٨\٤\٢٠١٦
پەرتووکی
فرەکولتوورخوازیی.

جیهاد محەمەد
پەرتووکی (فرەکولتوورخوازیی)
لە نووسینی زانای کۆمەڵناسی و ئەکادیمیست و مامۆستای زانکۆ(عەلی
راتانسی) و وەگێڕانی بەندە کەوتە بازارەوە.
بۆچی ئەم پەرتووکە؟!
بۆچی
ئەم پەرتووکەم بۆ وەرگێران بۆسەر زمانی کوردی ههڵبژارد؟ لەدوای
تەواوبوونم لە وەرگێڕان و چاپی یەکەمی پەرتووکی (هونەری پەروەردە و
فێرکردنی ستەملێکراوان)ی زانا و فەیلەسوفی بە ناوبانگ (پاولۆ فرێری)،
کە لە چاپی دووەمدا ناونیشانەکەیم گۆڕی بۆ (پێداگۆگێی ستەملێکراوان) ،
بیرم لەوە کردەوە، کە پەرتووکێکی دیکە بۆ وهرگێڕان بۆ سهر زمانی
کوردی هەڵبژێرم، که نزیک بێت له بابهتی پەروەردە و فێربوون، ههروهها
نزیک بێت لە زانستی مرۆییەوە، بەڵکو بتوانم مەڵۆیەک بخهمه سەر شارا و
خەرمانی شارەزایی و زانینی خوێنەری کورد، بە تایبەتی خوێندکارە
زانکۆییەکان، دەربارەی ئەو کێشە و گرفتە گەورەیەی ئەمرۆ لەسەر
کولتوورخوازی و شوناسخوازی دروستبووە و ململانێیەکی بەهێزی بەخۆیەوە
بینیوە. ململانێکەش لە نێوان دیدگاکانی کۆنزەرڤاتیڤزمی و
ناسیۆنالیزمی و دینییهوه لە لایەک، لە لایەکی دیکەوە لە نێوان چەپگهرا
و لیبراڵیزم و ئازادیخوازان و دیموکراسخوازانەوە، کە هەریەکەیان بە
گوێرەی بەرژەوەندیی خۆی جۆرێک لە شوناسخوازی و کولتوورخوازی
زەقدەکاتەوە و دەخوازێت بەسەر کۆی کۆمەڵ و کۆمەڵگادا بیسهپێنێت.
هەڵبەت ریزبەندیکردنی ئەو ئاراستە بیرییانە لە هەردوو ریزبەندییەکەدا
بەو واتایە نایەت، کە جیاوازی لە نێوان هەر ریزبەندێک لەو
ریزبەندییانەدا نییە، بهڵکو بە پێچەوانەوە چۆن جیاوازی لە نێوان
هەردوو ریزبەندییەکەدا بوونی هەیە، بەهەمان شێوەش جیاوازی لە نێوان
بیرکردنەوەی هەر یەکێک لەو ریزبەندییانەشدا بوونی هەیە. بەڵام
ریزبەندییەکە لەوێوە سەرچاوەی گرتووە، کە لە دوا راڤەکردن و شیکاریدا
بیرکردنەوەی هەر یەکە لەوانەی لە ریزبەندییەکدا ناویان هاتووە، لە زۆر
مەسەلە و پرسدا یەکدەگرنەوە و رەگ و ریشەی بیرکردنەوەیان دەچنەوە سەر
یەک سەرچاوە؛ چەپەکان و لیبراڵەکان چەند جیاوازن بەڵام لەسەر مەسەلەی
ئازادی تاکەکەس، تاک گەرایی، ئازادی رادەربڕین و ئازادییە گشتییەکان
یەک دەگرنەوە و دەچنە پاڵ یەکدی و خوازیارن کۆمەڵگا بخەنە سەر
ئاراستەیەکی ئاسۆییانە، هەروەها ئاسۆییانەش دەڕواننە هەر مەسەلەیەک،
که هەوڵدانییان بۆ بە دامەزراوەییکردنی دەسەڵاتەکان و لە یەکتری
جیاکردنەوەیانە، هەروەها بە ئۆرگانیکی کارکردن و بە مەدەنییکردنی
کۆمەڵگا کارێکی ههرهوهزیی بەسوودە لایان، بۆ فێربوون و پەروەردەش
بڕوایان بە کاری ههرهوهزییه. شوناسخوازی و کولتوورخوازی لای
لیبراڵەکان و چەپەکان، لهبهرئهوهی بنەماکەی لەسەر نێوەندیبوونی
مرۆڤ پێکهاتووە، بۆیه تاک و خودی تاکەکان ون ناکات و نایانسڕێتەوە؛
بەردەوام لە کارە ههرهوهزییهکانیاندا تاک نێوەندە. لە بەرامبەردا
کۆنزەرڤاتیڤەکان و ناسیۆنالیستەکان و دینییەکان لە مەسەلەی
شوناسخوازی و کولتوورخوازی و ئاراستە بیرییەکانیاندا زۆر لە
یەکترییەوە نزیکن؛ پێ لەسەر کولتووری تایبەتی و شوناسی تایبەتی بە
جۆرێک دادەگرن، کە کۆمەڵگا لەسەر شێوەی ستوونی دابەش بکرێت و زۆر جار
شکۆمەندی و مافی تاک و تاکگەرایی کاڵ بکرێتهوه.
ریزبەندی دووەم، واتە چەپەکان و لیبراڵەکان، ئازادییەکان دەکەن بە
بنەمای کولتوورخوازی و دیموکراتیخوازی و دژی دابەشکردنی کۆمەڵگان، که
لەسەر شێوەی ستوونی بێت. لەگەڵ ئەوەی بڕوایان بە تایبەتمەندیی
شوناسخوازی و کولتوورخوازی هەیە، بەڵام لهگهڵ ئهوهشدا کار لەسەر
ئەوە دەکەن، کە دیالۆگی فرهوان و یەکسان و قووڵ هەبێت لە نێوان
شوناسخوازەکان و کولتوورخوازەکاندا. ئەمەش بۆ ئەوەی کۆمەڵگا ئاسۆییانە
بڕوانێت و کار بکات و هەنگاو بهرهو پێشەوە بنێت، واتە دژی هەموو
جیاکاری و رەگەزپەرستی و هەڵاوێردییەکن؛ دژی ئەوەن بە ناوی
کولتوورخوازیی دینیی، یان کولتوورخوازی نەتەوەیی، جیاکاری و جیاوازی
بکەن. کۆنزەرڤاتیڤەکان و ناسیۆنالیستەکان و دینییەکان چەند دژی
جیاکاری و رەگەزپەرستی بن لە دوا جاردا دیسان ههر دەگەڕێنەوە سەر
هەمان بەزم و رەزم، چونکە رەگی بیرکردنەوەیان جۆرێکه کە لەسەر
باڵادەستیی کولتوور پێکهاتووە، واتە کولتوورخوازی لە لایان دەگاتە
ئاستێک، کە مافی تاک و رەگەز و گروپە جیاوازەکان پێشێل بکات.
ناسیۆنالیستەکان زۆر جار بە ناوی نەتەوەییەوە مافی تاک و تاکگەرایی و
ئازادیی تاک پێشێل دەکەن؛ هەموو تاکەکانی نێو کۆمەڵگا لە بۆتەی
کولتوورخوازیی و شوناسخوازیی نەتەوەییدا دەتوێننەوە؛ دینییەکانیش بە
هەمان شێوە مافی تاک و تاکگەرایی و ئازادییە کەسییەکان پێشێل دەکەن؛
هەوڵدەدەن هەموو کۆمەڵگا لە بۆتەی کولتوور و شوناسی ئاینییدا بتوێننەوە؛
کۆنزەرفاتیڤەکانیش بە ناوی نیشتیمانیی و رەهەندە نیشتیمانییەکانەوە
زۆر جار شکۆمەندی تاک و مافی تاک و تاکگەرایی گوم دەکەن.
نووسەری ئهم پەرتووکە (عەلی راتانسی)، زۆر بە وردی و بە دووربینییەکی
مرۆڤدۆستانە و زانستییانە و ئەکادیمییانە و بێ لایەنانە، هەوڵیداوە
لێکدانەوە بکات و شرۆڤەی ئەو جۆره بابەتە ئالۆزانە بکات، که
کولتوورخوازی و شوناسخوازی دەیانگرێتەوە، ههوڵیداوه بە لێکدانەوەی
ئاوهزگهرایی و له ههمان کاتدا لەسەر بنەمای زانستی و سیاسی و
ئابووری و کۆمهڵایهتی باس له چارهسهری کێشهکان بکات؛ بە
راشکاوانە و بێ دوودڵیی، وەڵامی دەیان پرسیاری ئاوەزیی داوەتەوە؛
چارەسەری بۆ هەموو مەسەلەکان خستۆتە بەرچاو. هەڵبەت بە پشتیوانی و
لەسەر بنەمای زۆربەی دراسەکانی توێژەر و لێکۆڵەرە کۆمەڵناسەکان و
مرۆڤناسەکان و زانا سیاسییەکان ئەم کارەی ئەنجامداوە. هیچ وەڵامێک و
قسەیەکی لە خۆوە نەکردووە. بۆ دەربڕینی ههر رایەک، یان وەڵامدانهوهی
ههر پرسیارێک، ئاماژەی بە قسەی زاناکان داوە؛ زۆر بە وردی پەنجەی
خستۆتە سەر کێشە و گرفتەکانی شوناسخوازی و کولتوورخوازی لە ئەوروپادا،
بە تایبەت لە بریتانیا و فەڕەنسا و هۆڵهندا و ئەمەریکادا، که دەیان
نموونەی زیندووی هێناوەتەوە و زۆر بێ لایەنانە، بێ ئەوەی بەلای هیچ
لایەنێکدا دایبتاشێت، قسەی خۆی کردووە. بۆ نموونە وەڵامی دەیان پرسیاری
لەمانەی خوارەوەی داوەتەوە:
- ئایا فرەکولتوورخوازیی لە کۆمەڵگا و نیشتیمانێکدا زیانبەخشە بۆ ژن و
پرسی ژن؟
- ئایا تاک، وەک بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتی، ئەگەر زۆر بە تواناش بێت،
دەتوانێت وەک خۆی واتای ژیانمان پێ بدات؟
- ئایا نیشتیمانییبوون ئەوەیە، کە تاک و رۆڵی تاک و داهێنانەکانی و
بەرهەمەکانی قووت بدات و لە خۆیدا بیتوێنێتەوە، واتە بە ناوی
نیشتیمانییبوونەوە دەسەڵاتی سیاسیی و پرۆسەی سیاسیی دەبێت ئازادی و
حەزەکانی تاک دەبێت پێشێلبکات؟
- ئایا کاری ههرهوهزی و هاریکاریی یهکترکردن و کارکردنی
ئۆرگانییانە بەو واتایە دێت، کە تاک هیچ رۆڵێکی کەسیی نەمێنێت و هەموو
توانای تاکەکان لەو ههرهوهزییهدا، یان لەو ئۆرگانییەدا قەتیس
بمێنێت؟
- ئایا هیچ کولتوورێکی کۆمەڵایەتی گشتی لە جیهاندا ههیه، لە سەرووی
کولتووره کۆمەڵایەتییە بچکۆلەکانی دیکەوه بێت؟
- ئایا هەموو دەستکەوتەکانی مێژووی مرۆڤایەتی تەنها بۆ مرۆڤه
رۆژئاواییەکان دەگەڕێتەوە؟
- ئایا چەمکی دیموکراسی و ئازادیخوازی و تۆلێرانس و مافی مرۆڤ و
پێکەوە ژیان و هاووڵاتییبوون، بەرهەمی مرۆڤهکانی رۆژئاوان و هیچ
کولتوورێکی دیکە نهبووه لە جیهاندا، که بەشداریی لە بەرهەمهێنانیاندا
کردبێت؟
- ئایا کولتوورخوازیی ئیسلامییەکان و کۆمەڵگا رۆژهەڵاتییەکان بە
بونیاد دواکەوتوون و ئەوە چارەنووسیانە، واتە هەتا ماون دەبێت لە
جێگای خۆیاندا داخراو و خنکێنراو بن؟
خوێنهری بهڕێز.. ئەم پەرتووکە لە بنەڕەتدا بە توێژینەوەیەک لە
چوارچێوەی فرەکولتوورخوازییدا چاوی داوەتە سەر ئەوروپای رۆژئاوا، کە
تیایاندا هاوسەنگی لە نێوان کولتوورەکاندا بووە بە دەستووری
دیموکراسییانە و سیاسەتی دەوڵەتەکانیان.
وەرگێڕانی ئهم پەرتووکه لای من بۆ سەر زمانی کوردی بەو مەبەستە بوو،
کە خوێنەری کورد شارەزایی بۆ پەیدا بێت لەسەر ئاستی راگرتنی هاوسەنگی
له نێوان کولتوورە جۆراوجۆرهکاندا، که بە شێوازێکی دیموکراسییانە و
ئازادانە بگوزەرێت.
ئەو هاوسەنگییەش:
یەکەم: لەسەر تیۆری سیاسەت و جیهانبینیی دیموکراسییانەی حوکمڕانەکان
رابوەستێت، کە بەرپرسیاریی چۆنێتی هاوسەنگی له نێوان کولتوورەکاندا
بپارێزێت، هەروەها رۆڵی سەرەکی تاک و مافی تاک لە چوارچێوەی ئازادی و
دیموکراسییدا نیشان بدات.
دووەم: بکەوێتە نێو بواری زانستی کۆمەڵناسی و توێژینەوە سیاسییەکانهوه
و کار لەسەر سروشتی پەیوەستبوونی رەگەزیی و پەیوەستبوونی کۆمەڵەکانی
نێو کۆمەڵگا گشتییەکاندا بکات، واتە هەموو پەیوەستبوون و خواستەکان
بپارێزێت، که لەسەر ئەو نیشانە و مۆرکە کردەییانەی لە ئەنجامی
کارلێکردنی نێوان کۆمەڵە رەگەزییەکانەوە دەرکەوتوون، کە رەنگە هەندێک
لە پەیوەستبوونی رەگەزیی و نەتەوەیی تەنها بە هاوسەنگیی کولتوورەکان
تێر نەبن، بەڵکو پێویستییان بە جیابوونەوە و دروستکردنی دەوڵەتی
سەربەخۆ هەیە. بۆ نموونە: نەتەوەی کورد لە عێراق و ئێران و تورکیا و
سوریا، رەنگە تەنها بە هاوسەنگیی کولتوورەکان کێشەکانیان چارەسەر
نەکرێت، بەڵکو بۆ چارەسەرکردنی کێشە نەتەوەییەکانیان خوازیاری
دروستکردنی دەوڵەتی سەربەخۆ بن، کە ئەمەش مافێکی دیموکراسی و سیاسییە
بۆ هەر نەتەوەیەک.
خوێنەری بەڕێز، من لێرهدا نامەوێت زیاتر بچمە نێو کڕۆکی پەرتووکەکەوە،
چونکه وای به باشتر دهزانم، که بۆ تۆی بهڕێزی بەجێبهێڵم. بەڵام
پێمخۆشە لەم پێشەکییەدا هەندێک بۆچوونەکانی هاوڕێی بهڕێزم (تاریق هێدی)
بخهمه روو.
لەسەر کێشەکانی تێکەڵاوبوون ئەم دە خاڵەی دەستنیشان کردووە:
"لە کێشەکانی تێکەڵاوبوون (ئنتەگرەیشن)ی بێگانە لە کۆمەڵگا
خۆرئاواییەکاندا" مەبەست لە وشەی ئنتەگرەیشن، واتە خۆگونجاندن،
تێکەڵاوبوون، یاخود ئاوێتەبوونی کەمینەی بێگانەیە لە زۆرینەی کۆمەڵگادا.
ئەم پرۆسەیەش زیاتر تایبەتە بەو کۆمەڵگانەی، کە بە فرەکولتووری ناوەزەد
دەکرێن و لە وڵاتانی دیکەوە خەڵکیی کۆچی بۆ دەکەن بە مەبەستی
نیشتەجێبوون. لێرەدا بە کۆنکرێتی ئاماژە بە چەند خاڵێکی دیاریکراو لە
کێشەکانی ئەم پرۆسەیە دەکرێت:
١. فێرنەبوونی زمان: بە تایبەت خوێندنەوە و نووسین، نەک تەنها فێربوونی
ئەوەی پێی دەڵێن زمانی شهقام.
٢. خۆ نەگونجاندن لەگەڵ کولتووری بەرامبەردا و لێڕوانین بە چاوی
گومانەوە و خۆجیاکردنەوە و نیشتەجێبوون لە گەڕەکی تایبهتدا، که پێی
بگوترێت گهڕهکی بێگانەکان.
٣. لە بەدەستهێنانی هەر دەستکەوتێکی ماددیدا، پەنابردنە بەر (ئیشی رەش)
و خۆدزینهوه لە دانی (باج).
٤. پەنابردنە بەر خۆنەخۆشخستن و وەرگرتنی مۆڵەتی نهخۆشیی درێژخایهن
و لە دواجاردا به هۆیهوه خۆخانەنشینکردن. هاوکات کارکردن به دزییهوهو
به رێگای نایاسایی.
٥. قەدەغەکردنی کچ و کوڕان لە تێکەڵبوون به کولتووری بەرامبەر، بە
جۆرێک، که ههندێکجار بگاته رادهیهک، که کچان قەدەغە بکرێن لە
وەرزشکردن، مەلەکردن، گەشتکردن، میوانداریکردن .. هتد.
٦. تەماشاکردنی وڵاتی نیشتەجێ وەک نیشتمانێک بۆ کۆکردنەوەی پارە و
دەستکەوتی تایبەتی، هاوکات نەبوونی هیچ دڵسۆزی بۆ ئەو وڵاتهی تیادا
دهژی.
٧. روانینە ئەو وڵاتانە وەک دەروازەیەک بۆ حەوانەوەی کاتیی، نەک بهردهوامبوون
له ژیان تیایدا.
٨. فێڵکردن لە سیستمی خۆشگوزەرانیی وڵات. بۆ نموونە ژن و مێرد به
دەوڵەت بڵین وهک جیابووینەتەوە تهنها بۆ ئەو مهبهستهی، که له یهک
کاتدا دوو کرێی شوێنی نیشتەجێبوونیان له لایهن حکومهتهوه وەربگرن و
لێیهوه دهستکهوتی ماددییان زیاتر بێت.
٩. تووندوتیژی بهکارهێنانی دایک و باوکان بهرامبهر به منداڵەکانیان،
به جۆرێک، که زۆرجار بگاتە ئەو ئاستهی، که رێکخراوەکانی منداڵپارێزیی
منداڵهکان له دایک و باوکانیان دابڕن و له ژێر چاودێریی دهوڵهتدا،
یان خێزانی دیکەدا بهخێویان بکهن.
١٠. زۆر لە بێگانەکان له جۆره کولتوورێکهوه رۆیشتوون بۆ وڵاتانی
رۆژئاوا، که له بناغەدا بە جۆرێکی وا پەروەردە بوون، که تهواو جیاواز
بێت له کولتووری رۆژئاوایی. ئیتر ئامادهییان تیادا نهبێت، که به
شێوازی کولتووری رۆژئاوایی له وڵاتی رۆژئاواییدا ژیان بهرنه سهر.
تێبینی: جێی باسه، به بۆچوونی تاریق هادی، ئهوهی خراوهته روو ئهوهیه
که زۆربەی وڵاتانی خۆرئاوا سیاسەت و پلانی فرهوانی تایبهت به خۆیان
هەیە سهبارهت به تێکەڵکردنی بێگانەکان، به واتای تێکهڵکردنی فهرههنگی
دێت، نهک به واتای تواندنهوهی فهرههنگی، له نێو کۆمهڵگاکانی
خۆیاندا.
_____________________________
١-
لەسەر داوای کاک یاسین عومەر ئەم ناونیشانەم گۆڕی.
٢-
(تاریق هێدی) کوردی کوردستانی باشوورە، ئێستا نیشتەجێی شاری (بێرگن)ە
لە نەرویج. ئەم بەڕێزە شارەزا و پسپۆڕە لە بواری پێداگۆگی و زمانناسیی،
مامۆستای تایبەتە بە بواری بێگانە لە کولتووری نەرویجدا، لە
قوتابخانەکانی قۆناغی سەرەتایی و نێوەندی و ئامادەیی، تا دەگاتە
زانکۆ مامۆستایەتیی کردووە و وانەی وتووەتەوە. کەسایەتییەکی شارەزایە
لە مەسەلەی پێکەوەژیان و پێکەوە هەڵکردنی کولتوورە جۆربەجۆرەکاندا.
٣-
(ئیش رەش)، بەو ئیشە دەوترێت کە ناچێتە ناو سیستمی ئیشکردنەوە، واتە
ئیشەکە نافەرمییە. ئەم جۆڕە لە ئیشکردن ئەو کەسانە دەیکەن، کە خۆیان
دەدزنەوە لە پێدانی باج. هیچ ئیشێکی فەڕمیی و سیستماتیک نییە لە
ئەوروپادا بە بێ باج دان. هەرچ ئیشێک لە دەرەوەی باجدان کرا پێی
دەوترێت ئیشی رەش.
٢٨\٣\٢٠١٦
- سلێمانی
ماڵپهڕی جیهاد محهمهد کهریم
|