێ‌ بەرهەمی فەرهەنگ و ئەدەبیاتی لاڕێیە، هەر دامەزراوەیەك دەرچەو بەرهەمی وەها فەزایەك بێت، لەپراكتیك و لەئەداكردندا تەواو پێچەوانە بەبنەما باڵا یاساییە هاوچەرخەكان هەنگاو دەنێت و دەڕوات، هەر بۆیە وەها لێكەوتەیەك لەبری ئەوەی جۆرەكانی بێدادی و چاوچنۆكی بەیاسا خۆشگونجاوەكان كۆنترۆڵا بكات، خۆی دەبێتە ئامڕازی بەرینوبەرینتر پێكردنەوەی هۆكارەكانی مانەوە بەدەستیانەوە!!

دامەزراوە خێڵسازو خێڵگەراكان هەر لەئەزەلەوە، جگە لەڕەوایەتیدانی عورفی بەناڕەوایەتییەكان، جگە لەدژو دوژمنایەتیكردنی دیمۆكراسیەت بەناوی دیموكراسیەتەوە، جگە لەقۆرخكاری و زەوتكردنی مافە مەدەنیە فەردییەكان لەژێر ناوی چاكەو بەرژەوەندییە گشتییەكان، جگە لەخەساندنی ئازادییەكانی تاك بەبیانوی شەرەفپارێزی و ئاینگەرایی، ئەرك و مەهام و بەهای تریان نەبووەو نییەو نابێت، وای لەو میللەتانەی دەكەونە ژێر باری وەها كەللە پوتییەكەوە، تا ماون دەبێ‌ بخولێنەوەو بتلێنەوە لەبازنە داخراوەكانی نەرێتپارێزیدا، ئای لەو كاتانەی عورفلیدەرەكان بەسەریانەوە دەبنە یاسا دانەر لەدیوانێكدا بەناوی پارلمان، ئیدی تا هەن هەر دەبێ‌ چاوەڕوانی ئەوە بكەن نەخوێندەوارێك بەیاسا نمایندەو حوكمیان بكات.

بێگومان دەزانم هەر كەسێك بێ‌ و بیەوێ‌ ئەم ڕەوشە پڕ لەغەوشە كۆمڵایەتی و سیاسیە بخاتە ژێر پرسیارو گومانەوە، دڵڕەقانەو دوژمنكارانە تۆمەتبار دەكرێت بەوەی: تۆ مەترسیداریت! شتانێك دەهێنیتە سەر زمان و ناو باسەوە بڤە! تۆ یۆتۆپیت و ناتوانی واقیعبینانە بڕوانیت! تۆ تیوریست و گێرەشێوێنیت دەبێ‌ توندترین سزا بدرێیت، چونكە ئەو بنەمایانە داغان دەكەیت كۆمەڵگەو سەروەرییە نەتەوەییەكانمانی لەسەر بەندو بینا كراوە!! بەڵام ئایا ڕێگەی ترمان هەیە، بێگومان نەخێر، ئێمە دەبێ‌ بجەنگین، دەبێ‌ ڕێ‌ لەم قۆرخكاری و لاڕێكارییە هەمەكییە بەیاسای كراوانە بگرین زەمینەو زەمانی مانەوە دەبەخشێت لەلوتكەو هەڕەمی دەسەڵاتەكاندا، گەر نا، ڕاوی ئەم هەریسەیە تەنها لەماوەی ئەم چوارساڵەی ئایندەدا، دەبینن هەمووان بەیاسا چۆن هەرس و چۆن ئەتك دەكات!!

نەیاسایی و نە یاسا ناسام، بەڵام دەزانم هەر یاسایەك ماف و ئازادی، ئەرك و بەرژەوەندی هەر هاوڵاتییەك وەك تاك بخاتە ژێر پای هاوڵاتییەكی دی، ئەوا ئەو یاسایە شەڕانگێزو فیتنەیە، تەنانەت سەرچاوەیەكی بەپیتیشە بۆ بڵاوەپێكردنی هزری شەڕانگێزی و بەدەستەوەدانی بیانوو بۆ نانەوەی تەفەرەقەو ئاشوب. سەرۆك فەرمانبەری پلە باڵای وڵاتە، چۆن دەبێت نەخوێندەوارێك تەنانەت گەر فەرمانبەریش بێت، مافی ئەوەی نەبێت ببێتە بەڕێوەبەرو خاوەن پلەو پایەی وەزیفەیی باڵا لەفەرمانگەیەكدا هەرە بنەكی لەهەڕەمی حكومڕانێتیدا، بەڵام هەمان ئەو نەخوێندەوارە، بتوانێ‌ ببێت بەسەرۆك لەوڵاتدا، لەكاتێكدا هەر بەیاسا هیچ نەخوێندەوارێك دانامەزرێندرێت؟! ئایا ئەمە چجۆرە گەمەیەكە!؟

ئەكید هیچ كەسێك بۆ ئەوە ناخوێنێت تا ببێت بەسەرۆك، بەڵام هەر گەنجێك، كاتێك ببینێت، وڵات، نەخوێندەوارێك دەتوانێ‌ تیایدا ببێت بەسەرك، ئایا لەخۆی ناپرسێت شكۆی خوێندەواری چییەو بۆ دەبێت بخوێنێت؟ دڵنیام لەم وڵاتەی ئێمەدا، هیچ نەخوێندەوارێك ڕۆژێك لەڕۆژان ڕێگەی پێنادرێت جگە لەدەنگدان مومارەسەی هیچ جۆرە مافێك بەنمونە وەك خۆ هەڵبژاردن بكات، كەواتا گونجاوتر بوو دەرچواندنی یاساكە بەو جۆرە بووایە: لەخێڵی خێڵان نەخوێندەواریش بێت، دەتوانێ‌ ببێت بەسەرۆك!!

لەبەر ئەوە هەرگیز گوێ‌ لەم پارلمان و سۆفیستە سیاسیانە مەگرە بڕیارو ڕاسپاردەو قسەكانی بەرژەوەندی تایبەتییان لەپشتەوەیە. پەسەندكردنی ئەم جۆرە ئارگیومێنتانە فەسادی یاسایی بەیەكجاری دەكەن بەجێگرەوەو دەكەن بەسیستەمێك كامڵا لەسەپێندراویدا.
 

ماڵپه‌ڕی ئه‌رسه‌لان مه‌حمود

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک