په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٦\٧\٢٠١٢

پەرتووکه‌که‌ی یوسف مه‌نتک له‌ نێوان وه‌هم و خراپ حاڵی بوون له‌ بیبلۆگرافیا.


کامه‌ران عه‌لی ئاغۆک  

 

 

لەم ساڵانەی دوایی دیاردەیەکی زۆر ناشرستانی لەناوەندی رۆشەنبیری کوردی بڵاوبۆتەوە، ئەویش ئەوەیە خەڵک بە زۆری زۆردارەکی دەیانەوێ ناسنامەی رۆشنبیری خۆیان لەرێگەی بەچاپگەیاندنەوە بە خەڵک رابگەیەنن، جا گرنگ نیە چی چاپ دەکەن و چی بڵاو دەکەنەوە، گرنگ ئەوەیە لە و شوێنانەی پێویست دەکات ئەوە بەچاوی خەڵکدا بدەنەوە کە فەرموو ھێندە ساڵە لێرەو لەوێ شتان بڵاو دەکاتەوەو ھێندە پەرتووکەشی نووسیون!! راستیەکەی ئەم دیاردەیە دەرئەنجامی ئەو کەشە گەندەڵیەیە کە باڵی بەسەر ھەموو کەناڵ و کون و کەلەبەرەکانی ژیاندا کێشاوە لە کوردستان، ئەو کەشە کاری کردۆتە سەر ژمارەیەکی زۆری نووسەرانیش، ئەوان دەیانەوێ لەڕێگەی نووسراوو چاپەمەنیەکانەوە دانپیانانی خەڵک بۆ خۆیان دەستەبەر بکەن، ئەوە نیە لەھەر شوێنێک پرسیارت لێبکەن تۆ کێی؟ دەتوانی وەڵام بدەیتەوە بڵێی چۆن نازانی ئەمن کێم!؟ ئەمن خودانی ھەندە مەقالانم، دوو کیتابانیشم بەچاپێ گەیاندوونە..بەداخەوە کە ئامانجی چاپ و چاپەمەنی بەو دەردە ببرێ، ئەو گەندەڵیەی بیر کردنەوە پەل بۆ رۆشەنبیرانیش باوێ، کە ئەوان داواکراوی یەکەمن لە رووبەروو بوونەوەی گەندەڵی و ئەو دیادرە ناشرستانیانەی رووبەڕووی کۆمەڵ ئەبنەوە.

لەم دوواییە ناوونیشانێک سەرنجی راکێشام بیبلۆگرافیای کوردستان لە چاپەمەنیەکانی ئەڵمانیاو رۆژھەڵات. ئەم ناونیشانە بۆمن زۆر گرنگ بوو چونکە لە دانیمارکەوە زۆر بەدوای شتی وەھادا دەگەڕێم. بەڵام کە سەیری پەرتووکەکەم کرد رێک ئەو پەندە کوردیەم ھاتەوە بیر کە دەڵێ ناوی زل و دێی وێران. چونکە ئەو پەرتووکە نەک ھەر بیبلۆگرافیا نیە بەڵکو ناگاتە ئەو کەتەلۆگە بازرگانیانەی کە پەرتووکخانەکان ناوە ناوە بۆ فرۆشتنی پەرتووکەکانیان وەک ریکلام بڵاوی دەکەنەوە. ئەوەی سەیرە کاک مەنتیک لەپێشەکی پەرتووکەکەدا ئەو کارەی ھێناوەتە رێزی بیبلۆگرافیا کوردیەکانی وەک مستەفا نەریمان و جەمال خەزنەدارو نەوزاد عەلی و ئیسماعیل تەنیا. بەبێ ئەوەی لەوە تێبگات کە ئەو نووسەرانە چ شەونخوونی و چەندین ساڵی تەمەنیان بۆ بیبلۆگرافیەکانیان تەرخان کردووە، کارەکانیان لەسەر ھێلێکی ئەکادیمی زانستی ئاراستە کردووە لە کاتێکدا ھیچ کامیشیان تایبەتمەندی بواری بیبلۆگرافیا نەبوونە. چونکە وەک دەزانین ئێستا بیبلۆگرافیا کارێکی زانستی و ئەکادیمیەو وەک بەشێکی سەبەخۆ لەبووارەکانی پەرتووکخانەزانیدا دەخوێنرێ. بۆ ئەوەی زیاتر سەری خوێنەر نەیەشێنم تێبینیەکانم لەو چەند خاڵەدا کورت ئەکەمەوە:

١. دەکرێ پەرتووکێکی سەدو ھەشتا لاپەڕەیی بەو ناوونیشانە قەبەیە، بە لاپەڕو نیوێک پێشەکی و بەبێ ھیچ روون کردنەوەیەکی پێویست کۆتایی پێبھێنرێ؟ لەکاتێکا پێشەکی شانسێکی گەورەیە لەبەردەم نووسەر کە ئامانجی کارەکەی بۆ خوێنەران روون بکاتەوە، ئەو لایەنە تەم و مژاوی و نائاشکرایانە بۆ خوێنەر نا رۆشەنن.

٢. کاک مەنتیک بۆمانی روون نەکردۆتەوە چۆن ئەو کارەی ئەنجام داوە، ئایا خۆی چۆتە پەرتووکخانەکان و یەکە یەکەی ئەو پەرتووکانەی بینیوە، یان لەماڵەوە لەسەر ئینتەرنێت دانیشتووە لە گوگلە نووسیویەتی( کورد) ئیتر کلیکی کردووە و سەدان ناوی نووسیوەتەوە، لە رێگەی ماڵپەڕە بازرگانیەکانی وەک ئیبێی و ئەمازۆن و ئیکت وھتد.. روون کردنەوەی ئەم خاڵە زۆر گرنگە کە نووسەر زۆر و کەم بەلایدا نەچووە. ئەو خاڵە گەورەترین پرسیار دروست دەکا چونکە ئاستی زانستی و ئەکادیمێتی کارەکە لەوەڵامی ئەو پرسیارەوە دەردەکەوێ.

٣. کاک مەنتیک باسی ناوەرۆکی ھیچ پەرتووکێکی نەکردووە ھیچ پەرتووکێک بەیەک وشەش بە کوردی لەپاڵی نەنووسراوە باسی چی دەکات، تەنھا وەک ریکلامێکی بازرگانی باسی ساڵ و وەشانگەو ژمارەی لاپەڕەکانی دەکات، ئەمەش زیاتر گومانی ئەوەمان لا دروست دەکات کە ناوونیشانی ئەو پەرتووکانەی ھەمووی لە ئینتەرنێتەوە بەبێ دەسکاری کۆپی کردۆتە ناو پەرتووکەکەی، ئەوە ناڵێم ئەگەر جاروبار زانیاری لەسەر ھەندێ پەرتووک لەو نووسەرە کوردانە وەرگرتبێ کە خۆیان پەرتووکەکانیان نووسیوە وەک دکتۆر کەمال فوئاد وزوھدی داودی وھتد

٤. کاک مەنتیک بەپێچەوانەی ھەموو بیبلۆگرافیا کوردیەکان پێڕەوی ھیچ ریزبەندیەکی نەکردووە، نە رێز بەندی پیتی ئەبجەدی، نە رێزبەندی بەدوای یەکداھاتنی ساڵەکان، واتە ئەگەر تۆ رێت بکەوێت و پێویستت بەو پەرتووکە بیت و بەدوای شتێکدا بگەڕێی ئەوا دەبێ ھەر سەدو ھەشتا لاپەڕەکە بخوێنیتەوە. کاک مەنتیک ھیچ خۆی بەمە ماندوو نەکردووە، ھاتووە وەکو شێوی حەمەشێت ھەرچی لە کەتەلۆگەکانی ئیبەی و ئەمازۆنی ئینتەرنێت دۆزیویەتەوە فرێێ داوەتە ناو پەرتووکەکەوە. بەڵام ئەوەی لەبیر نەکردووە لەسەرەوەی ھەموو ڵاپەڕەکانی پەرتووکەکە ناوی خۆی بنووسێ!!!!ئەوەش زیاتر ئەو راستیەمان لا دەچەسپێنێ کە ناوو لاف لێدان بە پەرتووکەکە ی لە خودی پەرتووکەکەی لا گرنگ تربووە.

٥. کاک مەنتیک ھاتووە زیاتر لە سەدا ھەشتای ئەو پەرتووکانەی نووسیوە کە لەدوای ساڵانی نەوەدەکانەوە بڵاوکراونەتەوە، کە دۆزینەوەو بەدوا گەڕانی ئەو پەرتووکە تازانە بەیەک کلیکی ئینتەرنێت دێتە بەردەستی مرۆڤ، گرنگ ئەوەبوو کاک مەنتیک ئەو پەرتووک و نووسراوانە بخاتە بەر دەست کە تە مەنیان لە سەرووی سەد ساڵەوەیە یان ھەر ھیچ نەبێ تا پێش جەنگی جیھانی دووەم نووسراون. کەچی ئەو پەرتووکانە زۆر بەکەمی ئیشارەتیان پێکراوە، کە لە پەرتووکخانە کۆنەکانی وڵاتانی ئەورووپا ھەن و کەمیان گەیشتوونەتە سەر ئینتەرنێت، تاکە سەرچاوەی کاک مەنیتیک!!

٦. کاک مەنتیک لەناوونیشانی پەرتووکەکەی باس لە چاپەمەنیەکانی ئەڵمانیاو وڵاتانی رۆژئاوا دەکات!! نازانم مەبەستی چیە لەوڵاتانی رۆژئاوا؟ ئایا چۆتە پەرتووکخانەکانی بەریتانیا و بزانێ لەوێ چ حەمکە نووسراوێکی کۆن لەسەر کورد ھەیە؟ کە مێژوو نووسێکی وەکوو کەمال مەزھەر لای وایە ساڵانێکی زۆرمان دەوێ تا ئەو خەرمانە گەرەیەی ئەوێ لای خۆمان تۆمار بکەین. ئایا چۆتە ئارشیفخانەکانی وڵاتی فەرەنسا کە کەسانێکی وەکو مامۆستا نەجات عەبدوڵاو دکتۆر فەرھاد پیرباڵ چەندین ساڵی تەمەنی خۆیان بۆ شتە کوردیەکانی ئەوێ تەرخان کردو ھێشتاش ھەر بە کۆتا نەھاتووە؟؟ لە دانیمارک لە ناوەڕاستی سەدەی رابردوو خاتوو ھێنی ھارۆلد ھەنسن پەرتووکێکی ناوێزەی لەسەر کورد نووسیوە کوا ناوی ئەو پەرتووکە؟ ‌ئایا باشتر نەبوو پەرتووکەکە ھەر تەنھا تایبەت بووایە بەو پەرتووک و چاپەمەنیانەی لە وڵاتی ئەڵمان لەسەر کورد نووسراون؟ یان ئەوە بۆ قەبە کردنی ناوونیشانی پەرتووکەکەیە. ئەگینا دەکرێ کاک مەنتیک پێمان بڵێ لەسەدا چەندی پەرتووکەکانی ئەو کەتەلۆگە ھی(( ووڵاتانی رۆژئاوان))ن؟

٧. کاک مەنتیک لەبەشی دوەمی پەرتووکەکەیدا کەتایبەتە بەو نووسینانەی لە توێی چاپەمەنیەکانەوە لەسەر کورد نووسراون، وەکو بەشی یەکەم نەھاتووە پەرتووکەکان بەپێی ریزبەندی بابەتەکان بنووسێتەوە، بۆیە ئەگەر بتەوێ بزانی لەئەڵمانیاو وڵاتانی رۆژئاوا چی لەسەر کورد نووسراوە دەبێ بێی سەراتاپای ئەو بەشە بخوێنیتەوە، لەکاتێکدا بەیەک وشەش بە کوردی دەربارەی ھیچ بابەتێک نەنووسراوە، نازانم بۆ کەسێکی کوردی دانیشتووی دانیمارک کە ئەڵمانی نازانم چۆن ئەو ھەموو ناوونیشانە بخوێنمەوە؟ ئەوەش وام لێ ئەکات زیاتر بپرسم ئەرێ ئەو پەرتووکە بۆ چ خوێنەرێک نووسراوە؟ ئایا خوێنەرانی کورد لە کوردستان چ سوودێک لەو پەرتووکە وەردەگرن؟ ئەرێ باشتر نەبوو لەسەر پەرتووکەکە بنووسرایە (( تایبەتە بەو کوردە ئەلمانی زانانەی لەولاتی ئەلمانیا دەژین))!!

٨. لە کۆتایی پەرتووکەکە ھەندێ وێنە بڵاوکروانەتەوە، کە کاک مەنتیک لەسەری نووسیوە بەکامیرای خۆی گرتوونی؟ نازانم ئەو وێنانە چ پەیوەندیان بە ناوەرۆکی پەرتووکەکەوە ھەیە؟ من ئەو بەشەم تەنھا وەک موجامەلە کردنی کاک مەنتیک دێتە پێش چاو بۆ ئەو نووسەرانە، ئەگینا دەبووایە ھەر نووسەریک لەپاڵ ناوی پەرتووکەکەی وێنەکەی بڵاو کرابوایەوە. عیبارەتی بەکامیرای یوسف مەنتیک گیراوە عیبارەتێکی خۆ رەپێش کەرانەیە، ئەگینا کاک مەنتیک لە ساڵانی شەری جیھانی لەکوێ بوو تا وێنەی فرۆکەیەک بگرێ لە ئاسمانی رەواندز؟ یان وێنەی تۆماس بۆیس؟ یان مۆلتکە یان موحەمەد عەلی..یان ..یان کاک مەنتیک ھاتووە ھەموو ئەو وێنانەی لە ئینتەرنێتەوە کۆپی کردووە بەبێ گوێدانە مافی لەبەر گرتنەوە یان ئاماژە دان بە سەچاوەوە ناوی وێنەگر ونیگارکێشەکە. کەچی ئەو مافە بە خۆی دەدا بۆ وێنەکانی خۆی بنووسێ بەکامیرای خۆم گیراوە تا کەس مافی بەکارھێنانیانی نەبێ!!! بانێکەو دووھەوا..

خۆزگە پەرتووک ھەمیشە بەو رێزو شکۆیەوە مامەڵەی لەگەڵ دەکرا، کە گەیەنەری پەیام و خزمەتێک بێت بۆ خەڵک، خۆزگە پەرتووک قەت بەرۆژێکی وەکو ئەمرۆ نەدەگەیشت بکرێ بە وەسیلەی خۆ بردنە پێش و خۆ ئیسپات کردن و خۆ پێھەڵکێشان. پەرتووک بۆیە لەبەرچاوی خەڵک ھەمیشە بە گەورە سەیر کراوە چونکە بەدرێژایی مێژوو خەڵکی زانیویانە بە چ ماندووبوون و کۆششێکی تاقەت پرووکێنەر نووسراوە، پەرتووک ھەمیشە رووی لەدەمی لەخەڵک بووە تاشتێکیان فێر بکات، نەک پێیان بڵێ ئەھا خەڵکینە منیش دەتوانم پەرتووک بنووسم!
 

دانیمارک
kameran.agok@yahoo.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک