١٦\٥\٢٠١٨ پەرتووکی ''کاژێر شەشی ئێوارە'' و چەند سەرنجێک.
پەرتووکی کاژێر شەشی ئێوارە، ئەو پەرتووکەیە کەلە سەردەمی یەکێک لە گیراوەکانی ئەوسای کادیرانی کۆمەڵە، ڕووداوی گرتن و لە سێدارەدانی بە شێکییان دەگێڕێتەوە. گەرچی نووسەری پەرتووکەکە، شوناسی ئەو پەرتووکەی لە چوارچێوەی ھیچ ژانرێکی نووسیندا پۆڵین نەکردووە. واتە خوێنەر نازانێ ئەمە ڕۆمانە؟یادەوەرییە؟ یاخود پەرتووکێکی سیاسی ومێژوویی. بەڵام بە خوێنەوەمان بۆ ناوەڕۆکی پەرتووکەکە، لەو بۆچوونە نزیک دەکەوینەوە کە ئەمەگێڕانەوەی بیرەوەریەکی سیاسی خودی نووسەری پەرتووکەکە خۆیەتی. ئەگەرچی بە درێژایی ڕووداوەکانی نێو پەرتووکەکە، کارەکتەری سەرەکی ڕووداوەکان و گێڕەرەوەیی سەرەکی ڕووداوەکان،کەسی سێیەمی تاکە واتە(ئەو).نووسەرلە سەر دەمی ئەوەو ڕووداوەکانمان بۆ دەگێڕێتەوە. وەلێ بۆ منێکی خوێنەر، کە دەیان جار مێژووی کۆمەڵە و ھاوڕێیانی کۆمەڵە وکۆمیتەی ھەرێمەکان و کۆمیتەی شارەکان و ھاوڕیێانی زیندانم خوێندۆتەوە، ئەوە ئەستەم نەبوو بۆ ئەوەی بە ئاسانی گێڕەڕەوەی سەرەکی ڕووداوەکان بناسمەوە کە ئەویش خودی(ئەرسەلان بایز)واتە نووسەری پەرتووکەکە خۆیەتی. بەدەربڕینێکی تر، کەسی سێیەمی تاک، لەو پەرتووکەدا خودی نووسەری پەرتووکەکەیە. چونکە ئەویش یەکێک بووە لەوانەی کەلەگەڵ خاڵە شەھاب و ھاوڕێکانی ئێران ڕادەست بە عێراقی کردنەوەو بەداخەوە بە شێکی لەسێدارەدان وبە شێکیشیانی بۆماوەی چەند ساڵێک لە زیندانی ئەبوغرێب زیندانی کردن و دواجاربە لبَبووردنی گشتی ئازادبوون. ئەو پەرتووکە گێڕانەوەی ڕووداوێکی سیاسییە کەلەماوەی نێوان ساڵانی ١٩٧٥تاکو ١٩٧٩ڕوویداوە.کارەکتەری سەرەکی و گێڕەڕەوەی ھەمووشتزانی نێو دەقەکە،کەوەک وتمان خودی نووسەری پەرتووکەکەیە، دوای ئەوەی کۆتایی بە شۆڕشی ئەیلول دێت، دەگەڕێتەوە لە کێڵگەی پەلەوەری ھەولێر دەبێتە فەرمانبەر.لە ژێرەوەش بە نھێنی پەیوەندی بە ئەڵقەی ڕێکخستنە نھێنییەکانی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانەوە ھەیە و بە ئامانجی ھەوڵدان بۆ دروستکردنی شانەی نھێنی وھەوڵدان بۆ یارمەتیدانی دەستپێکردنەوەی شۆڕشی نوێ بەڕابەرایەتی یەکێتی نیشتمانی.کارەکتەری ڕووداوەکان، گەرچی لە بنەماڵەیەکی ئایینی و تاڕادەیەک ھەبوو دایە،کە ئەوانیش لەدێی کاریتان دادەنیشن، بەڵام بۆ خۆی کەسێکی چەپ و ڕادیکاڵە و بڕوای بە خەباتی یەکسانی و سۆسیالیزمی ھەیە. ئەولە دەرەوەی ھەموو ئەو نۆرمە کۆمەڵایەتییانەدایە،کەلەگوندەکەی ئەوان و کەس وکارەکەی دانە. بۆنموونە: لە دیالۆگێکدا، مامی بەتوندی ڕەخنەی ئەوەی لێدەگرێت، کە دوای تەواوکردنی خوێندن چی داوە لە شۆڕش و سیاسەت و ڕێکخستنی نھێنی. پێی دەڵێت: بە ژیانێکی سەخت گەورەن کردی، بۆ ئەوەی خوێندن تەواو بکەی، کەچی ئێستا خەریکی سیاسەتی.بێگومان مەرج نییە ئەو ھەڵوێستەی مامی کارەکتەرەکە، لەبڕوانەبوون بە شۆڕشی کورد و مافەکانی نەبێت. بەڵکولەسۆنگەی ئەوەیە،کەڕەنگە ماھیەتی ڕاستەقینەی بەعسی ناسیبێت کەچ دڕندەیەکە. بۆیە لە پێناو پاراستنی گیانی برازاەکەی ئەو ھەڵوێستە دەردەبڕێت. بێگومان کارەکتەری سەرەکی نێو پەرتووکەکە، دوای ئەوەی بە نھێنی لە ئەقەی ڕێخستنەکانی کۆمەڵەیە، ھاوکات پەیوەندی لەگەڵ چەندین کەسی تریش ھەیە، کە ئەندامی ھەمانشانەی نھێنین. بەوشێوەیە بەردەوام دەبێت و لە ھەندێ کاتدا، لە ماڵی کەمالی برای دەبێت. چونکە کەس وکارەکەی لە گوندن. دواجار خانووێکی کۆنی شێوە کەلاوە، لە گەڕەکی کوڕان دەگرێت، بەمەبەستی خۆپاراست و ئاگاداربوون، لەھەر جموجۆڵێکی ڕژێم.بۆماوەیەکی زۆر بەوشێوەیە ژیانی دەگوزەرێنێت. واتە بەپەنھانی لە نێو شاردا دەمێنێتەوە. تادواجار لە ڕۆژێکییاندا، دەزگا داپلۆسێنەرەکانی ڕژێم بەدوایدا دەنێرن، گوایە ھەندێک کاری تایبەتی و فەرمانگەیان پێیە. بەلاچم ئەو دەزانێت ئەو چاودێری و یەدواداچوونەی لەلایەن دامو دەزگاکانی حکومەت پەیوەندی بە چییەوە ھەیە، بۆیە لە دەرفەتێکدا خۆی وندەکات و سەردانی شاری کەرکوک دەکات بۆلای ئازاد ھەورامی و ھەندێک جاریش سەردانی سلێمانی دەکات بۆ ماڵی عوسمانی نانەوا، کە ھەموویان لە ڕێکخستنە نھێنییەکانی کۆمەڵەن. تا دواجار لەگەڵ کەسێکی تر بەناوی ئاوات، بەنھێنی و بەڕێگای یاساغ و لە ڕێی پێنجوێنەوە دەچێتە ئێران. بەمەبەستی پاراستنی ژیانی خۆی. بەڵام بەداخەوە ئێرانیش دوور لە ھەموو بنەمایەکی مرۆیی لەوکات و لە سەردەمی شاو بەھۆی ڕێکەوتننامەی لەگەڵ عێراقدا، لە کاتژمێر شەشی ئێوارەی ڕۆژی ٣١-١٢-١٩٧٥ ڕادەستی حکومەتی بەعسییان دەکاتەوەو بەم جۆرە خاڵە شەھاب و بەشێکییان لە سێدارەدەدرێن و نووسەری پەرتووکەکەو چەند سەرکردەیەکی تریش بە زیندانی ھەتا ھەتایی حوکم دەدرێن، تا دواجار بە لێبووردنی گشتی دوای چوارساڵ مانەوە لە زیندانی ئەبوغرێب، ئازاد دەکرێن.ئیدی لەوێوە ڕووداوەکانی نێو پەرتووکەکە کۆتایی دێن.
ئەم پەرتووکە یتر پەرتووکێکی سیاسی و مێژووسسە لەوەی ئەدەبی بێت. زمانی نووسینی دەقەکە وێرای ئەوەی لە ھەندێ شوێندا، جۆرێک لە ئستاتیکای گێڕانەوەی تیایە، بەڵام زمانێکی واقیعییە و گێڕانەوەی ڕووداوکانە وەک خۆی. تەنانەت بەناوھێنانی کارەکتەرەکانی دیکەش بەناوی ڕاستە قینەی خۆیان لەپەرتووکەکەدا بوونیان ھەیە. ئەم پەرتووکە بەبڕوای من دەچێتە خانەی تۆمارکردن و گێڕانەوەی برەوەری نووسەری پەرتووکەکە لە بەرگێکی مێژووییدا. ئەگەرچی نووسەرھەوڵیداوە ئەو مۆرکە مێژووییە ھێندە زەق نەکاتەوە لە نووسینەکەیدا، وەلێ خوێنەرکاتێ پەرتووکەکە دەخوێنێتەوە، تەواوھەست بەو زمانە واقیعییەوگێڕانەوە مێژووییە دەکات. بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا لە چەند شوێنێکی پەرتووکەکە چەندین دەستەواژە و دەربڕینی ھونەریانەی جوانم بەرچاو کەوتن، کەنووسەری پەرتووکەکە جوان وەسفی شتەکانی کردووە.بۆنموونە نووسیویەتی:(ژنی باخەڵ شۆڕی دزەییان_شاڵێکی شینکی زاخۆیی_کڵاشێکی پەڕۆی ھەورامی_چایەکی دیشلەمەی زەردی تەواو ئێرانی).بەڵام لەھەندێ شوێنی پەرتووکەکەشدا، نووسەر بەبێ ئەوەی درکی پێ بکات کەوتۆتە ھەڵە. کەلە خوارەوە ئاماژەیان پێدەدەین:
|