٢٥\٩\٢٠٢٠
پەرتووکی کوردی؛
ئاستی رۆشنبیریی،
تەکنیکی چاپ، بازاڕی بڵاوکردنەوە،
جوگرافیای
خوێندنەوە و پێویستی رۆژگار.

نەژاد عەزیز سورمێ
- ١ -
((ئینجا کێ زەوقی ھەیە پەرتووک بخوێنێتەوە )) ئەمە قسەی گەنجێکی چاخی
ئەنتەرنێت و کەناڵە ئاسمانییەکان و ئەوەی ناوی لێنراوە (ماسمیدیا)یە
..، ھەرچەندە ناتوانین ئەم حاڵەتە وێنەیەکی گشتی بدەینێ ، بەڵام خاڵیش
نییە لە ڕاستی ..
زۆر بە سادەیی وەچەی ئێستا ئەوەندەی بایەخ بەشتە لاوەکیەکان دەدا ،
ئەوەندە لەڕاست شتە جەوھەرییەکان کە مانایەک بەژیان دەدەن گەرم نییە .
( پەرتووک) ئەو قەوارەیەی کە لە سەرەتادا قوڕ بووە و دەسنووس ، پاشان (ئینجا
بە ھەر ھۆیەک بووبێ ) وردە وردە لە پێستی ئاژەڵ و داری خۆشکراو
نووسراوەتەوە تا بەو حاڵەی ئێستای گەیشتووە کە بەھۆی تەکنیکی سەردەم
چاپ دەکرێ ، بریتییە لەچەند لاپەڕەیەکی پێکەوە نووساو بە قەبارە و زمان
و ڕووپێوێکی دیاریکراو بابەتێک یان چەند بابەتێکی تێدا دەخرێتە ڕوو
بەمەبەستێکی ئەبستمی بۆ وەچەی ئێستا و ھێشتنەوەی لە زاکیرەی مێژوودا بۆ
وەچەکانی ئایندە و پێکھێنانی بزاڤی زانیاری لە پرۆسەی گواستنەوەیدا لە
بەرەیەکەوە بۆ بەرەیەکی ترو کەڵەکە پێکردنی مەعریفەت ...
پەرتووک: ئاودەنگێکی دڵسۆزی زەمانی تەنیایی ، زەمانە ئەنگوست لە
چاوەکان و ڕۆژگارە غەدر لێکراوەکان .. پەرتووک ھاوڕێ و ھاودەمی ئازادی
لە سەردەمی کۆیلایەتیدا لە کەشوھەوای نیگەرانی لەناخی دڵەڕاوکێ و
ڕەشبینیدا ئومێد و دڵنیاییمان دەداتێ ..
تۆ بڵێی دوای ئەو پەرەسەندنە تەکنۆلۆژییەی ھۆیەکانی پێکگەیشتن ، ئەویش
سایلی ڕۆژنامەگەریی نووسراو کەوتبێتە بەر ھەڕەشە و مەترسی..
بڵێی ئەو چرایە گەشەی شارستانیەت لە ناو ژاوەژاوی بێسەروبەری سەردەمدا
بەرەو کزبوون و کوژانەوە بچێ ؟
ئەی بۆ ئێمە ھێشتا پەرتووکخانەیەکی لەو چەشنەمان نییە پشتی لێ بکەینەوە
و ئاسوودە لێی پاڵ کەوین.. داخۆ تەکلیفمان چی دەبێ و چۆن دەبێ ، ئەگەر
لەو ئاستانەی ھیواوە نزیک ببینەوە و ( بە ھەر ئەگەرێک ھەیە ) خۆری
چەندین ساڵەی ئاوا بوومان سەرلەنوێ ھەڵبێتەوە؟
ئەم پرسیارانە و زۆری دیش پێشەکی لە دەسەڵاتی خۆماڵی دەکرێ لەوەی
دەچێتەوە ناو بازنەی پەروەردە و کلتوورییەوە.
- ٢ -
دیارە ئامارێکی باوڕپێکراوی پەرتووکی کوردیمان لەبەر دەستدا نییە
بتوانین چاکی لەئاسایی و بەرەژێرتر جیا بکەینەوە و ئاستی ڕۆشنبیری و
مەعریفی و گرینگ وگرنگتر و گرینگترینیان دیاری بکەین ، لەوەی زیاتر کە
کاتی خۆی خوالێخۆشبوو مامۆستا مستەفا نەریمان چاپی کردووە ھەروەھا
ڕەنگڕێژێکی ئەو پەرتووکانەی دوای ڕاپەڕین چاپکراون .
ئەم سەر قەڵەمە لەو ئاقارانەوە سەرچاوە دەگرێ :
پێش ڕاپەڕین کە دەوڵەتی عیراق تەواوی ڕۆشنبیری و کولتووری کوردی
خستبووە ژێر ڕکێفی گەمارۆی سانسۆرەوە بەڵام دیسان لێرەو لەوێ ، بەھەر
ھۆیەک بوو ، بەتایبەتیش بە ھەوڵ و کۆششی نووسەرانی کورد و ھەندێ لەو
بەرپرسە کوردە حکوومەتییانەی کە ویژدانێکیان تێدا مابوو... پەرتووک
بڵاودەکرانەوە... لەو سەریشەوە خوێنەری کورد ھەبوو ، جگە لەوەی
ئەنگیزەی نەتەوایەتیش لەو سەردەمە دا ، ڕادەی خوێنەری لە ئاستێکی
بەرزدا نیشان دەدا کەپەرتووکی کوردی ھەڕمێن و بازاڕێکی گەرمی ھەبوو .
ئەو پەرتووکانەی لە حەفتا و ھەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا چاپ کراون ئەگەر
ڕێژەبەندی بۆ بکەین رەنگە ٦٠٪ی پەرتووکی شایان و لە جێی خۆیدا بووبن
بەتایبەتیش ئەوانەی بەگشتی لەبارەی ئەدەب و کولتوور بوون ، چونکە
بێگومان ئەوەی پەیوەندار بەبیروبۆچوون و فیکر و فەلسەفە و
ھوشیارکردنەوەوە بە کوردی ، لە لایەک بە ھۆی مەقەستی سانسۆر لە لە
لایەکی دی بە ھۆی بێ ئیمکانییەتی ماددی نووسەری کورد و لە ھەمان کاتدا
بەھەند نەگرتنی یا ھەندێ جار پێ نەوەستانی بەم جۆرە بوارانە ئەوسا
مومکین نەبوو.
- ٣ -
پێش ڕاپەڕین پەرتووکی کوردی بەو ڕەنگە بوو... پاش ڕاپەڕین و سەردەمی
ئازادی کە بەھەموو پێوانەیەک بەسەردەمی زێڕین دادەنرێ لە
ڕووی(بڵاوکردنەوە) ، بەڵام دیسان بەداخەوە کاڵا لە قەد باڵا نەبووە و
ئەوە نەبووە پێویستی ڕۆژگار دەیسەپێنێ ، لەگەڵ ئەوەی چەند دەزگایەکی
تایبەت بە چاپ و بڵاوکردنەوەی پەرتووکیش دامەزرێنران لە
بڵاوکراوەکانیاندا دەردەکەوێ پێ ناچێ بەرنامەیەکی ئەوتۆیان ھەبێت یا
ھەبووبێت کە لەپێویستی ڕۆژگار و پەرتووکخانەی ھەژاری کوردییەوە بەھرەگر
بووبن.. بەڵکۆ زیاتر بێ بەرنامەیی و نزیک و دووری لەفڵانە نووسەر و
فڵانە دەزگای پێوە دیاربووە ، جگە لەقەڵەمڕەوی سیاسەت... ھەر چەندە
ڕۆڵی ھەندێ لەو دەزگایانە نادیدەش نەبن .
ئەوەی بڵاوکراوەتەوەش لە دەزگا حزبی و حکوومیەکان بووە ، لێرەشدا
کەرتی تایبەتی ئەو کاریگەرییەی پێوە دیار نەبووە ، (مەگەر لەمەودوا ).
ئەو پەرتووکانەی دوای ڕاپەڕین چاپکراون بەگوێرەی ساڵانی حوکمڕانی بەغدا
لەڕووی چەندایەتیەوە کەم نین ، بەڵام لە ڕووی ئەوەی پەرتووکخانەی کوردی
چی پێویستە بۆی بکرێ ناتوانین بڵێین شتێکمان کردووە لە کەش و ھەوای
ڕاپەڕین و سەردەمی دەسەڵاتی نیشتمانی بوەشێتەوە ، بەتایبەتی ئەو
لایەنانەی کە تا ئێستاش کەلێنن لە پەرتووکخانەی کوردی دا ، بەنموونە:
کلاسیکیایەتی جیھان لەوێنەی فیکر و فەلسەفە و ئەدەبیات و مێژوو و
ئارکیۆلۆژیا و کۆمەڵناسی و سایکۆلۆژیا و زانستە پەتیەکانی دیکەی لە
وێنەی فیزیا و کیمیاو زیندەوەرزانی و ئەندازەو ماتماتیک و تاد ..
ئەگەر بێینە سەر بازاڕیش پەرتووکی کوردی ئەو بازاڕە بەھەڕمێنەی نەبووە
و نەماوە ، ئێستاشی لەگەڵدا بێ ، تەنانەت لەچاو ئەوان ڕۆژانەشدا ،
سەردەمی حوکمی ئەوسای بەغدا ، کە پەرتووک ڕەنگە بە ئەنگیزەی
نەتەوەیییەوە بازاڕی پەیدا کردبوو... دیارە بازاڕیش کەم و زۆر پەیوەندی
بە جوغرافیای بڵاو کردنەوە ھەیە... لەوەشدا جوغرافیای بڵاوبوونەوەی
پەرتووکی کوردی ھێشتا لەچاو خۆی سنوردار و پابەندی چەندین ئەگەری
سیاسیشە لە ھەمان کاتدا نەگەیشتووە بەو ئاستەی قازانجێکی بێ سەر ئێشەی
بەدواوە بێت تا وەک چەندین کاڵای تر بە قاچاخی ئەو سنوور ئەم سنوور
ببەزێنێ و ڕووبەری بازاڕی فراوانتر بکا (کە ئەوە لە ھەشتایەکانی سەدەی
ڕابردووکەم و زۆر
ھەبووە ) ئەمەش لە گرفتە لەپێشینەکانی بڵاوبوونەوەی پەرتووک و ڕۆژنامەی
کوردییە کە ئێستاش ھەر ماوە .
ئێمە لە باسی ئاستی ڕۆشتبیری پەرتووکی کوردیدا کە پێداویستی سەردەم
سەپاندوویەتی ، گوتمان پەرتووکخانەی کوردی لە زۆر لایەنی گرنگی کولتووری
و شارستانیەتی دنیادا ھەژارە .. لێرەدا دامەزراندنی دەزگایەک بگرە چەند
دەزگایەکی تایبەت بە وەرگێڕان پێویستیەکی سەردەمە، بەوەی ھێشتا بزاڤی
وەرگێڕان لە کولتووری کوردیدا لە کۆششی تاکەکەس تێنەپەڕیوە کە پێویستە
بە پێی چەند دامەزراوەێکی ڕێکخراو و بەرنامە بۆ داڕێژراو بێت...
بەتایبەتی لە ڕۆژگارێکی وەک ئەمڕۆ کە تەکنەلۆژیای سەردەم ھەموو
بوارەکانی گرتووەتەوە...
وەرگێڕانیش وەک لە تاقیکردنەوەی میللەتاندا دەرکەوتووە پردێکی بە ھێزو
گرنگە لە پێک بەستنەوە و ئاڵوگۆڕی کولتووری مرۆڤایەتی و ھۆیەکی لە
پێشیشە لە پەرەپێدان و نوێکردنەوەو دەوڵەمەند کردنی خودی زمانەکەمان .
ئێمە پێویستمان بە وەرگێڕی وا ھەیە وەرگێڕان بکاتە پیشەی سەرەکی خۆی ،
پێویستمان بە رەنگڕشتنی بەرنامەیەکی تێروتەسەلی وەرگێڕان ھەیە بە
ناونیشانێکی لەوێنەی ( ھەزار پەرتووکی وەرگێڕدراو) سەرەتای دەسپێک بێت
و بایەخی تایبەتی لەڕووی مادی و مەعنەویەوە بە وەرگێڕ بدرێ ، ئەم
ڕەوتەش ڕێی خۆی وەرناگرێ ئەگەر کەرتی تایبەتی بەشدارییەکی جیدی تێدا
نەکا .
بەڵام کەرتی تایبەتیش لە کوردستان بەداخەوە ھێشتا نەگەیشتووە بەو ئاستە
فەرھەنگییەی مەسەلەی ئینتیمای نیشتمانیی پاڵی پێوەبنێ بەشداری لە
پڕۆسەیەکی فەرھەنگی لەو چەشنە بکا... کەواتە دیسان ناچارین بگەڕێینەوە
بۆ کەرتی گشتی کە لە حکوومەتی ھەرێمدا خۆی دەنوێنێ ، لەو ڕوانگەیەوە
ھەقە حکوومەت ڕێگاچارەیەک دابنێ ، بۆ ئەم مەبەستە کە بەشێکی گرنگ و
مێژوویی لە ھەستانەوە و پەرەپێدانی کولتووری نەتەوایەتیمان پێک دێنێ...
دامەزراندنی دەزگای تایبەت بە وەرگێڕان بۆ کوردی ، دەزگایەکی فراوانی
باوەڕپێکراو کە دەوڵەت پشتیوانییەکی جیددی بکا و بە مەسەلەیەکی بە
بایەخ و ستراتیژییەوە لێی بڕوانێ .
دەزگای لەم جۆرە ڕێگە چارەیەکیش دەبێ بۆ پڕکردنەوەی کەلێنەکانی
پەرتووکخانەی کوردی ئەگەرێکی کارایشە لە فەراھەم کردنی سەرچاوە و
ژێدەری پێویست بۆ قوتابی و خوێندکاران و کارێکی بێ وێنەش لە پەرەسەندن
و گەشەی زمانەکەمان دەکا ..
گومانی تێدا نیە ئەوەی دەزگای لەو چەشنە دابمەزرێنێ حکوومەت بێ یان
کەرتی تایبەت لە دواڕۆژدا گرەو دەباتەوە ، بەوەی پێشکەوتن و
لەگەڵھاتنەوەی شارستانیەت بەبێ پرۆژەیەکی بەربڵاو و ھەمەلایەنی
وەرگێڕان شتێکە نزیک لە مەحاڵ .
لە ڕووی ھونەری دەرھێنانیشەوە ، ئەگەر
سەرنجی پەرتووکخانەی کوردی بدەین تەماشا دەکەین، ھونەری دەرھێنان و
تەکنیکی چاپ بەھەمان ئەو ھەوراز و نشێوانەدا تێپەڕیوە ، بوارەکانی
دیکەی کولتووری پێداچووە...
جارێ پێشەکی چاپخانە سەبارەت بە زۆر ئەگەرەوە ، لە پێشەوەشیان
دواکەوتوویی وڵات بەدرەنگەوە ھاتۆتە عێراق وەک (د. خلیل سابات) یش لە
پەرتووکەکەیدا مێژووی چاپ لە ڕۆژھەڵاتی عەرەب ئاماژەی پێدەدا بایەخ
نەدانی داگیرکاری تورک لەوەی پەیوەندی بەکوولتوورەوە ھەیە و ڕێگاگرتنی
لەھاتنی ھەموو ھەوایەکی شارستانیەتی نوێ...
بەم پێیە کوردستانیش کە لەدواییدا بەشێکی گرنگی بە عێراقەوە لکێنرا لەو
گەمارۆیە کولتووریە بێبەش نەبووە ، درێژەیشی کێشا تا بەرپابوونی بزاڤە
یەک بەدوای یەکەکانی کوردستان ، لە پێشەوەشیان شۆڕشی ئەیلوول... لەم
ھاتووچوویە و کەین و بەینەشدا ئەوەندەی ناوەرۆک مەبەست بووە ئەوەندە
شێوە و تەکنیکی چاپ لەپەرتووکی کوردیدا مەبەست نەبووە ، مەگەر ھەندێ
لەو پەرتووکانە نەبێ کەلە ھەندەران لە چاپدراون..
- ٤ -
سەرەتای شەستەکان بۆ پەرتووکی کوردی دەتوانین لە زۆر لایەنەوە بە
دەسپێکێک بژمێرین بە تایبەتیش لە ڕووی چاپ و ھونەری چاپکردنەوە...
چونکە توانای چاپخانەکان ھەر ئەوەندە بوو... کە سەرەتا پیتڕیزکردن
بەدەست بوو ، چاپیش بەھۆی ڕێگای پرێس کە ھەم لە چاپدا لەسەرخۆ بوو ھەم
زۆر جار دەبووە ھۆی دڕاندنی کاغەزەکە... جگە لەوەی خێرایی ھەڵمشتنی
مەرەکەبیشی بەو ڕادەیە نەبوو بتوانرێ دەستبەجێ بخوێنرێتەوە ، یاخود لە
سەریەک کەڵەکە بکرێ و لاپەرەکان یەکتر پیس نەکەن...
لە ڕووی دەرھێنانیشەوە پەرتووکی کوردی ئەگەرچی ھەندێ وێنە و
تایپۆگرافیای بەشێوەی کۆڵینی تێدا بەکارھاتووە ، بەڵام دەرھێنانی
ھونەری تێدا خاکەڕاو ھەروایی بووە...
بەرگیش بەھەمان شێوە ، سادە و لە ڕووی ھونەرییەوە ھەژار بوو ، ئەم
حاڵە وادەڕوا تاوەکو سەرەتای حەفتاکان و ڕاگەیاندنی ڕێککەوتننامەی
ئاداری ١٩٧٠ .. ئەگەرچی تاک و تەرا لەم لاو لەولا لەدوادواکانی ساڵانی
شەستیش ھەندێ پەرتووک دەرچووبن لە ڕووی تەکنیکی چاپ و ھونەری دەرھێنان
و بەرگەوە ڕووی ئەوەیان ھەبێت بێنە ناو پەرتووکان ، بەڵام لە ١٩٧٠ـەوەو
پاش بڵاوبوونەوەی ئامێری چنینی لاینۆ و ئەنتەرتایپ و پاشانیش
پەیدابوونی چاپی ئۆفسێت، ئیتر پەرتووکی کوردی لە ڕووی تەکنیکی چاپەوە
ھاتە قۆناخێکی تر .
بەم جۆرە لەگەڵ پێشکەوتنی ڕێگاکانی چاپ پەرتووکی کوردیش لە ڕووی
ھونەری دەرھێنان و تەکنیکی چاپ پێشکەوتنی زیاتری بەخۆوە دی بەتایبەتیش
ئەو پەرتووکانەی لە چاپخانەکانی بەغدا لە چاپ دەدران .
ڕاپەڕینیش وەک وەچەرخانێک بوو بۆ پەرتووکی کوردی بە تایبەتیش لە ڕووی
ھونەری چاپکردنەوە...
ئێستا ئەو پەرتووکانەی لە کوردستان لەچاپ دەدرێن ھیچیان کەمتر نیە چ
وەک دەرھێنان یاخود چاپ لەگەڵ ئەو پەرتووکانەی لە دەزگاکانی ھەندەران
بەنوێترین ڕیگای کۆمپیوتەری چاپ دەبن، تەنانەت ئێستا بە دڵنیاییەوە
دەتوانین بڵیین ھونەری دەرھێنان و چاپی ڕۆژنامە و گۆڤار و پەرتووکی
کوردی لە کوردستان لە پێشترە لە ناوەڕاست و باشووری عێراق .. ئەمەش
بێگومان بەڵگەیە بۆ ئەوەی مرۆڤی کورد ھەر وەختێ بواری بۆ بڕەخسێ
دەستەوەستان نییە و دەتوانێ لە ھەموو ڕوویەکەوە جیھانبینی خۆی ھەبێ و
لاسەنگیەکان ببێنێ و ھەوڵی ڕاستکردنەوەیان بدا و لە پارسەنگی
ھاوکێشەکان بگات .
- ٥ -
ئەمڕۆ پەرتووکی کوردی بەھۆی زۆر ئەگەران لە پێشەوەشیان بەھەند نەگرتنی
لایەنە پەیوەندیدارەکان کە لە دەزگاو دامەزراوە بەرپرسەکانی تایبەت بە
پرۆسەیەکی ئاوەھاوە و کە بە ئاشکرا ماکینەی میدیایەکی قەتیس لە بازنەی
گەمەکانی سیاسەتدای لەپێشتر گرتووە ھەروەھا کاڵ بوونەوەی دەوری جارانی
نووسەرانی کورد لەو ڕاستەدا ( بە گەلێک ھۆوە کە لە مووقەڵێشان ون نین )
و ئامادەیی بەرفراوان و بەر بەڕەڵای ( ئەفیونی ماسمیدیا ) لە
کۆمەڵگەیەکی دواکەوتووی بەرھەمنەھێن و بەکاربەری وەک ھی ئێمە و
کورتھێنانی پرۆسەی پەروەردە و خوێندن تا ڕادەیەکی نکۆلیلێنەکراو و
بێسەروبەری بەرنامە و نەخشەکانی ، پەرتووکی کوردی داوەتە پاشەوە و لە
قاوخێکی تاک ڕەھەندیدا گیری کردووە بەوەی ئەوەی جێی قسە و باسانە یا
ژانرێکی دیاریکراوە یاخود ئەو پەرتووکانەن کە ڕووکەشن و لانی کەمی
مەعریفە و پێویستی سەردەمیان تێدا نییە .. جوگرافیای بڵاوکردنەوەش لەو
لاوە بوەستێ ، کە وای لێ ھاتووە سەرەڕای ئەوەی زۆربەی نووسەران پەرتووک
بە تیراژێکی زۆر کەم ( کە ئەویش گرفتێکی دیکەیە ) لە حسابی خۆیان لە
چاپ بدەن ، بڵاوکردنەوەیشیان لەسەر خۆیانە و تا ئێستا دەزگایەکی دابەش
کردنی گشتیی ( بۆ ھەمووان نییە) ، پەرتووکخانەکانیش کە ھەمیشە تەنیا
مەسەلەی قازانج و زەرەریان لە پێش ھەموو ئیعتوبارێکی دی داناوە ( کە
ھەقی خۆیانە ) ، بەڵام سەیرایەتییەکە لەوە دایە ئەگەر پەرتووکیشت لێ
وەر بگرێ ،فلسی ئەحمەڕت ناداتەوە و ھەر جارەی بە بیانوویەک بە عالەمی
ئاشکرا حەقت دەخوا ( نۆشی گیانیان بێ ) ، ھەر بۆیەشە کە ئێستا بووە بە
باو نووسەران پەرتووکەکانیان بە خۆڕایی لە کۆبوونەوە و ئاھەنگان دابەش
دەکەن ، ئەوانیش ھەقی خۆیانە ئەدی چی بکەن و چۆنی بگەیێننە خوێندەواران
، ھەر چەندە من وەکو خۆم لایەنگیری ئەم بە خۆڕایی دابەشکردنە نیم .ئا
ئەمەیە حاڵی ئێستای پەرتووکی کوردی .. تۆ بڵێی ھەبن بیرێکی لێ بکەنەوە
و بە ھەندی بگرن و خەمێکی لێ بخۆن ؟؟
_________________________________________________
ئاماژە:
• دیارە
ئەوەی لێرەدا مەبەستە کوردستانی بە عیراقەوە لکێنراوە، چونکە بێگومان
ھەر پارچەیەک تایبەتایەتی و مێژوو و گرفتی خۆی لەم ڕووەوە ھەیە.
• ئەم
سەرەقەڵامانە ساڵی ٢٠٠٥ لە ڕۆژنامەدا بڵاوکراونەتەوە.
ماڵپەڕی
نەژاد عەزیز سورمێ
|