٣\٨\٢٠١٧
پەرتووکی
''پەیامبەر وانەیەک بۆ ژیانی مرۆڤەکان''.

سەدیق سەعید
جوبران خلیل حوبران، یە کێکە لەو نووسەرانەی، لە سەر ئاستی جیھاندا،
پەرتووک و نووسینەکانی دەخوێنرێنەوەو خوێنەرێکی زۆریان ھەیە.ئەو، وەک
حەکیمێک لە نووسینەکانی دەدوێت و
نووسینەکانی دەچنە خانەی ڕێنوینی مرۆڤ و بیرکردنەوەو بونیادنانی
کەسیەتییەکی ھوشیار و بە ئاگا لە ژیان و دەوروبەر. بۆیە ھەر کاتێک
نووسینەکانی دەخوێنینەوە، ھەست دەکەین پڕن لە ئامۆژگاری و وتەی
بەنرخ.کەلە ئەزموونکردنی ژیانی مرۆڤەکاندا، بایەخی خۆیان ھەیە.
نووسینەکانی، ڕۆشناییەکن بۆ ڕووناک کردنەوەی سوچە تاریکەکانی ژیانی
مرۆڤ. ئەو قسەو سەبردەو ڕووداوەکانی ژیان، دەکاتە پەیامێک و ئاراستەی
مرۆڤەکانی دەکات. بۆیە ھەمیشە دەربڕینەکانی پڕن لە حیکمەت.ھەر ئەمەشە
وایکردوە خوێنەران بە شەوقەوە نووسینەکانی بخوێننەوەولەھەر شوێنێک
پەرتووکەکانی ببینن ببیتە جێگەی سەرنجیان. (پەیامبەر) ناوی پەرتووکێکی
ئەو نووسەرەیە، کە لەو ماوانەی ڕابردوودا، ماڵی وەفایی لە ھەولێر، چاپی
کردووە و نووسەر
(توانا ئەمین) وەریگێڕاوەتەوە سەر زمانی کوردی. ئەم پەرتووکە
وەرگێڕدراوەتە سەر پەنجا زمانی جیھانی. ناوەڕۆکی پەرتووکەکە، لە کۆمەڵە
وتارێک پێکھاتووە، کەباس و بابەتی کۆمەڵایەتی و پەروەردەیی و
خێزانین.ھەریەک لەو بابەتانە، بە جیا نووسەر لەبارەیانەوە بەکورتی
دواوە.بابەتەکانی ئەو پەرتووکە کورتن، بەڵام پوخت و چڕن. بە زمانێکی
سادە نووسراون، بەڵام ڕێنوێنی و ئامۆژگاری زۆری تێدایە بۆ خوێنەران.ئەو
پەرتووکە لە چەندین وتاری وەک:(ئازادی/ ئەقڵ و سۆز/قسەکردن/چاکەو خراپە/نزا/خەم
و شادی/ منداڵی/ھاوسەریەتی/کار/) لە گەڵ چەندین بابەتی تر پێکھاتووە.
کە ھەموویان بەکورتی و لە دووتوێی ڵاپەڕەیەک یان دوودا، نووسەر لە
بارەیانەوە دواوەو سەرنج و تێڕوانینەکانی
خۆی دەخاتە ڕوو. دەربڕینەکان، ئاماژاەیەکی مانادارن بۆ خوێنەران و
گوزارشت لە ھوشیاری و تێگەیشتنی مرۆڤ دەکەن. بۆ ھەر یەک لەو باسانە کە
لە شێوەی ناونیشانێکی سەربە خۆ نووسراون، جوبران خەلیل، بە چەند دێڕێک
لە بارەیانەوە دواوەو بەڕادەیەک کە خوێنەر دەیانخوێنێتەوە،وێرای
سەرسامبوونی، چێژیش لە خوێنەوەی بابەتەکان وەردەگرێت. دەشێ پەندو
ئامۆژگارییەکانیشی ببنە ڕێنوینیەک و چرایەک
بۆ ڕووناکردنەوەی ژیانی مرۆڤەکان خۆیان. بۆنموونە: نووسەر لە باسی
ئازادیداو بۆ گەیشتن بەئازادی دەنووسێت:(ئەگەر دەتانەوێ تەختی
ستەمکارێک بڕوخێنن دەبێ یەکەمجار ئەو تەختە
بڕوخێنن کەلەدەروونتان دایە.ئەگەر ترسێکتان ھەیە، ئەوا ئەو ترسە لە دڵی
ئێوەدایە نەک لە دەستی ئەو کەسەی لێی دەترسن). بێگومان ھەمیشە وتراوە،
دیکتاتۆر و ستەمکارەکان، بێدەنگی دروست ناکەن. ئەوە کۆمەلگەیە ستەمکار
و جەلاد دروست دەکات بە ھۆی بێدەنگی
خۆیانەوە.نووسەر ئاماژە بۆ ئەوە دەکات ئەگەر مرۆڤەکان ھەموویان
ھاوھەڵوێست و یەکگرتووبن، ئەگەر یاخی ببن و بێنەوە بە گژ دەسەڵاتداران
و ستەمکاران، ئەوا بە ئاسانی دەتوانن کۆتایی بە زەبر و زەنگی دەسەڵات
بێنن. بۆ ئەم مەبەستەش دەبێ سەرەتا لە خۆیانەوە دەست پێبکەن و
بەربەستەکانی ژیانی خۆیان بشکێنن. دەبێ قوربانی بدەن و لە مەرگ سڵ
نەکەنەوە،تا ئەو کاتەی ھەموویان ئازاد دەبن. ئەوە بێدەنگی مرۆڤەکانە،
فەزایەک دروست دەکات،کە تیایدا ستەمکار و ستەملێکراو، قوربانی و جەلاد
دەربکەون.تاکەکەسێک کە دەسەڵاتێکی ڕەھای ھەیەو ھەرچییەک مەبەستی بێت لە
ستەم و سەرکوتکردن و بێ بەھاکردنی ژیانی
مرۆڤەکانی کۆمەڵگەکەی دەیکات،ئەوا ئەودەسەڵاتەی لە کوێ ھێناوە؟ خۆ لە
ئەزەلەوە بەو شێوەیە دەسەڵاتدار نەبووە؟ ئەوە ھەموو لە بێدەنگی تاکەکان
و نەبوونی ھیچ شۆڕش و یاخیبوونێک دروست دەبێت. بۆیە بە بۆچوونی نووسەر
ھەرکاتێ تاکەکان توانییان ترسی نێو دڵەکانی خۆیان بشکێنن، ئەوا دەتوانن
ترسی ستەمکارەکەش نەھێڵن. چونکە ئەگەر ترسێک ھەبێت،ئەوا ئەو ترسە لە
دڵی مرۆڤەکان خۆیاندایە، نەک ئەو کەسەی لێی دەترسن.بێگومان ڕۆژێکیش دێت
ئەو ترسە نەمێنێت و مرۆڤەکانی یاخدەبن و بە گژ تەختی ستەمکارەکەیاندا
دێنەوە. تەمەن و دەسەڵاتی ستەمکار، چەندیش بخایەنێت، ھەر کۆتایی دێت.
ھەموومام بینیمان، سەدام و قەزافی و بن عەلی
چیان بە سەر ھات. ئەمە دەبێ وانەیەک بێت بۆ ھەمووئەوانەی دەسەڵاتدارن و
خۆیان بە شوان دەبینن و گەلەکەشیان بە مێگەڵ.بەڵام ئەمە چۆن دەکرێت، بە
تێکشکاندنی ئەو ترسەی لە دەروونی مرۆڤەکاندایە. لەوتارێکی دیکەدا،
کەدەربارەی ھاوسەریەتییە، جوبران خەلیل جوبران دەڵێت:(پێکەوە گۆرانی
بڵێن، بەڵام ڕێزی تەنیایی یەک بگرن. پێکەوە بن بەڵام مەچنە ژێر سێبەرێک).
لەڕاستیدا، نزیکترین و بەبەھاترین پەیوەندی،
پەیوەندی نێوان ھاوسەرەکانە، لە چوارچێوەی ماڵێک و خێزانێک.
پەیوەندییەک کە ئەگەر ھیچ گرفتێک نێتە پێشەوە، ئەوا تاکۆتایی ژیانی یە
کێکییان بەردەوام دەبێت.بەڵام زۆرجار ئەو نزیکی و پەیوەندییە
خۆشەویستییەی نێوان ھاوسەران، لە چوارچێوەی ماڵدا ھەڵدەگەرێتەوەو لە
بڕی خۆشەویستی، دەبێتە پەیوەندی ڕق و کینەو ڕیزنەگرتن لە یەکتری و
تاسەرەنجام بە لێکترازان وجیابوونەوە کۆتایی دێت. نووسەر لە
گوزارشتکردنەیدا لە بارەی ھاوسەریەتی،ئاماژە بەوە دەکات کە ئەگەر
ھاوسەران زۆر یەکتریشیان خۆشبوێت و ئاوێتەی ژیانی یەکتری ببن، ئەگەر
بوونی خۆیان لە بوونی بەرامبەرە کەیان ببینەوە، ئەوا دەبێ پەراوێزێک بۆ
ئازادی ژیانی تاکایەتی یەکتری بھێڵنەوە.نابێ ئەو پەیوەندییەیان
شێوەیەکی کۆیلایەتی وەربگرێت. یاخود ئەوەندە بیر لە زەوتکرنی یەکتری و
کۆتوبەند کردنی یەکتری بکەنەوە، کە بوارێک نەمێنێنەوە، بۆ
ئازادییە کەسییەکانی خۆیان. زۆرجارئەو خۆشەویستییەی نێوان ھاوسەران، لە
دەرەنجامی تەماشاکردنی یەکتری وەک موڵکداری و خاوەنداریەتی یەک،
دەگۆڕێت بە پەیوەندییەکی ڕق و کینە. ھاوسەران لە ژیانی خێزانیاندا،
چەندیش یەکتریان خۆشبووێت، مانای ئەوەنییە ئیدی دەستبەرداری تاکایەتی
خۆیان ببن و ببنە کۆیلەی یەکتری. بۆیە جوبران دەلێت: (پێکەوە بن بەڵام
مەچنە ژێر سێبەرێک). ڕێزی تەنیایی یەک بگرن. ئەمەش دەلالەتێکە بۆ ئەوەی
پەیوەندی ھاوسەران لەچوارچێوەی یەک ماڵ و خێزاندا، نابێ بێتە ھۆکاری
توانەوە لەنێو یەکتریدا، تا ئەو ڕادەیەی یەکێکییان ئەوی تریان
دەسڕێتەوەو شوناسی خۆی پێدەبەخشێت. بێگومانیش ھاوسەران، ھەرچییەک و ھەر
چۆنێک بن، دواجار ھەردووکییان مرۆڤن. کە مرۆڤیش بوون، مانای وایە
ھەریەکەیان خاوەنی ھەست و سۆز و سروشتی بایۆلۆژی و سایکۆلۆژی
خۆیانن. نابێ بیرلەوە بکەنەوە کە ببنە یەک. چونکە بە دڵنیایەوە، ئەوە
ھەڵەو مەحاڵیشە. لەوتارێکی دیکەدا لە بارەی عەقڵ و سۆز جوبران
دەڵێت:(ئەگەر بەتەنھا عەقڵ فەرمانرەواییتان بکات،دەبێتە ڕێگر و
سنووردارتان دەکات. ئەگەر بەتەنھا سۆزیش فەرمانرەواییتان بکات، ئەوا
دەتان سووتێنێ. دەبێ عەقڵ و سۆز بە یەک
ئەندازە ڕێزیان لێبگیرێت).ھەڵبەتە مرۆڤ وەک بوونەوەرێک، پێکھاتەیەکی
سایکۆلۆژی و فسیۆلۆژی تایبەتی ھەیە.
کە بونیادی کەسیەتییەکەی پێکدەھێن. لە بوونی مرۆڤەکاندا، لە یەک کات
عەقڵ ھەیەو سۆزیش ھەیە. مرۆڤ لە پاڵ پێداویستییە فسیۆلۆژی و
غەریزەییەکان، پێویستیشی بەلایەنی ڕوحی و بایەخدان بە شتە ڕوحییەکان
ھەیە.لە نێوان عەقڵ و سۆزدا، لە نێوان مرۆڤێکی ڕۆمانسی و
مرۆڤێکی ئەقڵانیدا، نابێ لە یەک کاتدا، یەکێکییان بیت. واتە ھیچ
مرۆڤێک نییە بەتەنھاڕۆمانسییانە بژیت و ئەقڵانیەتی بەلاوە گرنگ نەبێ،
بەھەمان شێوەش ناتوانێ ئەقڵانی بژیت و سۆزو ڕۆمانسییەتی نەبێ. مادام
پەروەردیگار مرۆڤی بەو شێوەیە خوڵقاندوە، ئیدی نابێ دەست لە
دروستکراوەکانی خودا بدەین. بێنینە بەر چاوی خۆمان، ئەگەر مرۆڤێک
بەتەنھا ڕۆمانسییانە بژیت و تەنھا سۆز بکاتە ڕێنوینی ژیانی خۆی،
ھەڵەیەکی چەند گەورە دەکات و ڕووبەڕووی مەترسییەکی چەند گەورە دەبێتەوە.
چونکە ئەوەی دواجار مرۆڤ لە ئاژەل جیادەکاتەوە ئاوەزە.بۆیە لە نێوان
عەقڵ و سۆزدا، دەبێ ھاوسەنگییەک ھەبێ و
باڵانسی ھەردووکییان ڕابگیرێت. مرۆڤ ھەرتەنھا بە ئەقڵ ناژی، بەڵکو
پێویستیشی بە سۆز و خۆشەویستی و پەیوەندییە لە گەڵ بەرامبەرەکەی.
بەتایبەتیش مرۆڤی خۆرھەڵاتی و لە نێویشیاندا مرۆڤی کورد،کە لە
سرووشتەوە کەسیەتییەکی ڕۆمانسی ھەیەو کەمتر بەرگەی پێشکەوتنە
تەکنەلۆژیی و زانستییەکان دەگرێت. سەرنج
بدەن، ئامێرە داھێنراوە نوێکانی سەردەم، لە زۆر کاتدا چ نەھامەتییەکیان
بۆ خێزانی کورد ھێناوەتە ئاراوە.بۆنموونە : وەک مۆبایل. کە سەرچاوەی
چەندان کێشەو نەھامەتی و لێکترازانی کۆمەڵایەتی خێزانەکانە.مرۆڤی کورد،
چونکە لە سەردەمێکی نامۆ دەژی، ئیدی ئەویش ھەست بەو نامۆیە دەکات و لە
پاڵ پێداویستیە فسیۆلۆژییەکان، پێویستی بە پێداویستییە ڕوحیەکانیش
ھەیە.بەھۆی نەمانی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیش و سۆز و خۆشەویستی
نێوان مرۆڤەکان، ئیدی ئەو پێداویستییە ڕوحیانەش نەماون. ئێمە ڕۆژ نییە
گوێبیستی چەندین تاوانی کوشتن و خۆکوشتن نەبین، کە تاوانەکان
ھەندێکییان بە دەستی کەسە ھەرە نزیکەکان خۆیان ئەنجام دەدرێن. لە
کاتێکدا، لە کۆتایی نەوەتەکان و سەرەتای
دووھەزارەکاندا،ڕێژەی ئەنجامدانی تاوانەکان بەو شێوەیە زۆر
نەبوو.جوبران خەلیل، لە وتەیەکی دیکەی نێو پەرتووکەکەیدا، کەلەبارەی
نزاوەیە دەڵێت:(کاتێ ناڕحەت دەبن یاخود داخوازیەکتان ھەیە، نزا دەکەن.
خۆزگە لە کاتێ شادی و بێ کێشەییشدا نزاتان
دەکرد). یە کێک لە خەسڵەتە کۆمەڵایەتییەکانی مرۆڤ ئەوەیە، کاتێ
ناخۆشییەک یاخود کارەسات و خەمێکی گەورەی ڕووبەڕوو دەبێتەوە،نزا دەکات
و لە خوا دەپاڕێتەوە، لەو نەھامەتییە رزگاری بکات. ئەوانەشی کە
بڕودارنین و باوەڕیان بە ھیچ ئایینێک نییە،ھەمیشە بە دوای وزەو ھێزێکی
شاراوە دەگەڕێن، بۆ ئەوەی وەک فریادرەسێک بیبینن بۆ رزگارکردنیان .
وەلێ ھەمان ئەو مرۆڤانە، کاتێ دەگە نەخۆشیەک ئیدی نزا ناکەن و
پەروەردیگار فەرامۆش دەکەن. ئەوان بیریان دەچێت، کە پێشتر لە چ دۆخێک
دابووینەوچەند ناخۆشییان بینیوە.بەڵام بیر لەو ناخۆشییانە ناکەنەوەو لە
نێو خۆشی و شادیەکانیاندا، مەست و حەیران دەبن. لە کاتێکدا،ناخۆشییەکان
بۆ ئەوەیە بیری لێبکەینەوەو خۆشیەکانیش بۆ ئەوەیە، شادو کامەران بین.
خۆشی و ناخۆشی، بە شێکن لە پێدراوەکانی ژیان. مرۆڤ ھەمیشە لە خۆشی
دانابێت و ھەمیشەش لە ناخۆشی دانابێت. بەڵکو لە ژیان و تەمەنی خۆیدا،
ھەموو بارودۆخەکان دەبینێت. بەڵام ئەوەی گرنگە ئەوەیە، کە مرۆڤ بۆ
ھەمووکات،خودای بە بیر بێت و نزا بکات. نەک تەنھا لە ساتە نە خۆشەکان
بیری بکەوێتەوە.لەوتەیەکی دیکەیدا لە بارەی منداڵەوەدەڵێت:(ھەوڵمەدەن
ئەوان وەک خۆتان لێبکەن). وەک دیارە، بە پێی جارنامەی جیھانی مافی مرۆڤ،
تا تەمەنی ھەژدە ساڵی بۆ منداڵیەتی دیاریکراوەودوای ئەوە مافی دەنگدان
و چەندان مافی دیکەی دەبێت. تەنانەت لەو تەمەنەدا، حوکمە قوڕسەکانی
دادگاش بە سەر منداڵ ناسەپێنرێت و تا ھەژدە ساڵی تەواو نەکات، لە خانەی
نەو جەوانان و ڕاگیراوان دەبێت. بۆیە بە درێژایی ئەو ماوەیە،
پەروەردەکردنی منداڵ لە ئەستۆی خێزانەکەیەتی، بەتایبەتیش دایک و باوک
کە خودی منداڵەکە ھی ئەوانە. بۆیە ھەستیارترین قۆناغ و بەرپرسیارترین
قۆناغ، قۆناغی منداڵییە. لەو تەمەنەدا، پەروەدەکردن لە ئەستۆی چەند
ئۆرگانێکی پەروەردەییە وەک: خێزان، قوتابخانە، ھاورێ
و ژینگەی دەوروبەر. بۆیەشە بۆ ئەوەی تاکێکی
پەروەردەیی و ھوشیار پێ بگەیەنین، دەبێ بە
ھاوبەشی ھەموو ئۆرگانە پەروەردەییەکان، ھەوڵی بونیادنانی کەسیەتی منداڵ
بدەین.بەڵام لێرەدا،پێگەیاندن و پەروەردەکردنی ھەرە سەرەکی و بنەڕەتی
لە ئەستۆی خێزانە. بەڵام جوبران لێرەدا جەخت لەوە دەکاتەوە کەنابێ
منداڵەکانمان وەک خۆمان لێبکەین. بەڵکو دەبێ ڕێگەیان پێبدەین ئازادانە
و سەربەخۆیانە بیر بکەنەوە. واتە خۆیان کەسیەتی خۆیان بینا بکەن. ئەگەر
ڕووبەڕووی ھەڵدێرێکیش بوونەوە، ئەوا دەبێ ڕێنماییان بکەین و ڕاستییان
بکەینەوەو ئامۆژگارییان بکەین. بەڵام نابێت بیر لەوە بکەینەوە کە
منداڵەکانمان، کۆپی خۆمان بن. بە پێچەوانەوە، سرووشتی سایکۆلۆژی و
کۆمەڵایەتی ھەر مرۆڤێک جیایە لەوی تر. بۆیە دەبێ ڕێگەیان بدەین
سەربەستانە بیر بکەنەوەو ئامانجی داھاتووی ژیانیان دیاری بکەن. لە
خۆرئاوادا منداڵ ھەر تەنھا تادەگاتە ھەژدەساڵ لە ئەستۆی خێزاندایە،
ئیدی لە دوای ئەو تەمەنەوە، ئازاد دەبن لە ھەڵبژاردنی ژیان و چارەنووسی
خۆیان. لە کۆمەڵکە پەتریاکییەکاندا، کە کۆمەڵگای کوردیش یەکێکە لەو
کۆمەڵگا نەریتخوازانە، جاروایە دەسەڵاتی باوک بە سەر منداڵەکانی بۆ
ماوەیەکی درێژ دەمێنێتەوە. وێرای ئەوەی کە ھەندێ جار پەنا دەبەنە بەر
کرداری توندوتیژی و گوێنەگرتن لە خواست و کێشەی منداڵەکانیان. کە ئەمەش
بەداخەوە سەر دەکێشێت بۆ ھەڵشاخان بە ڕووی یەکتری و دواجاریش بە
کارەساتێکی دڵتەزێن کۆتایی دێت. ئێمە ڕۆژنییە بە سەر ھەواڵی دڵتەزێنی
لەو شێوەیە نەکەوین. کە تیایدا باوکێک کوڕەکەی دەکوژێت، یانیش بە
پێچەوانەوە. ئەم کێشانە دەرەنجامی لە یەکتری نەگەیشتن و بزۆزی بە شێک
لە منداڵەکان و ھاوکات توتدوتیژی خودی باوکەکەش دەگەڕێتەوە.بۆیە کە
جوبران دەڵێت:(منداڵەکانتان وەک خۆ لێمەکەن) مانای ئەوەیە، کە سرووشتی
پەروەردەیی و کۆمەڵایەتی مرۆڤەکان، جیایە لە یەکتری و ئەستەمە
بچنە سەر بوون و تێگەیشتنی ھزری و کۆمەڵایەتیانەی یەکتری. بەڵکو ھەر
مرۆڤەو دیدو تێڕوانین و بیرکردنەوەیەکی جیای ھەیە لە یەکتری کە خۆی
باوەڕی پێیەتی. ئینجا ڕاست بێت یا ھەڵە. گرنگە منداڵ بە شێوەیەکی ڕاست
و دروست و تەندروستییانە پەروەردە بکەین. چاودێریان بکەین و
سەرپەرشتییان بکەین بەلام مانای وانییە ببنە ھاوشێوەی دایک و باوکییان
یاخود کۆیلەی ئەوان. ئەمانە بە شێک بوون لەو دەربڕینانەی پەرتووکەکە،
کە ئێمە کۆمێنتی خۆمان لە بارەیانەوە نووسیوە. ئەم پەرتووکە، بەزمانێکی
کوردییانەی سادەو جوان وەرگێڕدراوە. بابەتەکانی کورت و پوختن.
خوێنەوەیان بۆ مرۆڤ، لە ھەر تەمەنێک بێت گرنگە. دەستخۆشانە لە وەرگێڕی
پەرتووکەکە دەکەم. بە ھیوام نووسینەکانی دیکەی نووسەریش، یان بابەتە
پەروەردەییەکان و کۆمەڵایەتییەکان، وەربگێڕیتە سەر زمانی کوردی.
وەرگێڕان گرنگ نییە، بەڵکو ئەوبابەتەی وەریدەگێڕین گرنگە. ڕەنگە تا
خوێنەرێک ڕۆمانێکی بیانی وەرگێڕدراو دەخوێنێتەوە، چەندان خوێنەری تر،
نووسینە کۆمەڵایەتی و پەروەردەییەکان دەخوێننەوە. بە تایبەتیش ئەو
بابەتانەی لە تەوەرەکانی ژیانی مرۆڤ و
ژینگەو پەیوندییە کۆمەڵایەتییەکان دەدوێن.
_________________________
پەراوێز:
١- ناوی پەرتووک (پەیامبەر) نووسینی (جوبران
خەلیل جوبران) وەرگێڕانی(توانا ئەمین) بڵاوکردنەوە(ماڵی وەفایی).
٢- تەنھا نووسینی نێو کەوانەکان لە پەرتووکەکە وەرگیراون.
ئەوەی تر نووسین و کۆمێنتەکانی خۆمە لە بارەی دەربڕینەکانی نێو
پەرتووکەکە.
تەمووزی
٢٠١٧ - ڕواندز
sadiqrwandze@yahoo.com
|