په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٤\١١\٢٠١٨

پەرتووکێک و دەرفەتێک.

- لە پەراوێزی پەردەلادان لە پەرتووکی "ئاسۆی خەیاڵ" -

هۆمەر         

لە مردن بۆ وە ناترسم کە دەڕوات
لە بەینی ئێمە خۆیێ،خۆشەویستێ
ھەموو ترسی منە لەو مەرگەساتەی
دڵێ،خورپەی دڵێکی تر نەبیستێ

ف.نامۆ


ڕۆژی دووشەممە، ١٤ی گەڵاڕێزانی ٢٧١٨(٥ی نۆڤەمبەری ٢٠١٨) لە ھۆڵی فەرمانگەی ئیرشادی شاری سەقز، کۆڕی پەردەلادان لەسەر پەرتووکی "ئاسۆی خەیاڵ"،بەرھەمی شاعیری زمانپاراوی کورد "ف.نامۆ(محەممەدفاتیح محەممەدی)،بە ئامادەبوونی ژمارەیەک شاعیر،نووسەر و جەماوەری شەیدای تۆرە و ئەدەبی کوردی لەم باژاڕەدا بەڕێوە چوو.


چەندان کەسایەتی ناوئاشنای کورد لە کۆڕەکەدا کەوتنە باس لەسەر ئەم شاعیرە و ھەوێن و ناوەڕۆکی شێعرەکانی و ھەروەھا چەند شێعرێکی شاعیریشیان پێشکەش بە ئامادەبووانی کۆڕەکە کرد.


دوکتۆر شەھباز موحسنی،مامۆستای زانستگە ،لەسەر ناوەڕۆکی شێعرەکانی شاعیر بە کورتی قسەی کرد.


ئیحسان ئەخەوان،ڕاگەیاندنکاری کورد،سەبارەت بە کەسایەتی شاعیر وەک ھاوڕێیەکی دێرینی خۆ، چەند پەیڤێکی پێشکەش کرد.


ھەژان بابامیری، شاعیر، شێعرێکی خۆی بە ئاوێتەکردنی چەند کۆپلەیەکی شاعیر ف.نامۆ پێشکەش کرد.


لە کۆتایی کۆڕەکەیشدا ف.نامۆ،سوپاس و پێزانینی خۆی پێشکەش بە ئامادەبووان و بەڕێوەبەرانی کۆڕەکە کرد.جێی خۆیەتی ئیشارەت بەم خاڵەیش بدرێت کە خالید فەتتاحی، پێشکەشکار کۆڕەکە بوو.


چەندان شاعیر و نووسەری دی کورد ھەر وەک سەعید نەججاڕی(ئاسۆ)،قاسم موئەیدزادە(ھەڵۆ)،ئاگری ھەژار(کوڕی مامۆستا ھەژار)،حامید شافیعی(شاعیر)،عومەر ڕەسووڵی(بێژەری ناودیاری کورد)،سەباح حسێنی(توێژەر) وئیقباڵ محەممەدی(شاعیر) پشکداری کۆڕەکە بوون.


شیاوی ئاماژەپێدانە کە ف.نامۆ، ساڵی ١٣٢٥ی ھەتاویی(١٩٤٧) لە شاری سەقز لەدایک بووە و ھەنووکە نیشتەجێی گەورە شاری تارانە.


ف.نامۆ، یەک لە بێژەر و نووسەرە دیارەکانی ڕادیۆ کوردیی تاران بووە و نووسەر و بێژەری گەلێک بەرنامەی وەکئاڵەکۆک،کۆلکەزێڕینە،شێعر و ئەدەب و ...ھتد ھەر لەم ڕادیۆیەوە بووە.


ئەم کۆڕە بە ھاریکاری ئەنجومەنی مەولەوی(سەقز)،دەزگەی ئیرشادی سەقز و پەخشکاری "ئامیار" کە پەرتووکەکەی شاعیری لەچاپ دابوو،بەڕێوە چوو.


ھۆمەر نۆریاویی،نووسەری ئەم چەند دێڕە وەک ھەڵەچن و کەسێک ئەرکی پێداچوونەوەی پەرتووکەکەی لە ئەستۆ بووە،شێعرێکی شاعیری بۆ ئامادەبووان خوێندەوە و چەند پەیڤێکی کورتیشیپێشکەش کرد کە لێرەدا لە دووتوێی چەند خاڵێکدا دەخرێنە بەر دیدەی تۆی خوێنەر.


خاڵی یەکەم،لە ڕۆژگارێکدا کە دابڕانێک لە نێوان شێعر و بەردەنگدا دروست بووە و ژماری بەناو شاعیر،سەر لە ئاسمان دەسوێت،ڕەنگە ئەمجۆرە شێعرانەی ف.نامۆ بتوانێت ئاشتبوونەوەیەک چێ بکات. ف.نامۆ،دەچێتە ڕیزی شاعیرانی بەرەی یەکەم لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان و خودانی ئەزموونێکی گرانباییە و خوێندنەوەی شێعرەکانی نێو ئەم بەرھەمە شێعرییە بۆ خۆی ئەو ڕاستییەمان لا ڕوون دەکاتەوە کە شاعیر تا چەندە شارەزایانە دەست بۆ پێنووسەکەی دەبات. شاعیر باش چوارچێوە شێعرییەکان دەناسێت و بە ئاگاداریی قووڵ و ورد لەسەر ڕەوتی شێعری کلاسیک و ھاوچەرخی کوردی،بە ڕێچکەی شێعریی خۆیدا دەچێت؛ھەر بۆیە شێعرەکانی ئەوەندە پێوەندییەکی نزیک لەگەڵ بەردەنگدا دروست دەکەن.


دووەم خاڵ،بەداخەوە ساڵانێکە ھەڵەیەک لە لایەن ژمارەیەک نووسەر و ڕووناکبیر و بنکەی ئەدەبییەوە پاتە دەکرێتەوە و ئەم ھەڵەیە ئێستا لەبەر کەمتەرخەمیی ھەر ھەموومان،لە ھەموو شوێنێک دەکار دێت و نھا کەوتۆتە سەرزاران و سڕینەوەی گەلێک ساڵ ئەرک و ماندووبوون و ڕۆشنگەری گەرەکە و کارێکە نە ھاسان.


لە نێو ڕووبەری ئەدەبی کوردییدا "مەولەوی" ھەر یەکە و ئەویش ناودێرە بە "مەولەویی تاوگۆزی" و ھیچ پێویست ناکات ناوێکی گۆترە و ساختە و چەوتی وەک مەولەویی کوردی بەسەردا ببڕین و ئەم ھەڵەیە، ھەنووکە گشت شوێنێکی تەنیوە و ماندووبوونێکی فرەی گەرەکە تا بتوانین ئەو ناوە ساختە و ناڕاستەی لەسەر لا ببەین. لەو نێوانەدا ئەرکی ڕووناکبیران ھەستیارتر و گرینگترە.


خاڵی سێھەم،ڕادیۆ ،جاران پڕی بوو لە دەیان سیما و کەسایەتی درەوشاوە و ھەر کامە و لە قۆناخێکی ھەستیاردا سەرچاوەی ڕاژە و خزمەت بە زمان و تۆرە و ئەدەبی کوردی بوونە و ھێشتاکەیش جێ پەنجەیان ھەر دیارە. محەممەدسدیق موفتی زادە،شوکروڵڵا بابان،حەسەن سەلاح سۆران، سەی تایەر ھاشمی،سوارە ئێلخانی زادە،مەلا محەممەد ڕەبیعی،مەلا جەمیل ڕۆژبەیانی،ھومایۆن کەمانگەر، تەنیا ناوی چەند کەسایەتییەکی دیاری ڕادیۆ دێنە ئەژمار. "ف.نامۆ"یش یەکێکی ترە لە ڕێبوارانی ئەم ڕێبازە و ساڵەھای ساڵ لە ڕادیۆ کوردیی تارانەوە خزمەتی زمان و چاندی کوردی کردووە و دەچێتە ڕیزی ڕێبوارانی ئەم کاروانەوە. ئەمە پەیامێکی ھەرە گرینگیشە بۆ ڕاگەیاندن و میدیای ئێستای کوردی کە پێویستە لە ھەمبەر ئەو ئەرکە ھەستیارەی خۆدا کەمتەرخەم نەبێت و بە ئاوڕدانەوە لە ڕابردوو،داھاتوویەکی پرشنگدارتر بۆ کۆمەڵگەی کوردی بنەخشێنێت.


بەڵام خاڵی چوارەم،ئەوەی ئێمەی کورد تا چەندە توانیومانە لەو شۆڕشە بەرفرەوانەی کە لە ڕێی شۆڕشی تەکنۆلۆژیاوە ھەموو دنیای گرتۆتەوە،بە قازانجی زمانەکەمان دەکاری بێنین،پرسیارێکە بۆ توێژینەوە دەشێت و لەم ڕێگەوە دەتوانین ئەوەمان لا ڕوون ببێتەوە کە ئایا ئەمە دەرفەتە یان ھەڕەشە؟


ئەو شپرزییەی ئێستا لە نووسینی کوردییدا دروست بووە و وا خەریکە ھەموو لایەک دەتەنێتەوە و ھەر یەکە و پێی وایە زمانە پاراوە کوردییەکە، ھەر ھەمان زمانی ناوچە،شار،شارۆچکە،شارەدێ،گوند،کووچە و کۆڵان و خێڵ و عەشیرەتەکەی خۆیەتی،ئەمە زۆر جێی مەترسییە و پێویستە بەھەندی وەربگرین. گەر "نالی" لە سەردەمی خۆیدا ڕووی لە بنزارەکەی خۆی(جافی)بۆ نووسینی شێعر کردبایە، ئایا دەبووە ئەو نالییەی کە ئەمڕۆکە کورد شانازیی پێوە دەکات؟


لانیکەم لە دوو پاری کوردستان، ئێمەی کورد خودانی زمانێکی پێوەرین و دەتوانین توانا و گوڕ و تینی ھەموو بنزارەکانی زمانی کوردی بخەینە خزمەت ئەم دیالێکتەی کە ئێستاکە پێی دەنووسین و ھەر لەم ڕێگەشەوە دەوڵەمەندیی دە ھێندە بە زمانی کوردی ببەخشین.


ئەمە چەند خاڵێکی بە لامەوە ھەستیار و گرینگ بوون کە لەم کۆڕەدا ھەلەکەم بە دەرفەت زانی و بە کورتی ئیشارەتم پێدان. لە داھاتوودا نووسینێکی تێر و تەسەلتر ھەر بە قەڵەمی نووسەری ئەم چەند دێڕە ،لەسەر ھەوێن و ناوەڕۆکی شێعرەکانی ف.نامۆ(محەممەدفاتیح محەممەدی)دەخرێتە بەرچاوی خوێنەر. ئەوەیش شێعرەکەی ف.نامۆ کە لە کۆڕەکەدا پێشکەش بە ئامادەبووان کرا:


  
 بێ تۆ.

ف. نامۆ

لەشم خەستە و سەرم پڕ ژانە ،بێ تۆ
ھەناوم پڕگوڕەی تۆفانە ،بێ تۆ
ھەسێرێکی ھومێدی پێ نەداوم
ھەموو ئەم شاری کاکێشانە،‌ بێ تۆ
لە گوڵزاری خەیاڵ و خاترمدا
کزەی وەرزی گەڵاڕێزانە، بێ تۆ
بە تۆوە ئاوەدانی عالەمم بوو
جیھانم ئێستە لا وێرانە ،بێ تۆ
چرایەک بۆی نییە بشکێنێ خەستی
شەوی تاریکی ئەم خەمخانە،‌ بێ تۆ
ئەوەن دژوارە بێ تۆیی، دەزانم
کە دەر‌نابەم بە ئەم پێودانە،‌ بێ تۆ
ھەتا ئیتر نەزانم کێم و چی بووم
ھەموو کارم لە خۆ تۆرانە،‌ بێ تۆ
ھەناسەت ھەستی سەربەستی ئەدا پێم
بژیم چۆن؟ ئێستە سەربەستانە، بێ تۆ
لە دووی چاوانی مەست و بسکی خاوت
خەیاڵم کۆچەری شارانە، بێ تۆ
ئەدەن دڵدانەوەم بێ تۆ دە ‌گۆڕم
خەیاڵی خاوە ئەو گۆڕانە، بێ تۆ
وەرە ئەی دەوڵەتی شادیی کە دەمخات
گوشاری ئەم خەم و کۆڤانە،‌ بێ تۆ
دەترسم ئاقیبەتڕۆژێ بە شێتی
بگێڵم ئەم کەژ و کێوانە ،بێ تۆ
بە ‌بەردا بۆ نەدەم سەر، ڕۆژێ سەت جار
نەکەم، بۆ کردەوەی شێتانە، بێ تۆ
بە دڵتەنگی لە سووچێ کاری "فاتیح"
لە ئەژنۆ، پەنجە ھەڵپێکانە،‌ بێ تۆ.

 

h_noryawi@yahoo.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک