په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٩\١٠\٢٠٢٠

پەرتووکی ''گەیشتن بە  رووبەری شیعر'' و چەند سەرنجێک.


سەدیق سەعید       

 
ئایا شیعر ڕووبەڕێکی دیاریکراوی ھەیە؟مەبەست لە  رووبەری شیعر چییە؟ تۆپۆگرافییا و پانتایی دەقی شیعرییە، یان فەزاسازیی؟ئەگەر شیعر گەیشتە  رووبەرێکی دیاریکراو، ئایا مانا و گوتاری شیعری دەگەنە خاڵی کۆتا؟. شیعر سنووری ھەیە؟ ئەمە ئەو پرسیارانەن، کە دەشێ لە پەیوەندی بە شیعرەوە، زۆر بە وردی شڕۆڤە بکرێن. چونکە  رووبەری شیعر ھیچ پەیوەندی بە داھێنانی شیعرییەوە نییە.  رووبەری شیعر، بەشێکی بچووکە لە ستراکتۆرێکی گەورەتر کە چەندین ڕەگەزی ھونەری تێدایە و ھەمووشیان دواجار بینای ھونەری دەقی شیعری پێکدێنن. ئەگەر گەیشتن بە  رووبەری شیعر، وەک داھێنان تەماشا بکەین، ئەوا گەیشتن بەو  رووبەرە، وەک خاڵی کۆتایی گوتارو مانای شیعرییە. داھێنان و نوێکردنەوەی شیعر، ھەر تەنھا لە  رووبەری دەقەوە نییە،بەڵکو فۆڕم و ناوەڕۆک و تۆپۆگرافیای شیعریشە. گۆران کاتێ ناوبڕێک لە نێوان خۆی و شیعری کلاسیک دروست دەکات، ھەر تەنھا نەھێشتنی کێش و برگە نییە، بەڵکو نوێکارییە لە تۆپۆگرافیای دەقی شیعری، کە دەبێتە شیعری ئازاد و نوێکردنەوەیە لە زمان و گوتارو فۆڕمیشدا. شیعری کلاسیکی، تۆپۆگرافیایەکی ئاسۆیی جێگیری ھەیە، بەڵام لە شیعری گۆراندا، ئەو تۆپۆگرافیایە دەبێتە ستوونی و بە پێی بونیادی دەقەکە دەگۆڕدرێت لە وشە و کۆپڵە و دەربڕینی شیعریدا. بۆیە بەبڕوای من، ھەر کاتێک شیعری شاعیرێک گەیشتە  رووبەرێکی دیاریکراو، ئیدی سنوور لە بەردەم ئەم دەقەدا، بۆ خوێندنەوەی جیاوازو دیدگای جیاواز کۆتایی دێت. چونکە لە بنەڕەتدا لەگەڵ گەیشتن بەو  رووبەرە، بە مانای شیعریش دەگەین و ھەر کاتێکیش مانا لە شیعردا تەواو بوو، بونیادی شیعرەکەش لە ئاستی خوێندنەوە و بینی جیاوازدا کۆتایی دێت.

 

(پەرتووکی گەیشتن بە رووبەری شیعر)، پەرتووکێکە لە بارەی ئەزموونی شیعری (فەریدزامدار).ئەم پەرتووکە، لە چەند وتارێک پێکھاتووە، لە بارەی ئەزموونی شیعری کوردی و شیعری ئەم شاعیرەش بە تایبەتی.بەشێک لە بۆچوونەکانی نووسەر لە بارەی شیعرەوە،بۆچوونی سادە و ڕاگوزەرن ، نەک دید و تێڕوانینی بابەتی و مێژوویی و مەعریفی بۆ شیعر.لە دوو توێی ئەو بۆچوونانەدا، نووسەر ئەزموونی چەند شاعیرێک، دەخاتە نێو یەک بزاوتی شیعرییەوە، کە نەک لە ڕووی ئەزموونی شیعرییەوە دوورن لە یەکتری،بەڵکو ھیچ پەیوەندییەکیشیان بە یەکترییەوە نییە وەک(شێرکۆ بێکەس، کەریم دەشتی، سەباح ڕەنجدەر). ئەمە لەلایەک لەلایەکی دیکەوە، چەند بۆچوونێک دەردەبڕێت،کە بوارێک بۆ بیروڕاو لێکدانەوەی جیاواز ناھێڵنەوە. واتا ئەوەندە بە ڕەھای لێکدانەوەی بۆ کردوون.بۆنموونە دەنووسێت:

(شێرکۆ بێکەس ھەر لە سەرەتاوە ،لە تریفەی ھەڵبەستەوە، بە ھێزێکی شیعری پتەو دەستی پێکردووە و لەوێندەرێش لە داھێنانە شیعرییەکانی بەردەوام بووە).

لە ڕاستیدا، ھیچ ئەزموونێکی شیعری نییە بە داھێنانەوە دەست پێ بکات، بەڵکو ئەوەی ھەیە جیاواز کەوتنەوەیە.کە ئەمەش دەشێ لە ئەزموونی سەرەتای ھەموو شاعیرێک ڕوونەدات. ئەگەر بە وردی شیعرەکانی تریفەی ھەڵبەست، بەراورد بکەین لە گەڵ شیعری ساڵانی دواتری ئەم شاعیرە و دوایین شیعری کە کورسیییە، ھەست بە گۆڕانکارییەکی گەورە و بەردەوامی شیعری لە ڕووی فۆڕم و ناوەڕۆک و گوتارو دنیابینی ئەم شاعیرە دەکەین. لە تریفەی ھەڵبەستدا، شێرکۆ ھەمان ئەو شاعیرە نییە، کە دواجار دەبێتە شوناسێکی دیار لە دنیای شیعری ئێمەدا. شیعرەکانی سەرەتای لە ڕووی زمان و وێنە و بابەتەوە، شیعری سادە و ھاوشێوەی ئەزموونی شاعیرانی ھاوسەردەمی خۆیەتی. ھیچ داھێنانێک بەو شیعرانە نابینرێت. بەڵام کێشەی نووسەر لەوەدایە چونکە پێی وایە داھێنانی شیعریی پرۆسەیەکی گشتییە، ئیدی ھەموو شاعیرێک داھێنەرە. شیعرەکانی جەمال شارباژێریی و جەلالی میرزا کەریم لە پەنجاکانی سەدەی ڕابردوودا، لە ڕووی ئەزموونی شیعرییەوە،لە تریفەی ھەڵبەست و شیعرە سەرەتاییەکانی شێرکر بێکەس ھونەریترن. ئەمەش نەنگییەک نییە. چونکە دواجار شێرکۆ دەبێتە ناوێکی نەمرو گەورە، بەڵام ئەو نەمرییە، لە تریفەی ھەڵبەستەوە دەست پێ ناکات، بەڵکو لە داستانی ھەڵۆی سوورو دوو سروودی کێویی و کۆچ و دەربەندی پەپوولە و خاچ و مارو ئەزموونی دواتری دەست پێ دەکات. بۆیە ناساندنی شێرکۆ بێکەس، وەک داھێنەرو نوێخوازێک لە تریفەی ھەڵبەستدا، بە بڕوای من بێ ئاگایە لە مێژووی شیعری کوردی.ئەو بەردەوامییە لە شیعردا، وادەکات ئەم شاعیرەمان تریفەی ھەڵبەست و شیعرە سیاسی و شۆڕشگێڕییەکانی خۆی تێپەڕێنێت.لە خێراکە مردن خەریکە بگا و ئێستا کچێک نیشتمانە و کورسی، بە تەواوەتی دنیابینی ئەم شاعیرە بۆ بوون و ژیان و سیاسەت و ئایدۆلۆژییا و ھەموو شتێک دەگۆڕدرێت.چونکە ئەزموونی شیعری لە گۆڕاندایە. بۆیە شیعرە سەرەتاییەکانی شێرکۆ بێکەس، ھاوشێوەی دوایین شیعرەکانی نییە. ئەمە لەلایەک، لەلایەکی ترەوە ھەرئەزموونێکی سەرەتایی ژیان لە ھەر ڕووێکەوە بێت، بە داھێنان دەستی پێکرد، کەواتا مرۆڤایەتی دەگاتە خاڵی کۆتایی. چونکە داھێنان دەرەنجامی ڕەتکردنەوەی ئەو کۆنیەیە کە ھەیە. جیاواز کەوتنەوە و جێھێشتنی میرات و کەلە پووری پێشووە. ئەگەر شاعیران بە داھێنان دەست پێ بکەن و ھەموو کەسێک داھێنەر بێت، ئێستا یەک داھێنان لە یەک ڕووی ژیانەوە بوونی نەدەبوو.بە پێچەوانەوە داھێنان پرۆسەیەکی بەردەوامە، ڕەنگدانەوەی ئەو واقیعە کۆمەڵایەتی و ژیاریی و فەرھەنگیەیە کە ھەیە بە ئاراستەیەکی نوێتر. ئەگەر سەرنج لە ئەزموونی داھێنانە زانستی و ئەدەبی ومرۆڤایەتییەکان بدەین، ھیچ داھێنانێک نابینینەوە، لە دەرەوەی بیرکردنەوەی کەسی بێت. چونکە داھێنان کردەیەکی کەسییە، نەک گشتی وەک ئەوەی ناڵە حەسەن ھەموو شاعیرانی کوردی لەو پەرتووکەدا کردۆتە داھێنەرو نوێخوازو یاخی، کە ھەندێکییان پەنجا ساڵە شیعر دەنووسن، بەڵام نەبوونەتە داھێنەر.بۆیە داھێنان کردەیەکی گشتی و ھەمووەکی نییە، تا ھەر شاعیرێک مەبەستی بوو دایبھێنێت. لە ئەزموونی شیعری کوردیدا، چەند(گۆران) ھەن؟. چەند( شێخ ڕەزا)ھەن شیعری ھەجوو بنووسن؟چەند ئەحمەدی خانی ھەن، باسی سەرەتاکانی ھزری ناسیۆنالیزم بکەن؟بۆیە باسکردن لەوەی کە زۆرینەی شاعیرانی کورد(وەک ئەوەی ئەو ناوی ھێناون)داھێنەر و یاخی و نوێخوازبوونە،تێزێکی نالۆژیکی و بێ بنەمایە.بێگومان بە درێژایی نووسینەکانی ئەو پەرتووکە، نووسەر ھەمیشە ئەو دووپات دەکاتەوە، کە فەرید زامدار شاعیرێکی(داھێنەر، نوێخواز, یاخی ، ھوشیار، زمانزان، جیاواز لە شاعیرە ھاوسەردەمەکانی و نوێخوازێکی بەردەوامی و شیعربووە و شاعیرانی پێش و دوای خۆی جێھێشتووە) و چەندین شوناسی تریشی دەداتە پاڵ. بە بڕوای من وەک خوێنەرێکی ئاسایی شیعر، ئەم بۆچوونانە ستاییشکردنێکی کەسی و کۆمەڵایەتی و ریاییکردنێکی ھاوڕێیانەیە، کە نووسەری پەرتووکەکە، خۆشی لە پێشەکی پەرتووکەکەیدا دەڵێت:

(خۆزگە لە ژیان بمابایە و ئەو پەرتووکەی ئەوی دەدیت).

نەک بۆچوونێک بن لە سەر بنەمای ھەڵسەنگاندن و خوێندنەوە و لۆژیکی شیعر ناسی بونیاد نرابن. چونکە کە شیعرەکانی ئەو شاعیرە دەخوێنینەوە،ھەست بەو ھەموو داھێنانە ناکەین کە ناڵە حەسەن باسی دەکات. بە پێچەوانەوە لەم ساڵانەی دواییدا، ئەم شاعیرە، پەراوێزترین و لە بیرکراوترین شاعیری کورد بووە، لە ئاستی نێوەندی ئەدەبی و شیعریدا. ئیدی نازانم ئەم شاعیرە، چۆن تا دوا چرکەساتی ژیانی بەردەوام بووە لە داھێنانی شیعری؟. ئەگەر داھێنانی شیعریی و نوێخوازی بەردەوامی ئەم شاعیرە، تا کۆتایی ژیانی وەک ئەوەی نووسەری پەرتووکەکە دەیڵێت، بەراورد بکەین لە گەڵ ئەو خاسییەتە شیعرییانەی نووسەر وەک پێوەرێک بۆ داھێنان دیاری دەکات، ئەوا خۆی بۆچوونەکانی خۆی بەتاڵ دەکاتەوە.بۆنموونە دەنووسێت:

(شیعرەکانی فەرید پڕن لە وێنە و دەربڕینی ڕۆمانسییانەی جوان، کە زمانێکی ڕۆمانسییانەیان ھەیە).

ھەروەھا بەردەوام دەبێت و دەنووسێت:

(ئەو ھەمیشە شاعیرێکی یاخی و سەرکەش بووە).

ئەگەر ڕەگەزی ڕۆمانسییەت، وەک داھێنانێکی شیعری بناسێنین، ئەوا دەبێ بڵێین ئەم شاعیرە داھێنەر نەبووە.چونکە ڕۆمانسییەت جگە لەوەی ڕێبازێکی ئەدەبی کۆنە، ھاوکات شیعری کوردی لە بیستەکان و پەنجاکان و شەستەکانیش، پڕن لە وێنەی ڕۆمانسییانە.لە ڕۆمانسییەتدا، خەیاڵ وسرووشت بنەمای سەرەکین. لە ڕۆمانسییەتدا، سۆز بزوێنەری شیعرەو لە ڕێگەی وێنە و دەربڕینی ھونەرییەوە، چێژی شیعری بونیاد دەنێت. بۆیە وەک خوێنەرێک دەکرێ بپرسین داھێنان بەرەنجامی ھزرە، یان سۆزو ڕۆمانسییەت؟. ئەگەر زمان و وێنەی ڕۆمانسی بە داھێنانی شیعری بزانین، ئەوا گۆران لە ھەموو شاعیرانی مێژووی کورد داھێنەرترە،چونکە شیعرەکانی پڕن لە وێنەی جوانی ڕۆمانسییانە. بەڵام گۆران بۆیە داھێنەر نییە چونکە شیعری ڕۆمانسی نووسیوە، بەڵکو بۆیە داھێنەرە چونکە کێش و بڕگە ناھێلێت و تۆپۆگرافیای دەقی شیعری دەگۆڕێت و فۆڕمی ئازاد دادەھێنێت. داھێنانی شیعریی، پەیوەست نییە بە ڕەگەزێکی ھونەری دیاریکراوەوە، بەڵکو گۆڕانکارییە لە فۆڕم و زمان و دنیابینی و ناوەڕۆک و پەیامی شیعریشەوە.داھێنەرەکان، ھەموو سات و سەردەمێک دەرناکەون، بە پێی واقیعی ئەدەبی و ژیاریی کۆمەڵگە دەردەکەون. ھاوکات ئایا یاخیبوون لە شیعردا داھێنان و نوێخوازییە؟. ھەر کەسێک ئەم ژیانەی ڕەت کردەوە، یاخی و داھێنەرە وەک ئەوەی نووسەری پەرتووکەکە دەیڵێت؟. مەگەر مرۆڤ بە سرووشتی کۆمەڵایەتی و کەسی خۆیەوە،ھەستَێکی یاخییانەی نییە؟دواجار بە تەنھا گوتنی(نا)چی دەگۆڕێت، ئەگەر ئەو یاخییبوونە لە دروشمەوە نەکەینە کردار؟یاخیبوون لە مێژووی شیعری کوردیدا، ڕەگەزێکی نوێ و داھێنەرانەی فەرید زامدار نییە، بەڵکو زۆربەی شاعیرانی کورد، لە شیعرەکانییاندا جۆرێک لە بیرو ڕوانینی یاخییگەریانەیان ھەیە، ئەگەر بە شێوەیەکی سۆسیۆلۆژی و ھاوسەردەمانەش نەبێت. کاتێ نالی شارەزوو لە سۆنگەی ململانێی میرنشینەکانەوە جێدێڵێت، مەگەر ئەمە جۆرێک لە ڕەتکردنەوە و یاخییبوون نییە لە ھەمبەر ژیان و بووندا؟. کاتێ شێخ ڕەزا، ھەجووی پیاوانی ئایینی دەکات و بێکەس دژی ئەقڵی خورافی دەوەستێتەوە، ئەمە مانای یاخییبوون و ڕەتکردنەوە نییە؟. شیعرەکانی جەلالی میرزا کەریم، کە پێش ئەو شاعیرەش شیعری نووسیوە، پڕن لە یاخیبوونی سیاسی و کۆمەڵایەتی و کەسی. ئیدی نازانم چۆن نووسەر بوێری ئەوە دەکات، بە زامدار بڵێت داھێنەرە چونکە یاخی بووە. یاخییبوون نە داھێنانە، نە نوێخوزای، نە جیاواز کەوتنەوە. بەڵکو دەشێ ھەموو مرۆڤێک یاخی بێت.وەک ئەوەی کامۆ باسی مرۆڤی یاخی دەکات، نەک شاعیری یاخی.شیعری کوردی نیوەی دووەمی ھەفتاکان، پڕە لە یاخیبوون و کەسیش ئەو شاعیرانە بە داھێنەر نازانێت،تەنھا لەبەر یاخییبوونەکەیان. نووسەر لە درێژەی نووسینەکەیدا، وێرای ئەوەی چەند بابەتێکی نووسیوە، کە ھیچ پەیوەندییان بە ئەزموونی شیعریی زامدارەوە نییە(بۆنموونە وەک قوتابخانە و ڕێبازە ئەدەبییەکان)بەردەوامیش دەبێت لە پێدا ھەڵگوتن و ستاییشنامەی بێ بنەمای ئەم شاعیرەوە ئەمجارەیان دەنووسێت:

(باوەڕ ناکەم ھیچ شاعیرو بیرمەندێکی کورد،بەم شێوەیەی فەرید زامدار باسی قەڵەم بکات).

دیارە مەبەستی ئەو شیعرە سادە و ساکارەیە، کە تیایدا باسی قەڵەم دەکات. نازانم نووسەر چۆن دەتوانێت لە ئاست شیعرێکی ئەوھا سادەدا، بیرمەندانی کورد و شاعیرانی کورد، لە ئاست زامداردا بچووک بکاتەوە؟. ئایا تەنھا ئەو باسی قەڵەم دەکات؟ ئایا نووسەری پەرتووکەکە، شیعرەکانی قانع و شێرکۆ بێکەس و پەشێوی خوێندۆتەوە، کە چۆن باسی شیعرو وشە و قەڵەم دەکەن؟.ئایا شیعرەکانی ئەحمەد موختار جاف و حاجی قادری خوێندۆتەوە، کە چۆن باسی خوێندەواریی و زانست و فێربوون دەکەن؟ئایا شیعرەکانی زێوەری بینیوە، کە پێشەنگی ھزری خوێندەوارییە لەشیعردا؟. باسکردنی قەڵەم لە وێنەیەکی شیعریدا، ھیچ شاعیرێک ناکاتە داھێنەر، وەک چۆن نووسینی دەیان پەرتووکی ستاییشنامەش، کەس ناکاتە داھێنەر. لە بنەڕەتدا، شاعیری جیاوازنووس و داھێنەر، پێویستی بە پەسن نییە،چونکە داھێنانی شیعری خۆی لە ئەزموونە ھاوسەردەم و سواوەکانی دیکەی جیا دەکاتەوە. ئەگەر شاعیرێک توانی داھێنان لە ڕووی فۆڕم و ناوەڕۆک و دنیابینی و زمانی شیعری بکات، ئەوا پێویستی بە ستاییشنامەی ھیچ کەسێک نییە. ئەزموونی فەرید زامدار ، ئەزموونێکە لە ڕووی مێژوویی و قۆناغ بەندی شیعرییەوە، ھاوشێوەی ئەزموونی ھەر شاعیرێکی دیکەی سەردەمی خۆیەتی. جیاوازیەکی بچووک کە ھەبووبێت ئەوەیە، کە زامدار گرنگی بە وێنە وھێلکاریی و سکێچی شیعر داوە. دیارە ئەمەش پەیوەندی بەوە و ھەیە، کە خۆی ھونەرمەندێکی شێوەکاربوو، بۆیە سوودی لەھێڵ و وێنە و فیگەری ھونەری بینیوە. ئەمەش ئەزموونێکە لە بەشێکی زۆری شیعری فەرھاد پیرباڵ بوونی ھەیە.ھاوکات وێنە داھێنان نییە لە شیعر، بگرە مرۆڤ سەرەتا کە ھیچ زمانێکی نەزانیوە، وێنەی جۆراوجۆری، لە سرووشت ھەڵکۆڵیوە. واتا وێنە و ھێلکاری بەرلە زمان و دەربڕین بوونییان ھەبووە. ئیدی نازانم ئەگەر شاعیرێک ھێلکاریی و شیعرو وێنەی تێکەڵاو کرد، داھێنانەکەی لە کوێدایە؟. نووسەر ھەرلە درێژەی پەرتووکەکەیدا، خاسیەتێکی دیکە دەداتە پاڵ داھێنەریەتی فەرید زامدار بە تێگەیشتنی خۆی، ئەویش پارادۆکسی ناونیشانە لە شیعرەکانیدا. بەڵام شیعرەکانی سەباح ڕەنجدەر، پڕن لە وێنەی پارادۆکسی ناونیشان و کە بەو پەڕی ئاگاییەوە، بۆ شیعرەکانی دایناون. کە تەنانەت زۆر لە ناونیشانی شیعرەکانی فەرید زامداریش، ھونەریترو پڕ ماناترن.بۆیە پارادۆکسی ناونیشانیش، داھێنەرایەتی نییە. بەگشتی ئەو تابیتمەندییانەی نووسەری پەرتووکەکە، دەیکاتە پێوەرێک و تیایدا دەیەوێت زامدار وەک پێشەنگی شیعری کوردی بناسێنێت، پێوەری نالۆژیکی و نابابەتی و ھیچ بنەمایەکی شیعر ناسیان تێدا نییە.چونکە ئەم خاسییەتانە لە شیعری ھەموو شاعیرەکانی دیکەی ھاوتەمەن و ھاو قۆناغی زامدار بوونییان ھەیە. کە واتا دەبێ ئەوانیش ھەموویان نوێخوازو یاخی و داھێنەر بن، کە لەڕاستیدا وا نییە.

 

دواجار دەڵێم، ناوەڕۆکی ئەم پەرتووکە، پتر لە لاوانەوە و شینامەیەک دەچێت، نەک لێکۆڵینەوەیەکی ئەدەبی و بابەتی، کە بە ئەرگۆمێنت و لە پەراوێزی شڕۆڤەکردنی شیعرەکانییەوە، داھێنانی ئەو شاعیرە دەربخات. ھیوادارم واز لە ستاییش و مەرایی یەکتری بێنین وشیعرو ئەزموونی شیعری شاعیران چۆن ھەیە، بەو شێوەیە بخوێنینەوە. چونکە کەس بە پێدا ھەڵگوتن و نووسینی ستاییشنامە نابێتە شاعیری داھێنەر.
___________________________________________
گەیشتن بە رووبەری شیعر، نووسینی: ناڵە حەسەن، ساڵی چاپ ٢٠٢٠.

 

 

sadiqrwandze@yahoo.com

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک