په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٩\١\٢٠١٢

پەرلەمان و رۆژنامەنووسان.


شوان سدیق       


لەدوای ھەڵبژاردنەکانی ٢٥ی ٧ کوردستانیان چاوەڕێی ئەوەیان دەکرد بەخاتری ئەوەی دوو ھێزی ئیسلامی و ھێزێکی وەک گۆڕان، رێبەر و نوێنەرایەتی رەوتێکی سیاسی ئۆپۆزسیۆن دەکەن لەناو پەرلەماندا، وەک رەقیبێکی بەھێز دەبنە چاودێرێک بە سەر دەسەڵاتی چاودێر و جێبەجێکار، چیتر ئەو دەسەڵاتەی رابردوو کە بێباک و گوێنەگر بوو وەک رابردوو نامێنێتەوە، ئەمەش لە ھەستکردنیەتی بە ھەبوونی رەقیب و چاودێرێک بەسەر ئیشوکارەکانیەوە.


ھەرچەندە لە خولی سێیەمیدا، ئۆپۆزسیۆن ھەیە و تاڕادەیەکی زۆریش وەک دەزگایەکی یاسا دانان و چاودێریکردنی کاروبارەکانی حکومەتی ھەرێم جیاوازییەک لە کاری پەرلەمانی خۆیدا بەراورد بە خولی دووەم گۆڕانکاری نەوعی و جێگۆڕکێی بەخۆوە بینوە. بەڵام لە راستیدا ئەوەی پەیوەندی بەکاروباری رۆژنامەنووسی و مافەکانی رۆژنامەنووسانەوە ھەبووە، پەرلەمان لە ماوەی ئەم خولەدا ھەنگاوێکی وا نەنراوە، کە مێدیاکاران ھەست بەوە بکەن، لەپاڵ خەمخۆری بەشێک لە رێکخراوە بیانییەکان و رۆشنبیراندا، پەرلەمانیش وەک ھاوکارێک بێت بۆ ئەوەی ساڵ لە دوای ساڵ رەوشی کارکردن و مافەکانی رۆژنامەنووسان بە ئاراستەیەکی باشتردا بڕوات.


ئاماری پێشێلکارییەکان بەرامبەر بە رۆژنامەنووسان پێمان دەڵێت ساڵی (٢٠١١) ساڵی شووم و ساڵی نەھات بووە بۆ رۆژنامەنووسان، چونکە بەگوێرەی راپۆرتێکی سەنتەری میترۆ لە ١٢ مانگی ساڵی (٢٠١١)دا ٣٥٨ سێ سەد و پەنجاو ھەشت، حاڵەتی پێشێلکاریی بەرامبەر بەرۆژنامەنووسان کراوە، ھەر لە بریندار بوونی رۆژنامەنووس، بەفیشەک و حاڵەتی سوتاندن و تێکدانی نوسینگەو کەناڵی راگەیاندن، ھەتا بەلێدان و ھەڕەشەکردن و دەستگیرکردن و دەستبەسەرکردنی رۆژنامەنووسان.


لەو راپۆرتەدا زۆر حاڵەتی تریشی خستۆتەڕوو، کە لە ساڵی (٢٠١١) لە ھەرێمی کوردستاندا بەئاشکرا پێشێلکاری بەرامبەر بە رۆژنامەنوسان کراوە. لەلایەکی تر سەندیکای رۆژنامەنووسانیش رایدەگەیەنێت، لە ھەمان ساڵدا ٢٩١ حاڵەتی پێشێلکاری جۆراو جۆر تۆمار کراوە، ئەم ئامار و رووداوانە پێمان دەڵێن دەخوازێت بڵێین رەوشی رۆژنامەگەری بەپێچەوانەی چاوەڕوانییەکان خراپترە بووە. بەجۆرێک دەتوانین ساڵی (٢٠١١) بە ساڵی نەھات ناوزەد بکەین، بۆ رۆژنامەنووسان، چونکە ژمارەی پێشێلکارییەکان بەرانبەر بە رۆژنامەنوسان زۆر زیادی کردووە.


ئەوەی پەیوەندی بە حکومەت و پەرلەمانەوە ھەیە ئایا حکومەت و پەرلەمانی کوردستان، لەبەرامبەر ئەم ساڵە پڕ لە ناخۆشی و شومەدا بۆ رۆژنامەنووسان، ھەڵوێستیان چی بووە؟ یاخوود بەجۆرێکی تر ئەوان چ ئیجرائات و لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونێکیان کردووە، لەسەر ئەم پرسە ھەستیارە؟


لەگەڕان بەدوای وەڵامی ئەم پرسیارانەدا دەبێ پەی بەوھەقیقەتە ببەین، کە بەئەندازیەکی زۆر حکومەت لە بەرامبەر ئەم پێشێلکاریانەدا کەمتەرخەم بووە، لەگەڵ ئەوەش کاربەدەستانی حکومەتیش خۆیان لەھەموو کەس باشتر دەزانن، کێ بوون ئەو کەسانەی کە بەشداریان لەو رەشبگیری و پەلاماردانانەی رۆژنامەنووساندا کرد؟!


یەکێک لە دەرئەنجامە ترسناکەکانی شێوازی ئەو بەڕێوەبردنی حکومڕانی تاھەنووکەش لە کوردستان ئەوەیە کەئەم دەزگاو دامەزراوانەی کە ئەمڕۆ میزانییەی تایبەتی و پاڵپشتی مادی لە حکومەت وەردەگرن، ھێندە لە خزمەتی حزب و بەئەجێندای گروپ گەلێک کاریان کردووە، نەیانتوانیوە بە ئەخلاقی پیشەی و نیشتمانیانە پارێزگاری لە ناسنامەی خۆیان بکەن، کە ناوی دەزگای ئەمنیان ھەڵگرتووە، بۆ ئەوەی چیتر چەمکی بێرێزیکردن بەرامبەر بە رۆژنامەنووسان و ھاوڵاتی بوون لایان نەبێتە شێتێکی ئاسایی و ئەوەی بیانەوێت ئەنجامی بدەن!


ئەم رووداوانە و کەمتەرخەمی دەسەڵاتی حکومەت یاخوود لێنەپرسینەوە لەبەرامبەر ئەو کەسانەی کە دەوریان ھەبووە لەو پێشێلکارییانە، وەک دەزگایەکی چاودێری حکومەت و لێپرسینەوە لە دەسەڵاتی جێبەجێکار ئەمڕۆ ھەمووی رووبەڕووی پەرلەمان دەبێتەوە، چونکە بەوپێیەی پەرلەمانی کوردستان ئۆپۆزسیۆنی تێدایە زیاتر چالاکتر بووە لە دەسەڵاتی جێبەجێکردن لە ئیشکاری ھاوڵاتیانیدا.


بەڵام بەپێچەوانەی چاوەڕوانییەکان لە پەرلەمانی ئۆپۆزسیۆندار رەنگە کەم تازۆر نارەزای و ھەڵوێست ھەبووبێت لە لایەن ھەندێ لە پەرلەمانتارانەوە، بەڵام بەگشتی لەماوەی ئەم حولەی سێیەمیدا بەشێوەیەکی ھەمەلایەنە پرۆژەیەکی رۆشن و ھاوبەشمان لەبارەی ھەموو ئەو پێشێلکاری و بەربەستەکانی بەردەم کاری مێدیا و رۆژنامەنووسان نەبینیوە.


لەگەڵ ئەوەش بەپێچەوانەوە، ئەدای پەرلەمان بەھۆی سەرۆکایەتییە حزبیەکەی زۆر زۆر خراپ بووە بەرامبەر بەرۆژنامەنووسان، بۆ سانسۆرخستنە سەر کاری رۆژنامەوانی و گەیاندنی زانیارییەکان لە لایەن رۆژنامەنووسانەوە بۆ ھاوڵاتیان.
بۆنموونە سەرەتا بڕیاری سەرۆکایەتی پەرلەمان لەوەوە دەستی پێکرد کە لە پرسگەوە بەشێوەیەکی پلان بۆ دارێژراو رێگە لە ھاتووچۆکردنی رۆژنامەنووس و راگەیاندنەکان بگیردرێت ھەر لە دروستکردن و بوونی رۆتیناتێکی بێ کەڵک کەزۆرجار پاسەوانەکانی پەرلەمان و بەرپرسانی پرسگە ھێندە گران و قورس مامەڵەیان لەگەڵ رۆژنامەنووساندا کردووە، ئەوان بێزاری و دڵگران بوون، کە بەھۆی ئەو رۆتینات و نەبوونی ھاوکاری و ھەماھەنگییەی بڕیارەکانی سەرۆکایەتی پەرلەمان.
ئەگەر ئەو کەسانەی کە بڕیاری سانسۆر و سەرئێشە دەردەکەن، بۆ بەردەم کاری مێدیا و رۆژنامەنووسی پێیان وایە خاوەن وەڵامن بۆ ئەو کەسانەی کە رەخنەیان لێ دەگرێت، پێویستە لەبیریان بێت، یان لەوەباش تێبگەن کە یەکێک لە ئەرکەکانی کاری رۆژنامەنووسی و بەجێگەیاندنی کارەکانی ئەوان گواستنەوەی زانیارییەکانی دەسەڵاتی یاسا دانان و ئاشکرا کردنی رووداوەکانی دیوی ناوەوەی پەرلەمانە بۆ ھاوڵاتیان.


دوا بەدوای بەردوامی ئەو شەپۆلەی لە زیادکردنی سانسۆر و دروستکردنی بەربەست، لەکاتی سەردانیکردنی رۆژنامەنووسان بۆ پەرلەمانی کوردستان، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە کردنەوەی دانیشتنەکانی خولی گرێدانی دووەم لە ساڵی دووەم، لە خولی ھەڵبژاردنی سێیەمی پەرلەمانی کوردستان، رۆژی (٤ی ئازاری، ٢٠١١) دکتۆر (کەمال کەرکوکی) بە پەرلەمانتارانی رایگەیاند "بەبۆنەی دەستپێکردنی خولی گرێدانی دووەم لە ساڵی دووەم لەخولی ھەڵبژاردنی سێیەمی پەرلەمانی کوردستان، لەسەرەتای کردنەوەی ئەم دانیشتنەدا حەزدەکەم موژدەی ئەوەتان پێبدەم، کە ھەر ئەمڕۆ پەخشی ئەزموونی کەناڵی ئاسمانی پەرلەمانی کوردستان لەگەل کردنەوەی ئەم دانیشتنە دەستی پێکرد، ئێستاش بەشێوەیەکی راستەوخۆ ئەم دانیشتنە لەکەنالی ئاسمانی پەرلەمانی کوردستان لەھەردوو کۆمەلەی نایلسات و عەرەبسات بەشێوەیەکی تەجریبی پەخش دەکرێت".


لە سەربەندی ئەو راگەیاندنەی سەرۆکی پەرلەمان، ئیدی ھاتنە ناوەوەی رۆژنامەنووسان بۆ ناو ھۆڵی دانیشتنەکانی پەرلەمان قەدەغەکرا، ئەم بڕیارەی سەرۆکایەتی پەرلەمانیش ناڕەزاییەکی زۆری بەدوای خۆیدا ھێنا، بەڵام وەک پیشەی ھەمیشەی ھەموو دەسەڵاتدارێکی گوێنەر رەخنە و پێشنیاز و داواکارییەکانی رۆژنامەنوسان و زۆرێک لە پەرلەمانتارانی ئۆپۆزسیۆنیش بەھەند وەرنەگیران.


ئەمەش لەجیاتی ئەو چاوەڕوانییەی کە بۆ خولی سێیەمی پەرلەمان وێنەمان بۆی کێشابوو بەلای رۆژنامەنووسان پێچەوانە بوویەوە، پەرلەمان زیاتر لەجاران دەرگاکانی بەڕووی راگەیاندندا داخست، پەرلەمان ئەمڕۆ کە لای رۆژنامەنووسان ناوی دەھێنرێت ئەو شوێنەیان بیردەکەوێتەوە، کە وەک پێویست شوێنێک نییە بۆ دەرفەتی کارکردن تێیدا. چونکە ئەگەر لە رابردوودا کەمێک گەشەکردنی کاری مێدیایی تێیدا رەنگی دابێتەوە، بێگومان لەئێستادا ئەو تایبەتمەندی و گەشەکردنی دەرفەتی ئیشکردنە زیاتر بەرتەسک بۆتەوە. کە ‌بە داخەوە بۆ مێدیا و رۆژنامەنووسان دەبێ لە ژێر چاودێری و پشکنینێکی توندی ئەمنیدا تێپڕن، ئەم رێوشوێنە توندانەی پەرلەمان و ھەنگاوەکانی بەرەو بەرتەسک بوونەوەی کاری مێدیای لە رێگەی رۆتینات و بیانوی ناو بەناو پێمان دەڵێت ئەو عەقڵیەت و سیاسەتەی کە داموزدەگا ئیداریی و یاسایی و ئەمنییەکان بەڕێوە دەبەن، بەپێچەوانەی دەسەڵاتی چاودێریکردن، ئەوان کاریگەری راستەخۆیان لەسەر کاروبارەکانی پەرلەمان ھەیە.


سەرئەنجام ھەموو ئەو گرفت و بەربەست و ئارێشانەی کە ‌پەیوەندی بەکاری رۆژنامەنوسیەوە ھەیە لە کوردستان، رۆژنامەنووسان دەخوزان ئەو ململانێ سروشتییەی کە لە نێوان دەسەڵاتداران و رۆژنامەنووساندا ھەن، بەشێوەیەکی خراپتر پراکتیزە نەکرێت، ببێتە مایەی سنوردارکردنی زیاتری ئازادییەکانی بەردەم کاری رۆژنامەگەری و میدیا.
 

ماڵپه‌ڕی شوان سدیق

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک